جه‌نابی ئۆپۆزسیۆن ئه‌تۆ فه‌رموو ئه‌من میاو ...سووره مه‌رگه‌یی
له جیهانی دیموكراسی و سه‌رده‌می پێكه‌وه ژیانی سیاسی‌دا، له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنی ماوه‌ی بانگه‌شه، حزب و قه‌واره‌و لایه‌نه سیاسیه‌كانی به‌شداربووی هه‌ڵبژاردن شه‌قام و كۆڵان، به‌رده‌رگای مزگه‌ت و شوێنه گشتییه‌كان، ستوونه‌كانی كاره‌باو دیواری ماڵان پڕ ده‌كه‌ن له لۆگۆی دیاریكراوی تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردن، جیا له‌وه‌ش هه‌ر حزب و قه‌واره‌یه‌كی سیاسی كارنامه‌یه‌كی دیاركراوی تایبه‌ت به خۆی ڕاده‌نێ و له چه‌ندین ڕێگاوه هه‌وڵده‌دات سه‌رنجی ده‌نگده‌ر بۆ كارنامه‌كه‌ی ڕابكێشێ و زۆرینه‌ی ده‌نگی ده‌نگده‌ر به‌ده‌ست بێنێ، به‌وه‌ش سندووقه‌كانی ده‌نگدان زۆرینه‌و كه‌مینه له‌ناو حزب و قه‌واره سیاسیه‌كاندا دیاری ده‌كه‌ن، ئه‌و حزب و قه‌واره سیاسیه‌ی زۆرینه‌ی ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه، مافی پێكهێنانی حكومه‌ت و ئه‌ركی جێبه‌جێ كردنی كارنامه‌كه‌ی و پابه‌ندبوون به به‌ڵێنه‌كانی پێش هه‌ڵبژاردن و ڕێز گرتن له كه‌مینه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌رشان، كه‌مینه‌ش یا ئه‌وه‌تا به‌شداری حكومه‌ت ده‌كات، یا ئه‌وه‌تا سه‌نگه‌ری ئۆپۆزسیۆن بوون هه‌ڵده‌بژێرێ و چاودێری وردی ده‌سه‌ڵات ده‌كات و ڕێز له ڕاوبۆچوونی ده‌گیرێ و مافه ده‌ستووری و یاساییه‌كانی پارێزراو ده‌بن، به‌ڵام له هه‌ردوو باره‌كه‌دا به‌رامبه‌ر پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كان ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌وێته سه‌رشان، كه‌چی ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه كه‌س نه‌دیوه‌ی ئێمه له ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ما دیموكراتیه‌كان و به چاوی دیكتاتۆری فرمێسك بۆ دیموكراتی ده‌ڕێژێ، خه‌ڵكینه وه‌رن په‌رجووی سیاسی ببینن!
ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێ: به‌شداری حكومه‌ت ناكه‌ین، له په‌رله‌مان پرۆژه‌كانی ئێمه به یاسا نه‌كرێن و خواسته سیاسیه‌كانی ئێمه‌ش له باوه‌ش نه‌گرن نابێ تێپه‌ڕێنرێن، حكومه‌تیش ده‌بێ پاكێج و كارنامه‌ی ئێمه جێبه‌جێ بكات، ئه‌وه‌ش زاڵكردنی كه‌مینه‌یه به‌سه‌ر زۆرینه‌داو سنووردار كردنی جووڵه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه له بازنه‌ی حه‌زو خولیای ده‌سته‌و گرووپێكی دیاریكراو و به دیكتاتۆر كردنی دیموكراتییه، كه ده‌ڵێم: به دیكتاتۆر كردنی دیموكراتییه، جاران كه‌مینه‌ی كوده‌تاچی له ڕێگای كوده‌تاوه ده‌سه‌ڵاتیان ده‌گرته ده‌ست و به زه‌بری هێز خۆیان به‌سه‌ر زۆرینه‌دا ده‌سه‌پاندو ده‌یانگووت ئێمه نوێنه‌ری شه‌رعی خه‌ڵكین و ده‌بێ گۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵ ئێمه بڵێ (به‌ڵێ) .
له‌وه‌ش په‌رجوو تر ئۆپۆزسیۆن له كوردستان به نه‌بیستی گوێ ده‌گرێ و به سه‌ره‌ڕۆیی حزبی ده‌دوێ و ده‌ڵێ: با كه‌مینه‌ش بین! ئه‌گه‌ر كۆی پرۆژه‌كانمان له په‌رله‌مان به یاسا نه‌كرێن و پاكێجه‌كانمان بێ گفتوگۆ و وه‌ك خۆی له حكومه‌ت جێبه‌جێ نه‌كرێن، (ارحل) ده‌كه‌ین و به هێزی كه‌مینه‌ی دیكتاتۆری قه‌ڵای زۆرینه‌ی دیموكراتی ڕاده‌ماڵین، ئه‌م جۆره كه‌مینه‌یه‌ش هه‌ڵگری ڤایرۆسی تاكڕه‌ویه و به فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه ژیانی سیاسی نامۆیه‌و به كه‌لتووری كوده‌تاچیه‌كانیش بیر له گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات ده‌كاته‌وه، جا ئه‌گه‌ر دیموكراتی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن له كوردستان پێناسه‌ی ده‌كات و نه‌خشه‌ی بۆ ده‌كێشێ ڕاست بێ و كه‌مینه ئه‌رك و ماف بۆ زۆرینه دیاری بكات، دیموكراتی هه‌زار جار به قوربانی دیكتاتۆری بێت، یان ئه‌گه‌ر ئه‌ركی كه‌مینه زه‌وتكردنی مافی زۆرینه بێت، زۆرینه كاتێك مافی خۆی وه‌رده‌گرێته‌وه كه وه‌ك له‌م نوكته‌یه‌دا هاتووه به كه‌مینه بڵێ: ئه‌تۆ فه‌رموو ئه‌من میاو.
مێژووی دوو سێ ساڵه‌ی ئۆپۆزسیۆن لێوانلێوه له ڕووداو و به‌سه‌رهاتی سه‌یرسه‌مه‌ره‌ی سیاسی و پڕیه‌تی له نوكته‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌م نوكته‌یه كه ده‌ڵێ: جارێكیان پیاوێك قاپێك گۆشتی له‌پێش ده‌بێ و پشیله‌یه‌ك له‌به‌رده‌می ده‌ست ده‌كات به میاوه‌میاو، هه‌ر جارێك پشیله‌كه ده‌میاوێنێ پیاوه‌كه كوته گۆشتێكی بۆ هه‌ڵده‌دات، پشیله‌كه خێرا ده‌یخواو دووباره ده‌میاوێنێ، پیاوه‌كه هه‌ر به‌وه‌ڕاده‌گات گۆشت بۆ پشیله‌كه هه‌ڵبدات، دوای بیركردنه‌وه ده‌ڵێ: كار ئاوا بڕوات كوته گۆشتێكم به‌رناكه‌ێ و واچاكه گۆشته‌كه له‌پێش ئه‌و دانێم و من بمیاوێنم، بۆیه به‌ناچاری گۆشته‌كه ده‌باته پێش پشیله‌كه‌و ده‌ڵێ: ئه‌تۆ فه‌رموو ئه‌من میاو.
ده‌سه‌ڵاتیش ئه‌وه‌نده‌ی میاوه‌میاوی پشیله‌كه و بگره زیاتریش به‌رنامه‌و خاڵ و پاكێجی ئۆپۆزسیۆنی له‌پێشه، بۆیه قازانجی له‌وه‌دایه به ئۆپۆزسیۆن بڵێ: فه‌رموو ئه‌وه كورسی ده‌سه‌ڵات و تۆ خاڵ و به‌رنامه‌و پاكێجی من جێبه‌جێ بكه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
