ئه‌گه‌ر وابكه‌ین كێ زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت؟... سووره‌ مه‌رگه‌یی

 مه‌به‌ستم له‌و ده‌سته‌واژه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ رێبازی بارزانی نه‌مر كێ زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت؟ گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ رێبازی بارزانی نه‌مر هێزی له‌و تێگه‌یشتنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ داگیركارانی كوردستان به‌ جووداخواز و یاخی بوو ناویان ده‌برد، بارزانی نه‌مریش به‌ قه‌ڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌لاماری شۆڤێنیزم و سه‌نگه‌ری به‌گژداچوونه‌وه‌ی زوڵم و سته‌می دیكتاتۆری زانیوه‌، ده‌رهاویشته‌ی هه‌موو ئه‌و هه‌ڵه‌ مێژووییانه‌یه‌ كه‌ شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی كوردی له‌ بازنه‌ی ناوچه‌گه‌رایی و سیاسه‌تی عه‌شیره‌تپارێزیدا گه‌مارۆ ده‌دا، بۆیه‌ ده‌كرێ بڵێین: رێبازی بارزانی نه‌مر هه‌ڵگری ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانه‌ و جێگای خواستی هه‌موو جیاوازییه‌ سیاسی و دینی و مه‌زهه‌بییه‌كانیشی تێدا ده‌بێته‌وه‌، مێژووش ئه‌و راستییه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ بارزانی نه‌مر به‌رله‌وه‌ی سه‌رۆكی حزبێك بووبێ سه‌رۆكی نه‌ته‌وه‌یه‌كی نیشتیمان دابه‌شكراو بووه‌، به‌رله‌وه‌ی له‌ هه‌وڵی رزگاركردنی به‌شێك له‌و نیشتیمانه‌ دابه‌شكراوه‌دا بووبێ، له‌ هه‌وڵی یه‌كخستنه‌وه‌و رزگاركردنی كوردستانی گه‌وره‌دا بووه‌، پشكی بارزانی نه‌مر له‌ مێژووی به‌رگری و پاراستنی سه‌روه‌ریه‌كانی كۆماری كوردستان له‌ رۆژهه‌ڵات و شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران له‌ باكوور، گومان و تۆمه‌تی هه‌موو ناحه‌زان و دوژمنانی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌ ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌ كه‌ به‌ فیتی موخابه‌رات یان به‌ مه‌به‌ستی سیاسی ده‌درانه‌ پاڵی، كۆكردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌ سیاسی و دینی و چینایه‌تیه‌كانیش له‌ ئه‌وپه‌ڕی راسته‌وه‌ تا ئه‌وپه‌ڕی چه‌پ، له‌ موسڵمانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ مه‌سیحی و ئێزیدی و كاكه‌یی، له‌ جوتیار و كرێكاره‌وه‌ تا ده‌گاته‌ شێخ و ئاغا و سه‌رمایه‌دار، له‌ژێر چه‌تری یه‌ك رابوون و بۆ یه‌ك ئامانج و یه‌ك په‌یام، جارێكیتر ئه‌و راستییه‌ ده‌رده‌خات كه‌ لای بارزانی نه‌مر له‌ ئامانجه‌ حزبییه‌كان گرنگتر و پیرۆزتر ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كان بوون، جا بۆ ئه‌وه‌ی رقی سیاسی به‌لاوه‌ بنێین و ده‌ستبه‌رداری مشتومڕی سیاسه‌تی حزبسالاری ببین، بۆ ئه‌وه‌ی ئینكاری ئایدۆلۆژی و تاكڕه‌وی سیاسی نه‌مانداته‌ ده‌ست قه‌ده‌ری دابڕانی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ها نیشیمانییه‌كان هه‌رزان فرۆش نه‌كه‌ین و سه‌ره‌وه‌ریه‌ مێژووییه‌كان نه‌ده‌ینه‌ به‌ر خۆڵبارانی به‌هاری ئیخوانی عه‌ره‌بزاده‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رای ناوچه‌گه‌رایی و شارچێتی نه‌مانباته‌وه‌ سه‌ر سیاسه‌تی گه‌ڕه‌لاوژه‌ی ناو هه‌ڵپه‌ڕكێی میرنشینی، پێویسته‌ له‌ناو رێبازی بارزانی نه‌مردا به‌دوای راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ مێژووییه‌كاندا بگه‌ڕێین.

به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌ سیاسی و مێژووییه‌كان بارزانی نه‌مر له‌ حزب گه‌وره‌تر بووه‌، بیركردنه‌وه‌ی له‌ پلان و كارنامه‌ی حزبێكی دیاریكراو به‌رفراوانتر و دووربینتر بووه‌، بۆیه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ هه‌ر حزب و لایه‌نێك بارزانی نه‌مر و سه‌روه‌ریه‌ مێژووییه‌كانی ته‌نها به‌ موڵكی خۆی بزانێ، چونكه‌ بارزانی نه‌مر به‌ كۆی سه‌روه‌ریه‌ مێژووییه‌كانیه‌وه‌، به‌ ده‌ستكه‌وت و خه‌بات و قوربانیدانیه‌وه‌، به‌و نوێگه‌ری و گیانبازییه‌ی هێنیایه‌ ناو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورده‌وه‌ موڵكی نه‌ته‌وه‌ن، هه‌ڵه‌ی له‌وه‌ش گه‌وره‌تر ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر كه‌س و حزب و لایه‌نێك پێیوابێ له‌ده‌ره‌وه‌ی رێبازی بارزانی نه‌مر ده‌توانێ ماف و ئازادییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بۆ كورد ده‌سته‌به‌ر بكات، چونكه‌ ده‌رچوون له‌ رێبازی بارزانی نه‌مر، دابڕانه‌ له‌و كاروانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ یا سبه‌ی له‌ دوا ئارامگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئاهه‌نگی سه‌ربه‌خۆیی ده‌گێڕێ، جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ رێبازی بارزانی نه‌مر بێ و كورد له‌ پاراستنی ده‌سته‌كه‌وته‌كانی و به‌ده‌ستهێنانی دوا ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی و خێراكردنی هه‌نگاوه‌كانی به‌ ده‌وڵه‌ت بوون و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، له‌ رێكخستنی ناوماڵی خۆی و له‌ به‌گژداچوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی داگیركاری وه‌ڵامی دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی پێبداته‌وه‌، جگه‌ له‌ داگیركارانی كوردستان و گرێدراوه‌ موخابه‌راته‌كانیان، خاوه‌ن كۆشك و ته‌لار و كۆمپانیاكان، گه‌نده‌ڵكار و موزایه‌ده‌چیانی ئایدۆلۆژی و چه‌واشه‌كارانی شارچێتی كێ زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێ؟


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

بابەتی زیاتری نووسەر