درێژكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم كار‌و كاردانه‌وه سیاسییه‌كانی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراسی و پرسی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وه‌نده‌ی تر تۆخ كردنه‌وه، هه‌رچی ئۆپۆزسیۆن بوو زه‌ختی ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم پرۆژه یاساكه ره‌تبكاته‌وه، له‌و پێناوه‌شدا وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان ختووكه‌ی سۆزی خه‌ڵكیان ده‌داو پرسه‌یان بۆ پرۆسه‌ی دیموكراسی ده‌گێڕا، هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتیش بوو وه‌ك پێویستییه‌كی ئه‌م قۆناغه‌و زه‌مینه‌سازی بۆ سازانی نیشتیمانی پێداگری له‌سه‌ر قبووڵ كردنی پرۆژه یاساكه ده‌كرد، دیاره درێژكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و قه‌یرانانه بوو كه ئۆپۆزسیۆن به بیانووی جیاواز له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی و چاوه‌ڕوانی نه‌ته‌وه‌ییدا درووستی ده‌كردن، ئاژاوه‌گێڕی ناو په‌رله‌مان، گوێ نه‌گرتن و بایكۆت كردنی كۆبوونه‌وه نیشتیمانییه‌كان، گواستنه‌وه‌ی رووداوه‌كانی به‌ناو به‌هاری عه‌ره‌بی و كۆپی كردنیان له كوردستان، به دیوه‌زمه كردنی ئه‌و ده‌نگ و ره‌نگانه‌ی خۆی نه‌یده‌ویستن و زۆری تریش له‌و قه‌یرانگه‌لانه بوون كه ئۆپۆزسیۆن به‌رده‌وام كوردی پێ له ناوه‌نده سیاسییه ناخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ناشیرین ده‌كرد، تا دواجار سازانی نیشتیمانیان له‌سه‌ر به ده‌ستوور كردنی پرۆژه‌ی ده‌ستوور لێكترازاند.
ئۆپۆزسیۆن له درووست كردنی قه‌یراندا ئه‌زموونی هه‌یه‌و بۆ هه‌ر قه‌یرانێكیش پیلانێكی پێشوه‌خته‌ی بۆ داده‌ڕێژێ، له به قه‌یران كردنی پرۆژه‌ی ده‌ستووردا باسیان له سازانی نیشتیمانی ده‌كرد، به‌ڵام سازانی (36) حزب و لایه‌نی سیاسی كوردستانی له‌سه‌ر پرۆژه‌ی ده‌ستووره‌كه به سازانی نیشتیمانی نازانن، په‌رله‌مانیش وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتیمانی كه به ده‌نگی زۆرینه‌ی هه‌ره زۆر پرۆژه‌كه‌ی په‌سند كردبوو به سازانی نیشتیمانی نازانن، راپرسیشیان وه‌ك سازانی راسته‌قینه‌ی نیشتیمانی ره‌تكرده‌وه، ئه‌وه له كاتێكدا ئه‌و كه‌مینه په‌رله‌مانییه‌ی ئێستا خۆی ناو ناوه ئۆپۆزسیۆن و سازانی نیشتیمانی له سه‌پاندنی رای خۆیدا ده‌بینێ به‌شدار بوون له سازانه‌كه، دوو لایه‌نه ئیسلامییه‌كه چ وه‌ك حزب و چ وه‌ك كوتله‌ی په‌رله‌مانی له‌كاتی خۆیدا په‌نجه‌ی شایه‌تمانیان بۆ جووڵاندووه، سه‌رانی ئێستای ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش كه ئه‌وكات ده‌مڕاست و بڕیارده‌ری ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بوون ده‌گونجێ له سازانه‌كه‌دا نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتیان كردبێ، له‌وه ناپرسین ئۆپۆزسیۆن بۆچی ئه‌و سازانه‌ی به‌لای لێكترازاندا برد؟ چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كه‌ن چی بكه‌نه بیانووی قه‌یران درووست كردن! له‌وه ده‌پرسین پارتی و یه‌كێتی ئه‌گه‌ر به درێژكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌رگا داخراوه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیان له رێسمه نه‌بردباو ده‌رفه‌تێكی تریان بۆ سازانی نیشتیمانی نه‌ڕه‌خساندبا چیان بكردبایه؟
دوای درێژكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن له چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دا بوون كه سه‌رۆك بارزانی به كاملادا ده‌شكێته‌وه، به‌ڵام وه‌ك ده‌ركه‌ت نه به‌لای ده‌سه‌ڵاتدا شكایه‌وه‌و نه به‌لای ئۆپۆزسیۆندا، وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی به‌لای خواست و ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا شكایه‌وه، درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ویلایه‌ته‌كه‌ی بۆ دوو ساڵ قبووڵ نه‌كرد تا ئۆپۆزسیۆن نه‌توانێ بازاڕی سیاسی و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵیژاردنی پێ گه‌رم بكات، ره‌تیشی نه‌كرده‌وه تا پرۆسه‌ی دیموكراسی و پرسی كورد له‌ناو قه‌یرانه به ئه‌نقه‌ست درووست كراوه‌كانی ئۆپۆزسیۆندا بێ چاره‌سه‌ر به‌جێ بێڵێ.
وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا له په‌یامه‌كه‌یدا پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كانی قبووڵ كرد، نه‌ك پۆست و پله‌و پایه، به‌وه‌ش ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنی روو به رروی به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی كردنه‌وه، چونكه وه‌ك له په‌یامه‌كه‌دا هاتووه به‌لای سه‌رۆك بارزانی ــ یه‌وه پۆست و پله‌و پایه تا ئه‌و شوێنه گرنگ و پیرۆزن كه خزمه‌ت به پرۆسه‌ی سیاسی و پرسی كورد بكه‌ن، خزمه‌ت كردنی پرۆسه‌ی دیموكراسی و پرسی كوردیش له هه‌ڵوێستی شۆڕشگێڕی و سرووشتی نه‌ته‌وه‌یی بوون و ئه‌خلاقی دیموكراسیدا به‌رجه‌سته ده‌بن، نه‌ك له بانگه‌شه‌ی درووشمبازی و هاتوهاواری حزبی و چه‌واشه‌كاری سیاسی‌دا، له هه‌ڵوێستی شۆڕشگێڕی و سرووشتی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقی دیموكراسیشدا سه‌رۆك بارزانی گره‌وی مێژووی له ره‌مزه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لانی دنیاش بردۆته‌وه، بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستییه‌ش ده‌پرسین: سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری له ته‌مه‌نی (16) ساڵیدا جگه له سه‌رۆك بارزانی هه‌ڵوێستی كام سه‌ركرده‌یان بردۆته ناو مێژوو؟ سرووشتی نه‌ته‌وه‌یی كام سه‌ركرده وه‌ك سرووشتی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رۆك بارزانی له وه‌رزه سه‌خته‌كانی قوربانیداندا به نه‌گۆڕی ماوه‌ته‌وه، ئه‌خلاقی دیموكراسی كام دیموكراتخواز وه‌ك ئه‌خلاقی دیموكراسی سه‌رۆك بارزانی خه‌باتی شاخ و شاری له خواستی سه‌ربه‌خۆییدا ئاوێته‌ی یه‌كتری كردوون.
جا ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن دوور له ده‌مارگیری سیاسی و چاوچنۆكی حزبی و به له‌به‌رچاو گرتنی رابردووی شۆڕشگێڕی و سرووشتی نه‌گۆڕی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقی دیموكراسی لێكدانه‌وه بۆ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بكات، تێده‌گات كه لای سه‌رۆك بارزانی له پله‌و پایه‌و پۆست گرنگتر ئه‌و په‌یامه‌یه كه له پێناو رزگاری نیشتیمانی و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌ییدا هه‌ڵیگرتووه. پاراستنی ئه‌و مێژووه‌یه كه ئه‌مڕۆی درووست كردووه، یه‌كخستنی ئه‌و ده‌نگانه‌یه كه خه‌ون به سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی و رزگاری نیشتیمانییه‌وه ده‌بینن، لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم: كه ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی دیموكراسی و دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی و سازانی نیشتیمانی قسه‌ی خۆیان كرد، سه‌رۆك بارزانی ــ ش له په‌یامه‌كه‌یدا دوا قسه‌ی بۆ ئیراده‌و رای خه‌ڵك گێڕایه‌وه، بۆیه پێویسته له‌مه‌ولا خه‌ڵك له‌سه‌ر پێشهات و رووداوه‌كان قسه‌ی خۆی بكات، نابێ چیتر رێگا بدات ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكه‌وه ژیانی سیاسی بكرێنه پاشكۆی مه‌رامه حزبییه‌كان، چونكه كاتی ئه‌وه هاتووه خه‌ڵك به حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان بڵێ: نا بۆ چه‌واشه‌كاری سیاسی و رشتنی رق و بوغز و كینه، نا بۆ به ئایدۆلۆژی كردنی پرسی كورد‌و گێڕانه‌وه‌ی بۆ خاڵی سه‌ره‌تاو بۆ به پاشكۆ كردنی، به‌ڵێ بۆ یه‌كخستنی ناوماڵی كورد‌و پاراستنی یه‌كهه‌ڵوێستی و روانینی هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یران و كێشه‌كانی ناو پرۆسه‌ی دیموكراسی و لادانی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییمان.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
