ئه‌گه‌ر له رووی مێژووییه‌وه درووستبوون و گه‌شه‌كردن و سستبوون و سه‌ره‌نجام شۆڕبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتن و درووستبوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌به‌ریه‌ك رانێین، هه‌ڵدانه‌وه‌ی هه‌مان فۆڕمه كه یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ستراتیجی سیاسی و كارنامه‌ی حزبی خۆی له‌سه‌ر بنیادنا، ئه‌گه‌ر ئاوڕێكی مێژوویی له دامه‌زراندنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و ئه‌و پاشخانه سیاسییه بده‌ینه‌وه كه دامه‌زرێنه‌رانی هێڵی گشتی كار كردنیان له‌سه‌ردانا، تێده‌گه‌ین كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دریژكراوه‌ی هه‌مان سیاسه‌ت و ستراتیجه و هێز له‌و پاشخانه سیاسییه‌ش وه‌رده‌گرێ كه رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌كه، ده‌یان ساڵ وه‌ك كه‌سی دووه‌می ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان لێبڕاوانه كاری بۆ كرد و له كۆتاییدا ره‌نج به خه‌سار و مایه پووچ هاته‌ده‌رێ، كه‌سانی خاوه‌ن ئه‌زموون و به ئاگا له‌وه ده‌گه‌ن كه رێكخه‌ری گشتی ئێستای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و سكرتێری ئه‌وسای كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان، ئه‌و پاشخانه سیاسی و فكرییه‌ی لێبۆته ده‌قی پیرۆز و بۆ گه‌وجاندنی گه‌نج و لاوی كورد له‌گه‌ڵ قۆناغه جیاوازه‌كان ناوه ناوه ته‌فسیره‌كه‌ی ده‌گۆڕێ، ئه‌وه‌تا ده‌بینین سه‌رانی ده‌ست رۆیشتووی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌مان گۆرانی ده‌ڵێنه‌وه كه نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان تێكسته‌كه‌ی بۆ داناوه‌و له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیشدا ئاوازه‌كه‌ی گۆڕیوه.
مێژوو پێمان ده‌ڵێ: كه یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بۆ دژایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و ركابه‌رایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نه‌مر درووست كرا، له به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنیشی ئه‌و راستییه مێژووییه به زه‌قی ره‌نگی داوه‌ته‌وه، له‌كه‌س شاراوه نییه كه نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك كه‌سی دووه‌می ناو یه‌كێتی نیشتیمانی خۆی فایلی دژایه‌تی كردنه‌كه‌ی به‌ڕێوه بردووه، ئێستاش وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌می ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان فایله‌كه له ژێر چاودێری توندی خۆیدا به‌ڕێوه ده‌برێت، جا بۆ ئه‌وه‌ی ته‌می گوومان بڕه‌وێنینه‌وه‌و راستییه مێژووییه‌كانیش پشت راست بكه‌ینه‌وه، پێویسته شرۆڤه‌یه‌كی سیاسی بۆ هه‌ڵوێسته دژه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فای ناو یه‌كێتی نیشتیمانی و ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی بكه‌ین.
نه‌وشیروان مسته‌فای ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان.
1ــ كه‌سانێك كه مێژوو فڕێیدابوونه ده‌ره‌وه‌ی خه‌باتی رزگاری نیشتیمانی، له درزی به‌رژه‌وه‌ندی تایه‌به‌تی و به سه‌ره‌ڕۆیی سیاسی و كه‌لتووری تاكڕه‌وی حزبی لێكدانه‌وه‌یان بۆ نه‌كسه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول ده‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت بریتیبێ له حه‌ز و خواستی لایه‌نێكی دیاریكراو، پیلانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی جه‌زائیریان له تۆمه‌تدانه پاڵ بارزانی نه‌مرو سووك كردنی سه‌روه‌ریه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلول و چه‌واشه‌كردنی راستییه‌كان و شێواندنی مێژوودا چڕ ده‌كرده‌وه، تۆڵه‌ی ئه‌و پیلانگێڕیه‌یان له پاكتاوكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و به‌گژداچوونه‌وه‌ی كاریزمایی بارزانی نه‌مردا كرده خاڵی ده‌ستپێكی په‌روه‌رده‌ی سیاسی و حزبی، ئه‌وه‌ش شه‌ڕی پارتی و ته‌نانه‌ت دۆسته‌كانیشی لای ئه‌وان كرده زه‌روره‌تێكی خه‌باتی رزگاری نیشتیمانی.
2ــ یه‌كێتی نیشتیمانی له سه‌ره‌تاوه هه‌وڵیدا جیاوازییه سیاسی و فكریه‌كان له بازنه‌ی دژیه‌تی كردنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا یه‌كبخات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین حزب و رێكخراوی وه‌ك: كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران و حزبی سۆشیالیست و یه‌كێتی شۆڕشگێڕان و خه‌تی گشتی له‌ناو خۆیدا كۆكرنه‌وه، شێواندنی مێژووی شۆڕشی ئه‌یلول و شه‌ڕ و دژایه‌تی كردنی پارتی لێكردبوونه كلیلی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی چاره‌سه‌ری پرسی كورد، به‌ره به‌ره له‌گه‌ڵ ئاشكرا بوونی ئه‌و سیاسه‌ته كه‌رتبوون له ناویدا روویده‌داو جیابوونه‌وه‌ی حزبی سۆشیالیست و دووركه‌وتنه‌وه‌ی ده‌یان نووسه‌ر و رۆشنبیری شۆڕشگێڕ و كوردپه‌روه‌ر باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستییه‌ن.
3ــ بڕیارێك لای به‌شێك له سه‌ركرده ده‌ست رۆیشتووه‌كانی ناو یه‌كێتی نیشتیمانی بۆ كوشتنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له شۆڕشی ئه‌یلولدا ده‌وریان هه‌بووه ببووه ره‌سه‌نایه‌تی یه‌كێتی بوون، ئاست و پله‌ی ئه‌و ره‌سه‌نایه‌تییه‌ش نه‌وشیروان مسته‌فا دیاری ده‌كرد، كوشتنی (سۆرانی عه‌بدول) و (عومه‌ر شه‌ریف) له سلێمانی به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستییه‌ن كه رێكخه‌ری گشتی ئێستای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بێ پرسی مام جه‌لال كرده تیرۆریستییه‌كانی رێكده‌خستن و، ئه‌و شۆڕشگێڕانه‌ی تیرۆر ده‌كردن كه رژێمی به‌عسیش به‌دوای تیرۆر كردنیاندا وێڵ بوو.
4ــ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستاندا بۆ په‌روه‌رده‌ی سیاسی و فكری قوتابخانه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بوو، له په‌ره‌وه‌رده كردن‌دا پارتی دیموكراتی كوردستانی وه‌ك دوژمنی سه‌ره‌كی كورد پێناسه ده‌كرد، ئێستاش ئه‌و په‌روه‌رده سه‌قه‌ت و نانیشتیمانییه كاریگه‌ری خۆی ماوه‌و له جیابوونه‌وه‌ی له یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستاندا كه‌ڵكی لێوه‌رگرتووه‌و له گرده‌كه مێژوویان پێ دووباره ده‌كاته‌وه.
5ــ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له هاوپه‌یمانی به‌ستندا له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه سیاسییه كوردستانی و ئێراقیه‌كاندا هه‌میشه چاوی له‌سه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ی دۆستی پارتی بوون ده‌یخستنه خانه‌ی دوژمن و ئه‌وانه‌ش كه نه‌یاری پارتی بوون به دۆست و هاوكاری خۆی ده‌زانین، بۆ نموونه: حزبی سۆشیالیست دوای جیابوونه‌وه‌ی له یه‌كێتی و ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی راسته‌وخۆ خستیانه خانه‌ی دوژمنان، ئه‌وه‌ش وای له نه‌وشیروان مسته‌فا كرد خۆی ئه‌ركی پاكتاكردنی ئه‌و حزبه بگرێته‌به‌ر، گیران و دواتر به‌خشینی نیشانه‌ی بوغز و رقی نه‌وشیروان مسته‌فا و په‌رۆشی و لێبوورده‌یی حزبی سۆشیالیستن.
نه‌وشیروان مسته‌فای ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان
سرووشتی سیاسی نه‌وشیروان مسته‌فا وایه ئه‌و تێزه فكریانه تاقی ده‌كاته‌وه كه خۆی بڕوای پێیان نییه، له‌ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستاندا سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان بوو، كه‌چی خۆی بڕوای به ماركسییه‌ت نه‌بوو، له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانیش رێكخه‌ری گشتی گۆڕانخوازانه، كه‌چی نه خۆی گۆڕاوه‌و نه ئاماده‌شه بگۆڕێ، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیری نێوان شای ئێران و سه‌ددام حوسێن ده‌رگای به رووی حه‌ز و خولیا سیاسییه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فادا كرده‌وه‌و له قۆناغێكی دیاریكراودا هێزی به‌گژداچوونه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانی لێوه‌رگرت، ئه‌وا رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیجی نێوان پارتی و یه‌كێتی ده‌رگای به رووی حه‌ز و خولیاكانیدا داخست، ئه‌ویش كه دژایه‌تی كردنی پارتی و رێبازی بارزانی نه‌مری لێبۆته خۆراكی سیاسی و ناتوانێ ده‌ستبه‌رداری بێ، له نێوان سه‌روه‌ریه‌كانی ناو یه‌كێتی و دژایه‌تی كردنی پارتی وه‌ك له سیاسه‌تی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا ده‌رده‌كه‌وێ، دووه‌میانی هه‌ڵبژارد.
ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه به‌دواداچوونی ئه‌وه بكه‌ین چ گۆڕانێك به‌سه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فای ناو یه‌كێتی نیشتیمانی و ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانیدا بكه‌ین.
1ــ گوتمان دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له دامه‌زراندنی یه‌كێتیدا له درزی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و حزبی لێكدانه‌وه‌یان بۆ نه‌كسه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول و پیلانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی جه‌زائیر ده‌كرد، نه‌وشیروان مسته‌فا له دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا هه‌مان سیناریۆ دووباره ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌تا به چاوی خۆمان ده‌بینین له ململانێكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌سه‌ر هه‌ولێری كوردایه‌تیدا ده‌ڕشێته‌وه‌و به‌غدای عروبه‌ش ده‌لاوێنێته‌وه، سه‌ددام حوسێن لای ئه‌وان شه‌ریفه‌و ده‌بێ كورد ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌و كۆی نه‌هامه‌تیه‌كانی وه‌ك به نرخترین دیاری ئه‌و شه‌ریفه بزانێ، له كرده تیرۆریستییه‌كه‌ی 29ی ئه‌یلول وه‌ك پارێزه‌ری تیرۆریستان ده‌رده‌كه‌وتن و به پێی حه‌ز و ویستی سیاسی‌یان ئاراسته‌كه‌یان ده‌گۆڕی. ئه‌وه‌ی كه بۆته جێگای پرسیار نه‌وشیروان مسته‌فا چوار ساڵ زیاتره ده‌ڵێ: ده‌یگۆڕین! به‌ڵام ئێستا كه كۆتایی ساڵی (2013) یه كه‌ناڵی (kNN) هه‌ر به ستایلی گۆڤاری (رزگاری) ساڵی 1969 كار له‌سه‌ر تێكدانی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌باربردنی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كان و تۆكمه كردنی هاوپه‌یمانییه گوماناویه‌كان ده‌كات،
2ــ نه‌وشیروان مسته‌فا بێ ره‌چاوكردنی گۆڕانكارییه ناوخۆیی و هه‌رێمی نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له كۆكردنه‌وه‌ی دژه‌كانی پارتی و ئاراسته كردنیان كاوێژی سیاسه‌ته شكستخواردووه‌كه‌ی ناو یه‌كێتی نیشتیمانی ده‌كاته‌وه، به‌لایه‌وه گرنگ نییه لایه‌نگر و هه‌وادارانی بزووتنه‌وه‌كه‌ی سه‌ر به چ به‌ره‌بابێكی فكری و ئایدۆلۆژین، ئه‌وه‌ی به‌لایه‌وه زۆر گرنگه به‌رامبه‌ر به پارتی وه‌ك خۆی هه‌ڵگری ڤایرۆسی رق و كینه بن، بۆیه ده‌بینین گرده‌كه بۆته حاویه‌ی سیاسی و هه‌موو پاشماوه دژه‌كانی دوێنێ و فه‌رخه چه‌واشه‌كراوه‌كانی ئه‌مڕۆی پارتی و رێبازی بارزانی نه‌مری تێدا كۆكردوونه‌وه.
3ــ نه‌وشیروان مسته‌فا له رێكخستنی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كانیدا سیاسه‌تی كۆنی یه‌كێتی نیشتیمانی دووباره ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌تا ده‌بینین كێ نه‌یاری پارتی بێ دڵسۆزه‌و هاوپه‌یمانیه‌تی، كێش له پارتی نزیك بێ نه‌یاریه‌تی، ئه‌وه‌ش وایكردووه هاوپه‌یمانی دوو لایه‌نی ئیسلامی بێ و نه‌یاری لایه‌نێكی ئیسلامی تربێ، ئه‌و چه‌پانه‌ی تا دوێنێ به دژه كوردی ناو ده‌برن و راوی ده‌كردن، ئه‌مڕۆ دۆستن و راوێژیان پێده‌كات.
له ئه‌نجامی ئه‌و كورته شرۆڤه‌یه‌ی سه‌ره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و راستییه حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ی كه نه‌وشیروان مسته‌فا له كاری سیاسی‌دا به دژایه‌تی كردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئالووده بووه، بۆیه له دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا له درووستبوونیه‌وه تا شۆڕبوونه‌وه‌ی به وێستگه‌كانی ژیانی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانیدا ده‌چێته‌وه‌و دژه پارتییه‌كان له خۆی كۆده‌كاته‌وه، له گه‌شه‌كردندا خێرایه‌و دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانی و په‌یوه‌ندیه سیاسییه ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی به مه‌رجی دژایه‌تی كردنی پارتی رێكده‌خات، ئه‌گه‌ر له دژایه‌تی كردنی پارتیدا هاوده‌نگ و یه‌ك باڵ بن، كوتله‌و باڵباڵێنی ناوخۆی بزووتنه‌وه‌كه به وشیاری سیاسی و ئازادی راده‌ربڕین و پابه‌ند بوون به بنه‌ماكانی دیموكراسی ده‌زانێ، سستبوون و شۆڕبوونه‌وه‌شی به‌نده به ژیانی نه‌وشیروان مسته‌فاوه، چونكه پێكهاته‌ی سیاسی و فكری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان زیاتر له‌و (دووپشكه) ئاوسه ده‌چێ، كه بێچووه‌كانی به خواردنی لاشه‌ی دایكیان گه‌وره ده‌بن و دواتر هه‌ریه‌كه‌و بن به‌ردێك ده‌كات به حه‌شارگه‌ی خۆی.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
