ده‌گێڕنه‌وه سێ كوێر تووشیان ده‌بێ به تووشی فیلێكه‌وه، یه‌كه‌میان لووتی ده‌گرێ، دووه‌میان لاقی ده‌گرێ، سێیه‌میشیان كلكی ده‌گرێ، لێیان ده‌پرسن: ئه‌رێ فیل چۆنه؟ ئه‌وه‌ی لووتی گرتووه ده‌ڵێ: فیل وه‌ك زووڕنایه، ئه‌وه‌ی لاقی گرتووه ده‌ڵێ: فیل وه‌ك كۆڵه‌كه‌یه، ئه‌وه‌ی كلكیشی گرتووه ده‌ڵێ: هیچتان راست ناكه‌ن، فیل شێكی باریكه و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بستێك درێژه، ئه‌گه‌ر له رووی سیاسییه‌وه شرۆڤه‌یه‌ك بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كوتله‌كانی ناوی بكه‌ین، رووداوێكه زیاتر له رووداوی فیل و كوێره‌كان ده‌چێ.
له كه‌س شاراوه نییه كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له سێ كوتله‌ی سه‌ره‌كی پێكدێ، یه‌كه‌میان ئه‌وانه‌ن كه پاشخانێكی ئیسلامی سیاسی‌یان هه‌یه، دووه‌میان ئه‌وانه‌ن كه سرووشتی سیاسی‌یان وه‌ك گوڵه‌به‌رۆژه‌یه و نه‌وشیروان مسته‌فا له كوێبێ روو له‌وێده‌كه‌ن، سێیه‌میشیان ئه‌و گه‌نجه كه‌م ئه‌زموونانه‌ن كه نه‌وشیروان مسته‌فا به مه‌ته‌ڵی (ده‌یگۆڕین) گه‌وجاندوونی، هیچ كامێك له‌وانه‌ش له كوێره‌كان باشتر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ناناسن، چونكه تا ئێستاش نه‌وشیروان مسته‌فا به گه‌مه‌ی فكری و چه‌واشه‌كاری سیاسی و شێواندنی مێژوو كوتله‌كانی ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌دوێنێ، ئه‌وانه‌ی پاشخانی ئیسلامی سیاسی‌یان هه‌یه پێیانوایه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بزووتنه‌وه‌یه‌كی نیمچه ئیسلامییه‌و له دواڕۆژدا ئیسلامییه‌كی تۆخی لێده‌رده‌چێ، ئێستا له‌به‌ر دۆسته ئیسلامییه‌كانی و دڵدانه‌وه‌ی عه‌لمانیه‌كانی ناوی ئیسلامی بوونی خۆی راناگه‌یه‌نێ، ئه‌وانه‌ی كه گوڵه‌به‌ڕۆژه ئاسان و وه‌ك پیشه‌ی خۆیان كاریان سه‌ر بادانه‌و هه‌موو شتێكیان بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا جێهێشتووه، پێیانوایه له دواڕۆژدا ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه بۆ ئه‌وان به‌جێده‌مێنێ، ئه‌وانه‌ش كه گه‌وجێنراون پێیانوایه دوای (گۆڕین) ئیسلامییه‌كان ده‌نێرنه‌وه كونجی مزگه‌وته‌كان و گوڵه‌به‌رۆژه‌كانیش سه‌ریان گران ده‌بێ و توانای مل بادانیان نامێنێ، به‌ڵام ئه‌وانه به هه‌ڵه چوون، چونكه نه‌وشیروان مسته‌فا له ژیانی سیاسی‌دا نه خاوه‌نی ستراتیج بووه‌و نه هه‌ڵگری فكره‌و ئایدیایه‌كی دیاریكراویش بووه، ئه‌وه‌ی به‌لایه‌وه گرنگه‌و گرنگ بووه دژایه‌تی كردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نه‌مر بووه، بۆیه به‌رده‌وام خۆی گۆڕیوه‌و خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و رووداوانه گونجاندووه كه دژی په‌یام و سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌بینی بارزانی نه‌مر وه‌ستاونه‌ته‌وه.
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ نه‌وشیروان مسته‌فا ستراتیجی گه‌وجاندن و تاكتیكی گونجاندنی كردوونه‌ته هێڵی گشتی سیاسی و فكری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و به ئاراسته‌ی مه‌رامه شاراوه‌كه‌یدا ده‌یجووڵێنێ، كرۆكی پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: ئایا ئه‌و ستراتیجی گه‌وجاندن و تاكتیكی گونجاندنه كه نه‌وشیروان مسته‌فا خۆزگه سیاسییه‌كانی له‌سه‌ر هه‌ڵچنیون تا كوێ بڕده‌كه‌ن و دواڕۆژی خۆی و بزووتنه‌وه‌كه‌ی به‌ره‌و كوێ ده‌به‌ن؟
گوومان له‌وه‌دانییه كه به‌ستنی كۆنگره وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه كه زه‌مه‌نێكه كوتله‌كانی ناو بزووتنه‌وه‌كه‌ی له چاوه‌ڕانیدا هێشتوونه‌ته‌وه، چونكه له كۆنگره‌دا سه‌رقاپی نه‌هێنییه‌كان لاده‌درێ و كوتله‌كان له یه‌كتری ئاشكرا ده‌بن و هه‌ریه‌كه‌یان ده‌بێته دزی گای خۆی، ئه‌و باڵه ئیسلامیه‌ی به ره‌زامه‌ندی نه‌وشیروان مسته‌فا دزه‌ی پێكراوه‌ته ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌وه ده‌گه‌ن كه نه‌وشیروان مسته‌فا كڵاوی له‌سه‌رناون، گوڵه‌به‌ڕۆژه‌كانیش وه‌ك ئێستا له چاوه‌ڕانی به‌خشنده‌یی نه‌وشیروان مسته‌فادا قڕوقه‌پ ده‌كه‌ن، گه‌وجێنراوه‌كانیش به‌ئاگا دێنه‌وه‌و هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن كه نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ مه‌رامی تایبه‌تی و به مه‌به‌ستی خاڵی بوونه‌وه له كۆنه‌قین گه‌وجاندوونی، ئه‌وكاته‌ش كه‌رتبوون له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا رووده‌داو ئه‌وانه‌ی به‌ده‌وری نه‌وشیروانه‌وه ده‌مێننه‌وه گوڵه‌به‌ڕۆژه‌كانن.
نه‌وشیروان مسته‌فاش له هه‌موو كه‌س باشتر ئه‌و راستییه ده‌زانێ كه كۆنگره ریسه‌كه‌ی لێ ده‌كاته‌وه به خووری، چونكه وه‌ڵامی ئه‌و هه‌موو پرسیارانه‌ی پێنادرێته‌وه كه له لایه‌ن كوتله جیاوازه‌كانه‌وه بۆ كۆنگره هه‌ڵگیراون، بۆیه هه‌وڵده‌دات كۆنگره دوابخاو ئه‌گه‌ر بۆی بكرێ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كاته حزبی بێ كۆنگره‌و ناوه ناوه ده‌وروبه‌ری خۆی ده‌گۆڕێ، كه‌واته به هه‌موو پێوه‌ره سیاسی و فكریه‌كان یه‌كه‌م كۆنگره‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان گۆنگره‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و گردبوونه‌وه گووماناویه ده‌بێ كه نه‌وشیروان مسته‌فا خواست و ئامانجه پیلانگێڕیه‌كانی پێسپاردوون.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
