داگیركردنی كوردستان و دابه‌شكردنی بۆ چوار پارچه و لكاندنی هه‌ر پارچه‌یه‌ك به ده‌وڵه‌تێكی دوژمن به ماف و ئازادییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی، گه‌مارۆیه‌كی سیاسی و ئابووری و دیبلۆماسی وای خسته سه‌ر كورد كه له شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانیدا ده‌ستی به هیچ شوێنێك رانه‌گات، به شێوه‌یه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دابڕی كه تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌كرا و به تاوانباریش ده‌ناسێنرا، زمانی قه‌ده‌غه ده‌كرا و كه‌لتوور و مێژووی ده‌شێوێنرا و تۆمه‌تی چه‌ته‌یی و رێگریش ده‌خرایه پاڵ خه‌باتی رزگاری نیشتیمانی، ده‌كوژرا و به بكوژیش ناوده‌برا.
دوژمنان بۆ له‌ناوبردنی كورد و به‌تاڵان بردنی سامانه‌كه‌ی هه‌موو رێگاكانیان تاقی كردنه‌وه، به‌ڵام كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئازادیخواز به درێژایی ئه‌و مێژووه پڕ كاره‌ساته‌ی له‌گه‌ڵ رژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی داگیركارانی كوردستانی بردۆته‌سه‌ر، ده‌ستبه‌رداری ماف و پاراستنی ناسنامه‌ی كورد بوونی خۆی نه‌بووه، ترس و تۆقاندن و كۆمه‌ڵكوژی و سوتماكی وڵاته‌كه‌ی نه‌یترساندووه.
رووداو وگۆڕانكارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و خوێندنه‌وه‌ی درووستی سه‌رۆك بارزانی و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بۆ رووداو و گۆڕانكارییه‌كان، گرێكوێره‌ی پرسی كوردی كرده‌وه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به خه‌باتی رزگاری نیشتیمانی ئاشنا كرد، دوژمنان كه پێیانوابوو كورد ده‌بێ هه‌ر چاوی له ده‌ستی ئه‌وانبێ، له سه‌ره‌تادا ئه‌و باودۆخه سیاسییه نوێیه‌یان به‌لاوه ئه‌سته‌م بوو، بۆیه له‌گه‌ڵ هه‌ر پێشكه‌وتنێك هه‌وڵیانده‌دا به‌ر له پێشكه‌وتنه‌كان بگرن، له به‌رامبه‌ردا نێچیرڤان بارزانی هاته سه‌ر ئه‌و رایه‌ی كه تا به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری خه‌ڵكی كوردستان تێكه‌ڵ به به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری نێوده‌وڵه‌تی نه‌كرێت، ترسی پیلانه سیاسییه‌كانی داگیركاران له‌سه‌ر پرسی كورد ناڕه‌وێته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌وڵه‌مه‌ندی كوردستانی به نه‌وت و غاز به باشترین هۆكار زانی بۆ كێشكردنی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی خاوه‌ن هێز، به‌وه‌ش هه‌م پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دۆزی كورد دابین ده‌كرێ و، هه‌میش كورد ده‌بێته خاوه‌نی ئابورییه‌كی سه‌ربه‌خۆ، ئه‌وه‌ش دوو هۆكارن كه نه‌ك هه‌ر ده‌وڵه‌ت به‌بێیان دانامه‌زرێ، به‌ڵكو ده‌وڵه‌تیش بیت ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو هۆكاره‌ت له پشت نه‌بن، یان ده‌وڵه‌ت بوون له ده‌ست ده‌ده‌ی، یان ده‌وڵه‌تێكی لاوازی هه‌میشه له‌سه‌ر لێواری رووخان ده‌بی، بۆیه داگیركارانی كوردستان به بیستنی گرێبه‌ستی نه‌وتی كێچ ده‌كه‌وێته كه‌وڵیان و به‌رد هه‌ڵده‌ده‌ن و سه‌ری خۆیانی وه‌به‌رده‌ده‌ن.
ته‌نگاوبوونی دوژمنان به گرێبه‌ستی نه‌وتی وه‌ك سه‌ربه‌خۆ كردنی ئابووری و كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی به ده‌وڵه‌ت بوون شتێكی چاوه‌ڕوان كراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕان كرا‌و نه‌بوو ته‌نگاو بوونی هه‌ندێ لایه‌نی كوردی و به‌ناو رۆژنامه‌نووسی سه‌ربه‌خۆ و شرۆڤه‌كاری سیاسییه له‌كاتێكدا موزایه‌ده‌ی كوردایه‌تی و به‌خه‌مه‌وه هاتنی دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن، ئه‌و لایه‌ن و كه‌س و گرووپانه له نوری مالیكی بێ نوورتر و (مه‌لیك) تر به‌گژ گرێبه‌سته نه‌وتیه‌كاندا ده‌چنه‌وه‌و ده‌یده‌نه به‌ر تانه و ته‌شه‌ر، ئه‌وه‌ش پرسیارێكه‌و پێویستی به وه‌ڵامدانه‌وه هه‌یه.
له سه‌رده‌می خه‌باتی رزگاری نیشتیمانیدا مێژوو وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی به‌وه داوه‌ته‌وه، كه دوژمنان له روو به روو بوونه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا به‌شێك له به‌رژه‌وه‌ندخوازانی كوردیان خزاندۆته ناو سه‌نگه‌ری خۆیانه‌وه، ئه‌وانه‌ی ئێستاش له به‌گژدا چوونه‌وه‌ی گرێبه‌سته نه‌وتیه‌كاندا ده‌نگی خۆیان ده‌خه‌نه پاڵ ده‌نگی نوری مالیكی شه‌ڕ فرۆشتنه به دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی، چونكه به هیچ نه‌زانم گرێبه‌سته نه‌وتیه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی كورد و دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌ییدان، به ته‌نگاو بوونی نوری مالیكی و ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌زانم گرێبه‌سته نه‌وتیه‌كان چ ئۆقره‌یی و ئارامییه‌ك ئه‌گه‌ر بۆ ئێستاش نه‌بێ بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو دابین ده‌كه‌ن، بۆیه پێویسته كورد له ته‌نگاو بوونی نوری مالیكی و ده‌وڵه‌تی یاساوه له گرێبه‌سته نه‌وتیه‌كان بڕوانێ و، وا بیر بكاته‌وه كه نوری مالیكی شین بۆ گرێبه‌ستی به ده‌وڵه‌ت بوونی كورد و له گۆڕنانی خۆزگه و ئامانجه‌كانی عروبه ده‌گێڕێ.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
