
سینه‌ماكاری كورد به‌همه‌ن قوبادی هه‌واڵی سازكردنی فیلمێكی سینه‌مایی له‌سه‌ر مرۆڤی نیاندرتاڵ له هه‌رێمی كوردستانی به درۆ ده‌خاته‌وه.
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆیه‌ك له یه‌كێك له ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان كه گوایه شاعیرێكی كورد به نیازه له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ر به‌همه‌ن قوبادی فیلمێكی سینه‌مایی له‌سه‌ر مرۆڤی نیاندرتاڵ له هه‌رێمی كوردستان ساز بكات، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له كۆمپانیای "مژ فیلم" به به‌رپرسیاریی به‌همه‌ن قوبادی رایگه‌یاند: به‌همه‌ن قوبادی سێ ساڵ پێش ئێستا به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ عه‌بباس غه‌زالی به‌رهه‌مهێنه‌ری كاره‌كانی خۆی به مه‌به‌ستی بینین و پشوودان، سه‌ردانی ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ری كرد و له‌وێ چه‌ندین گه‌نج ته‌نیا به مه‌به‌ستی بیره‌وه‌ری وێنه‌ی فۆتۆگرافیان له‌گه‌ڵ گرت و دوێنێ یه‌كێك له‌م وێنانه له یه‌كێك له ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ "هه‌واڵێكی درۆ" بڵاوكرایه‌وه.
گوتیشی: به‌همه‌ن قوبادی به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م شاعیره‌ی كه هه‌واڵه‌كه‌ی بڵاوكردۆته‌وه ناناسێت و ئاگاداری سازكردنی فیلمێكی سینه‌مایی له‌سه‌ر مرۆڤی نیاندرتاڵ له هه‌رێمی كوردستان نییه و ئه‌و كه‌سه‌ی كه به هه‌ڵه و به مه‌به‌ستی تایبه‌ت له یه‌كێك له ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی كوردستان وێنه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ قوبادی بڵاوكردۆته‌وه له وێنه‌كه به شێوه‌یه‌كی نایاسایی و به بێی مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له‌م سینه‌ماكاره كورده كه‌ڵكی وه‌رگرتووه.
سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: نابێت ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان به بێ سه‌رچاوه‌ی تایبه‌ت و دیاریكرا و ناسراو، هه‌ر هه‌واڵێك بڵاوبكه‌نه‌وه، یا ئه‌وه‌ی كه هه‌ر كه‌سێك هه‌ر هه‌واڵێكی پێی بوو ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به بێ توێژینه‌وه و به‌دواداچوون بڵاویبكه‌نه‌وه، كه ئه‌مه شێوه‌یه‌كی باش نییه، چونكه مافی ده‌زگاكانی راگه‌یاندنه كه ڕاستییه‌كان به كۆمه‌ڵگا بڵێین و هه‌واڵی پێچه‌وانه و هه‌ڵه و ناڕاست بڵاونه‌كه‌نه‌وه.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: ئه‌م شاعیر و نووسه‌ره به جیاتی ئه‌وه‌ی كه هه‌واڵی درۆ بڵاوبكاته‌وه، پێویسته كه سه‌رقاڵی كاری شاعیری خۆی بێت و بۆ ناوده‌ركردن له‌سه‌ر ناوی كه‌س یا كه‌سایه‌تیی دیكه په‌نا بۆ ده‌نگۆ و هه‌واڵی درۆ نه‌بات.
ڕوونیشی كرده‌وه: ئێستا ستافی كۆمپانیای "مژ فیلم" له سێ شاری نیۆیۆرك، ئه‌سته‌نبووڵ و هه‌ولێر نیشته‌جێین و راگه‌یاندنی گشتیی ئه‌م كۆمپانیایه رۆژانه له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكی هه‌یه و پێویستی ناكات كه له‌سه‌ر ئه‌م هونه‌رمه‌نده و كاره‌كانی په‌نا بۆ ده‌نگۆ ببردرێت و په‌یامنێران و رۆژنامه‌نووسان ده‌توانن له رێگای ماڵپه‌ڕی "مژ فیلم" به ناونیشانی www. mijfilm. com ئاگاداری كار و هه‌واڵه‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده بن.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
