ده‌گێڕنه‌وه ئاغایه‌ك زۆر درۆزن ده‌بێ، هه‌ر جارێك درۆ ده‌كات خزمه‌تكاره‌كه‌ی به درۆی ده‌خاته‌وه، ناچار ئاغا به خزمه‌تكاره‌كه‌ی ده‌ڵێ: كه درۆم كرد به درۆم مه‌خه‌وه‌و رۆژانه چه‌ند درۆم كرد ئه‌وه‌نده نیودیناریه‌ت ئه‌ده‌مێ، به‌و شێوه‌یه رێكده‌كه‌ون و ئیتر له ئاغا درۆ كردن و له خزمه‌تكار ئه‌ژمار كرن، تا رۆژێك درۆیه‌كی زۆر گه‌وره ده‌كات، خزمه‌تكاره‌كه ئه‌وه‌یانی پێ هه‌رزان ده‌بێ و ناچار هاواری لێهه‌ڵده‌ستێ و ده‌ڵێ: ئاغا ئه‌وه‌ش هه‌ر به نیودینار حه‌ساب ده‌كه‌ی؟
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌و رۆژه‌وه‌ی درووست بووه تا ئێستا خاوه‌نی ناسنامه‌یه‌كی سیاسی روون و ستراتیجێكی دیاریكراو نییه، جگه له رێكخه‌ری گشتی به‌رپرسی ژووره‌كانیش نازانن سه‌ر به چ به‌ره‌بابێكی فكری و ئایدۆلۆژین، ئه‌وه‌ی له مێژووی رێكخه‌ری گشتی و ئه‌دای كار كردن و ئاراسته كردنی ئه‌و سێ چوار ساڵه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌رده‌كه‌وێ، بارگاوی بوونیه‌تی به رق و بۆ خاڵی بوونه‌وه‌ش هه‌ر رۆژه‌و له باوه‌شی فكره‌و ئایدایه‌كدا سه‌رخه‌وی شكستێكی نوێ ده‌شكێنێ، له‌باتی ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی فكری و كارنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی بخاته روو كار له‌سه‌ر ساخته‌كردنی ناسنامه‌ی خه‌ڵكی تر ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێی به‌ژن و باڵات چه‌نده؟ ده‌ڵێ: خه‌ڵك كورته‌باڵایه، ئه‌گه‌ر بڵێی چارشێوی سه‌ر رووت لاده‌و با رووی راسته‌قینه‌ت ببینین، ده‌ڵێ: ده‌موچاوی خه‌ڵك زۆر ناشیرینه، بۆو مه‌به‌سته‌ش ئه‌وه‌نده‌یان چه‌واشه‌كاری كرد تا خۆیان چه‌واشه بوون، كه ده‌كرێ وه‌ك نموونه دیداری رێكخه‌ری ژووری ئابووری ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (NRT) بخه‌ینه روو.
له كه‌ناڵی (NRT) رێكخه‌ری ژووری ئابووری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر نه‌خشه‌و به شووڵه دارێك ئاماژه‌ی بۆ بۆڕی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی نێوان هه‌رێم و توركیا ده‌كردو ده‌یگووت: ئه‌و بۆڕیه نه‌وته بۆ ساڵی 2016 ته‌واوده‌بێ و ئه‌گه‌ر هاتوو له‌و ماوه‌یه‌دا بارودۆخی سیاسی گۆڕا، كێ به‌رپرسیارێتی ئه‌و تێچوونه هه‌ڵده‌گرێ كه له‌و هێڵی گواستنه‌وه‌ی نه‌وته خه‌رج ده‌كرێ؟ به‌لای خۆی ئه‌كادیمیانه و به زانستی ئابووری شیكاری ده‌كرد، به‌ڵام مه‌رامه چه‌واشه‌كاریه‌كه ئه‌وه‌نده زاڵ به به‌سه‌ریدا له‌باتی خستنه رووی به‌ڵگه‌ی زانستی وشه‌ی (ئه‌گه‌ر) ی ده‌كرده به‌ڵگه‌ی رێكخستنی راوبۆچوونه چه‌واشه‌كاریه‌كه‌ی، ده‌بێ بگووترێ كه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌گه‌ری ژووری ئابووری بزوونه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌گه‌ری هێنانه‌دی خه‌ونی نه‌ته‌وه‌یی كورد هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه تێكنه‌چێ ئه‌وا هێڵی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت ده‌بێته به‌هێزترین فاكته‌ری درووست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی، خۆ ناكرێ كورد له ترسی ئه‌گه‌ر ده‌ستبه‌رداری نه‌خشه‌و پلانی نه‌ته‌وه‌یی بێ، لێره‌دا ئه‌و پرسیاره درووست ده‌بێ كه بۆچی ژووری ئابووری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ناو كۆمه‌ڵێك ئه‌گه‌ردا خراپترین ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردووه؟
رێكخه‌ری ژووری ئابووری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی له‌و راستییه ده‌بوارد كه له فه‌رهه‌نگی شۆڕشگێڕی و خه‌باتی رزگاری نیشتیمانیدا بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك پلانێك هه‌یه، نه‌ك ده‌ست هه‌ڵبڕین و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان، كوردیش هه‌م له فه‌رهه‌نگه شۆڕشگێڕیه‌كه ده‌وڵه‌مه‌نده‌و هه‌میش له خه‌باتی رزگاری نیشتیمانیدا ئه‌زموونێكی زۆری هه‌یه، بۆیه ناكرێ له به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ردا سه‌ری دنیات لێ به پووش بگیرێ و كورد گووته‌نی: له ترسی به‌راز په‌مۆ چاندن ته‌رك بكه‌ی، خۆ ئه‌گه‌ر ژووری ئابووری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چاوه‌ڕوان بێ ژووره پیلانگێڕییه‌كانی داگیركارانی كوردستان بێ ئه‌گه‌ر بن و چاو له‌سه‌ر چه‌وسانه‌وه‌ی كورد هه‌ڵبگرن، وه‌ك ئه‌وه وایه نه‌وشیروان مسته‌فای رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌كه‌یان فۆرماتی خۆشه‌ویستی كرابێ و دژه ڤایرۆسی رقی بۆ دابه‌زێنرابێ، كه ئه‌وه‌ش هه‌رگیز رووناداو تا ئێستا نه پێشكه‌وتنه سیاسییه‌كان و نه رووداوه گه‌رم و گووڕه‌كانی ناوچه‌وكه‌و نه په‌رۆشی و خه‌مخۆری نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و دژه ڤایرۆسه‌یان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه كه بتوانێ ناخی ره‌ش و رق هه‌ڵگرتووی نه‌وشیروان خاوێن بكاته‌وه، بۆیه كاتی ئه‌وه هاتووه كورد به ژووره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و رێكخه‌ری گشتی بڵێ: ئایا ئه‌و چه‌واشه‌كاریه‌ش هه‌ر به نرخی چه‌واشه‌كاریه‌كانی تر له‌سه‌ر دوژمنانی كورد حه‌ساب ده‌كه‌ن؟
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
