

دوای ئه‌وه‌ی تیپی هه‌ندرێن بۆ یاریی فوتساڵ توانی پله‌ی یه‌كه‌می پاڵه‌وانێتیی كیا جامی كیشوه‌ره‌كان به‌ده‌ست بهێنێت، وه‌ك نوێنه‌ری تیپه میللییه‌كانی كوردستان گه‌شتێكی بۆ وڵاتی به‌ڕازیل ئه‌نجام دا.
گه‌شته‌كه له‌سه‌ر ئه‌ركی كۆمپانیای نیم بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبیل تاكه بریكاری كیا مۆتۆرز له هه‌رێمی كوردستان بوو و مه‌به‌ست له گه‌شته‌كه‌ش به‌شداریكردن بوو له پاڵه‌وانێتیی كیا جامی كیشوه‌ره‌كان كه 9 وڵات له نێویاندا هه‌رێمی كوردستان به‌شدارییان تێدا كردبوو و هه‌روه‌ها ئامابوون له یاریی پێش كۆتایی جامی كیشوه‌ره‌كان بوو كه كیا مۆتۆرز سپۆنسه‌ریی بوو.
سه‌رجه‌م كارئاسانییه‌كانیش له لایه‌ن كۆمپانیای نیم بۆ شانده‌كه كرابوو له هه‌ولێره‌وه تاكو به‌ڕازیل.
گه‌شتێكی ماراسۆنی
دوای گه‌شتێكی دووردرێژی 56 سه‌عاتی ئه‌ندامانی تیپی هه‌ندرێن گه‌یشتنه شاری بێلۆ هۆریزۆنتێ كه چواره‌م شاری به‌ڕازیله، هۆكاری ئه‌و گه‌شته ماراسۆنییه‌ش كێشه‌یه‌كی فڕۆكه‌خانه‌ی توركیا بوو كاتێك كارمه‌ندانی بلیتی نێوان ئیسه‌نبووڵ و له‌نده‌نیان نه‌دا به شانده‌كه و دوای 11 كاتژمێر ناچاری كردن به‌ره‌و دوبه‌ی به‌ڕێ بكه‌ون و له‌وێوه به‌ره‌و ساوپاولۆ و ئینجا بگه‌نه بێلۆ هۆریزۆنتێ. ئه‌مه‌ش وای كرد كاتژمێر 3 ی به‌ره به‌یان بگه‌نه هۆتێل و به ناچاری و به‌م هه‌موو هیلاكییه به‌یانییه‌كه‌ی كاتژمێر 9 به‌شداری له پاڵه‌وانێتیی كیا جامی كیشوه‌ره‌كان بكه‌ن.
له‌گه‌ڵ كۆلۆمبیا و پیرۆ له یه‌ك گرووپدا
به‌رپرسانی پاڵه‌وانێتییه‌كه رۆژی به‌ڕێوه‌چوونی پێیان راگه‌یاندنین كه تیروپشكیان ئه‌نجام داوه و 9 تیپه‌كه به‌سه‌ر 3 گرووپ دابه‌ش كراون و سه‌رجه‌م یارییه‌كانی پاڵه‌وانێتییه‌كه به یه‌ك رۆژ ته‌واو ده‌كرێت. به‌م شێوه‌یه:
گرووپی یه‌كه‌م: باشووری ئه‌فریكا، فه‌ڕه‌نسا، چیلی
گرووپی دووه‌م: هه‌رێمی كوردستان، كۆلۆمبیا، پیرۆ
گرووپی سێیه‌م: ئه‌رده‌ن، به‌ڕازیل، ئه‌رژه‌نتین
تیروپشك له به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان نه‌بوو
كاتژمێر 9 یه‌كه‌مین یاریی تیپی كوردستان بوو به‌رانبه‌ر تیپی كۆلۆمبیا. له یارییه‌كه‌دا و له گێمی یه‌كه‌م كوڕانی هه‌ندرێن ئاستێكی به‌رزیان نیشان دا و ئه‌و گێمه به دوو گۆڵی بێ به‌رانبه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌واندا ته‌واو بوو. له گێمی دووه‌مدا یاریزانه‌كانمان ماندووبوونیان به‌سه‌ر دیار بوو و له ماوه‌ی دوو خوله‌كدا كۆلۆمبیا 3 گۆڵی له‌سه‌ر یه‌كدی كرد. پاشان تیپی كوردستان گۆڵی یه‌كسانبوونی تۆمار كرد. له دوا خوله‌كدا كۆلۆمبیا گۆڵی چواره‌م و بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد.
یاسای پاڵه‌وانێتییه‌كه وای ده‌خواست تیپی دۆڕاو له یه‌كه‌مین یاری یه‌كسه‌ر یاریی دووه‌م ئه‌نجام ده‌دات، بۆیه دوای ته‌واوبوونی یارییه‌كه به 5 خوله‌ك یاریی دووه‌می كوردستان له به‌رانبه‌ر تیپی پیرۆ بوو.
له یاریی دووه‌مدا تیپی كوردستان به ئه‌نجامی 2-1 له پێش بوو، كه‌چی له گێمی یه‌كه‌مدا عومه‌ر حه‌سه‌ن تووشی پێكان بوو و چووه ده‌ره‌وه و پاشان به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌یان برد، به هه‌مان شێوه ماندووبوون وای كرد یاریزانه‌كانمان ئاستی خۆیان پێشكه‌ش نه‌كه‌ن و یارییه‌كه به ئه‌نجامی 3-2 بدۆڕێنن.
هه‌رچه‌نده ئاستی یاریزانه‌كانمان له هه‌ردوو تیپی كۆلۆمبیا و پیرۆ به‌رزتر بوو به‌ڵام ماندووبوون و دواكه‌وتن له رێگه و سیستمی پاڵه‌وانێتییه‌كه هۆكاری سه‌ره‌كیی دۆڕاندن بوون.
به‌ڕازیل بووه پاڵه‌وان
دوای چه‌ندین یاریی به‌هێز، هه‌ریه‌ك له تیپه‌كانی به‌ڕازیل و ئه‌رده‌ن و كۆلۆمبیا و چیلی سه‌ركه‌وتن بۆ قۆناغی پێش كۆتایی.
پاشان تیپه‌كانی به‌ڕازیل و چیلی گه‌یشتنه یاریی كۆتایی و به‌ڕازیل به ئه‌نجامی 3-1 یارییه‌كه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی ته‌واو كرد و نازناوه‌كه‌ی به‌ده‌ست هێنا.
ده‌رباره‌ی پاڵه‌وانێتییه‌كه:
بێستوون ئه‌كره‌م كاپتنی تیپی كوردستان گوتی: رێكخستنی پاڵه‌وانێتییه‌كه زۆر به‌رز بوو، به‌ڵام ده‌بوایه ره‌چاوی دواكه‌وتنی تیپه‌كه‌مانیان كردبووایه كه له ده‌ستی ئێمه‌دا نه‌بوو، هه‌روه‌ها نه‌ده‌بوایه یه‌كه‌مین و دووه‌مین یاریی گرووپه‌كه‌مانیان بۆ ئێمه دانابوایه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ردوو تیپی كۆلۆمبیا و پیرۆ ماوه‌ی 3 كاتژمێریان پێچوو بۆ گه‌یشتنیان بۆ به‌ڕازیل كه‌چی ئێمه له گه‌شتێكی 56 سه‌عاتیدا گه‌یشتنه هه‌مان شوێن.
كارزان جه‌عفه‌ر یاریزانی تیپی كوردستان گوتی: پاڵه‌وانێتییه‌كی به‌هێز بوو و ئێمه سوودێكی زۆرمان له‌و پاڵه‌وانێتییه وه‌رگرت. ئه‌گه‌ر ئێمه رۆژێك زووتر بگه‌یشتبوویانه ئه‌وێ، دڵنیا بووم له پاڵه‌وانێتییه‌كه ده‌گه‌یشتینه قۆناغێكی باشتر. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆنه‌یه‌كی باش بوو هاوڕێی زۆرمان له تیپه‌كانی دیكه ده‌ستكه‌وت.
دوای ته‌واوبوونی پاڵه‌وانێتییه‌كه، به‌رپرسانی كیا جامی كیشوه‌ره‌كان چه‌ندین گه‌شت و ئاهه‌نگیان بۆ تیپه به‌شداربووه‌كان ساز كرد و سه‌رجه‌م یاریزانه‌كان كاتی خۆشیان به‌سه‌ر برد.
له جامی كیشوه‌ره‌كاندا یاریزانه‌كان ئاماده‌ی یاریی به‌ڕازیل و ئۆرگوای بوون
به‌رپرسانی پاڵه‌وانێتییه‌كه بلیتی یاریی پێش كۆتایی جامی كیشوه‌ره‌كانی 2013 یان بۆ سه‌رجه‌م به‌شداربووان ئاماده كردبوو و هه‌موو ئاماده‌ی یاریی نێوان به‌ڕازیل و ئۆرگوای بوون كه له به‌رژه‌وه‌ندیی به‌ڕازیل 2-1 ته‌واو بوو.
دوای به‌جێهیشتنی شاری بێلۆ هۆریزۆنتێ، شاندی تیپی كوردستان گه‌شتێكیان بۆ شاری ریۆ دی جانێرۆ ئه‌نجام دا و له‌وێ سه‌ردانی شوێنه مێژوویی و گرنگه‌كانی وڵاتی به‌ڕازیل كرد و پاشان گه‌ڕانه‌وه كوردستان.
دوای پاڵه‌وانێتییه‌كه:
بۆكان سه‌لمان سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراسته‌ی كۆمپانیای نیم كرد و گوتی، كۆمپانیاكه به‌ڵێنه‌كانی خۆی به‌جێ گه‌یاند، ئه‌مه وا ده‌كات بۆ پاڵه‌وانێتییه‌كی دیكه تیپی به تواناتر و رێكوپێكتر به‌شداری تێدا بكه‌ن.
ئازاد دزه‌یی راهێنه‌ری تیپه‌كه كه له‌سه‌ر ئه‌رك و حسابی خۆی یاوه‌ری تیپه‌كه‌ی بوو، خۆشحاڵیی خۆی به به‌شداریكردن له‌و پاڵه‌وانێتییه ده‌ربڕی و رای گه‌یاند، كه‌وا به شێوه‌یه‌كی باشتر خۆیان بۆ پاڵه‌وانێتیی داهاتوو ئاماده ده‌كه‌ن.
به هه‌مان شێوه یاریزانه‌كانی دیكه‌ی تیپی هه‌ندرێن سوپاسی خۆیان ئاراسته‌ی كۆمپانیای نیم و به‌رپرسانی پاڵه‌وانێتییه‌كه بكه‌ن.
مژده‌یه‌ك بۆ لاوانی كوردستان
پاڵه‌وانێتییه‌كی دیكه و تیپی براوه‌ش به‌ره‌و مۆندیالی به‌ڕازیلی 2014
نیهاد زه‌خه‌رییا به‌ڕێوه‌به‌ری رێپێدراوی كۆمپانیای نیم تاكه بریكاری كیا مۆتۆرز له هه‌رێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی به به‌شداریكردنی تیپی هه‌ندرێن وه‌ك نوێنه‌ری هه‌رێم له پاڵه‌وانێتیی كیا جامی كیشوه‌ره‌كان ده‌ربڕی و به هه‌مان شێوه خۆشحاڵ بوو به ئه‌نجامدانی ئه‌و گه‌شته له لایه‌ن كۆمپانیاكه‌یانه‌وه و به‌ڵێنی دا كه له‌م نزیكانه پاڵه‌وانێتیی كیا جامی جیهان بۆ تیپه میللییه‌كانی كوردستان ساز بكات و تیپی یه‌كه‌مین به هه‌مان شێوه بگه‌یه‌نێته به‌ڕازیل بۆ ئاماده‌بوونی یه‌كێك له یارییه‌كانی مۆندیال و به‌شداریكردن له پاڵه‌وانێتیی كیا جامی جیهان بۆ تیپه میللییه‌كان.
جێی باسه بۆ ساڵی دووه‌م له‌سه‌ر یه‌ك كۆمپانیای نیم بۆ بازرگانیی ئۆتۆمۆبیل تاكه بریكاری كیا مۆتۆرز له هه‌رێمی كوردستان پاڵه‌وانێتیی تیپه میللییه‌كان ساز ده‌كات. ساڵی پار تیپی چیا به پله‌ی یه‌كه‌م هات و گه‌شتێكی بۆ وڵاتی پۆڵه‌نده بۆ رێكخرا و ئاماده‌ی یاریی نێوان ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا بوو له یاریی پێش كۆتایی جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌ورووپا و ئه‌مساڵیش تیپی هه‌ندرێن پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ست هێنا و هه‌ر له‌م نزیكانه‌ش پاڵه‌وانێتییه‌كی دیكه رێك ده‌خرێت و جارێكی دیكه براوه‌ی یه‌كه‌م گه‌شتێكی بۆ وڵاتی به‌ڕازیل بۆ ساز ده‌كرێت.
چه‌ند دیمه‌نێك:
- به بۆچوونی من به هۆی بوونی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر درێسی یاریزانه‌كان له فڕۆكه‌خانه‌ی ئیسته‌نبووڵ، رێگه نه‌درا بلیتی فڕۆكه‌خانه‌ی هیترۆ له له‌نده‌ن وه‌ربگیرێت كه شانده‌كه وه‌ك ترانزێت به‌وێ تێپه‌ڕ ده‌بوو.
- پێشوازیكردنی كیا هه‌ر له فڕۆكه‌خانه‌ی بێلۆهۆریزۆنتێ- یه‌وه به گه‌رمی بوو تاكو گه‌ڕانه‌وه‌ی شانده‌كه.
- عومه‌ر حه‌سه‌ن له دووه‌م یارییدا تووشی پێكان هات، به‌رپرسانی پاڵه‌وانێتییه‌كه یه‌كسه‌ر گواستیانه‌وه نه‌خۆشخانه و خزمه‌تێكی باشی كرا.
- یارییه‌كانی پاڵه‌وانێتییه‌كه له 30 خوله‌ك پێكهاتبوو و هه‌ر گێمێك 15 خوله‌ك بوو و كه‌سیش ناڕه‌زایی ده‌رنه‌بڕی، كه‌چی كاتێك پاڵه‌وانێتییه‌كه به هه‌مان كات له هه‌ولێر به‌ڕێوه چوو، كۆمه‌ڵێك تیپ ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی و پێیان راگه‌یاندین كه چۆن له یاسا لا ده‌ده‌ین.
- ئاڵای كوردستان لای زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌كه نامۆ بوو، شانده‌كه‌ش له‌و گه‌شته‌دا باشترین نوێنه‌ری كوردستان بوو بۆ ناساندنی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه به میوانان.
- فۆتۆ: سه‌ڵاح مه‌حموود
-
