میدیای كوردی تا راپه‌ڕینی ساڵی 1991 به زۆر قۆناغی ئاڵۆز‌و ناهه‌مواردا تێپه‌ڕیوه، زۆر به‌ربه‌ستی سه‌خت و دژواری بڕیون، وه‌ك میدیایه‌كی شۆڕشگێڕ ده‌ركه‌تووه‌و هه‌میشه به زمانی رابوون و سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشگێری دواوه، بۆیه داگیركارانی كوردستان و ناحه‌زانی كورد به میدیای به‌رگری نیشتیمانیان زانیوه‌و له بوونی ترساون، له ده‌نگ و ڕه‌نگ و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییدا پێناسه‌یان كردووه‌و به سیاسه‌تی زه‌بروزه‌نگ به‌گژیدا چوونه‌ته‌وه، به‌رده‌وام له‌دژی جه‌نگاون و هه‌وڵیانداوه كورد خاوه‌نی میدیایه‌ك نه‌بێ كه به‌رچاوی نه‌ته‌وه‌یی ڕوون بكاته‌وه.
مێژووی میدیای به‌ر له راپه‌ڕین ئه‌و راستییه‌ی سه‌ره‌وه‌ی پێوه دیاره‌و دوژمنان به یاسای دوژمنكاری هێڵی سووریا‌ن له‌به‌رده‌م میدیاكارانی كورد كێشاوه، ئه‌وه‌ش وایكردووه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هێڵه سووره هه‌موو كار‌و چالاكیه‌كی میدیایی بڤه بووبێ، به‌و بیانوه‌ش له‌سه‌ر گوتنی شێعرێك یان خوێندنه‌وه‌ی په‌خشانێك كه بۆنی كوردایه‌تی لێهاتبێ به هه‌زاران گه‌نج و لاوی كورد ئه‌شكه‌نجه دراون و به سه‌دانیش له سێداره دراون، له به‌رامبه‌ریشدا كورد كاردانه‌وه‌ی هه‌بووه‌و ده‌ستبه‌رداری گرنگی و كاریگه‌ری میدیا نه‌بووه، به رادیۆیه‌كی ژێر غه‌زه‌بی ته‌شویش و به ته‌ته‌ری ڕێگای مه‌رگ و ناوه ناوه بڵاوكراوه‌یه‌ك یان نامیلكه‌یه‌ك، توانی میدیای كوردی له‌ژێر چاودێری دوژمنان بێنێته ده‌رو بیكاته میدیایه‌كی سنوور بڕی به‌ربه‌ست شكێن و وه‌ك ئێستای به جیهانی بكات.
دوای راپه‌ڕین به گشتی و رووخانی رژێمی به‌عس به تایبه‌تی پانتایی ئازادییه‌كان به شێوه‌یه‌ك فراوان بوون ده‌رگا داخراوه‌كانی به رووی میدیاكارانی كوردیدا واڵا كردنه‌وه، میدیای سه‌ربه‌خۆ وه‌ك دیارده‌یه‌كی دیموكراتی و زاده‌ی به‌رده‌وامی ره‌وتی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگادا بووه، به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی بینیمان میدیا نه‌بوو، رشانه‌وه‌ی سیاسی بوو به‌سه‌ر جوانیه‌كانی مێژوودا، به‌ناوی میدیای سه‌ربه‌خۆ خۆی ناساند‌و كاره‌كته‌ره‌كانی پشتیشی كاره‌كته‌ری شاراوه‌ی سیاسی بوون و ناوه‌رۆكیان به‌ئاراسته‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه‌و هێنانه‌دی ئامانجه سیاسییه‌كاندا سووڕاند، به شێواوی هێنرایه ناومان و جنێو و تۆمه‌ت به‌شینه‌وه‌و ناو زڕاندنی كرده ناسنامه‌ی سه‌ربه‌خۆ بوون، ئاشووبی راگه‌یاندنی نایه‌وه‌و فه‌وزای سیاسی درووستكرد، په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی كردنه قۆچی قوربانی گه‌رمكردنی بازاڕی گرووپگه‌رایی، هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی به ئاراسته‌ی چه‌واشه‌كاری سیاسی‌دا برد، له‌گه‌ڵ مێژوو راستگۆ نه‌بوو، له په‌راوێزی رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌وه بۆ دواڕۆژی ده‌ڕوانی، ئه‌وه‌نده‌ی كاری له‌سه‌ر دزێوكردن و شێواندنی مێژووی رزگاریخوازی كورد‌و شاردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌ییمان كردووه، كه‌متر چۆته ژێر باری ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی نیشتیمانی، پێویسته تۆڕی میدیایی رووداو به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و راستیانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌وڵبدات ستراتیجی سه‌ربه‌خۆ بوون له نێوان میدیای حزبی و میدیای سێبه‌ردا بدۆزێته‌وه، پیشه‌ییانه كار بكا‌و له‌گه‌ڵ په‌یامی سه‌ربه‌خۆ بوون راستگۆبێ، له گه‌یاندنی زانیاری درووست و رووماڵكردنی رووداوه‌كاندا به‌رپرسیارانه هه‌نگاو بنێ.
كورد چاوه‌ڕوانی زۆری له تۆڕی میدیایی رووداو هه‌یه، له‌وه‌نا كه ده‌زگایه‌كی تری راگه‌یاندن له‌ناو میدیای كوردیدا زیاد ده‌كات، له‌وه‌ی متمانه بۆ میدیای سه‌ربه‌خۆ بگێڕێته‌وه، چونكه ئه‌وه‌ی به‌ناوی میدیای سه‌ربه‌خۆ دزه‌ی كردۆته ناومان هه‌ڵگری خواست و مه‌رامی سیاسی و ده‌ربڕی ڕقه و به زمانی تۆڵه ده‌دوێ، بۆیه ده‌كرێ تۆڕی میدیایی رووداو به راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه كورد له‌گه‌ڵ میدیای سه‌ربه‌خۆ ئاشت بكاته‌وه‌و ئه‌و راستییه بسه‌لمێنێ كه كورد تائێستا خاوه‌نی میدیای سه‌ربه‌خۆ نه‌بووه، ئه‌وه‌ی به‌و ناوه‌شه‌وه خۆی نماییش كردووه، میدیایه‌كی ده‌ست له پشتدراوی سیاسی بووه‌و ناكرێ پیرۆزی و ناوباگی میدیای سه‌ربه‌خۆ بخاته ژێر گومان و پرسیاره‌وه، بۆو مه‌به‌سته‌ش ده‌كرێ ره‌چاوی ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه بكات.
1ــ ڕه‌خنه‌گرێكی ڕاستگۆبێ و خۆی له تێوه‌گلانی ئه‌و ململانێ سیاسی و میدیاییانه ببوێرێ كه هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی و ده‌زگای راگه‌یاندنی مه‌به‌ستدار نه‌خشه‌یان بۆ كێشاوه. 2ــ به هه‌ڵوێستی بێلایه‌نی و كاری پیشه‌یی سیحر‌و جادووی بانگه‌شه‌ی میدیای سێبه‌رو خۆناساندنی به میدیای سه‌ربه‌خۆ به‌تاڵ بكاته‌وه.
3ــ كار بكات بۆ گێڕانه‌وه‌ی كه‌لتووری پێكه‌وه ژیانی سیاسی و ئاشته‌وایی نیشتیمانی و قووڵكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.
4ــ پیاهه‌ڵده‌ری حزبی نه‌بێ و هه‌ڵگری ڤایرۆسی بوغز‌و ڕق و كینه نه‌بی.
5ــ په‌یامی سه‌ربه‌خۆ بوون بپارێزێ و نه‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری و خۆی له هه‌ر جۆره به سێبه‌ركردنێك به‌دوور بگرێ.
6ــ جیاواز له ده‌زگاكانی تری راگه‌یاندن كه گرنگی به په‌روه‌رده پێگه‌یاندنی حزبی ده‌ده‌ن، پێویسته تۆڕی میدیایی رووداو گرنگی به په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندنی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی بدات، چونكه هه‌ست ده‌كرێ له بواره‌دا بۆشایی هه‌یه‌و ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و خۆشه‌ویستی خاك كراونه پاشكۆی ئامانجی حزبی و كه‌ره‌سه و ئامرازی موزایه‌ده‌ی سیاسی، به‌وه‌ش تۆڕی میدیایی رووداو خزمه‌تێكی مێژوویی ئه‌وتۆ به پرسی كورد‌و وشیاری نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات كه ده‌كرێ هێنانه‌دی خه‌ونه‌كانی پێبسپێرین و ئومێدی دواڕۆژی له‌سه‌ر هه‌ڵچنین.
7ــ له هه‌موو ئه‌وانه‌ش گرنگتر پێویسته تۆڕی میدیایی (ڕووداو) له‌ناو میدیای كوردیدا رووداوێكی نه‌ته‌وه‌یی بێ، دوور له خواستی سیاسی و لایه‌نداری حزبی له شرۆڤه‌ی ڕووداوه‌كاندا بارودۆخی هه‌ستیاری كورد له‌به‌رچاو بگرێ و، ده‌رچوون له بازنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به رووداوی به‌زاندنی هێڵی سوور بزانێ.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
