ژیانی هیچ سیاسه‌تمه‌دارێك ئه‌وه‌نده‌ی ژیانی نه‌وشیروان مسته‌فای گۆڕانخواز مانگرتن و مانشكاندن، تۆران و ئاشت بوونه‌وه، گریان و پێكه‌نین، خه‌ون و خه‌یاڵی سیاسی تێدا نییه، تۆران له رابردوو، مانگرتن له داهاتوو، پێكه‌نین به ئازاره نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و گریان بۆ شكسته مێژووییه‌كانی خۆی، خه‌ون به باڵاده‌ستی و هه‌ڵپه‌ڕكێ له‌گه‌ڵ خه‌یاڵدا ژیانی نه‌وشیروان مسته‌فای پڕ كردووه له كار و كاردانه‌وه، هه‌موو مانگرتنێكی مانشكاندنێكی بێ مه‌رجی به‌دوادا هاتووه، له هه‌موو تۆرانێكیشدا په‌شیمان بوونه‌وه‌یه‌ك فڕێی داوه‌ته باوه‌شی ئاشت بوونه‌وه‌یه‌كی تره‌وه، هه‌موو پێكه‌نینێكیشی گریانێكی به كووڵی به دوای خۆیدا هێناوه، هه‌موو خه‌ونێكی به ره‌وینه‌وه‌ی تارمایی خه‌یاڵی به‌رزه‌فڕی پووچه‌ڵ بۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه خودی خۆشی نازانێ مان له رابردووی خه‌ڵك ده‌گرێ یان له رابردووی خۆی، له داهاتووی خه‌ڵك ده‌تۆرێ یان له داهاتووی خۆی، له‌وه‌ش جێگای سه‌رنجتر ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر پێكه‌نین به ئازاره نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌رده‌وامه و كه‌ڵكیش له چنینه‌وه‌ی فرمێسكی شكسته مێژووییه‌كانی وه‌رناگرێ، له چاوه‌ڕوانی دیتنی خه‌ونی به‌راوه‌ژوو رۆژ ده‌كاته‌وه و ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌تی خه‌یاڵبازیش نابێ.
نه‌وشیروان مسته‌فا له رابردووی خۆیدا داهاتوو ده‌بینێ، هه‌ر بۆیه‌ش تۆفانی بێزاری هه‌ڵیگرتووه‌و هیچ په‌نایه‌كی سیاسی شك نابات خۆی پێوه بگرێته‌وه، ئه‌وه‌ش وایكردووه هه‌م له مێژووی خۆی یاخی ببێ و هه‌میش به‌گژ مێژووی خه‌ڵكی تریشدا بچێته‌وه، سیاسی سه‌ركه‌وتوو ئه‌و كه‌سه نییه كه هه‌ڵه نه‌كات، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سه‌یه هه‌ڵه‌كانی راست بكاته‌وه‌و نه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ریان، نه‌وشیروان مسته‌فای گۆڕانخواز پێچه‌وانه‌ی هه‌ر سیاسییه‌كی تر به‌وه ناوه‌ستێ كه هه‌ڵه ده‌كات، ده‌یه‌وێ هه‌ڵه‌كانی وه‌ك ده‌قی پیرۆز كار پێكراوبن و به هه‌ڵه زانینیان به تاوان ده‌زانێ، ده‌یان ساڵیشه به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و سه‌روه‌ریه مێژووییه‌كان به بێژینگی چه‌واشه‌كاری سیاسی و تۆمه‌تی هه‌ڵبه‌ستراوی میدیاییدا ده‌كات، رۆژێك له رۆژانیش فریشته‌ی راستگۆیی له ده‌رگای ویژدانی نه‌داو دێوه‌زمه‌ی چه‌واشه‌كاری لێ نه‌تۆراند و له خه‌وی ئینكاربوون راینه‌چڵه‌كاندووه.
كاك نه‌وشیروان مسته‌فای گه‌وجێنه‌ری سه‌ده له‌و سیاسیانه‌یه به‌رده‌وام له‌سه‌ر هه‌ڵه ژیاوه‌و هه‌ڵه‌كانی ئه‌مڕۆی له سبه‌یدا دووباره كردوونه‌ته‌وه، سه‌یر له‌وه‌دایه گه‌ره‌كیه‌تی ده‌ستی چه‌وری خۆی به‌سه‌ری نزیكترین له هاوڕێ و هاوبیره‌كانی بسڕێته‌وه، ره‌خنه له خه‌ڵك ده‌گرێ وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی شایانی ره‌خنه نه‌بێ، خه‌ڵك به ناپاك ده‌زانێ وه‌ك ئه‌وه خۆی شووختی ناپاكی پێوه‌نه‌بێ، له‌وه‌ش كاره‌ساتبارتر ئه‌وه‌یه ئێستاش هه‌ڵه‌كانی خۆی به راستییه‌كانی خه‌ڵك ناگۆڕێته‌وه، بۆو مه‌به‌سته‌ش ئه‌گه‌ر گه‌شتێك به‌ناو مێژووی سیاسی نه‌وشیروان مسته‌فادا بكه‌ین تووشی زۆر رووداوی نه‌خوازراو و نه‌بینراو نه‌بسیتراو ده‌بین.
نه‌وشیروان مسته‌فا و رزگاری. .
كه ده‌ڵێم: نه‌وشیروان مسته‌فاو رزگاری، مه‌به‌ستم پێگه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا نییه له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستاندا، مه‌به‌ستم ئه‌و مۆدێله میدیاییه‌یه كه نه‌وشیروان مسته‌فا له كۆتایی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا دایهێنا.
دوای ئه‌وه‌ی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی كورد‌و یه‌كخستنی هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان میدیای به‌رگری كرده لایه‌نێكی كارای ناو بزووتنه‌وه‌ی رزگارخوازی كوردستان، رژێمی به‌عس بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و میدیایه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ریه‌كانی پێویستی به میدیایه‌كی چه‌واشه‌كاری گوێ له مست بوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش زه‌مینه‌ی بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا ره‌خساندو پێویستییه‌كانی ده‌رچوواندنی گۆڤاری رزگاری وه‌پێشكرد، ئیتر له‌و كاته‌وه میدیای جوێن فرۆش و چه‌واشه‌كار و هه‌ڵگه‌ڕاوه له خواست و ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، كرایه ئامرازی به‌گژدا چوونه‌وه‌ی میدیای به‌رگری و دوور له هه‌موو به‌رپرسیارییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و میدیایی و ئه‌خلاقی كه‌وته گه‌وجاندنی هزری تاكی كورد‌و شێواندنی چالاكییه سیاسی و شۆڕگێڕیه‌كان.
ئه‌و میدیا له خه‌ت ده‌رچووه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا دوو كوچكه‌ی بۆ دانا‌و هێڵه گشتییه‌كانی كاركردنی بۆ كێشان، ئێستا له كوردستان بۆته رێچكه‌یه‌كی میدیایی و هه‌مان سیاسه‌تی گۆڤاری رزگاری كۆتایی شه‌سته‌كان ئاراسته ده‌كات، هه‌ر كه‌سێكیش به دیقه‌تی میدیاییه‌وه له كه‌ناڵی (KNN) و ده‌زگاكانی تری راگه‌یاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ورد بێته‌وه، تێده‌گات كه تا ئێستاش ئه‌قڵی میدیایی نه‌وشیروان مسته‌فا به نه‌گۆڕی ماوه‌ته‌وه‌و سیاسه‌تی گۆڤاری رزگاری وه‌ك ده‌قی پیرۆز ده‌بینێ و لێی لانادا، به روونیش هه‌ست به‌وه ده‌كات كه میدیای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له منداڵدانی گۆڤاری رزگاری و به ژانی رق و تۆڵه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا هاتۆته‌ده‌ر.
نه‌وشیروان مسته‌فا چ له رێگای هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كانی و چ به‌و هاشوهووشه میدیاییه‌ی ده‌یان ساڵه خه‌ڵكی پێ ده‌گه‌وجێنێ، به‌رده‌وام كاری له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان كردووه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌ری به هه‌موو كوونێكدا كردووه، دوای ئه‌وه‌ی به‌ری ره‌نجی خه‌بات و قوربانیدانی ده‌یان ساڵه‌مان ده‌ركه‌وت و كۆتایی به كاره‌ساته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و كاولكارییه نیشتیمانییه‌كان هێنا، دوای ئه‌وه‌ی پرسی كورد سه‌ره‌تایه‌كی نوێی به‌ڕوودا كرایه‌وه‌و له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی قۆناغی باش و به‌رچاوی بڕین، ئه‌وه‌تا ده‌بینین جارێكیترو به ئاراسته‌یه‌كی تردا ده‌یه‌وێ ئه‌زموونی سیاسی و پرۆسه‌ی دیموكراسی له كوردستان، ئاڵووده‌ی ئه‌و مادده هۆشبه‌ره سیاسییه بكاته‌وه كه پێشتر به‌شێك له بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كوردی پێ ئاڵووده كردبوو.
نه‌وشیروان مسته‌فا له گۆڤاری (رزگاری) یه‌وه تا ده‌گاته كه‌ناڵی (kNN) و میدیا شاراوه‌كانی، له وتار‌و نامیلكه‌كانیه‌وه تا ده‌گاته گێڕانه‌وه‌ی بیروه‌ری و كتێبه‌كانی، خه‌باتی شۆڕشگێڕی و مێژووی رزگاریخوازی كورد ده‌داته به‌ر نه‌شته‌ری تۆمه‌ت و بوختانی هه‌ڵبه‌ستراو، به‌وه‌ش ده‌یه‌وێ له‌سه‌ر شێواندن و ناشیرین كردنی مێژووی خه‌ڵكی تر مێژووی شێواوی خۆی جوان بكات، ئه‌وه‌ی له وتار و نامیلكه و گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریه‌كانیدا ده‌بینرێ كار كردنه له‌سه‌ر خراپ كردنی مێژووی شۆڕشی ئه‌یلول، له‌كاتێكدا ئه‌و شۆڕشه ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی رێكخستن، هه‌ڵوێستی به‌رگری له ناوچه‌گه‌ری و عه‌شیره‌ت پارێزیه‌وه گۆڕی بۆ به‌رگری نیشتیمانی، دادپه‌روه‌ری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كرده بنه‌مای پێكه‌وه ژیانی ده‌نگ و ره‌نگه جیاوازه‌كان، كوردایه‌تی كرده رووگه‌ی سیاسی چه‌پ و راست و ماركسی و ئیسلامییه‌كانی كوردستانی له‌ژێر چه‌تری نه‌ته‌وه‌ییدا كۆكردنه‌وه، خه‌باتی رزگاری نیشتیمانی كرده خواستی موسڵمان و مه‌سیحی و یه‌زیدی و كاكه‌یی، نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌و مێژووه ده‌داته به‌ر تانه‌و ته‌شه‌ر كه كورد به هه‌موو جیاوازییه سیاسی و دینییه‌كانیه‌وه له نووسینه‌وه‌ی به‌شدار بوون، جا بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر بگاته راستییه‌كان و بتوانێ به ئاسانی چاك له خراپ، پاك و پیس له یه‌كتری جیا بكاته‌وه، پێویسته نه‌وشیروان مسته‌فاش مێژووی خۆیمان پێبناسێنێ و پێمان بڵێ: له سه‌روبه‌ندی نووسینه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌دا ئه‌و له كوێ بووه‌و له كوێی مێژوو به دوایدا بگه‌ڕێین؟!
كاك نه‌وشیروان خۆت بدۆزه
به‌شی دووم سووره مه‌رگه‌یی
نه‌وشیروان مسته‌فاو رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئازار. .
دوای ئه‌وه‌ی رژێمی به‌عس به سیاسه‌تی سه‌ره‌ڕۆیی و كه‌لله ره‌قی هیچی پێنه‌كراو له ئاست داواكاری كورد‌و خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی شۆڕش به‌چۆكدا هات، بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و قۆناغه هه‌ستیاره‌و ئاماده‌سازی بۆ قۆناغی دوای رێككه‌وتنه‌كه، به‌خشین و لێبوورده‌یی بوو به ئه‌ركی هه‌نووكه‌یی وڵاتپارێزان و خه‌مخۆرانی دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌وه‌بوو به حیكمه‌ت و په‌رۆشی بارزانی نه‌مر ناوماڵی كورد رێكخرایه‌وه‌و ئاشته‌وایی نیشتیمانی درووستكرا، نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك ئێستای له كاری پێكه‌ویی و هاوهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی یاخی بوو، به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستاو په‌نای بۆ تێكدان و كاری توندوتیژی و په‌لاماری تیرۆریستی برد، بۆ تۆڵه كردنه‌وه له یه‌كخستنی ناوماڵی كورد‌و هاوهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی له هێرشێكی نارنجۆك وه‌شێنیدا په‌لاماری ئاهه‌نگی نه‌وه‌كانی حه‌پسه‌خانی نه‌قیب و له‌یلا قاسمی دا‌و ئاهه‌نگ و هه‌ڵپه‌ڕینی ناو قوتابخانه‌ی به شیوه‌ن و پرسه گۆڕی، دوای ئه‌و كاره دژ به به‌ها نه‌ته‌وه‌یی و ره‌وشته شۆڕشگێڕیه‌كانی كورد له‌وه گه‌یشت كه له كوردستان جێی نابێته‌وه، ئه‌وه بوو له باڵیۆزخانه‌ی ئێراقی له وڵاتی نه‌مسا شوێنی كاركردنی بۆ دیاریكراو له رێگای ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی رژێمی به‌عسه‌وه به‌ره‌و شوێنی كاركردنی تازه‌ی گوازرایه‌وه.
نه‌وشیروان مسته‌فاو كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان. .
له به‌ختی سیاسی نه‌وشیروان مسته‌فا، بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد‌و په‌یامی نه‌ته‌وه‌یی شۆڕشی ئه‌یلول له ساڵی 1975 كه‌وتنه ناو گێژاوی پێلانێكی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌وه‌ش ده‌رگای گه‌ڕانه‌وه‌ی كوردستانی به رووی نه‌وشیروان مسته‌فادا واڵا كرد، به‌ڵام به نه‌گۆڕاوی گه‌ڕایه‌وه‌و ئه‌وه‌ی به گۆڤاری رزگاری پێینه‌كرا ویستی به گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریه‌كانی بیكات، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش جووڵانه‌وه‌ی كوردایه‌تی و خوێن و خه‌باتی رۆڵه‌كانی كوردی دایه به‌ر تانه‌و ته‌شه‌ری رقی سیاسی، ئه‌وه‌ش وایلێكرد په‌نا بۆ ئه‌و بیرۆكه سیاسی و فكریانه‌ش به‌رێ كه بڕوای پێیان نه‌بوو، ئه‌وه‌تا له كتێبی (له كه‌ناری دانووبه‌وه بۆ خڕی ناوزه‌نگ) له لاپه‌ڕه (172) دا ده‌ڵێ: (من باوه‌ڕم به كۆمۆنیزم نه‌بوو) دواتر له هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا ده‌ڵێ: (قسه‌كانی من هیچ سوودی نه‌بوو، بۆ راستكردنه‌وه‌ی نابه‌رامبه‌ری له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه من یه‌كێ بم له نوێنه‌ره‌كانی كۆمه‌ڵه له سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیدا، مام جه‌لالیش هه‌مان ره‌ئی هه‌بوو، لای وابوو كه پێویسته من له‌ناو كۆمه‌ڵه‌دا بمێنمه‌وه، به‌باری باشه‌دا كاریان تێبكه‌م، زۆر به نابه‌دڵی وتم باشه) ئه‌و گووتنه‌ی سه‌ره‌وه بیروبۆچوونی نه‌وشیروان مسته‌فا بووه له ساڵی (1977) و له یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان باسی لێوه كردووه.
دیاره كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران رێكخراوێكی كۆمۆنیستی بووه‌و كاك نه‌وشیروانیش بڕوای به كۆمۆنیزم نه‌بووه‌و سكرتێری ئه‌و رێكخراوه كۆمۆنیستییه‌ش بووه كه كۆمه‌ڵه‌یه، ئه‌وه‌یه دوو روویی له سیاسه‌تدا و فێڵ كردن له بززتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێرده‌سته‌و نیشتیمان له‌تله‌تكراو.
ئه‌وه‌ی له گووتنه‌كانیدا ده‌رده‌كه‌وێ نه‌وشیروان مسته‌فا باوه‌ڕی به كۆمه‌ڵه نه‌بووه‌و له‌به‌ر خاتری مام جه‌لال پۆستی سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی وه‌رگرتووه، ئه‌وه‌یه سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی سیاسی! نه‌وشیروان مسته‌فا باوه‌ڕی به كۆمه‌ڵه نه‌بووه، له كۆمۆنیزمیش په‌شیمان بۆته‌وه، كه‌چی بڕوا بوون و نه‌بوونی به كۆمۆنیزم كردۆته مه‌ته‌ڵی سیاسی و هه‌زاران گه‌نج و لاوی ئه‌م وڵاته‌ی پێ به كوشتدا، ئه‌وانه‌ی كوشتووه كه وه‌ك خۆی بڕوایان به كۆمۆنیزم نه‌بووه، له‌ولاشه‌وه هه‌زاران كه‌سیشی به تێزی كۆمه‌ڵه په‌روه‌رده كردووه‌و بۆ سه‌ركه‌وتنی كۆمۆنیزم به كوشتی داون، هه‌ركه‌سێكیش رێگر بووبێ له‌به‌رده‌م به‌دیهێنانی ئامانجه كۆمۆنیزمییه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه به تاوانبار‌و خیانه‌تكاری زانیوه‌و كوشتوویه‌تی، جا ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ نه‌بوون به كۆمۆنیزم تاوان و خیانه‌ت بووبێ، ئه‌وا خۆی پێشه‌نگی تاوانبار‌و خیانه‌تكاره‌كان بووه، ئه‌و پرسیاره‌ی كه پێویسته له كه‌سوكاری بكوژ و كوژراو بكرێ ئه‌وه‌یه: ئایا رۆڵه‌كانتان له پێناو چیدا له دۆزه‌خی نه‌وشیروان مسته‌فادا سووتێنران؟ ئیستاش وه‌ك فریشته‌ی ئاشتی خۆی ده‌رده‌خاو ئه‌وان به شه‌ڕانگێز و خۆی به تێوه‌گلاو ناو ده‌با.
كاك نه‌وشیروان خۆت بدۆزه
به‌شی سێیه‌م و كۆتایی سووره مه‌رگه‌یی
نه‌وشیروان مسته‌فاو شه‌ڕی براكوژی. .
له شه‌ڕی براكوژیدا نه‌شیروان مسته‌فا هه‌م خوا پێداو و هه‌م براوه‌ی یه‌كه‌میش بووه، له شه‌ڕدا دۆڕاو ئه‌و لایه‌نه‌یه كه لێی ده‌كوژرێ، كه‌واته براوه‌ی یه‌كه‌م نه‌وشیروان مسته‌فا بووه، چونكه له هه‌ر به‌ریه‌ك كوژرابێ بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك یه‌ك بووه، بۆیه به هه‌موو پێوه‌ره‌كان ده‌توانین بڵێین: كه‌وانی سیاسی نه‌وشیروان مسته‌فا تیری دوو سه‌ره‌ی هاویشتووه، بۆ هه‌ر لایه‌كی ئاراسته كردبێ تیری به خه‌سار نه‌چووه، یا ئه‌وه‌تا كۆمه‌ڵه‌كانی ئه‌نگاوتووه، یان به‌ر دژه كۆمه‌ڵه‌كان كه‌وتووه.
شاخ و شۆڕشی چه‌كداری زه‌مینه‌ی بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا ره‌خساند له بواری میدیایی و سیاسی و چه‌كداریدا خۆی له‌و ره‌قه خاڵی بكاته‌وه كه هه‌موو تاڵی و سوێرییه‌كی رۆژگاری له پێناودا چه‌شتبوو، تا له قڕناقاو و پشتئاشان خۆزگه له مێژینه‌كه‌ی هاته‌دی و به پێی پیلانێكی سه‌ربازی ئاماده‌كراوی پێشوه‌خته، له پشتئاشان پشتی له كوردایه‌تی گرت و له قڕناقاو هه‌ڵمه‌تی قڕكردنی پێشمه‌رگه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستانی ده‌ست پێكرد، ئه‌وه‌نده تامه‌زرۆی كوشتن و خوێن رشتن بوو بناری قه‌ندیلی كرده ژینگه‌ی مه‌رگ و ژیانی لێ یاخی كرد، به درووشمی (قوربانتان بم په‌رێزتان پاك بێ دیلم ناوێ) هه‌ڵوێستی كوردایه‌تی راو ده‌كردو كارنامه‌ی به‌گژدا چوونه‌وه‌ی به‌عسی په‌كده‌خست، كه‌چی له بادانه‌وه‌یه‌كی گۆڕانخوازیدا وه‌ك ئه‌وه‌ی نه بای دیبێ نه باران به شه‌رمه‌وه ده‌ڵێ: (هه‌موو جار شه‌ڕكه له خواره‌وه درووست بووه‌و ئێمه‌ی تێوه گلاوین) لێره‌دا ده‌پرسین: جا بۆ ناڵێی له بناری قه‌ندیلیش له دیل كوشتنه‌وه گلام و له خواره‌وه پێیان ده‌گووتم: قوربانت بین په‌رێزمان پاكه‌و دیلت بۆ ناهێنین! له وه‌ڵامی پاكانه‌ی بۆ شه‌ڕی براكوژی و به ناهه‌ق تێوه گلانی ته‌نها ئه‌وه‌نده به نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێین: واوه‌یلا بۆو كه‌سه‌ی فیرعه‌ون پێی ده‌ڵێ: كافر.
نه‌وشیروان مسته‌فا له پرۆسه‌ی گۆڕان و هه‌ڵمه‌تی گۆڕانخوازی. .
نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ چنینه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی و قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی شكسته‌كانی به دره‌نگ وه‌ختی ده‌ستی دایه پرۆسه‌ی گۆڕان و هه‌ڵمه‌تی گۆڕانخوازی، ئه‌وه‌ی پێویسته ئاماژه‌ی بۆ بكرێ هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پرۆسه‌ی گۆڕانی له دووتوێی رقدا كورت هه‌ڵێناو هه‌ڵمه‌تی گۆڕانخوازیشی به غه‌ریزه‌ی تۆڵه كردنه‌وه سپارد، هه‌ر بۆیه‌ش بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به هه‌ڵچوونێكی سیاسی ناجێگیر ده‌ركه‌ت و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كه‌وته پاشه‌كشه‌و به‌ره‌و پووكانه‌وه شۆڕ بۆوه، كه ده‌ڵێم: پرۆسه‌ی گۆڕانی له دووتوێی رقدا كورت هه‌ڵێنا، پێناسه‌ی گه‌نده‌ڵی و ریفۆرمی به حزبی كرد‌و هه‌ر كه‌سێك وه‌ك ئه‌و بیر نه‌كاته‌وه‌و ملكه‌چی فه‌رمانه‌كانی نه‌بێ له به‌ره‌ی گه‌نده‌ڵكاران شوێنی بۆ داده‌نێ، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیشی هاوڕابێ و ئه‌ركی سه‌ر له‌قاندن و مه‌رایی كردن بێ، گۆڕانخوازی عه‌یار بیست و چواره و له به‌ره‌ی گۆڕانخوازانیش وه‌ك خۆی مه‌به‌ستیه‌تی هه‌ڵیده‌سووڕێنێ، به‌وه‌ش ژینگه‌ی سیاسی كوردستانی به‌سه‌ر ره‌ش و سپی‌دا ده‌به‌شكرد، ده‌رگای ئاڵوگۆڕیشی له نێوان ئه‌و دوو ره‌نگه‌دا به كراوه‌یی هێشته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ركه‌سێك گوتی: منیش گۆڕام، سه‌رچه‌فێكی سپی به‌سه‌ر هه‌ڵكێشێ و، هه‌ر كه‌سێكیش له روویدا گووتی: (نا) به سه‌رپۆشی ره‌شه‌وه بیكاته ده‌ره‌وه، كه ده‌شڵێم: هه‌ڵمه‌تی گۆڕانخوازیشی به غه‌ریزه‌ی تۆڵه كردنه‌وه سپاردووه، به سیاسه‌تی یا دۆست یا دوژمن په‌یوه‌ندییه سیاسیه‌كانی له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه‌كان رێكده‌خات، هه‌ر حزب و لایه‌نێك نه‌یاره‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فاو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به دوژمن نه‌زانێ، ئه‌وا به‌ختی سیاسی ده‌سووتێنێ و هه‌زارو یه‌ك تۆمه‌تی خراپ و ناو و ناتۆره‌ی وه‌ك گه‌نده‌ڵی و پاشكۆیه‌تی و تاكڕه‌و و پاوانخوازی ده‌داته‌پاڵ.
كاك نه‌وشیروان. . مانگرتن و مانشكاندن، تۆران و ئاشت بوونه‌وه، داهێنان و بره‌ودان به میدیای ده‌مشڕو جوێن فرۆش، هه‌ڵكوتانه سه‌ر خۆشییه‌كانی خه‌ڵك و گۆڕینی ئاهه‌نگ به شیوه‌ن، بایكۆت و چه‌واشه‌كاری سیاسی و سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان، خوولانه‌وه له بازنه‌ی رقی شكسته‌كان و وێڵ بوون به‌دوای حه‌ز و خولیای تۆڵه‌دا، دیل كوژی و تامه‌زرۆیی شه‌ڕ و ئاشووب و وێرانكاری، به‌شێكن له مێژووی تۆ، جا ئه‌گه‌ر پێتوایه به راكردن له‌و مێژووه هه‌ڵه‌كانت راست ده‌كه‌یته‌وه‌و به تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن بۆ مێژووی خه‌ڵكی تر داهاتووی خۆت جوان ده‌كه‌ی، دووباره كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌یه كه تای ته‌رازووی هه‌ڵه مێژووییه‌كانتی به‌و شێوه‌یه لاسه‌نگ كردووه، بۆیه به‌رله‌وه‌ی خه‌ڵك بدۆزی واچاكه مێژووی خۆت له ئاگردان بوه‌شێنی، چونكه ئه‌و قل قل و تاكوته‌را مۆریانه‌ی به خه‌ڵكه‌وه ده‌یانبینی هی ئه‌وه‌یه به لێفه‌ی تۆ خه‌وتوون.
كاك نه‌وشیروان. . له‌وه ده‌گه‌م كه له هه‌وڵی راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانتدای، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانتی مایه‌پووچ كردووه ئه‌وه‌یه به شوێن سه‌رچاوه‌ی روودانی هه‌ڵه‌كانتدا ناگه‌ڕێی، ده‌زانم داوای پێشخستنی پرۆسه‌ی سیاسی و جوان كردنی سیمای دیموكرایسی ده‌كه‌ی، ئه‌و داواكاریه‌ت و هه‌ر داواكارییه‌كی تر كه خواستی من و راست كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی تۆی تێدابێت گه‌ڕانه‌وه‌ی تۆ و پابه‌ندبوونی زیاتری منه به رێبازی بارزانی نه‌مر.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
