ئۆپۆزسیۆن داوای سازانی نیشتیمانی ده‌كات، به‌ڵام كام سازان؟ سازانێك كه خۆیان نه‌خشه‌ی بۆ بكێشن و وه‌ك ده‌یانه‌وێ هێڵه گشتییه‌كانی بۆ دیاری بكه‌ن، سازانێك كه خاڵ و به‌نده‌كانی له كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی ئۆپۆزسیۆن بنووسرێن و له كۆبوونه‌وه‌ی پێنج قۆڵیش به چه‌پڵه‌ڕێزان و هه‌لهه‌له كێشان واژۆیان له‌سه‌ر بكرێ، سازانێك كه سنووری به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و خواستی سیاسیان نه‌به‌زێنێ، سازانی نیشتیمانی به‌لای ئۆپۆزسیۆنه‌وه سه‌پاندنی پاكێج و حه‌ز و خولیا سیاسییه‌كانیه‌تی، هه‌ر بۆیه‌ش گڕووی سیاسیان گرتووه‌و پێ له سه‌ر سازانی پێنج قۆڵی نێوان خۆیان و ده‌سه‌ڵات داده‌گرن، به‌وه‌ش زیاتر له سی حزب و لایه‌نی سیاسی كوردستانی په‌راوێز ده‌خه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و حزب و لایه‌نانه كوردستانی نه‌بن و به‌شیان به كوردستانه‌وه نه‌بێ و له پێناو به‌دیهێنانی ئه‌مڕۆی كوردستان ره‌نجیان نه‌كێشابێ و خوێن و قوربانیان نه‌دابێ.
ئه‌و سازانه‌ی ئۆپۆزسیۆن داوای ده‌كات جۆرێكه له كوده‌تا و به‌سه‌ر دوو قۆناغدا دابه‌شكراوه، له قۆناغی یه‌كه‌مدا ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌یان به ئامانج گرتوون كه پێان وایه له‌به‌ر بچووكی قه‌یانی سیاسی ئه‌وان نایانخوێنێته‌وه، جا ئه‌گه‌ر له‌و قۆناغه سه‌ركه‌وتوو بوون، بۆ قۆناغی دووه‌میش دوو لایه‌نه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ونه به‌ر په‌لاماری ئه‌و كوده‌تا سێكوچكه‌ی كه له (17) ی شوباته‌وه نه‌خشه‌ی بۆ كێشراوه.
ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنی تووشی سه‌دمه‌ی سیاسی كردووه نه‌بوونی ئه‌زموونی دیموكراسی و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ مێژوو، كه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات ده‌دوێن پره‌نسیبی زۆرینه‌و كه‌مینه ره‌تده‌كه‌نه‌وه، كه له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه بچووكه‌كانیش ده‌دوێن به پره‌نسیبی زۆرینه غروور ده‌بن و پێیان وایه كه‌مینه‌یی تاوانه‌و به دوورخستنه‌وه له به‌شداری سیاسی و په‌راوێز خستن له سازانی نیشتیمانیدا سزایان ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش ئه‌و راستییه‌مان پێده‌ڵێ: كه ئۆپۆزسیۆن به دووفاقه‌یی له ئه‌رك و مافی زۆرینه‌و كه‌مینه ده‌ڕوانێ، له‌و شوێنه‌ی كه‌مینه‌یه زۆرینه به دیكتاتۆر ده‌زانێ، له‌و شوێنه‌ش زۆرینه‌یه مافه سه‌ره‌تاكانی كه‌مینه پێشێل ده‌كات.
ئۆپۆزسیۆن ده‌بێ ئه‌و راستییه بزانێ كه گه‌وره‌یی حزب له‌وه‌دا نییه كه له قۆناغێكی دیاریكراوی مێژوودا جه‌ماوه‌رێكی زۆری له پشته، به‌ڵكو بۆ كورد گه‌وره‌یی حزب له‌و په‌یامه نه‌ته‌وه‌ییه و له‌و مێژووه دایه كه له پێناو سه‌ربه‌خۆیی و رزگاری نیشتیمانیدا تۆماری كردووه، جا ئه‌گه‌ر حزبی سۆشیالیستی كوردستان و سكرتێره‌كه‌ی وه‌ك نموونه وه‌ربگرین، ده‌رده‌كه‌وێ كه كام حزب له هه‌ڵویستی نه‌ته‌وه‌ییدا خاوه‌ن شانازییه و له تۆماركردنی مێژوودا گه‌وره‌یه.
ئۆپۆزسیۆن پێیوایه حزبی سۆشیالیست له‌ڕووی جه‌ماوه‌ریه‌وه له‌وان كه‌متره‌و نابێ له سازانی نیشتیمانیدا به‌شدار بێت، پێش هه‌موو شتێك من نه سۆشیالیستم و نه له‌گه‌ڵ حزبی سۆشیالیستیشم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و زوڵمه‌ش نیم كه به‌ناوی زۆرینه‌وه له هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌روه‌ریه‌كانی مێژووی خه‌بات و قوربانیدانی ئه‌و حزبه ده‌كرێ، لێره‌دا چه‌ند پرسیارێك درووست ده‌بن كه پێویسته ئۆپۆزسیۆن به گشتی و دوو لایه‌نه ئیسلامییه‌كه به تایبه‌تی وه‌ڵامیان بده‌نه‌وه.
ئه‌و كاته‌ی كاكه (حه‌مه) و حزبه‌كه‌ی له سازانی شۆڕگێڕی و به‌گژدا چوونه‌وه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌شداریان ده‌كرد و قوربانیان ده‌دا، ئه‌وانه له كوێ بوون؟
توو گۆڕی سه‌ید قوتب و حه‌سه‌ن به‌نا ئه‌و شینه‌ی ئێستا بۆ شكستی ئیخوانه‌كانی میسر و به‌ندكردنی مورسی ده‌یكه‌ن، بۆ مه‌رگی (8000) بارزانی و (5000) هه‌ڵه‌بجه‌یی و به‌ندكردنی هاوسه‌ری سه‌دان كاكه (حه‌مه) و ژن وكچه گه‌رمیانیه‌كان كردتان؟
ئه‌وكاته‌ی خه‌ڵكانی به هه‌ڵوێست و شۆڕگێڕی وه‌ك كاكه (حه‌مه) به‌ناو شه‌خته‌و به‌سته‌ڵه‌كدا به‌ره‌و به‌هاری كوردی رێ‌یان ده‌كرد، ئێوه‌ی سازانخواز له‌ناو سه‌رماو سۆڵه‌ی زستانی ئیخوانیدا خۆتان گرمۆڵه نه‌كردبوو؟
ئه‌وكاته‌ی ئێوه ده‌ستتان به كڵاوی خۆتانه‌وه گرتبوو با نه‌یبات، كاكه (حه‌مه) كان به دوای كڵاوی بابردووی كوردایه‌تیدا رایانده‌كرد، دوای گرتنه‌وه‌ی ده‌تانه‌وێ سووك و ئاسان بیكه‌نه سه‌ری خۆتان؟
ماوه‌ته‌وه بپرسین: هه‌رسێك لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن به ئه‌میر و ئه‌میندار و رێكخه‌ری گشتیانه‌وه، به شووراو مه‌كۆ و هه‌ڵسووڕاو و بانگخوازیانه‌وه، له پرۆسه‌ی سازانی شۆڕشگێڕی و ره‌تكردنه‌وه‌ی كه‌لتووری تاكڕه‌وی و سته‌م و تاوانكاری و چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییدا به‌قه‌د كاكه (حه‌مه) خاوه‌ن هه‌ڵوێست بوون؟!
له پرۆسه‌ی به‌گژداچوونه‌وه‌ی دیكتاتۆریش به‌قه‌د كاكه (حه‌مه) خاوه‌ن ئه‌زموون و فیداكاری و گیانبازیان نواندووه؟!
ئه‌ی خێره دوای تێپه‌ڕاندی قۆناغه سه‌خته‌كان و راخستن و رازاندنه‌وه‌ی سفره‌ی ئازادی بۆیان، ئه‌مڕۆ له پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی ده‌ستكه‌وتی حزبی و چنینه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی بێبه‌شی ده‌كه‌ن؟
بۆیه له كۆتاییدا ده‌ڵێم: به كه‌لامێ خوای له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته دوو فاقیه و پشت له مێژوو كردنه خواگیر ده‌بن، ئاوڕێك له رابردوو بده‌نه‌وه‌و شه‌رم له‌و مێژووه شۆڕشگێڕیه بكه‌ن كه له سازانیدا به چراو شه‌داوان بگه‌ڕێن یان خۆتانی تێدا نادۆزنه‌وه، یان له به‌ره‌ی شه‌ڕانگێزی و دیل كوژی و په‌رتكردنی هه‌ڵوێست و ده‌نگ و ره‌نگی نه‌ته‌وه‌ییدا خۆتان ده‌دۆزنه‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
