مه‌قۆمه‌قۆی هه‌ڵبژاردن، بازاڕی سیاسه‌تی پیسی له‌کوردستاندا دیسان گه‌رم کرده‌وه و یارانی دوێنێی زۆر بێبه‌زه‌ییانه خسته وێزه‌ی یه‌کترو ئاڵۆزه‌بازاڕی ده‌سته‌ڵاتخوازی هه‌موو شتی له‌بیر بردنه‌وه‌و هه‌گبه‌ی بیریانی له به‌هائه‌خلاقییه‌کان به‌تاڵ کرده‌وه‌و ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵ بوو بۆ به‌لاڕێدا بردنی خه‌ڵک و بۆ ڕۆژێکی ئاوا حاشاریان دابوو، بێ دوودڵی هه‌ڵیانڕشته به‌رچاوی واق وڕماوی جه‌ماوه‌ر. هاوسه‌نگه‌ران و هاوبیرانی ئه‌وکاتی که هه‌موو به‌شداری (هه‌نووکه به‌تاوان ناوبراوی له‌قاودراو)بوون، ئێستا بوونه‌ته دووبه‌ش و لایه‌نێک خۆیان به‌ئاوی زمزم شوشتۆته‌وه‌و له‌به‌ر پاکی هه‌ر بریقه ده‌ده‌نه‌وه، لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ش له‌سه‌ر سه‌کۆی تاوانباری قوت کراونه‌وه‌و خراونه‌ته به‌ر تف و نه‌حله‌تی خه‌ڵک و له‌و ناوه‌دا ته‌نانه‌ت ده‌ره‌تانیان بۆ ڕێبه‌ری پیشوو و ئێستا دوژمنی، زمانم لاڵ! له چاوه‌ڕوانیی مه‌رگدا به‌جی و بان که‌وتوو، نه‌دا به‌ئاسووده‌یی خۆی بۆ سه‌رنانه‌وه ئاماده‌کا.
له‌وشه‌ڕه‌چه‌قه بێئاکامه‌دا، ته‌نانه‌ت گاڵته به واتای وشه‌کانیش کراوه‌و هیچیان بایه‌خ و مانای خۆیان بۆ نه‌ماوه. دێمۆکراسی ته‌نیا بۆته ئه‌وه‌ی که‌مینه‌ی زاربه‌هاوار و ماری ناکامی پێوه‌داو ده‌یه‌وێ و کووده‌تاش که هه‌میشه هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی کتوپڕی ده‌سته‌یه‌کی که‌مه له دژی ده‌سته‌ڵاتی له‌سه‌رکار، بۆته داسه‌پانی ویستی زۆرینه به‌سه‌ر که‌مینه‌دا.
سازانی نیشتیمانی بۆته بنیشته‌خۆشکه‌ی سه‌ر زار و زمانان، و ئه‌ویش به‌و واتایه‌یه که زۆرینه ده‌ست له هه‌موو مافه‌کانی هه‌ڵگرێ و بکه‌وێته ژێر ڕکێفی که‌مینه. لێره‌دا ته‌نانه‌ت مانای وشه‌که‌ش گۆڕاوه و له پێکه‌وه سازانی چه‌ند تاقمی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی ڕا کراوه به سازانی چه‌ند حیزبی سیاسی له دابه‌ش کردنی ده‌سته‌ڵاتدا. هه‌رچه‌ند ئه‌و وشه‌ی سازانی نیشتمانییه له هه‌لومه‌رجی ئێستای عیراقدا لاوازتر له بڵقی سه‌ر ئاوه، به‌ڵام به‌هه‌موو پێوه‌رێکی ئه‌زموونی ته‌نانه‌ت له شوێنه شیاوه‌که‌ی خۆشی‌دا زۆر له‌رزۆکه و به چووکترین هۆکاریش لێک ده‌ترازێ و هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه. ئه‌و شیوه سازانه هه‌میشه لاواز بووه‌و نه‌یتوانیوه ئامانجی ڕاسته‌قینه‌ی پێکهێنه‌رانی بێنێته دی، نموونه‌ی ئه‌و له‌رزۆکییه، حکوومه‌ته له‌رزۆک و ناسه‌قامگیره‌که‌ی لوبنان و له‌پاڵ ده‌ستی خۆشمان‌دا حکوومه‌ته‌که‌ی عێراقه. عێراقی ده‌ڵه‌مه‌ی ئێستا خاوه‌نی یاسایه‌کی بنه‌ڕه‌تیێیه و ئه‌ویش له‌ژێر گوشاری سازانی نیشتمانی له‌کاتی خۆیدا واژۆی له‌سه‌ر کراوه، به‌ڵام کام خاڵ و به‌ندی تا ئێستا جێبه‌جێ بووه که به‌پێچه‌وانه‌ی ویستی زۆرینه‌ی داگیرکاریخواز بووبێ؟ له‌و سازانه‌دا که لایه‌نه‌کان هێزی هاوسه‌نگیان نیه، زۆرینه هه‌ر بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ده‌رفه‌تی له‌بار ده‌چاوه‌ڕوانی دایه‌و هه‌ر کات بیهه‌وێ به‌هاسانی ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا ده‌گرێته‌وه و پێ ناخۆش بوونی که‌مینه‌ش هه‌رچه‌ند گرفت سازده‌کا و گوشارێکی زۆر یا که‌میش ده‌خاته سه‌ر ده‌سته‌ڵاتدار، به‌ڵام نابێته هۆی پێکانی ئامانجه‌کان و له‌ڕاستیدا بێ ئاکام یا ئه‌گه‌ر خۆشبینانه‌تر بڵێین که‌م ئاکام ده‌مێنێته‌وه. نمونه‌یه‌کی ئه‌و سازانه له‌رزۆکانه حکوومه‌تی لوبنان بوو، که تێکچوونی حکوومه‌ته‌که‌ی و پێکهاتنی شه‌ڕێکی چه‌ندساڵه‌ی ناوخۆ و پاڵ وه ئیسرائیل دانه‌که‌ی مه‌سیحییه‌کانی لێ که‌وته‌وه. کێشه‌و هه‌ڵچوونه‌کان سوننه و ده‌سته‌ڵات پاوان‌کردنی شیعه و به‌ربینگ و بیانوو گرتن به کورد و جێبه‌جێ نه‌کردنی مادده‌ی 140 و نه‌کردنی سه‌رژمێری و نه‌گێڕانه‌وه‌ی ناوچه کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بۆ سه‌ر خاکی نیشتمانه‌که‌مان و ده‌رپه‌ڕاندنی کورد‌و ته‌عریبی ورده‌ورده‌ی ئه‌وناوچانه به‌بیانووی جۆراوجۆر و. . . هه‌موویان نموونه‌یه‌کی حکوومه‌تی سازانی نیشتمانین.
له‌و به‌ینانه‌دا مانایه‌کی تازه‌ش بۆ کووده‌تا داهێنراوه. کووده‌تا به‌سه‌ر پارله‌ماندا که بۆته بنێشته خۆشکه‌ی سه‌ر زمانی که‌مینه‌ی مه‌جلیسی هه‌رێم و ته‌نانه‌ت ماده‌تاریخیش!! ئه‌وه‌ی تائێستا بیستوومانه، کووده‌تا بۆ زه‌وتکردنی ده‌سته‌ڵات ده‌کرێ، له‌هه‌ر شوێنێک تاقمێکی پێکهاتوو به بێ وه‌به‌رچاوگرتنی مه‌رجه‌کانی ئاڵوگۆڕی ئاشتییانه و یاسایی، ده‌سته‌ڵاتی به‌زۆره‌ملی به‌ده‌سته‌وه‌گرتبێ و میریی له‌سه‌رکار لادابێ، کوتراوه (کووده‌تا ڕوویداوه)، وه‌ک کووده‌تای ئێستای میسر، یا کووده‌تا نیزامییه‌که‌ی تورکیا‌و . . . ، به‌ڵام ئۆپۆزیسیۆن چ ده‌سته‌ڵاتێکی له مه‌جلیسدا هه‌بووه تا به‌کووده‌تا لێی زه‌وت کرێ. له‌هه‌موو په‌رله‌مانه‌کانی جیهاندا که‌مینه و زۆرینه هه‌یه، به‌ڵام له‌کوێ ئه‌گه‌ر زۆرینه یاسایه‌کی له‌پارله‌ماندا تێپه‌ڕاند، که‌مینه بۆی هه‌یه بڵێ کووده‌تایان به‌سه‌ر پارله‌ماندا کردووه؟ ده‌ڵێن دووحیزبی ده‌سته‌ڵاتدار له کوردستاندا به پێکهاتن و سات و سه‌وده‌ا له‌گه‌ڵ یه‌کتری ئه‌و یاسایانه‌یان تێپه‌ڕاند، ئه‌وه له هه‌موو دنیای دیمۆکراسیدا باوه. له ئوسته‌رالیاشدا که به وڵاتێکی نموونه‌ی دێمۆکراسی دێته ئه‌ژمار، به‌ده‌یان نموونه‌ی وا هه‌ن. بۆ نموونه: له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێش ئه‌وده‌وره‌ی ئێستادا، (له‌یبره‌کان) ده‌نگی یه‌که‌میان هێنا، به‌ڵام لیبراڵ سه‌ره‌ڕای که‌متر بوونی ده‌نگه‌کانیشی به پێکهاتن له‌گه‌ڵ دێمۆکراته‌کان له‌دژی له‌یبر یه‌کی گرت و ده‌سته‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌گرت، ئایا ئه‌وه‌ش کووده‌تابوو به‌سه‌ر پارله‌ماندا؟ ئه‌وه باجی دێمؤکراسی‌یه، له دێمۆکراسیشدا زۆرینه ده‌یباته‌وه با که‌مینه‌ش پێی ڕازی نه‌بێ.
که‌واته ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان چ دێمۆکراسییه‌کی ده‌وێ، به‌دوای چ سازانێکی نیشتمانیدا ده‌گه‌ڕێ، و ئایا به‌ڕاستی ده‌یه‌وێ چ بگۆڕێ. ئۆپۆزیسیۆن دژه گه‌نده‌ڵه؟ خۆ نموونه‌ی گه‌نده‌ڵ له‌نێو ڕیزه‌کانی دژبه‌رانیشدا که‌م نین، زۆر نموونه‌م له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ته‌نانه‌ت له‌لایه‌نگرانی توند و تیژیان بیستوون. دژی کۆنه‌جاش و کۆنه ئه‌نفالچین، خۆ له‌وه‌شدا هیچکامیان بێ‌تاوان نین، که‌واته شه‌ڕه‌که ته‌نیا بۆ قۆرغکردنی ده‌سته‌ڵاته و هه‌موو ئه‌و ناو‌و ناتۆره و له‌قاودانه نابه‌جێیانه‌ش، له‌وکاته ئاسته‌مه‌دا هه‌ر به‌مه‌به‌ستی به‌لاڕێدا بردنی بیری خه‌ڵکی ئاسایی و بێزار له گه‌نده‌ڵی و ناڕه‌وایی دێنه‌گؤڕێ و بێجگه له شڵه‌قاندنی کۆمه‌ڵگا، هیچیان لێ ناکه‌وێته‌وه.
نموونه‌یه‌کی هه‌ره نابه‌جێ و ناخۆشی ئه‌و ناو‌و ناتۆرانه، پاش هه‌ڵدرانه‌وه‌ی په‌رده له‌ڕووی ڕووداوێکی 7 ساڵ پێش ئێستا به‌هۆی به‌رپرسی گۆڕان، بێڕێزییه‌که‌ی خاتوو سیوه‌یل عوسمانی نوێنه‌ری مه‌جلیس (له فراکسیۆنی گۆڕان) بوو، که گوتی" وەڵڵاهی سەدام حسێن شەریفترە". ئه‌و خاتوونه که ئاوا به ڕاشکاوی ڕووی سه‌ددامی سپی کرده‌وه، ئایا له‌سه‌رده‌می ئه‌و ئه‌ندازیاره جه‌نابی کوته‌نی شه‌ریفه‌ی ئه‌نفالدا که‌سی دیت که بتوانێ به‌دزی و ته‌نانه‌ت له‌ماڵه‌خۆی - ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم له‌دڵی خۆشی‌دا – بچووکترین ڕه‌خنه له ده‌سته‌ڵاته‌که‌ی بگرێ، تا چ ده‌گا به سووکایه‌تی پێکردنێکی ئاوا زه‌ق و بێبه‌زه‌ییانه؟ ئایا ئه‌وه بێڕێزییه‌کی ئاشکرا به ده‌نگی زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری کۆمه‌ڵگاکه‌مان نیه که داویانه به‌و زۆرینه‌ی مه‌جلیس که ئه‌و یاسایانه‌یان به‌پێچه‌وانه‌ی ویستی که‌مینه په‌سند کرد؟ له‌سه‌ر نووسینه‌که‌ی کاک نه‌وشیروانیش، به‌داخه‌وه لێره‌دا ده‌بێ وه‌ک کوردێکی ئاواره‌ی ده‌ستی داگیرکه‌رانی کوردستان و بێزار له سیاسه‌ت و سیاسه‌تبازان، ئه‌و پرسیارانه‌ی ئاراسته بکه‌م،
1- ئه‌گه‌ر ئه‌و پێکهاتنه‌ی باسی ده‌که‌ی، بۆ دابه‌شکردنی ناڕه‌وای ده‌سته‌ڵات بوو، ئه‌ده‌ی بۆ هه‌ر ئه‌وکاته له‌قاوت نه‌دا، خۆ ئه‌وده‌می که‌سی دووهه‌می یه‌کێتی بووی.
2- ئه‌گه‌ر خۆت کوته‌نی، ئه‌وکاتی بڕیاره‌که‌ت قبووڵ نه‌بوو، ئه‌دی بۆچی هه‌ر ئه‌وده‌می هه‌ڵوێستی ئاشکرات نه‌گرت و ده‌ستت له یه‌کێتی هه‌ڵنه‌گرت؟ ئه‌وه‌ی که‌مێک له حیزبایه‌تی بزانێ ده‌زانێ که له‌کۆبوونه‌وه‌کاندا زۆرینه و که‌مینه هه‌ن و له‌وێشدا ئه‌گه‌ر بڕیارێک درا هه‌موو به‌شداران به که‌مینه و زۆرینه‌وه لێی به‌رپرسیارن و که‌س ناتوانێ به‌بیانووی ده‌نگ بۆنه‌دان خۆی له‌ئاکامه‌کانی بشارێته‌وه‌و به‌رپرسیارییه‌تیه‌که‌ی له‌سه‌رخۆی لا بدا مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وکاتی ڕای خۆی به‌ئاشکرا بۆ خه‌ڵک باس کردبێ و یا به د‌انیشتن و ده‌ست هه‌ڵگرتن یا مانگرتن هه‌ڵوێستی خۆی نواندبێ، بۆ به‌ڕێزتان ئه‌وکاتی ئه‌وکاره‌تان نه‌کرد؟
3- ئاشکراکردنی ئه‌و بابه‌تانه پاش 7 ساڵان چ ده‌گێڕێته‌وه سه‌ر شوێنی ڕاستی خۆی؟ چ ده‌ردێکی کۆمه‌ڵه‌که‌مان چاره ده‌کا؟ ئه‌گه‌ر پێکهاتنه‌که خراپه، خۆ ئاکامه‌کانی له‌و 7 ساڵه‌دا باری سه‌ر شانی خه‌ڵکی کوردستان بوون، ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له‌قاوت داوه تاوانێک بێ، تا ئێستا گورزی کوشنده‌ی خۆی له جه‌سته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کوردستان نه‌وه‌شاندووه؟ ئایا به‌و بێده‌نگییه به‌شێکیش له‌تاوانه‌که ناکه‌وێته ئه‌ستۆی خۆت؟ باشه ئه‌و له‌قاودانه‌تان ئێستا چ به‌شێک له ئاکامه خۆتان کوته‌نی خراپه‌کان، چاره ده‌کا؟
4- ئه‌خلاقی سیاسی پێمان ده‌ڵێ له‌کۆڕێکدا ئه‌گه‌ر باوه‌ڕت پێ کرا و ڕازگه‌لێکی هه‌ستیارت که‌وته به‌رده‌ستی، ڕه‌وانیه، که له‌هه‌واڵانی پێشووت جیابوویه‌وه، له‌قاویان ده‌ی، ئه‌ویش ڕاست له کاتێکی وه‌ک ئێستادا که ده‌مده‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنه، ئایا ئه‌و له‌قاودانه سواڵی ده‌نگه یا به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌ل؟
ڕاسته گه‌نده‌ڵی هه‌موو تانوپۆی میریی داپۆشیوه، به‌ڵام خۆ ئه‌وه هه‌ر به‌ته‌نێ تاوانی کار به‌ده‌سته‌کانی نیه، خه‌ڵکه‌که به‌گشتی به گۆڕانخواز و دژه گۆڕانیشه‌وه به‌داخه‌وه گه‌نده‌ڵ په‌روه‌رن. زۆر جاران له‌کۆڕی براده‌رانمدا که باسی سته‌مکار کراوه، کوتوومه: ئه‌من ئه‌گه‌ر بۆم بکرێ سته‌م لێکراوێک له‌جیاتی سته‌مکار سزا ده‌ده‌م که سه‌ری داده‌خاو به قبووڵ کردنی سته‌م و بێده‌نگ د‌انیشتن، زاڵمه‌که هان ده‌دا، ئه‌گه‌ر بتوانم، به‌کاربه‌ری ماده هۆشبه‌ر له‌جیاتی بازرگانی ئه‌و ژه‌هره سزا ده‌ده‌م، چونکه ئه‌گه‌ر به‌کاربه‌ر نه‌بێ بازرگانه‌که‌ش نابێ! به‌کورتی بیبڕمه‌وه، گه‌نده‌ڵکار ئه‌وکه‌سه سازی ده‌کا که به دانی قان به کاربه‌ده‌ستێک، ده‌یه‌وێ ڕه‌وایه‌ک بکاته ناڕه‌وا یا به‌پێچه‌وانه‌ش، یا ته‌نانه‌ت به‌دانی به‌رتیل ده‌یه‌وێ مافێکی بێئه‌ملاو ئه‌ولای خۆی وه‌رگرێ. که وابوو کۆمه‌ڵگاکه‌مان به ته‌نیا گۆڕینی ده‌سته‌ڵات و گواستنه‌وه‌ی له دژه‌گۆڕان ڕا بۆ گۆڕانخواز چی ده‌ست ده‌که‌وێ؟ بێگومان تا کۆمه‌ڵ وریا نه‌بێته‌وه‌و گه‌نده‌ڵی ده‌ناخی خۆیدا نه‌کوژێ، ده‌وری ته‌نیا ئه‌وه ده‌بێ که ببێته ده‌سته‌چیله‌ی ئاگری ماڵوێرانکه‌ری ده‌سته‌ڵاتخوازانی زۆر‌و زه‌به‌ند له ژێر ناوی جۆراوجۆردا.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
