له شاری سلێمانی چه‌ند بڕیارێكی نوێ له باره‌ی پێدانی مۆڵه‌تی پیشه‌یی به (چێشتخانه‌و رێستۆرانت و خواردنگه میلییه‌كان) ده‌چێته بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه و قائیمقامی سلێمانیش رایده‌گه‌یه‌نێت مه‌به‌ست له بڕیاره‌كه بۆ رێكخستنی شێوازی پێدانی مۆڵه‌ت و كارئاسانی كردنه بۆ ئه‌و خاوه‌ن كارانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت مۆڵه‌تی پیشه‌یی كاركردن به‌ده‌ست بهێنن.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ (نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی و لیژنه‌ی باڵای لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت) به‌ختیار عه‌بدولڕه‌حمان قائیمقامی قه‌زای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی رایگه‌یاند مه‌به‌ستیانه پێداچونه‌وه و گۆڕانكاری له شێوازی پێدانی مۆڵه‌تی پیشه‌یی (چێشتخانه‌و رێستۆرانت و خواردنگه میلییه‌كان) دا بكرێت و له به‌رژه‌وه‌ندی خاوه‌ن كار و دامهودهزگاكانی حكومه‌تدا دووباره رێكبخرێنه‌وه،
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پاش تاوتوێ كردنی گونجاوترین رێگه بۆ پێدانی مۆڵه‌تی پیشه‌یی به هه‌موو ئه‌و شوێنانه بڕیاردرا هه‌موو خاوه‌ن كاره‌كان له‌سه‌رتادا له قائیمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه داوا پێشكه‌ش بكه‌ن و پاش ده‌ربڕینی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پێدانی مۆڵه‌ته‌كه دواتر سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی تر بكه‌ن،
هه‌روه‌ها بڕیاردرا هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی كه تا ئێستا مۆڵه‌تی كاركردنیان نیه ئاگادار بكرێنه‌وه له ماوه‌یه‌كی دیاری كراودا مۆڵه‌تی كاركردن به‌ده‌ست بهێنن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێگه به كاركردنی هیچ شوێنێك نه‌درێت تا ئه‌و كاته‌ی مۆڵه‌تی ره‌سمی كاركردن به‌ده‌ست ده‌هێنێت،
له باره‌ی بڕیاره نوێكانه‌وه قائیمقامی سلێمانی رایگه‌یاند مه‌به‌ست له‌م هه‌نگاوانه بۆ رێكخستنی شێوازی پێدانی مۆڵه‌ت و ههروههاپێشكهش كردنی كارئاسانیه بۆ ئه‌و خاوه‌ن كارانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت مۆڵه‌تی پیشه‌یی كاركردن به‌ده‌ست بهێنن چونكه پێشتر هه‌ندێك جار له‌كاتی ده‌رهێنانی مۆڵه‌تدا دووچاری گرفت و ئاسته‌نگ ده‌بونه‌وه.
راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.