لە نێوان گۆڕان و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دا ... نامۆ کەریم
ناو نیشانی ئەم نووسینە بابەتێک دەوروژێنێت کە ئایا زەروورەتی سەرهەڵدان و گەشەی خێرای گۆڕا ن لە ماوەیەکی کەم دا هۆکارەکەی لە کۆێوە سەرچاوەی گرتووە، ئایا هۆی باڵاکردنی گۆڕان بە هۆی بلیمەتی و لێهاتوویی سیاسی ڕابەرەکەیانەوەیە یان هۆکاری دەرەکی و ناوەکی بوونە هۆی نەش و نمای گۆڕان،
هەموومان باش ڕاپەڕینمان لە یادەو دەزانین کە وەرچەخانێکی مێژوویی زۆر گەورە بوو لە ناو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان دا، کەئەوە خەونی سەدان ساڵەی ڕیزی ملیۆنی خەڵکی هەموو پارچەکانی کوردستان بوو . بەڵێ ئەوە بوو بەناوبانگ ترین ڕژێمی سەرکوت گەری ناسیونالیستی عەرەب کە ڕژێمەکەی سەدام بوو لە ناو خاکی کوردستان وەدەرنرا، کۆتایی بە هێرش و لەشکرکێشیەکانی هێنرا، ئەوەش کە بەهۆی سووپای ئەمریکی و هاوپەیمانەکانیەوە بەدی هات، ئەگینا هەموو پلاتفۆرم و بەرنامەی سەرانی دەسەڵاتداری ئێستای کوردستان دەبوایە تەنها بەدوای گرتنی پایەگایەک یان ڕەبایەیەکی سەربازی یەوە بونایە، ئەوانەی ئێستا حوکمیان بەدەستە ئەگەر چەند سەربازێکیان بەدیل بگرتایە دەیان کردە هەڵا گوایە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەیان بۆ خەڵکی کوردستان بەدی هێناوە. .
بە هەرحاڵ ئەمە بابەتێکی ترە . ئەسڵی بابەت لەدوای ڕاپەڕینەوە دەست پێدەکات، کە سەرجەم حیزب و هێزەناسیونالیستەکانی ناو خەڵکی کوردستان هەریەکە لە لای خۆیەوە دەستی کردە تاڵان و بڕۆی ئەو دەستکەوتە گەورەیەی پاش حیزبی بەعس کە بە میراتی بەجێ مابوو .
هەریەکە خۆی وا پیشان دەدا کە وەکو میوانێک هاتوون و وەک شێوەی جارانی سەر شاخ لە تاڵان کردنی سەربازخانەیەک دا دوای دەست بەسەراگرتن وئەوەی هەیە خێرا ئاودیوی گیرفانی خۆیانی بکەن ئیتر بە هەر شێوەیەک بووە، ئەوان وەکو سوونەتی چەند ساڵەیان نامۆ بە کۆمەڵگا و ئاشنا بە کوشت کوشتار و هەڕەشە و بەکار هێنانی چەک لە هەموو حاڵەتەکان دا، کە چەک ببوە هاوڕێی هەمیشەییان و بێباوەڕییان بە هیچ کەس جگە لەوانەی دەوروبەری خۆیان . دابەزینە ناو کۆمەڵگا و پیرۆزی ناوی پێشمەرگە واتە هەرلەیەکەم ساتەکان دا هەر مەسئولەو بە خۆیو کۆمەڵێ چەکدارەوە کەوتنە هەڵ لوشینی هەموو ئامێرەکانی وەبەرهێنان و کەوتنە ئاودیو کردنیان ڕووەو وڵاتانی دراوسێ کەسێک نەبوو بەر بە ئەنفالی فرۆشتنی دام ودەزگاگانی کارگە و کارخانەکان بگرێت ئیتر هەڵۆسوورەکان هەموویان ئاودیوی هەندەران کرد
تەریک مانەوەی حیزبە کوردیەکان لە ناو کوردستان بەوەی کە پەردەی شانۆییەکە لاچوو خەڵکی چاوەڕوانی حکوومەت بوو، کام حکومەت، بەڵێ حکومەتی کوردی، بەڵێ دوو حیزبی باڵادەست هەستان بە دروست کردی پەرلەمان و پەنجا بە پەنجا دروست بوو .
شەڕی دەستەو یەخەیان کرد، گەندەڵی ببوە سونەتی سەرجەم دام و دەزگاکان، لە بەرانبەر ئەم نا عەدالەتیە کۆمەلایەتیە دا کەبەربینی بەخەڵک گرتبوو بە ڕیزی دەیان هەزاری ڕژانە سەر شەقامەکان و وەڵامی هەڵۆ سوورەکانیش دەنگی ڕێک بارو بی کەی سی بوو، درز و قەڵشتی نێوان دەسەڵات و خەڵکی زۆر بەرەو واڵایی چوو، خەڵکی بێ ئومێد مان لەوەی کە حکومەتی ساوا بەسەر چوو، منداڵەکەش بەر لە دایک بوون لە ناو ڕەحم دا لەباربرا.
ئایا
هۆکارەکانی گەشەی خێرای گۆڕان لە کوێوە سەرچاوەی گرت ؟
شەڕی درێژخایەنەی نێوان ینک و پدک، پاکتاوکردنی ڕیزەکانی دژ بەیەک، ئەتک کردنی دەیان دیل و کوشتنیان .
ئابڵوقەی ئابووری لەلایەن ڕژێمەکەی سەدام، دەخالەتی ئاشکرای میتی تورکی و ئیتیلاعاتی ئێرانی لە سیاسەتی ناوخۆی حیزبەکان داو دروست کردنی دەیان باندی سیخوڕی بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، لە درێژەی شەڕی ناوخۆدا پەنا بردن بۆ هێزی سەربازی دەوڵەتانی دژ بە خەڵکی کوردستان، واتە کوردستان ببوە مەیدانی تاقیکردنەوەی سیاسەتی کۆنەپەرەستانەی کەمالیزمی ئەتاتورک و ئیسلام گەرایی ئێرانی، لەلایەکی ترەوە بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستان بۆ گیرفانی چەند کەسێکی دەسەڵاتداری حیزبی و بەناو حکومی، بوونی دوو حکومەتی هەولێر و سلێمانی، هات وچۆی خەڵکی کوردستان لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا دەبوایە بە پسوڵەی حیزبی بووایە دەنا کەس نەیدەتوانی بە ئاسانی هامشۆی نێوان شارەکان بکات، دروست کردنی شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە، بە کوشت دانی سەدان پێشمەرگە لەبەرخاتری ئەتاتورکەکان، وەلە بەرخاتری ئیمامەکان هێنانی سوپای پاسداران بۆ ناوجەرگەی کوردستان تا ناو کۆیە، کوشتنی چەندین کەسانی شۆڕشگێڕی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، کوشتنی چەندین کەس لە چەپەکانی کوردستان بەخاتری دانەخستنی مەرزەکان، هاموشۆی ئاشکرای لێپرسراوانی حیزبەکان بۆ لای دام و دەزگای ڕژێمەکەی سەدام، برسی کردنی ڕیزی ملیۆنی خەڵکی کوردستان لە ژێر ناوی حکومەتی ساوا دا، نەدانی موچە بە فەرمانبەرانی کوردستان وەکو خۆبەخش هەمیشە لە کارکردن دا بوون، گەورە بوونی قەڵشتی نێوان حیزبە سیاسیەکان و خەڵکی کوردستان، و نەبوونی ئاوو کارەبا، نەبونی مافی سەرەتایی خەڵکی کوردستان، دابین نەکردنی کەل و پەلی پێویست بۆ خەڵکی، کۆنترۆڵ کردنی پرۆژە خزمەتگوزاریەکان لەدەستی دوو حیزبی باڵادەست دا، هەکەسێلەناو ئەم بارودۆخەدا گوزەر بکات کارێکی حەتمیە کە بەدەنگ دێت و ڕادەپەڕێت، واتە بە گژ ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی دا دەچێتەوە، هەر بۆیە خەڵکی کوردستان لە هەموو شوێنەکان دەستیان دایە ڕاپەڕین، بۆ نان- ئاو- ئازادی، زیاتر نا، لەگێرمەوکێشەی ئەم بارودۆخەدا ئەم بارە کۆمەڵایەتیە داوای حەتمیەتی گۆڕین دەکات، پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و کەڵەکە سەرمایە لەدەستی لێپرسراوان دا و هتد برسیەکانی ناچار کردبێنە سەرشەقام و داوای مافی سەرەتایی خۆیان بکەن، واتە زەرورەتێکی مێژووییە کە دەبێت خەڵکی ناڕازی بە جواب بێن، ئەمانە هۆکاری ئەسڵی دروست بوونی گۆڕانن .
ئایا ڕیشەی جیاوازی بنەڕەتی گۆڕان لەگەل ینک لە کوێدایە ؟
کاتێک بەراوردی دوو ڕێکخراوی سیاسی دەکەین دەبێت لە کوێوە دەست پێبکەین ؟ بەداخەوە زۆر لە سیاسەتمەداران کەوتونەتە هەڵەی مێژوییەوە بەوەی هەڵس وکەوت و ڕەفتاری خەڵکە سیاسیەکان دەخەنە ژێر شیکاریەوە، ئێمە لێرەدا ئەم میتۆدە نا زانستیە ناکەینە ئامڕازی دەستمان، بەڵکە ئەسڵی نەزەر لە بەرنامە دایە ئایا ئەم دوو هێزە سیاسیە چی بەخەڵک دەڵێن وە چی بۆ خەڵک دەکەن وە ئامڕازی دەستیان بۆ خەبات چیە ؟
ینک ڕێکخراوێکی ناسیونالیستی و قەومگەراییە و پارێزگاری پەرژەوەندی چینی سەرمایەدارانی کوردە و وە ناکامڵ لە بەدیهێنانی مافە نەتەوایەتیەکانیش دا وەک مافی چارەی خۆنوسین بۆ خەڵکی کوردستان، گۆڕانیش بە هەمان شێوە ڕێکخراوێکی ناسیونالیستی و بێ وەفا بە مەسەلە میللیەکان و سات وسەوداکەر بە موقەدەساتی خەڵکی کوردستانەوە، ینک وەکو ڕێکخراوێکی بەرگریکار لە پیرۆزیە ئایینیەکان و پاڵپشتی مانەوەو گەشەپێدانی مەزهەبە لە کوردستان و هاوپەیمانی جمهوری ئیسلامی ئێرانە جیایی مەزهەب لە دەوڵەت هیچ کاتێک شیعاری ئەم دوو ڕێکخراوە نەبوە، بەهەمان شێوە گۆڕانیش ڕابەرەکەیان ڕێنمایی مێژووی لە جمهوری ئیسلامی ئێران وەردەگرێت وەلەگەڵ ئیتیلاعات دا ز ۆر لەمێژە دەست و پەنجەی نەرمە .
سەبارەت بە مەسەلە چینایەتیەکانی چینی کرێکار هەردوولایان تەنانەت حاشا لە بوونی ڕیزی ملیۆنی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دەکەن لە کوردستان بە بیانوی نەبونی کرێکاری سەنعەتی،
لەبەرانبەر مەسەلەی ژنان دا هیچ کامیان نەیان توانیوە ژن وەکو بوونێکی کۆمەڵایەتی بناسێنن، بەڵکە ژنان لەسایەی بەرنامەی گۆڕان و ینک تەنها وەکو هێمایەک کە خۆیان لە باقی ڕێکخراوەکانی تر جیابکەنەوە ژنان دێننە ناو کارو باری ئیداریەوە، ، ئەنفال کردنی ژنان لە کۆمەڵگای پیاوسالاری کوردستان دا دەستکەوتێکی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردە، کە ئەمانە خۆیان خوڵقێنەری ئەو بارودۆخەن، پەنا بردن بۆ مەلای مزگەوتەکان کە ڕابەری ئە نفال کردنی ژنانن بووەتە سوونەتێکی ڕۆژانەی دەسەڵاتی کوردی کە گۆڕانیش بەشێکە لەو دەسەڵاتە .
ئازادی بەیان و عەقیدە لەلای ینک شتێکی نەفیلێکراوە، بەهەمان شێوەش گۆڕان وەک نەوەی نوێی ئەو تەرزە فیکریەی ینک خۆی گۆش کردوە، ئەوەی وای لە گۆڕان کرد کە بێتەناو مەیدانی سیاسیەوە و زۆر بە خێرایی گەشە بکات تەنها بوونی گەندەڵی یە ئەگەر دوو حیزبی دەسەڵاتدار خۆیان لەگەندەڵی پاک بکەنەوە ئەوا وەزیفەی سیاسی گۆڕان ڕوو لە ئاوا بوون دەبێت، گەندەڵی نا ئینسافی کۆمەڵایەتی و گۆڕانیش وەک ڕابەری بەرگریکردن لە و نائینسافیە هاتە ناو ساحەی سیاسی، بەدەر لەوە گۆڕان هیچ کاتێک موخالیفی ینک نەبوە وەک بەرنامە، بەڵکە لەبەرانبەر ئەوەی پشکی زۆر بەر خێزانی تاڵەبانی دەکەوێ و ئەمانیش خۆیان بە خاوەنی ینک دەزانن بۆیە وەک ئاڵتەرناتیڤی سەرانی ناو ینک بەدەرکەوتن وەکو گۆڕینی کەسەکانی ناو ینک و ڕیفۆرم لە دەسەڵات دا بکەن، وە بۆ خۆڵ کردنە چاوی خەڵکی کوردستان و بەلاڕێدا بردنی داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان لە شەقامەوە بۆ ناو پەرلەمان و گۆڕینی ڕەوتی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لە شەقامەوە بۆ هۆڵەداخراوەکان و خۆ کردنە خاوەنی دەنگی ناڕەزایەتی و ڕابەری گرتنە دەستی ناڕەزایەتیەکان، خیانەتێکی مێژووییە بەو خەڵکە، سوود وەرگرتن لە خەڵک وەکو ئامڕازێک بۆ باڵاکردنی ڕێکخراوەکەیان نەک بەرەو پێش بردنی داواکاریەکان، ، ئەمە سیفاتی کودەتاکردنە بەسەر خەڵکیەوە کە سونەتێکی باوی ناو سیاسەتمەدارانی کوردە .
خۆسەپاندنی گۆڕان لەناو ساحەی سیاسیدا تەنها مەسەلەی گەندەڵی یەو هیچی تر بۆیە ئەگەر ئیمتیازاتی دەسەڵات بکەوێتە دەست گۆڕان ناتوانێت لە بەرژەوەندی خەڵکی کرێکا ر و زەحمەتکێش بەکاری بهێنێت، چونکە وەکو ماهیەتی حیزبی خۆی لەسەنگەری دژ بە کرێکاران و زەحمەتکێشان دا .
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
