لەندەن: یادی مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س به‌رز ڕاگیرا

کوردستانیانی دانیشتوی به‌ریتانیا له‌ له‌نده‌ن بە گوڵەباخی سوور ماڵئاواییان لە مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س شاعیری خۆشەویستی، ئازادی و جوانی کرد.

کۆمه‌ڵێك که‌سایه‌تی و هاوڕێی شاعیری به‌ناوبانگی کورد شێرکۆ بێکه‌س، بە هاوکاری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەریتانیا یادی مامۆستا شێرکۆ بێکه‌سیان گێڕا. له‌ سه‌ره‌تادا لە لایەن ده‌سته‌ی ئاماده‌کاران به‌خێرهاتن و سوپاسی ئاماده‌بوانی کرد و ڕایگه‌یاند که‌ ئه‌مه‌ پرسه‌ و ماته‌مه‌ینی نیه‌، به‌ڵکو به‌رزنرخاندن و ڕێزلێنانه‌ بۆ کار و ژیانی مامۆستا شێرکۆ بێکەس، هەروەها ده‌ربڕینی هاوپشتییه‌ له‌گه‌ڵ که‌سوکار و ئه‌ده‌بدۆستانی کوردستان و جیهان.

دواتر دکتۆر ڕێبوار فه‌تاح له‌ دەستەی ئاماده‌کاران ووته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد له‌سه‌ر ژیانی مامۆستا بێکەس کە تیایدا باسی لە گەورەیی ئەو کەڵە پیاوە کرد و ئاماژەی بە گەنجینە پڕ بەهاکەی بێکەس دا کە هەتا هەتا نەوە نوێکان سوودی لێوەردەگرن.

دواتر چەند پارچە شیعرێک بۆ ئامدەبوان خوێندرایەوە کە لێهاتووی و بەرزی ئەو شاعیرە گەورەیەی نیشاندا.

لەهەر بۆنەی ماڵئاوایەکەدا کە خاتوو بەیان سامی عبدالرحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ئامادەبوو ده‌یان گوڵه‌باخی سورکه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی ئاماده‌کاره‌وه‌ دابین کرابوو ڕادەستی ئاماده‌بووان کرابوو لە بەردەمی پۆستەرەکەی خوالێخۆشبووەوە دانرا. بەم شێوەیەش ماڵئاوایی له‌م شاعیرە مه‌زن و مرۆڤ دۆستە کرا.

له‌ کۆتایدا بە ناوی دەستەی ئامادەکاریەوە سوپاس و پێزانینی بەشداربوانی ئەو بۆنە دڵتەزێنە کرا و ڕاگەیەنرا کە کار لەسەر ئەوە دەکرێت له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا مه‌راسیمێکی شکۆدار بۆ مامۆستا شێرکۆ بێکەس له‌ له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌ ‌ببردرێ کە تیایدا ئاماژە بە تەواوی لایەنەکانی ژیانی ناوبراو دەدرێ و شیعرەکانی شیدەکرێنەوە و کاریگەری ئەو شاعیرە مەزنە لەسەر بزاڤی هونەری و کەلتوری کوردی شیدەکرێتەوە.

ده‌سته‌ی ئاماده‌کاری یادی مامۆستا شێرکۆ- له‌نده‌ن: دوکتۆر ڕێبوار فه‌تاح، خەسرۆ ئاژگەیی، عەتا موفتی، پێشەوا بابان، هۆزان محمود، عه‌دنان شاسوار


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر