ئه‌گه‌ر فیلمی دۆبلاژكراوی شاژنی چانسی و مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد به گشتی و ئه‌و سێ چوار ساڵه‌ی دوایی به‌تایبه‌تی له‌به‌ریه‌ك رانێین، ده‌گه‌یه‌نه ئه‌و راستییه حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ی كه كوردیش زۆر (لادای ساركار) ی هه‌ن! هه‌ڵوێسته‌كانی (لادای ساركار) و پیلانگێڕی كۆمانیای رۆژهه‌ڵاتی هیند له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و پیلانگێڕی كۆمپانیای (ئیخوان) ی عه‌ره‌بزاده خزمایه‌تیه‌كی نزیكیان له‌گه‌ڵ یه‌كتری هه‌یه، هه‌رچی (لادای ساركار) بوو. . لووت به‌رز و له‌خۆبایی، نه‌بیست و كه‌لله ره‌ق و سه‌ره‌ڕۆ، وێڵ به‌دوای تۆڵه‌و هه‌راجكراوی ناو مه‌زادخانه‌ی گه‌مه سیاسییه‌كان، له پێناو باڵاده‌ستی و گه‌شتن به مه‌رامه‌كانی پلانی به‌رگری نیشتیمانی له‌ژێر پێی به‌ڵێنی درۆیینی به‌ریتانیه‌كان سه‌رده‌بڕی، هه‌وڵه‌كانی یه‌كخستنه‌وه‌ی ناوماڵی هیندییه‌كانی له‌ناو ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌ی كۆمپانیای رۆژهه‌ڵاتی هیند په‌كده‌خست، سه‌روه‌ری هیندستانی له سه‌روه‌ری ناوچه‌یه‌كی به‌رته‌سكی وه‌ك (ئۆركا) دا ده‌بینی و سه‌روه‌ری (ئۆركا) شی له باڵاده‌ستی خۆیدا ده‌بینی، جا ئه‌گه‌ر له‌م هه‌ل و مه‌رجه سیاسییه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا به‌دوای (ئۆركا) و كۆمپانیای رۆژهه‌ڵاتی هیند و (لادای ساركار) ه‌كانی كورددا بگه‌ڕێین، ده‌بینین هه‌مان هه‌ڵوێستی (لادای ساركار) و پیلانگێڕی (كۆمپانیای رۆژهه‌ڵاتی هیند) و سیاسه‌تی (ئۆركابینی) له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی كوردستاندا بوونیان هه‌یه و له فۆڕمی جیاوازدا دووباره ده‌بنه‌وه.
نه‌وشیروان مسته‌فا لادای ساركار ئاسا به سیاسه‌تی ناوچه‌گه‌رایی پرسی كورد ده‌دوێنێ و ساڵانێكیشه وێڵ بووه به‌دوای تۆڵه‌دا، بێ‌باك له خه‌م و خۆزگه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌رژه‌وه‌ندی نیشتیمانی له بازنه‌ی شارچێتیدا ده‌خولێنێته‌وه، له گرده‌كه‌وه به‌ره‌كه‌تی ئاژاوه‌گێڕی سیاسی و فیتنه و ئاشووبی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌به‌شێته‌وه، به‌لای نه‌وشیروان مسته‌فا مێژوو ئه‌وه‌یه كه خۆی ده‌ینووسێته‌وه، ناپاك ئه‌و كه‌سه‌یه كه ده‌ستنوێژی سیاسی له ئاوه‌ڕۆی ناپاكیه‌كانی هه‌ڵناگرێ و ئۆباڵی گۆڕانخوازی بۆ ناكێشێ نوقڵانه‌ی چه‌واشه‌كاری بۆ نابه‌شێته‌وه، دادپه‌روه‌ری كاتێك ئاراسته‌ی درووست وه‌رده‌گرێ كه له‌ژێر هه‌ژموونی باڵاده‌ستی ئه‌ودابێ، خه‌ڵك كاتێك چێژ له ژیان وه‌رده‌گرێ كه ئه‌و غه‌زه‌بی رقی كۆن و تازه‌ی به‌سه‌ر نه‌یاره سیاسییه‌كانیدا بڕێژێ، گه‌ل كاتێك به‌خته‌وه‌ر ده‌بێ كه وه‌ك خۆی له پیرۆزییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه‌و له سه‌روه‌ریه مێژووییه‌كانیش یاخی ببێ، وڵات كاتێك هه‌ره‌شه‌ی دوژمنه وه‌همییه‌كانی له‌سه‌ر نامێنێ كه نه‌وشیروان مسته‌فا هاوشێوه‌ی (لادای ساركار) و به ئاراسته‌ی هێنانه‌دی مه‌رامه‌كانیدا په‌یوه‌ندییه‌كانی رێكبخات، كه‌واته ده‌كرێ بڵێین: گرده‌كه‌و (ئۆركا) دوو دوومه‌ڵانی سیاسی سه‌ر جه‌سته‌ی دوو نیشتیمانن و ئازاره‌كانیان یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و گیانی به‌رگری دوو نه‌ته‌وه له خاچ ده‌ده‌ن، نه‌وشیروان مسته‌فا و (لادای ساركار) یش دوو كه‌سایه‌تی نه‌بیست و رقاوی و هه‌لپه‌رستی ناو مێژووی دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاوازن، له دوو كات و دوو شوێنی جیاوازدا ده‌ركه‌وتوون و ئامانجه‌كانی خۆیان تێكه‌ڵ به تاكتیكه‌كانی كۆمپانیای داگیركارانی وڵاته‌كانیان كردووه.
هه‌ڵوێستی سه‌رانی دوو حزبه ئیسلامییه‌كه‌ی ناو ئۆپۆزسیۆن و پیلانگێڕی كۆمپانیای ئیسلامی سیاسی، به (ئیخوان) و توندڕه‌و و تیرۆریستیانه‌وه، هه‌مان هه‌ڵوێستی لادای ساركار و پیلانگێڕی كۆمپانیای رۆژهه‌ڵاتی هیندن به فۆڕمی ئیسلامگه‌رایی له كوردستان نماییش ده‌كرێن، په‌یوه‌ندی ئه‌وانه‌و كۆمپانیای تاڵانكاری خوێن و خه‌باتی كورد دوو سه‌ره‌یه، (ارحل)، نوێژی سیاسی و ئاهه‌نگ ئامێزی سه‌رشه‌قام، وتاری ئاگرین و فتوای جیهاد، به باره‌گا كردنی مزگه‌وته‌كان و دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی (كوفر) و (ئیمان) دا، بڵاوكردنه‌وه‌ی كه‌لتووری توند و تیژی و به كافركردنی رای جیاواز، وه‌ك كاڵای ماوه به‌سه‌رچوو هاورده‌ی كوردستان ده‌كه‌ن و بیری نه‌ته‌وه‌یی پێ تووشی شێرپه‌نجه‌ی سیاسی ده‌كه‌ن، له‌به‌رامبه‌ریشدا بۆ كورد كوژی گه‌نجی كورد هه‌نارده‌ی ناو به‌ره‌ی (نوسره) ی تیرۆریست ده‌كه‌ن و هێز به فتوای حه‌ڵاڵ كردنی سه‌روماڵ و به تاڵان بردانی ژن و كچی كورد ده‌به‌خشن، ئه‌م بازرگانی و ئاڵوگۆڕه سیاسییه به مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورده‌وه زۆر له كه‌ین و به‌ینی نێوان (لادای ساركار) و كۆمپانیای رۆژهه‌ڵاتی هیند ترسناكتره، مه‌ترسییه‌كه به ته‌نها له‌وه‌دا نییه كه به فتوایه‌كی به‌ره‌ی (نوسره) كورد نامووس شكێن بكه‌ن و له رێگه‌ی به تیرۆریست كردنی گه‌نجه‌كان، ژن و كچی كورد وه‌ك غه‌نیمه‌تی جه‌نگی بكه‌نه خه‌ڵاتی سیاسه‌تی فراوانخوازی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی و بازاڕی (گابۆڕی) به‌ره‌ی (نوسره) ی پێ گه‌رم بكه‌ن، ترسی گه‌وره له‌وه‌دایه ئیخوان و به‌ره‌ی نوسره و قاعیده له كوردستان چه‌ندین شانه‌ی خه‌وێنراوی تیرۆیستخوازیان هه‌یه‌و به‌دوای ده‌رفه‌ت و گۆڕانكاری سیاسی‌دا ده‌گه‌ڕێن، له هه‌ر ئاڵوگۆڕێكی سیاسی و ده‌رفه‌ت ره‌خسانێكدا ئه‌مجاره له‌باتی به تیرۆریست كردن و هه‌نارده كردنی گه‌نجی كورد بۆ كوشتنی براكانیان، هێزی تیرۆریستی بۆ كوشتنی كورد هاورده‌ی كوردستان ده‌كه‌ن، چونكه هاورده كردنی ئه‌و كاڵا سیاسییه ماوه به‌سه‌رچووانه ئاماژه‌ی روونن بۆ ئاماده‌سازی و پێشقه‌تاری كردنی هێزه تیرۆریستییه‌كان و له كاتی پێویستدا مۆڵگه و شوێنی حه‌وانه‌وه‌یان بۆ دابین ده‌كه‌ن، زه‌مینه‌ی كار‌و چالاكی تیرۆریستیان بۆ ده‌ڕه‌خسێنن و رێنوێنیان ده‌كه‌ن و كاره هونه‌ریه‌كانیان بۆ فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن، به هه‌موو پێوه‌ره‌كان كورد (لادای ساركار) ی هه‌ن و له ده‌ست تێكه‌ڵ كردن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا پیلانگێڕ و دژه كورده‌كان كۆده‌نگن، به‌ڵام (لادای ساركار) بوونیان تا ئه‌و شوێنه بڕده‌كات كه به‌ر هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌كه‌ون.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
