
ۆستەرەکانی پێشانگاکەی حاجی خانم دەدزرێت. .
لەدوێنێ شەوەوە هەرچی پۆستەری پێشانگاکەی حاجی خانم، کە لەگەلەری مۆزەخانە نمایش دەکرێت، لەشاری سلێمانی کۆکراوەتەوە، هەرچەندە تائێستا ئەم پێشانگایە لەرۆژی چوارەمینیدایەو ٢ رۆژی ماوە بۆ کۆتایی، بەڵام ئێستا تاقە یەک ریکلامی ئەم پێشانگایە لەشاردا نەماوە،
دیارە ناوەرۆکی پۆستەرەکە ئەوەندە خەتەرە و مەترسی هەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی،
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە: ئەگەر بڕیارە شارەوانی هەموو جارێک فلێکسەکان لابەرێت، ئایا بۆچی بەڕێوەبەرایەتی شێوەکاری سلێمانی و دەسگا رۆشنبیریەکانی تر هیچ پەرچەکردارێک نیشان نادەت سەبارەت بەم مەسەلەیە، ، یان بۆ داوای دابینکردنی شوێنێک ناکەت کە تایبەت بێت بە ریکلامی چالاکیە هونەریەکان
ئایا دەکرێت شارێک کە بە پایتەختی رۆشنبیری ناسراوە شارەوانیەکی هەبێت پەلاماری چالاکیە هونەریەکانی خۆی بدات، بەڵام لەولاوە شار پربێت لە ریکلامی بازرگانی ناشرین وئەم هیچ خەمساردیەک لەخۆی نیشان نەدات؟!
جگە لەوەش لەبەردەم دەرگای مۆزەخانەدا بۆردێکی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە دانراوە، پۆستەرەکەش هەر بەوێدا هەڵواسرابوو، کەواتە شارەوانی بەچ یاسایەک هەڵدەستێت بە لێکردنەوەی ئەم ریکلا مە؟
بۆچوونێکی تر هەیە دەڵێت : رەنگە ئەم پۆستەرانە دزرابن و دوور نیە دزەکە زەوقێکی هونەری بەرزی هەبێت، لەوانەیە ئێستا لەژووری دانیشتنەکەی هەڵی واسیبێت، یان رەنگە لەماددەی فلێکسەکان سوود وەرگرێت و بیانکات بە ســــفرە،
لەوەش خۆشتر هەرچەندە هێشتا پێشانگاکە تەواو نەبووە، خێرا کاکی پەخشی ریکلام دەم و دەس پۆستەری پێشانگای هونەرمەندی کۆچکردوو " عەلی لەتیف " ی بەدەرگای مۆزەخانەدا هەڵواسی، لەکاتێکدا ئەو پێشانگایەی عەلی لەتیف لە ئەمنە سوورەکەیە و هیچ پەیوەندیەکی بە گەلەری مۆزەخانەوە نییە. .
ئەی خێرە پۆستەرەکانی حاجی خانم دیار نامێنن و لەجێگای ئەوە پۆستەرەکانی عەلی لەتیف دادەنرێت؟ ئایا هەمان چارەنووس تووشی پۆستەرەکانی عەلی لەتیف و ئەوانی تر نابنەوە؟
. هیوادارم ئەمە تەنها رێکەوت و ناحاڵی بوون " سوء تفاهم" بێت و هیچ مەبەستێکی تایبەت لەپشت دیارنەمانی پۆستەرەکانی حاجی خانمەوە نەبێت.
بەتایبەت ئەم پێشانگایە سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە و جەماوەرێکی زۆر بینیویانە و خەڵک بەتایبەتی دێن بۆ بینی حاجی خانم، لابردن و دیارنەمانی فلێکسەکان هیچ لە توانای . پێشانگاکە کەم ناکاتەوە. .
______________________________________________________
تێبینی: حاجی خانم هونەرمەندێکی شێوەکاری میللی شاری سلێمانیەو لەساڵی ١٩٣٩ لەدایک بووە، لەتەمەنێکی گەورەساڵیدا دەستی بەنیگار کێشان کردوە، بەهۆی شارەزایی زۆری لەرەنگ و داستان و پیشە فۆلکلۆریەکاندا کارەکانی جەماوەرێکی زۆر هەیە و ڕەخنەگران نازناوی " خانمی ڕەنگ" یان لێ ناوە، خاوەنی چەندین پێشانگای تایبەت و هاوبەشە، ئێستا لەهۆلەندا دەژی

ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
