نامه‌یه‌كی كراوه بۆ به‌ربژارو ده‌نگده‌رانی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم، ئۆپۆزسیۆن به‌دوای كه‌فیلدا ده‌گه‌ڕێ ... سووره مه‌رگه‌یی
هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان له كاتێكی زۆر هه‌ستیاردا به‌ڕێوه ده‌چن، هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان ناوچه‌كه به گشتی ژانی گۆڕانكاری گرتوویه‌تی و كوردستانیش وه‌ك به‌شێك له ناوچه‌كه ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری گۆڕانكارییه چاوه‌ڕوانكراوه‌كان، جگه له‌وه‌ش قه‌یرانه سیاسی و مه‌زهه‌بیه‌كانی ناو پرۆسه‌ی سیاسی عێراق، قووڵ بوونه‌وه‌ی زیاتری كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، به‌ریه‌ككه‌وتنی توند‌و به‌رده‌وامی ته‌وژمی دیموكراتی و خۆ فۆرمات كردنه‌وه‌ی دیكتاتۆریش له‌ناو هه‌ناوی مه‌زهه‌بگه‌راییدا، هاوكاتن له‌گه‌ڵ واده‌ی هه‌ڵبژاردنه سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانیه‌كه‌ی كوردستان، ئه‌وه‌ش هه‌م سه‌رۆكی تازه هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێمی كوردستان و هه‌میش په‌رله‌مانه‌كه‌ی ده‌خاته به‌رده‌م ئه‌و به‌رپرسیاریه مێژووییه‌ی كه چاره‌نووس و دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌ییمانی پێوه‌به‌نده، بۆیه ده‌نگده‌ر له‌و پرۆسه‌یه‌دا گه‌وره‌ترین ئه‌ركی نیشتیمانی ده‌كه‌وێته سه‌رشان، ئه‌گه‌ر بتوانێ وه‌ك خۆی ئه‌و ئه‌ركه جێبه‌جێ بكا‌و به درووستی متمانه به پیاوی ئه‌م قۆناغه هه‌ستیاره بدات، ئه‌وا ده‌توانێ ئه‌و مافه نه‌ته‌وه‌ییانه وه‌ربگرێته‌وه كه سه‌دان ساڵه دوژمنان و داگیركارانی كوردستان لێیان زه‌وتكردوون.
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ له‌م بابه‌ته‌دا زیاتر تیشكی بخه‌مه سه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمه، چونكه كورد له‌م قۆناغه ته‌مومژاویه‌دا پێویستی به سه‌رۆكێكی به‌رچاو ڕوونی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌زموونداری سیاسی و مێژوویی هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له‌سه‌ر ئاستی گۆڕانكاریه‌كانی ناوچه‌كه‌و له‌ناو پێكدادانه ساسی و مه‌زهه‌بیه‌كانی عێراقیشدا ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بوون بۆ پرسی كورد بگێڕێته‌وه، كه چه‌ندین ساڵه داگیركارانی كوردستان له هه‌وڵی دزینی ئه‌و ناسنامه‌یه‌دان.
ده‌بێ هه‌موومان ئه‌و ڕاستییه بزانین كه پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه، نه‌ك ماف پۆست و پله‌و پایه، بۆیه پێویسته هه‌ركه‌سێك خۆی بۆ ئه‌و پۆسته كاندید بكات به‌ر له هه‌موو شتێك ده‌بێ خاوه‌نی پرۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی بێ، ده‌نگده‌ریش ده‌بێ له كاتی ده‌نگدان و دوای ده‌نگدانیش چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یی و پرسه نیشتیمانیه‌كان به‌و پرۆژه‌یه بسپێرێ و لێبڕاوانه‌ش كار بۆ سه‌رخستنی بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێ ئۆپۆزسیۆن به‌بێ پرۆژه له‌و ئه‌ركه نه‌ته‌وه‌ییه ده‌ڕوانێ، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕكابه‌رێك تا له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمدا بیكه‌نه ده‌ستكه‌لایه‌كی سیاسی خۆیان وه‌ك ئه‌وه‌یه به‌دوای كه‌فیلدا بگه‌ڕێن.
له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2009 هه‌رسێك لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن بێ له‌به‌رچاو گرتنی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد‌و بێ گوێ گرتن له خواسته‌كانی دواڕۆژ، كه‌مال میراوده‌لیان هێنایه ناو ململانێیه‌كی شكست خواردوو، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌نج بوو ئۆپۆزسیۆن نكوولی له‌و ڕاستییه ده‌كرد و پرۆژه‌ی كه‌مال میراوده‌لیش داخستنی فرۆكه‌خانه‌كان بوو، بۆ ئه‌وه‌ی دوای هه‌ڵبژاردن سه‌رۆك بارزانی نه‌توانێ ڕابكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردندا گره‌و له‌سه‌ر مه‌رگ كرابێ و دۆڕاو له سێداره بدرێ، كه‌چی كه‌مال میراده‌لی دوای پشتیوانیه‌كی زۆری ئۆپۆزسیۆن و دۆڕاندنیشی فرۆكه‌خانه‌كان به‌ڕوویدا دانه‌خران و به‌ره‌و زێدی حه‌وانه‌وه‌ی خۆی گه‌ڕایه‌وه ئه‌وروپا، جا ئه‌گه‌ر میراوده‌لی خاوه‌ن پرۆژه بووایه‌و له خه‌می ده‌نگده‌رانی خۆیدا بووایه، پێویست بوو كوردستانیانه له‌گه‌ڵیان ژیاباو ده‌ستبه‌رداری ژیانی ئه‌وروپی ببووایه، پێده‌چێ ئۆپۆزسیۆن ئه‌مجاره‌ش سیناریۆی 2009 دووباره بكاته‌وه‌و بازی بێبه‌ختی هه‌ڵداته سه‌ر شانی كه‌سێكی تر، وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رشانی كه‌مال میراوده‌لی كرده هێلانه‌ی هێلكه تێدا پیسكراو.
ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێ: ئێمه بگه‌ینه ده‌سه‌ڵات خه‌ڵكیش ده‌گاته به‌هه‌شت، وڵاتێكی دوو دیوی درووست ده‌كه‌ین كه هه‌م ئه‌وروپاو هه‌م میسریش بێ، جا ئه‌گه‌ر به‌دبه‌خته كاندید كراوه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی ئۆپۆزسیۆن من بم، ده‌بێ ئه‌و پرسیاره له خۆم بكه‌م كه ده‌بووایه میراوده‌لیش له ساڵی 2009 له خۆی كردبا، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی چۆپۆزسیۆن پرۆژه‌ی به به‌هه‌شت كردنی كوردستانی پێیه، بۆچی كه‌سی یه‌كه‌می یه‌كێك له سێ حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌كه ناكه‌نه ڕكابه‌ر؟ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بۆ ئۆپۆزسیۆن و كاندیده داتاشراوه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌یان جێدێڵم.
كه‌سێك خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری هه‌ست پێكراو نه‌بێ، له ناوه‌نده سیاسییه كوردستانی و عێراقی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ناوێكی نه‌بیستراو بێ، له ده‌یان هه‌زار شه‌هید (ده) شه‌هیدیان نه‌ناسێ، له خه‌باتی ڕزگاری نیشتیمانی و ئه‌زموونی شۆڕشگێڕی بێئاگابێ و مێژووی سته‌م و زۆرداری ڕاینه‌چڵه‌كاندبێ، بۆ پۆستێكی گرنگی پڕ له خۆزگه‌و خواستی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمیش كاندیدكراوی سێ حزبی سیاسی جیاواز‌و پێك ناكۆك له ڕوانین بۆ پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، دۆڕاندنی له هه‌ڵبژاردندا زۆر باشتره له بردنه‌وه‌ی، چونكه ئه‌گه‌ر بدۆڕێ ناكه‌وێته ژێر چاودێری خه‌ڵك و لێپرسینه‌وه‌ی مێژوو، ده‌توانێ خۆی لوته‌لا بكا‌و وه‌ك كه‌مال میراوده‌لی له په‌نایه‌ك ژیانی ئاسایی خۆی به‌سه‌ر به‌رێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به مه‌رام هێنرایه پێشێ و له هه‌ڵبژاردنیش برایه‌وه ده‌كه‌وێته ژێر باری دانه‌وه‌ی قه‌رزو قۆڵه‌ی سیاسی ئه‌م حزب و ئه‌و لایه‌نی ناو ئۆپۆزسیۆن، ئه‌وانیش به‌لای ئه‌و ڕق و كینه سیاسی و مه‌رامه حزبیه‌دا ئاراسته‌ی ده‌كه‌ن كه به‌و ئۆپۆزسیۆنه كه‌س نه‌دیتوه‌ی كردوون، چونكه كه‌سێك به‌خێری سیاسی به سه‌رۆك بكرێ ده‌بێته كوێخای گوند‌و كۆڵكێشی منه‌تباری ئاغا، ئه‌وكاته‌ش ناتوانێ موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاته یاسایی و شه‌رعیه‌كانی خۆی بكا‌و به ده‌ردی ئه‌و كوێره ده‌چێ كه حه‌زو خولیای بینینی له هێزی ده‌ستی كوێركێشدا ده‌گووشرێ، بۆیه ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا گره‌نتی سه‌ركه‌وتنیشم بداتێ نابمه سه‌رۆكی بادراوی حزبی و ڕێسراوی سیاسی، نابمه ئه‌و ده‌نگده‌ره‌ش ده‌نگی مێژوو نه‌بیستم و ڕه‌نگی دواڕۆژ له ده‌نگمدا نه‌بینم.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
