بەڕێز مەسعود بارزانی داکۆکی لە ڕۆژنامەنوسان دەکات ... نامۆ کەریم
لە یادی 115 ساڵەی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیدا بەڕێز مەسعود بارزانی دیدارێکی لەگەڵ نەقیبی ڕۆژنامەنوسان و جێگرەکەی و چەندین ڕۆژنامەنوس دا ئەنجام دا، بەڕێزی وتەی خۆی پێشکەش کرد، وە گوتی کە ( پێویستە ڕۆژنامەنوسانی کوردستان داکۆکی لە بیری نەتەوەیی و فەرهەنگی لێبوردەیی و پێکەوە ژیان بکەنەوە و بڕواشیان بە مێژوو و بەهاو دەستکەوت و توانای میللەتەکەیان هەبێت و بە بچوکی نەزانن (یان لە جێگایەکی تردا دەڵێت ( دەبێ باری گوزەرانیان باش بکرێت وئازادی و ئاسایشیان پارێزراو بێت.
ئێمە پرسیار لە بەڕێز کاک مەسعود بارزانی دەکەین ئایا کوردستان وڵاتێکی هێند ئازاد و سەربەخۆیە کە حیزب بەشێک نەبێت لە دەوڵەت، یان دەوڵەت بەشێکە لە حیزب، دامو و دەزگای ئاسایش و دەزگای پاراستن و زانیاری بەشێک نەبن لە حیزب و سەربەخۆ کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن، ئەمە تەواو پێچەوانەی کوردستانە، چونکە مەملەکەتە میرنشینەکەی بارزانی واتە خۆی و حیزبەکەی مەرجەعیەتی هەمو دەزگاگا ن و فەرمانگەکانە و حیزب سەرچاوەی هەموو بڕیارەکانە وە خودی بارزانی و کوڕو برازاکەیشی خاوەن بەرزترین پلەی حیزبی دەسەڵاتن، کە بە ئارەزوی خۆیان دەستیان بە سەر هەموو شتێکی کوردستان دا باڵایە، هیچ کام لەم دەزگایانە لە دەرەوەی حیزاب نین، ڕۆژنامە نوسان ئەگەر حیزبی نەبن حسابی ڕۆژنامەنوسیان بۆ ناکرێت، مێژووی چەند ساڵەی دەسەڵاتی بارزانی و حیزبەکەی و باڵی ینک کە دەسەڵات بەدەست بوون ڕاستی قسەکانمان دەسەلمێنن کە ئەم دەسەڵاتە مێژوویەکی هەیە لە لێدان و ئیهانە کردن و کوشتن و ڕفاندنی نوسەران و ڕۆژنامەنوسان دا . وە دەزگا ڕەشەکانی حیزب ئامرازی سەرکوت بون و دەزگا کارتۆنیەکانی ئاسایش و پۆلیس بەشێکیدانەبڕاولە حیزب بوون . . فیلم و دۆکۆمێنتەکان پێمان دەڵێن کە چۆن چەکدارە کانی حیزب بە دەمانچە و جلی مەدەنیەوە تەقە لە خەڵک و ڕۆژنامە نوسان دەکەن، دەیان و سەدان جار کامێراو ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنوسان بە دەستی دەمامک بە سەرەکانی حیزب، یان شکاون یان موسادەرەی شۆڕشگێڕانە کراون .
لە کوردستان دا هەمیشە مەلا و شێخ و عەمامە بەسەرەکان بڕیاری کوشتن و ڕاوەدونانی نوسەر و ڕۆژنامەنوسەکانیان داوە و ئێوەی دەسەڵاتداریش بونەتە پاڵپشتی پیاوانی کۆنەپەرەست و مەزهەبی وە سەرباری ئەوەش دەتانەوێت یاسای پاراستنی شتە پیرۆزەکان لە پەرلەمانەکەتان دا بچەسپێنن، چونکە تەمەنی ئێوە پابەندە بە دواکاوتوویی خەڵک و نەبونی ئازادی بیروباوەڕە وە، ئەوەش شتێکی حاشا هەڵنەگرە تا کۆمەڵگە ئازاد نەبێت کاری ڕۆژنامەنوسیش ئازاد نابێت، تا مەزهەب لە دەسەڵات ئاو بخواتەوە نە ڕۆژنامەنوسانیش ناتوانن ئازاد بن، وە ئێوەی بەڕێزیش ئەو ڕاستیە چاک دەزانن .
ئەوە ئێوەن ئێوەی دەمامک بەسەر ناتوانن ژیانی ڕۆژنامەنوسان بپارێزن، ئەوە ئێوەن ژیانیان دەخەنە مەترسیەوە، ئەوە ئێوەن لاشەی ڕۆژنامەنوسان دەشێوێنن و لە دەشت و چۆڵاییەکان دا لاشەکەی فڕێ دەدەن، بۆ کەس دەتوانێت لە کوردستان دا باس لە خێڵ و عەشرەتی ئێوەی بارزانی و تاڵەبانی و هتد بکات چ بە چاک یان بە خراپ، ئەوە هێڵی سورە و دوایی خاوەن بابەت ئەنفال دەکرێت ئەگەر هاتوو هێڵی تەیمانی پیرۆزی پساند .
ئێوەن کە ڕەخنە قبوڵ ناکەن، ئێوەن کە جورئەتتان نیە ڕۆژنامەکان ئازاد بکەن، چونکە سنگی خەڵک و ڕۆژنامەنوسان پڕە لە ئازار و سوێ ی چەند ساڵەی دەسەڵاتەکەتان
ئەگەر ئێوە جورئەت دەکەن بەس بۆ ماوەی ٢٤ کات ژمێر نەک ڕۆژنامەکان بەڵکە خەڵک ئازاد کەن، جا بزانن چارەنوستان بە کوێ دەگات، بزانن ئایا خەڵکی چیان هەیە تا بە ئێوەی بەڕێزی بڵێن .
بزانن ئەو کاتە زمانی خەڵکی بەس پێنوسە یان کاری تری بەدوادا دێت، لێرەدایە دەتوانیت خۆت و دەسەڵاتەکەت بخەیتە ژێر مایکرۆسکۆبی نزیک بوونت لە کەشی دیموکراسیەت، ئەو کاتە دەزانیت کە حیزب و دەسەڵاتەکەت چەند لە خەڵکیەوە نزیکن . .
لە کوردستان دا هەرچی حورمەت هەیە بۆ ئینسانەکان نیە چ جای ڕۆژنامەنوسان، ئەوە دەسەڵاتەکەی ئێوەی بەڕێزە ئەو بێ حورمەتیەی کردوە بە کلتوری باوی کاربەدەستان . کە بۆ هەموو سەرپێچی کردنێک لیژنەیەکی کاریکاتێری ئامادە دەکەن و دوایی تاوانبار هەر بۆ خۆتانن . .
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
