ئیسلامیه‌كانی كوردستان خورما ده‌فرۆشن و های به‌ڕوو ده‌كه‌ن ... سووره مه‌رگه‌یی
ئیسلامی سیاسی له هه‌موو دنیادا به دوو ئاراسته‌ی جیاوازدا كارده‌كات، ئاراسته‌ی یه‌كه‌میان: به ڕوواڵه‌تی میانڕه‌وی و وه‌ك مه‌ڕی خوا خۆی ده‌رده‌خاو خوریه‌كه‌یان به موتفه‌ڕك ده‌به‌شنه‌وه، ئاراسته‌ی دووه‌میشیان: تابڵێی تونڕه‌وه‌و شمشێری دوو سه‌ری خوێناویان له كالان هه‌ڵكێشاوه‌و (شه‌لم كوێرم كه‌س نابوێرم) خۆشیان و خه‌ڵكیشی پێده‌بڕن، به‌ڵام هه‌ردوو ئاراسته‌كه له تاكڕه‌وی سیاسی و زه‌وتكردنی ئازادیه‌كانی تاك و به‌گژداچوونه‌وه‌ی سیسته‌می دیموكراتی و ڕاوكردنی مافی خه‌ڵكانی غه‌یری خۆیان ده‌چنه‌وه پاڵ یه‌كتری.
ئیسلامی سیاسی له كوردستان به دێوجامه‌و میكیاژی دیموكراتیه‌وه هاتۆته ناو كایه سیاسیه‌كان، به نه‌بیستی گوێ ده‌گرێ و به هه‌نگاوی تاكڕه‌ویش ڕاوبۆچوونه جیاوازه‌كان ده‌كاته پێخوستی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و هه‌ڵپه‌ی گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات، بۆیه ئه‌گه‌ر له تاقیگه‌ی زانستی سیاسی‌دا پشكنینی (dna ) بۆئیسلامیه‌كانی كوردستان بكرێ په‌رده له‌سه‌ر كووره‌ی ئه‌و دۆزه‌خه سیاسیه لاده‌درێ كه به نه‌هێنی ده‌یده‌فن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له هه‌ڵمه‌تی شێرانه‌ی بانگه‌شه‌ی دابینكردنی ماف و ئازادیه‌كاندا ده‌چنه‌وه سه‌ر به‌ره‌بای عه‌لمانی و دیموكراتخوازه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا تێشوویان له پاشه‌وه ناكه‌ن، له پاشه‌كشه‌ی ڕێویانه‌ی هاوپه‌یمانی ساخته‌و سه‌ره‌ڕۆیی سیاسی و پاوانخوازی ده‌سه‌ڵاتیشدا ده‌چنه‌وه سه‌ر به‌ره‌بابی ئیخوانه‌كانی میسر‌و دیموكراتی له تاریكستانی حه‌زو خولیای پاوانخوازی خۆیاندا شوێن بزر ده‌كه‌ن.
ئیسلامیه‌كانی كوردستان له عه‌لمانیه‌كان عه‌لمانی تر‌و له دیموكراته‌كان دیموكراتخواز تر ده‌وێن، دینی ئیسلامیشیان له ته‌نگه‌به‌ری مه‌رامی سیاسی و گه‌یشتن به پۆست و پایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا كورت هه‌ڵێناوه، بۆیه ده‌كرێ بڵێن: یا ئه‌وه‌تا ده‌یانه‌وێ له ڕێگای موزایه‌ده كردن به دینه‌وه سۆزی خه‌ڵك به ئاراسته‌ی ئامانجه شاراوه‌كانیاندا بجووڵێنن، یا ئه‌وه‌تا له دیموكراتی نه‌گه‌یشتوون و ده‌یانه‌وێ له‌و ڕێگایه‌وه به مه‌قه‌ستی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی په‌ڕو باڵی وێكنه‌چووی دین و دیموكراتی بقرتێنن و ئه‌و باڵنده‌یه هه‌ڵفڕێنن كه ته‌نها له‌سه‌ر شانی خۆیان بنیشێته‌وه، به‌وه‌ش له ڕێڕه‌وی دین ده‌رده‌چن و ته‌نها له كاتی پێویست و ئیش پێبووندا ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ری، كاتێك باس له ئیسلام ده‌كه‌ن واهه‌ست ده‌كه‌ی ده‌قاوده‌ق به پێی ئایه‌ت و فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ر (د. خ) هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن، كه باس له دیموكراتیش ده‌كه‌ن زۆر لایه‌نی گرنگی ئیسلام ده‌كڕێنن و دیموكراتخوازه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا خۆزگه به‌و دیموكراتیه ده‌خوازن كه ئه‌وان شرۆڤه‌و لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ن.
له زانستی سیاسی‌دا نه‌بووه دژه‌كان بانگه‌شه‌ی جوانی بۆ به‌رنامه‌ی یه‌كتری بكه‌ن و هه‌ڵه‌كانیان بۆ ده‌ستنیشان بكه‌ن و نه‌خشه ڕێگای سه‌ركه‌وتن بۆ یه‌كتری بكێشن، نه‌بینراوه كه‌سێكی ماركسی گله‌یی له كه‌سێكی سه‌رمایه‌دار بكات له‌وه‌ی به‌رنامه‌كه‌ی جوان و بێ غه‌شه و ڕێنمایی سه‌ركه‌وتنی بكات، یان سه‌رمایه‌دارێك ڕێنمایی ماركسیه‌ك بكات بۆ ئه‌وه‌ی زووتر‌و باشتر گۆڕی بۆ هه‌ڵكه‌نێ، كه‌چی ئیسلامیه‌كانی كوردستان گله‌یی له نه‌بوونی دیموكراتی ده‌كه‌ن و نه‌خشه‌ی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتێكی فوول دیموكراتی بۆ حزب و لایه‌نه عه‌لمانی و دیموكراته‌كان ده‌كێشن، له‌وه‌ش سه‌یرتر خۆیان به جێگره‌وه‌یه‌كی دیموكراتی تر له‌وان ده‌زانن و ده‌ڵێن: ئێمه بگه‌ینه ده‌سه‌ڵات دیموكراتیه‌ك بنیات ده‌نێین كه سه‌رجه‌م ماف و ئازادیه سیاسی و ڕژنامه‌گه‌ری و ڕۆشنبیری و كه‌لتووریه‌كان بۆ تاك و كۆمه‌ڵ دابین بكات، له كاتێكدا زۆرێك له‌و ئازادیانه له بیركردنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی‌دا تاوانن و سزای كوشتن‌یان له‌سه‌ره، ئای چ تاوانێكه له‌گه‌ڵ ناخی خۆت ڕلستگۆ نه‌بی و خورما بفرۆشی و های به‌ڕوو بكه‌ی!
هه‌رچی ئیسلامی سیاسی هه‌یه به ئاشكرا‌و بێ په‌رده بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌خوازن حاكمی وڵات بن، ده‌شیانه‌وی ده‌ستوورێك بسه‌پێنن كه به له‌به‌ر چاوگرتنی سیاسیه‌تی ده‌سه‌ڵات پارێزی خۆیان ئه‌رك و ماف و ئازادی بۆ تاك و كۆمه‌ڵ دیاری بكه‌ن، ئه‌وه‌ش بڵێ (نا) به كافرو گومڕا ناوی ده‌به‌ن و ڕشتنی خوێنی حه‌ڵاڵ ده‌كه‌ن، ئیسلامیه‌كانی كوردستان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ڕه‌وته‌و زیاتر به‌لای دیموكراتیدا خۆیان نمایش ده‌كه‌ن، هه‌ره‌شه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن هه‌ر كه‌سێ له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌نگیان پێنه‌دا له‌سه‌ر پردی سیڕات و لای خوای گه‌وره سكڵای له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش ئه‌و په‌ڕی به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی مه‌وداكانی ئازادی و ترس و تۆقاندنی نه‌یارو له قالبدانی جیاوازیه‌كان و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ڕای به‌رامبه‌ره، كه‌چی خۆیان ئیسلامی بوون له‌بیر ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ دوو حزبی چه‌پ و عه‌لمانی یه‌ك لیستی ده‌كه‌ن و ده‌نگ و ڕه‌نگ و جیاوازیه ئایدۆلۆژیه‌كان تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن و ڕاسته‌وخۆ ده‌نگ به ئایدۆلۆژی دژه ئیسلام ده‌ده‌ن، به‌وه‌ش خۆیان ده‌كه‌نه به‌رگریكارو دابینكاری ماف و ئازادی چه‌پ و عه‌لمانیه‌كان، پرسیار ئه‌وه‌یه ده‌بێ له‌سه‌ر پردی سیڕات كێ داواكاری گشتی بێ و لای خوای گه‌وره سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و ڕوو چه‌پی پشت ئیسلامیانه تۆمار بكات.
ئیسلامیه‌كانی كوردستان له نێوان جیاوازیه‌كاندا گه‌مه ده‌كه‌ن و هه‌ر جاره‌ی به‌لایه‌كدا ده‌شكێنه‌وه، ئه‌وه‌تا وتار‌و كرداریان تێكناكاته‌وه‌و وتاری دژ به كرداریان جێگای هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه، تاكتیكی ناكۆك و نامۆ به ستراتیجیان پرسیارێكی وه‌ڵام شاراوه‌یه، ئه‌وه خۆیانن ده‌ڵێن: ده‌بێ رێكخستنی په‌یوه‌ندیه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌كان به‌پێی ستانداردی ئیسلامی بێ و له‌گه‌ڵ چه‌پ و عه‌لمانیه‌كانیش له جێژوانی ڕێكخستنی په‌یوه‌نده‌كاندا خه‌ڵوه‌ت ده‌كێشن، ئه‌وه خۆیانن ده‌ڵێن: پرسی كورد وه‌ك پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی به ئێمه‌ی ئیسلامی سیاسی نه‌بێ چاره‌سه‌ر ناكرێ، خلافه‌تی عوسمانی داگیركار‌و دژ به سه‌ربه‌خویی كوردستانیش به دوا ده‌وڵه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ئیسلامی ده‌زانن، ئای چ پیلانێكی شووم چ فێڵێكی ژێربه‌ژێری خافڵگیره! له‌سه‌ر لێوان باس له به ده‌وڵه‌ت بوونی كورد بكه‌ی و له ناخیشدا ئاخ بۆ ڕووخانی توركه ده‌وڵه‌تی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك به‌ر له ئێستاش هه‌ڵكێشی، ئه‌وه‌یه مۆدێرنی ئیسلامه سیاسییه‌كه‌ی كورد، به‌ڕاستی خورما ده‌فرۆشن و بۆ له خشته بردنی خه‌ڵكیش به درۆ های به‌ڕوو بكه‌ی.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
