بەشداربوون لە ڕۆژی نەتەوەیی هەرێمی فلاندەرز--بەلجیکا

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، ڕۆژی پێنجشەممە و لە سەر بانگهێشتەکی فەرمی بەڕێز دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوڕوپا بەشداریکرد لە ڕۆژی نیشتیمانی فلاندەرز کە یەکێکە لە سێ هەرێمەکەی بەلژیکا.

 
لە میانەی مەراسیمەکەدا بەڕێز نوێنەری حکومەتی هەرێم و شاندەی یاوەری لە لایەن سەرۆك وەزیرانی هەرێمی فلاندەرز بەڕێز (کریس پیتەرز) و وەزیر و گەورەبەرپرسانی ئەو هەرێمەوە بەخێرهاتنیان لێ کرا. هەر لە میانەی مەراسیمەکەدا شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەڕیز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی فلاندەرز گفتوگۆیان لە بارەی پەیوەندییە دووقۆڵیەکانی نێوان هەردوولا کرد. لە لای خۆیەوە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست کە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی فلاندەرز لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرەو پێش بچێت و لەو بارەیەوە پێشنیاری دانیشتنی لە ئاستی بالادا کرد. لە لای خۆشیەوە بەڕێز کریس پیتەرز بە گرنگییەوە باسی لە هەرێمی کوردستان کرد و ئەو داوایەی قبووڵکرد و هیوای خواست لە نزیکترین دەرفەتدا چاوی بە گەورە بەرپرسانی هەڕێمی کوردستان بکەوێ. هەر لە میانەی مەراسیمی ڕۆژی نەوتەوەیی فلاندەرزدا شاندی نوێنەرایەتی چاوی بە باڵوێز و دپلۆماتکارانی ژمارەیەکی زۆر لە وولاتانی جیهان کەوت و بەشێوەیەکی گشتی باس لە ڕەوش و پێگەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەل دنیای دەرەوە کرا.
 شایانی باسە هەرێمی فلاندەرز و هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەنگاوی باشیان ناوە بۆ بە فەرمیکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولادا. لەو چوارچێوەیەدا وەک هەنگاوێکی گرنگ، لە مانگی ئاداری ساڵی 2009 دا پەرلەمانی فلاندەرز بە کۆی دەنگ بڕیارێکی سەبارەت بە بەستنی پەیوەندی دبلۆماسی و ئابووری و فەرهەنگی لەگەل هەرێمی کوردستاندا پەسەند کرد. دواترو لە هەنگاوێکی گرنگدا، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مانگی 11ی هەمان ساڵدا سەردانی پەرلەمانی هەرێمی فلاندەرزی کرد کە ئەوەش ڕەوتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردولای بە ئاستێکی باڵاتر گەیاند.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر