شێخە قبوڵخاسەکەی ئاخر زەمان! ...ئەردەلان ئەحمەد بیارەیی

شێخە قبوڵخاسەکەی ئاخر زەمان! ...ئەردەلان ئەحمەد بیارەیی

ئەدەبیاتی کۆنی گەلی ئێمە پڕە لە قسەی نەستەق بۆ ئەو مەوجودە سەیرانەی لەم زەمەنەدا دەژین.کابرایەک هەیە، ناوە ناوە، تا ناوی بێتە نێو ناوان، شتێک دەبزرکێنێ.ئەو کارەشی ڕێک وەک ئەو کابرا بێچارەیە کە هەرچی دەکرد کەس ناوی نەدەهێنا، تا بیری بۆ ئەوە چوو لەسەر ڕێی کانی نیشانەیەک بەجێ بهێڵێ! بەڵکوو خەڵک بە بۆگەنەکەی بپرسن "ئەم پۆخڵەواتە کاری کێیە؟!" کابرای بەرباسی ئێمەش لەو بابەتەیە.ناوە ناوە دەڕشێتەوە و میزاجی کوردەواریی گەل تێک دەدات.

کابرا، ناوی شێخی وەدو خۆی داوە، دەشڵێ لەتیفم، نازاناوێکی ساختەی حاکمایەتیشی بەکۆڵی خۆی داداوە.ناسیتان؟ بەڵی حاکم شێخ لەتیفی مونەزیر و موفەکیری گۆڕان.

خوێنەری هێژا، لێرەدا هەندێ زانیاریت دەدەمێ تا بزانی ئەو کابرایە چەند ساختەکاریی کردووە تا ببێتە "ناو"، کەچی هێشتا هەر موحتاجی سەر ڕێی کانییەکەیە!

شێخ لەتیف، بەوە دەستی پێکرد کە بە لوتفی تەزکییەیەکی سەوزی حزبی کرایە بەڕێوەبەری ناحیە، دوای ئەوە هەر بە تەزکیە و قبوڵ خاس لە ماستەر وەرگیرا و بێ ئەوەی بڕوای بە هیچ مەبدەئێک بێت بووە خاوەن بڕوانامە.دواتریش لە ساڵی ٢٠٠٩ دا هەر بە تەزکییەی حزبی دکتۆرایەکەیشی وەرگرت.

شێخ لەتیف بێ ئەوەی ڕۆژێک کاری پارێزەرایەتی کردبێت، (کە مەرجی سەرەکییە بۆ وەرگیران لە پەیمانگەی دادوەری و بوون بە حاکم) هەر بەتەزکییە بۆتە حاکم، کەسێک وەک پارێزەر مومارەسەی کاری یاسایی نەکردبێت چۆن دەتوانێ ببێتە دادوەر؟

ئەگەر شێخی سەرکانی لەخۆیڕادەبینێ و دەتوانێ ئەم زانیارییانەی من ڕەت بکاتەوە داوای لێ دەکەم سەردانی ئەنجوومەنی دادوەری بکات و دۆسیەکەی خۆی بکاتەوە و پێشانی خەڵکی کوردستانی بدات، کە دڵنیام شێخی ساختەکار هەرگیز لەڕووی نایەت بەو دەزگایەدا بچێت.

خوێنەری هێژا: ئایا کەسێک ئەو هەموو ساختەکارییەی کردبێت شایەنی ئەوەیە ببێتە نوێنەری تۆ و بچێتە ئەنجوومەنی نوێنەران؟ نوێنەری چی؟ لەوێ بۆتە بووکەڵەی دەستی ئاغای مالکی و چۆنی بۆ بژەنن وا هەڵدەپەڕێ.

حاکمە ساختەکارەکە نموونەیەکی گەشی ئەو گۆڕانەیە کە خۆزگە تەنیا لە دوورەوە دەنگیمان بیستبا، چونکە کە لێی نزیک بووینەوە بینیمان لە سەرچۆپییەوە تا گاوانی نموونەی زۆر ناشرینی گەندەڵی و ساختەکارین، پڕە لە قبوڵ خاس و دزی گەورە، پڕە لەو کەسانەی بۆ گەیشتن بە پلەوپایە تەنانەت هاوڕێی خۆشیان کوشتووە.عەجەب گۆڕانێکە ها؟!


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.