ئه‌وه‌ی له سوریا ده‌گوزه‌رێ له مێژوودا شتێكی ناوازه‌یه‌و یه‌كه‌مین جاریشه تیرۆریست و دیكتاتۆر بكه‌ونه كێشمه‌كێش و به‌و شێوه‌یه سه‌نگه‌ر له یه‌كتری بگرن و غه‌زه‌بی خۆیان به‌سه‌ر یه‌كتریدا بڕێژن، بۆیه ناكرێ ئه‌وه به شۆڕش و راپه‌ڕینی ناوبه‌رین، چونكه ئه‌وه‌ی له سوریا رووده‌دات به‌ر له‌وه‌ی به‌ریه‌ككه‌وتنی جیاوازییه‌كانی نێوان دیموكراتی و دیكتاتۆری بێ، به‌ریه‌ككه‌وتن و شه‌ڕو هه‌را و كێشمه‌كێشی نێوان دوو فه‌رهه‌نگی وێكچووی داخراوی سیاسییه، راسته سه‌ره‌تا شۆڕش و راپه‌ڕین بوو دژ به زوڵم و سته‌می تاكلایه‌نه‌وه‌ی حزبی به‌عس و ده‌سه‌ڵاتی ره‌های باب و كوڕ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ی رقی خه‌ڵك و شكاندنی سام و هه‌یبه‌تی حزبی به‌عس، ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان قۆزته‌وه‌و خۆیان خزانده ناو خه‌ڵكی راپه‌ڕیو، به تێكه‌ڵ بوونیان ئه‌و ده‌سته‌و گرووپه توندڕه‌وانه ئاراسته‌ی شۆڕش و راپه‌ڕبنی گه‌لانی سوریایان به ئاراسته‌ی تیرۆردا برد، ئه‌وه‌ش وه‌رچه‌رخانێكی نێوده‌وڵه‌تی له به‌رژه‌وه‌ندی رژێمی سوریا‌و دژ به ماف و ئازادیه‌كانی خه‌ڵكی راپه‌ڕیو درووستكرد، رووداوه‌كانی سوریاش ئه‌و راستییه ده‌سه‌لمێنن كه دڕنده‌یی و خوێنڕێژی سوپای به‌ناو ئازاد هیچی كه‌متر نییه له دڕنده‌یی و خوێنڕێژی سوپاكه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د كه ده‌یان ساڵه له‌سه‌ر كوشتن و خوێنڕێژی راده‌هێنرێ، توندوتیژی و كاولكاری بوونه كار‌و كاردانه‌وه‌ی دوو سوپا مه‌رگهێن و به‌گژ یه‌كداچووه‌كه‌ی ناو سوریا، هه‌ردوولایان سه‌رگه‌رمی پێشێلكاری ماف و ئازادین و گره‌و له‌سه‌ر به كوشتارگه كردنی وڵات ده‌كه‌ن، له هه‌ڵوێست و كار و كرداری دژه به‌های مرۆڤایه‌تی ده‌ستی یه‌كتریان له ته‌خته به‌ستووه، ته‌نانه‌ت زۆر كاری تیرۆریستی تا ئێستا له‌ناو ئه‌و دوو سوپایه یه‌كلا نه‌بوونه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وام یه‌كتری به گه‌وره تاوانكار و ئه‌نجامده‌ری كاره تیرۆریستیه‌كانی ناو سووریا تاوانبار ده‌كه‌ن.
له‌گه‌ڵ راپه‌ڕینی خه‌ڵكی سوریا شاره‌زاو چاودێرانی سیاسی پێیان وابوو له ماوه‌یه‌كی كورتدا ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی راپه‌ڕیوی سوریا‌و، دژ به رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د دێنه ناو رووداوه‌كان و هاوكێشه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لانی سته‌مدیده‌ی سوریا ده‌گۆڕن، به‌ڵام ئیسلامی سیاسی توندڕه‌و رێڕه‌وی شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كه‌یان به ئاراسته‌ی توندوتیژی و كاری تیرۆریستی‌دا برد و خه‌ڵكی راپه‌ڕیویان بێ پشتیوان كرد، به‌و هۆیه‌وه ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا پاشه‌كشه‌یان له‌و هه‌ڵوێسته كرد‌و هه‌ڵوێستی خۆیان له پشتیوانیه‌وه بۆ سه‌یركه‌ر گۆڕی و خه‌ون و ئاواتی گه‌لانی سوریایان له گۆڕنا، ئه‌و هه‌ڵوێست گۆڕینه‌ش خه‌ڵكی راپه‌ڕیوی سوریای له‌ناو پشتوانی رووسیا بۆ رژێم و هاتنه ناو جه‌نگی ئێران و (حزب الله) ی لوبنانی له به‌رژه‌وه‌ندی به‌شار ئه‌سه‌د به‌ته‌نیا به‌جێهێشت، ئه‌وه‌ش جگه له‌وه‌ی گه‌لانی سوریای خسته ناو گێژاوی دابڕان له سیاسه‌ت و پشتیوانییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، ده‌رفه‌تیشی بۆ ئه‌و دوو سوپا هاوئامانجه ره‌خساند وڵات بكه‌نه كوشتارگای خه‌ڵكی سڤیل و بێ‌تاوان.
رۆژئاوای كوردستان وه‌ك به‌شێك له رووداوه‌كانی سوریا پێویسته ئه‌و راستییه بزانێ كه ئه‌وه‌ی له سوریا رووده‌دات شه‌ڕی نێوان تیرۆربست و دیكتاتۆره، تیرۆر و دیكتاتۆریش دوو هزرو بیری هاوبه‌شن، به هه‌موو پێوه‌ره‌كان ته‌واوكاری یه‌كترین و له هه‌ر شوێنێك دیكتاتۆر هه‌بێ ژینگه بۆ كاری تیرۆریستی ده‌ڕه‌خسێنێ، به پێچه‌وانه‌شه‌وه له هه‌ر شوێنێك تیرۆر هه‌بێ دیكتاتۆری به‌رهه‌م دێنێ، بۆیه نابێ كورد به‌دیهێنانی خۆزگه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی له سه‌ركه‌وتنی هیچ كام له‌و دوو به‌ره‌یه‌دا ببینێ، چونكه هه‌ردوو به‌ره‌كه چه‌ندی دژمنی یه‌كتری بن له خاڵی دژایه‌تی كردنی ماف و ئازادییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد ده‌چنه‌وه پاڵیه‌كتری، جا بۆ ئه‌وه‌ی كورد له ڕۆژئاوای كوردستان نه‌كه‌وێته ناو گه‌مه‌یه‌كی دۆڕاو پێویسته ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه به‌هه‌ند وه‌ربگرێ.
1ــ كورد نه‌كه‌وێته سه‌نگه‌ری هیچ به‌ره‌یه‌كیان، چونكه هه‌ردووكیان دژی بنه‌ماكانی دیموكراتین و ماف و ئازادیه زه‌وتكراوه‌كانی كوردیش له ژینگه‌ی دیموكراتیدا ده‌ڕسكێن، جگه له‌وه‌ش خواست و ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد له‌گه‌ڵ خواست و ئامانجی تیرۆریزم و دیكتاتۆریه‌ت یه‌كناگرێته‌وه، بۆیه كورد چ به‌ره تیرۆریه‌كه هه‌ڵبژێرێ یان به‌ره دیكتاتۆریه‌كه ده‌بێته پاشكۆی هێزێكی به رواڵه‌ت دۆست و له‌ناخدا دوژمن.
2ــ پێویسته حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی و بنبڕكردنی زوڵم و سته‌می و به‌كۆتاهێنانی سیاسه‌تی داگیركاری ده‌یان ساڵه به ئامانج بگرن، ئه‌وه‌ش لێیان ده‌خوازێ له به‌ره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییدا كۆببنه‌وه‌و خاوه‌ن گووتار‌و ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی بن، چونكه ئه‌وه‌ی تا ئێستاش هه‌ستی پێده‌كرێ دابه‌شبوونێكی سیاسی هه‌یه‌و گووتار‌و ئامانجه حزبییه‌كان به‌سه‌ر گووتار‌و ئامانجی نه‌ته‌وه‌ییدا زاڵن.
3ـ له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان پێویسته رێككه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر بكه‌نه خاڵی وه‌رچه‌رخانی كار‌و خه‌باتی هاوبه‌ش و، زیاتر گوێ له ئامۆژگاری و رێنماییه‌كانی سه‌رۆك بارزانی بگرن، چونكه گوێ گرتن له سه‌رۆك بارزانی گوێ گرتنه له ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، گوێ گرتنه له ئه‌زموونه مێژووییه‌كان، گوێ گرتنه له‌و هاواره نیشتیمانییه‌ی كه پێویسته كورد له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان گوێی لێبگرێ و، له پێناو گێڕانه‌وه‌ی مافه زه‌وتكراوه‌كان و به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانی دواڕۆژ و به سه‌ربه‌خۆیی ژیان به كۆرس بیلێینه‌وه،
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
