کوردو هەڵبژاردنی شووراکان . . . ئامادەکردنی: سمایل شەرەفی

ئاماژە:

 لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکۆماری و شووراکانی شارو دێی ئەم جارەدا، زۆرێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ناوخۆی وڵات پێیان وابوو کە پیویستە بە روانگەیەکی جیاواز لە هەڵبژاردنی سەرۆکۆماری یەوە بڕواندرێتە هەڵبژاردنی شووراکان. بۆ ئەم مەبەستە "کوردستان" بە ئامادەکردنی رێپۆرتاژێکی مەیدانی و وەرگرتنی بیروبۆچوونی 5 کەس لە چالاکانی نێوخۆو دەرەوەی وڵات* ئەم پرسەی تاوتوێ کردوە.

* رەحیم فەرەهمەند(سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد) لە تاران، عەبدوڵڵا سۆهرابی (نوێنەری پێشووی شاری مەریوان لە پارلمانی ئێران)، عوبەید زارعی(چالاکی خوێندکاری و کاندیدی رەدی سەلاحیەت کراو بۆ شوورای شاری مەریوان)، عارف نادری (بەرپرسی پێشووی شوورای شاری قوروە) و شەماڵ هەڵمەت (چالاکی سیاسیی لە شاری مهاباد).

*******

هەڵبژاردنی شووراکانی شارو دێ لە کوردستان بە جیاواز لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری سەیری دەکرێ. هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم خولە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکۆماری و شووراکاندا هەوڵیان داوە بە دوو هەڵسەنگاندنی جیاوازەوە روانگەکانیان بخەنە روو. چالاکانی ناوخۆی کوردستانیش بە جورئەتێکی زیاترەوە راوبۆچوونەکانیان لەم پێوەندییەدا دێننە گۆرێ و زۆربەیان راشکاوانە بە "رویکرد"ی بەشدارییەوە پرسی هەلبژاردنی شووراکان هەڵدەسەنگێنن.

بوونی شوورا لە بەڕێوەبەریی شارو دێهاتەکانی کوردستان دا یەکێک لەو پرسە کۆمەڵایەتیانەیە کە بە شێوەی کاتی لە شێوەی پرۆسەی هەڵبژاردن دا بۆ خەڵکی کوردستان جێی سەرنج و گرێنگی پێدانەو لە رووی درێژخایەنیشەوە زیاتر پێوەندی بە ژیانی رۆژانەی خەڵک و بەڕێوەبەریی شارو دێهاتەکانەوە هەیە.

هێندیک لە چالاکانی ناوخۆ وڵات بوونی شوورا لە سیستمی بەڕێوەبردنی شارو ئاواییەکانی کوردستان دا بە پێویست دەزانن و بە سەرەتای پرۆسەی "دەسەڵاتی خەڵکی"ی ناو دەبەن.

 دوکتوور رەحیمی فەرەهمەند، سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد لە تاران لە لێدوانێکی تایبەت دا بۆ "کوردستان"، سیستمی شوورا بە جۆرێک لە خودموختاری پێناسە دەکات کە خەڵکی شارو ئاواییەکانی کوردستان دەتوانن بە کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتە خۆیان کاروباری ئیداریی خۆیان بەڕێوە بەرن. ناوبراو دەڵی:"بەشداریی لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگادا خەڵک لە تایبەتمەندی و کێشەکانی کۆمەڵگا ئاگادار دەکاتەوەو فێری خۆبەڕێوەبەریی دەکات".

عوبەید زارعی، کاندیدی رەدی سەلاحییەت کراوی شوورای شاری مەریوان، بوونی شوورا لەشارو ئاواییەکان بە پێویست دەزانێ و پێی وایە شووراکان دەتوانن رۆڵی کارگەیەکی فەرهەنگسازیی لە سیستمی بەڕێوەبەریی وڵات دا بگێڕن.

هەر لەم پێوەندییەدا چالاکیکی دیکەی ناوخۆی وڵات بە ناوی خوازراوی "شەماڵ هەڵمەت" بە ئاماژەدان بە ئەسڵی "دەسەڵاتی خەڵک بەسەر خەڵک" دا لە چەمکی دێموکراسی دا، پێی وایە شوورای بەڕێوەبەریی شارو دێهاتەکان ئامیانی کۆمەڵگایەکی دێموکراتیک و مەدەنی یە. ناوبراو بە ئاماژەدان بە پرسی شوورا لە بەرنامەو ئەساسنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران دا، باس لە ئەزموونی سیستمی شوورا لەو سەردەمەدا دەکات کە بە مودیرییەتی دێموکراتیکی حیزبی دێموکرات، ئەزموونێکی پڕ دەسکەوت بووە.

بانگەشەی چالاکانی ناوخۆی وڵات بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی شووراکاندا بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی سەرۆکۆماری کە زیاتر باس لە بایکۆت کردنی دەکرێ، کۆمەڵێک پرسیاری جیددی ساز کردوە کە سەرەکی ترینیان ئامانجی بەشداری کردنەکەیە.

عەبدوللا سۆهرابی، نوێنەری پێشووی شاری مەریوان لە پارلمانی ئێران پێی وایە بایکۆتی هەڵبژاردنی شووراکان دەرفەت بۆ کەسانی خۆفرۆش و ناشارەزا دەڕەخسێنێ کە بۆ ماوەی چەند ساڵ دەسەڵات بەسەر خەڵک دا بکەن. ناوبراو لەم پێوەندییەدا بە "کوردستان"ی وت: خەڵک بە بەشداری کردنیان لە هەڵبژاردنی شووراکان دا دەتوانن پێش لەدەسەڵاتی کەسانی نەفس نزم و چاوچنۆک بگرن و خەڵکی باش و دەروەست و جێی باوەڕی خۆیان هەڵبژێرن.

عارف نادری، ئەندامی پێشووی شوورای شاری قوروە، شووڕاکان بە باشترین ئێن. جی. ئۆ و کەرەستەی مەدەنی بۆ نەتەوە بندەستەکان لە ئێران دەزانێ و بەشداری کردن لەم هەڵبژاردنانە بە ئەرکێکی نەتەوەیی _ مەدەنی ناو زەد دەکا. ناوبراو لەم پێوەندییەدا بەم شێوەیە بۆچوونی خۆی بۆ "کوردستان" خستە روو:" من شووراکان بە هەڵێکی هەرە بچووک بەڵام زێڕین بۆ نەتەوەکان دەزانم کە بۆ پاراستنی هەرێمەکانیان لە سیاسەتە کاوڵکارانەکانی کۆماری ئیسلامی کەڵکی لێوەربگرن. چونکە شووراکان بە جۆرێک لە جۆرەکان؛ بەرێوەبەریی باژێرن، کە هەم لە خودی ئەو خەڵکەن و هەمیش لە ژێر چاوەدێریی رۆژانەو راستەخۆی خەڵکەکەدان. ئەوان بە رادەیەکی بەرتەسک توانای یاسادانیان هەیە، دەتوانن پێش لە گەندەڵییەکانی نوێنەرانی دەسەڵات لە شارەکاندا بگرن، دەتوانن لە بواری گەشەپێدانی مرۆڤییەوە بەستێنسازی بکەن و پەرە بە کولتووری شارنشینی بدەن و شارەکان لە هیندێک بواردا رادەستی خەڵک بکەنەوە. سەرچاوە ژێرزەویینیەکان لە تاڵانی رەها بپارێزن و یاسا و چاوەدێری بە سەر کاروبارەکاندا زاڵ بکەن. بۆیە دەتوانین بلێن کەڵک وەرنەگرتن لە شووراکان و خاڵی کردنی مەیدانەکە بۆ مانۆڕدانی دەسەڵات و کەسانی سەر بە دەسەڵات؛ خزمەتکردن بە کۆماری ئیسلامی و خراپی بەرانبەر بەو خەڵکەیە".

سەرەڕای لادانی لە کاندیدبوون بۆ شوورای شاری مەریوان، عوبەید زارعی پێداگری لە سەر بەشداریی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنی شووراکان دا دەکاو پێی وایە لە رابردوودا بە هۆی بەشداری نەکردنی خەڵکەوە، کەسانی بەرژەوەندی خوازو ناسالم دەسەڵاتی شووراکانیان گرتۆتە دەست و لە هەموو روویەکەوە زیانیان بە شارو ئاواییەکانی کوردستان گەیاندوە کە قەرەبوو کردنەوەیان کاتێکی زۆری دەوێ.

ئاوڕدانەوە لە رۆڵ و پێگەی شووراکان لە ژیانی رۆژانەی خەڵکی کوردستان یەکیک لەو هۆکارانەیە کە زۆرێک لە چالاکانی ناوخۆی کوردستانی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە بانگەشە بۆ بەشداری کردنی خەڵک لە هەڵبژاردنی شووراکان دا بکەن.

لەم پێوەندییەدا دوکتور رەحیم فەرەهمەند پێی وایە سەرەڕای ئەوەیکە رێژیم زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی شووراکانی بەتەسک کردۆتەوە، بەڵام شووراکان لە سێ دەیەی رابردوودا کۆمەڵە کارێکی باشیان کردوە کە لە شاڕێکەوە بۆ شارێکی دیکە فەرق دەکا. ناولێنانی کۆڵان و شەقامەکانی کوردستان بە ناوی شاعیران و گەورە هەڵکەوتووانی کوردو هەروەها سازکردنی دەرفەتی کاری بۆ لاوانی کوردستان و پێڕاگەیشتن بە شارەکان لە رووی جوانکاری و پاراستنی گەڵێک کانگای ژێرزەمینی، لەو ریزە کارانەن کە فەرەهمەند پێی وایە شووراکانی هەوڵیان بۆ داوە. ناوبراو وەدەسهێنانی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریش بە دەسکەوتێکی دیکەی شووراکان دەزانێ.

لەم پێوەندییەدا ئەندامی پیشووی شوورای شاری قوروە، عارف نادری دەڵێ:" بوونی شووراکان یارمەتیدەر بووە کە بە شێوەیەکی بەرتەسک شارەکان سیمایەکی کوردستانیتر بە خۆیانەوە بگرن، ئێستا چ بە ناونانی شەقامێک بووبێت یان دانانی پەیکەرەیەک. هەروەها هەبوونی شووراکان زۆر تاکی کوردی لەم ساڵانەدا فێری شێوازی بەڕێوەبەری و کارگێڕێی شاری کرد، کە زۆر یەک لەو کەسانە لە ئیستا و داهاتوودا دەتوانن، سوودمەند بن. بە گشتی دەتوانین ئەوە بڵێن شووراکان وێڕای ئەوەی کە زیاتر خاوەنی خاڵی رەش و ئەزموونی ناکارامەن لەم ساڵانەدا؛ بەڵام هەنگاوێک بۆ پێشەوەن و لە خۆگری خزمەت بوون و دەتوانن ببنیش، ئەگەرچی لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامییش بێت. "

هێندێک لە شارو ناوچەکانی کوردستان دوو نەتەوەی کوردو تورکی تێدا دەژی کە بە جۆرێک لە جۆرەکانی هەم هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەم چالاکانی ناوخۆیش پێیان وایە هەڵبژاردنی شووراکان لەم ناوچانەی کوردستان دەکرێ هەڵسەنگاندنێکی جیاوازتری بۆ بکرێ. لەم پێوەندییەدا عارف نادری شاری قوروە بە نموونە دێنێتەوە کە لە دوو نەتەوەی تورک و کوردی تێدا دەژی و دەڵێ:" زیاتر لە ١٥ شاری رۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتەی چەند نەتەوەییان هەیە. لەم شارانەدا کوردەکان لە بواری بەڕێوەبەریی شارییەوە بە بەراوەرد لە گەڵ شارەکانی دیکەدا، پەرواێزخراوتر و بێ دەسەڵاتترن. پێکهاتنی شووراکان ئەو یارمەتییەی دا کە لە هێندێک لەو شارانەدا وێڕای هەموو کۆسپەکانیش ئاڵوگۆڕێکی باش بێتە ئاراوە. بۆ نموونە لە قوروەدا، تا پێش هەبوونی شووراکان، شووراکان ناکورد و تەنانەت دژە کورد بوون و چەند گەڕەکی کوردنشین بە تەواوی بێبەش لە خزمەتگوزاری. بەڵام بوونی شوورا بۆ بە ئامیانی ئەوەی کە خێراتر ناسنامەی کوردستانیی شارەکە بگەڕیتەوە، لە هەڵبژاردنەکانی یەکەمدا، لە ٧ ئەندامەکە، ٥ی تورک و ٢ی کورد بوون، لە دووهەمدا، ٣ تورک و ٤ کورد، لە سێهەمدا بوو بە ٦ کورد و یەک تورک. بەدرێژایی ئەم ساڵانە، شارەدارەکان کورد بوون و لە شوورای دووهەمەوە، کۆبوونەوەکانی شوورا بە زمانی کوردی بەڕێوە دەچێت و هەوڵدراوە خزمەتگوزارییەکان دادپەروەرانە لە گەڕەکەکاندا دابەش بکرێت. "

هەر لەم پێوەندییەدا شەماڵ هەڵمەت بە ئاماژەدان بە گرینگیی ئامارو حەشیمەت کە دەتوانێ گەلێک لە کێشە هەڵپەسێراوەکان چارەسەر بکات، پێی وایە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی تێکدانی هاوسەنگی بە قازانجی پیلانەکانی خۆی، خەریکی گۆرێنی دێموگرافیی ئەو ناوچانەی کوردستانەو پیداگریی لە سەر رەچاوکردنی سیاسەتێکی درێژخایەن بۆ بە کوردستانیی هێشتنەوەی ئەو جۆرە ناوچانەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

عەبدوڵڵا سۆهرابی بە ئاماژەدان بە زاڵبوونی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی نەتەوەکانی دیکە بەسەر کورد دا، پێداگریی لە سەر بەشداریی لانی زۆری کوردەکانی ئەم ناوچانە لە هەلبژاردنی شووراکان دەکا.

قسەی کۆتایی:

چەند ساڵێکە هەموو لایەنەکانی بزووتنەوەی کوردی باس و جەخت لە سەر خەباتی مەدەنی دەکەنەوە و لەمبارەشەوە پشت بە ئۆرگانیزەکردنی خەڵک و دامەزراندنی ئین جی ئۆەکان دەبەستن. بەم پێیە ئەگەر رێکخراوێکی مۆڵەت دراو لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەتوانێت وەکوو کەرەستەیەک بۆ بەهێزەکردنی شارۆمەندان رۆڵ بگێڕێت، پێویستە بگوتری کە شووراکانیش لە واقعیدا نادەوڵەتین و ئین جی ئۆیەکی گەورەن کە دەتوانین وەکوو پارڵمانێکی بچووک و بەرتەسک لە پارێزگاکان، ناوچەکان و شارەکاندا ناویان لێبەرین. لە خۆدی ئەو خەڵکە پێکدێن، لە پێوەندیی رۆژانەو راستەوخۆ بە خۆدی ئەو خەڵکەن و دەتوانرێت بە ئاسانییش لە چاوەدێڕی ئەو خەڵکدا بن.

لە ئاقارێکی دیکەوە، ئێمە دەتوانین لە رێگەی رۆڵگێڕان لە هەڵبژاردنەکانی شووراکاندا، چالێش بۆ کۆماری ئیسلامی دروست بکەین، ئاستی وشیاریی خەڵک لە سەر مافەکانیان و سیستمی بەڕێوەبەریی شاری و شوینی نێستەجیبوونیان ببینە سەرەوە، ئاگاییەک کە ئاخێزگەی جمان، داخوازی، هەستیاری و هەبوونیکی ئەکتیڤانەیە.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.