
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
دوای مانگرتنی زیندانیانی زیندانی معەسکەر سەلام لە سلێمانی و خۆسوتاندنی پیاوێك لەو زیندانە لە شەوی 8/10/2013 کە دواتر گیانی لەدەستدا، جارێکی تر رەوشی زیندانەکان و چاکسازی تیایاندا بیر هەموان خستەوە .
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا (2288) زیندانی حوکمدراو هەن (670) حوکمدراو لە هەولێر، (977) حوکمدراو لە سلێمانی، (641) حوکمدراو لە دهۆك .
هەروەك چەندین جاری تریش لەکاتی سەردانیمان وەک ئەندامی پەرلەمان بۆ زیندانی و چاکسازیەکانی هەرێم رامانگەیاندووە کە زیندانەکان وەکو پێویست نین و چاکسازی ناکرێت، لەکاتێکدا ناو لەو زیندانانە نراوە چاکسازی، بەڵام بەرنامەیەکی ئەوتۆ نییە بۆ چاککردنی ئەو کەسانەی تووشی لادان بوون، کەچی کەس گوێ ناگرێت و بە پیر ئەو بانگەوازەی پەرلەمانتاران و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت توێژەرانی کۆمەڵایەتی نێو چاکسازیەکانیش نایەت کە جاروبار توێژینەوەی شیکاریان پێشکەش کردووەو جەختکراوەتەوە کە بینایەی گونجاو هەبێت بۆ چاکسازییەکان و بۆڵێنکردنی زیندانیان بەپێی تەمەن و جۆری تاوان و شوێنی حەوانەوەیان و بوونی بەرنامەو پلان بۆ ئامۆژگاریکردنی زیندانیەکان و چاککردنیان و شیاندنیان بۆ گەڕانەوە ناو کومەڵگا چونکە ئامانج لە زیندان و بەندکردن دەبێ چاکسازی بێ نەك تۆڵە کردنەوە، هەروەها کردنەوەی خول و دەوراتی هونەری و پیشەیی بەپێی پێشکەوتنەکان بۆ توێژەرانی کۆمەڵایەتی لەنێو چاکسازییەکاندا .
یەكیك لەوانەی لە مەعەسکەر سەلام خۆی کوشتووە لەنامەیەکدا نووسیویەتی لەبەرناعەدالەتی خۆم دەسووتێنم . ئەم مەسەلەیە دەبێ بەجددی وەربگیرێت و کاری لەسەر بکرێت و بەگشتی چاو بخشێنرێتەوە بە رەوشی زیندانیەکان لەنێو گرتووخانەو چاکسازییەکانی هەرێم دا، بۆ ئەوەی بەندیخانەکان تەنیا دەزگایەکی سزادان نەبن، بەتایبەت بوونی زیندانی تاکەکەسی و ژووری تاکەکەسی کە (زیندانی ناو زیندان)ن، بەشێک لەوانەی خۆیان دەکوژن لە ژووری تاکەکەسی سزادراون، بەڕاستی بوونی ئەم زیندانە بچووکە لەناو زینداندا کارێکی نامرۆڤانەیەو دوورە لە عەدالەت و چاکسازی، خۆ ئەگەر مەبەست سزادانی ئەوانەیە کە لە ڕێنماییەکان لادەدەن پێویستە شێوازی تر بگرنەبەر .
هەندێ لە زیندانیەکانیش کە چەند جار داوایان کردووە چاو بخشێنرێتەوە بە دۆسیەکانیاندا، یان ئەوانەی ماوەیەکی زۆر لە زیندانەکاندا ماونەتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێن، هەندێکیشیان بە هۆکاری سیاسی سزا دراون، بۆیە عەدالەت و دادپەروەری و چاکسازی و رۆحی یاسا وا دەخوازێت چاو بە دۆسیەی ئەوانەشدا بخشێنرێتەوە بۆ ئەوەی یاساو عەدالەت لە هەرێمەکەماندا بچەسپێت و چیتر شاهێدی خۆکوشتنی زیندانیەکانیش نەبین .
د. ئەحمەد وەرتی
ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان
24/10/2013
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
