 
 
له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا زیاتر له 35 سواڵكه‌ر له شاری سلێمانی ده‌ستگیر ده‌كرێت و سه‌رۆكی لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تیش رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌ڵمه‌تی رێگری كردن له‌و دیارده‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت،
سۆران عه‌بدولغه‌فور سه‌رۆكی لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند له‌سه‌ره‌تای دهستبهكاربوانی لیژنه‌ی سواڵكردنهوه تا ئێستا زیاتر له 600 سواڵكه‌ر له ناو شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری ده‌ستگیر كراون و رووبه‌ڕووی دادگا كراونه‌ته‌وه، ووتیشی ته‌نها له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا زیاتر له 35 سواڵكه‌ر ده‌ستگیر كراون كه به‌شی زۆریان له خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵانه‌وه‌ن و هه‌روه‌ها ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و پارانه‌دا گیراوه كه له خه‌ڵكیان وه‌رگرتووه كه بڕه‌كه‌ی زیاتر له 400 هه‌زار دیناره،
سه‌رۆكی لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد هه‌موو ئه‌و سواڵكه‌رانه‌ی كه ده‌ستگیر كراون له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه رووبه‌ڕووی دادگا كراونه‌ته‌وه و دواجار دادگا بڕیارده‌دات چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت،
سۆران عه‌بدولغه‌فور راشیگه‌یاند هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی سواڵكه‌ر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیارده‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت و داواش له دامه‌وده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات هاوكاریان بن بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌وڵی هه‌مووان رێگری له‌و دیاره ناشارستانیه بكرێت.. .
راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی
