
"ئه‌مڕۆ ته‌کنه‌لۆژیای مۆدێرن و میدیای مۆدێرن ئه‌وه‌نده‌ی به‌کارده‌هێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕێوییه‌کان تێیدا باسی ترسنۆکی شێر بکه‌ن، جێگای جوجکه‌کانی تێدا نابێته‌وه که باسی زوڵمی ڕێوی بکه‌ن" به‌ختیار عه‌لی
ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆ له شه‌قام و میدیا و سۆشیاڵ میدیادا ده‌یبینین و ده‌یخوێنینه‌وه و گوێ بیستی ده‌بین، به‌شێکه له‌و فه‌رهه‌نگه‌ی که ئه‌م کۆمه‌ڵگایه پێوه‌ی ده‌ناڵێت. ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ی له ئێستادا هه‌یه زاده‌ی مێژووی په‌نجا ساڵی ئه‌و میدیایه‌یه که کاری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ڕووداو پێشهاته‌کانی ئه‌مڕۆ کردووه. میدیایه‌ک به درێژایی په‌نجا ساڵی ڕابردوو کاری له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگی شارچێتی و دووبه‌ره‌کی کردووه و هه‌ستی نیشتیمان په‌روه‌ری و کوردایه‌تی و شۆڕشی به‌جۆڕێک فه‌رامۆش و بچوککردووه‌ته‌وه که جیۆگرافییه‌کی به‌رفراوانی کوردستانی له چوارچێوه‌ی شارێکدا وێنا کردووه، کاریگه‌ری ئه‌م فه‌رهه‌نگه به‌جۆرێکه که ته‌واوی کایه و جومگه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگای گرتووه‌ته‌وه، به‌جۆرێک سه‌رقاڵی ماکیاژکردنی ناشرینییهکانهوه و وێرانکردنی بنیادنراوهکانه.
ئه‌وه‌ی پێی وایه حکومڕانی کوردی، به‌رپرسی یه‌که‌مه له‌وه‌ی هه‌ستی نیشتمان په‌روه‌ری گیانفیدایی و بێباکی تاکی کۆمه‌ڵگای کوردی کاڵ کردووه‌ته‌وه و بێباکه له‌به‌رانبه‌ر خاک ئاو و ژینگه و ده‌ستکه‌وته‌کان هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره ده‌کات، ئه‌وه‌ی ئێستا ڕوو ده‌دات و بڕیاره ڕوو بدات به پله‌ی یه‌ک میدیا لێی به‌رپرسه، که به‌دڕێژایی حکومڕانی کوردی نه‌یتوانیوه کاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌ستی نیشتمان په‌روه‌ری و خۆشه‌ویستی بۆ خاک و ئاو و ژینگه هه‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه سه‌رقاڵی بێ ئومێدکردن و لایه‌نداری بووه. هه‌ر ئه‌وه‌ش وایکردووه له‌ڕووی ده‌ستکه‌وتی ماڵییه‌وه میدیا و خاوه‌ن میدیاکان سودمه‌ندی گه‌وره‌ببن و قوربانیش خوێنه‌ر و بینه‌ر و بیسه‌ر و هاونیشتمانی.
میدیا به‌لایه‌نداری و سه‌رقاڵکردنی خوێنه‌ر و بینه‌ر و بیسه‌ر بهسوچێکی ته‌سکی کۆمه‌ڵیک هه‌واڵ و به‌رنامه‌ی بێ که‌ڵکه‌وه، بابه‌تی گرنگی ئاینده و داهاتوی له هاونیشتمانیان شارده‌وه که کۆمه‌ڵێک یاسای گرنگی وه‌ک یاسای وه‌به‌رهێنان بوو، ئه‌م یاسایه که هه‌ڵقوڵاوی ئه‌م سیسته‌م و ده‌سته‌ڵاته‌یه زۆر شاگردی که‌بابخانه و وه‌ستای سپیکاری کرده ملیاردێر، که به‌ر له‌و یاسایه سه‌رقاڵی به‌کرێدانی ئامێری پله‌یسته‌یشن و ڤیدیۆ کاسێت بوون. ئه‌و ملیاردێره ههڵتۆقیوانهی له‌سه‌ر خاک و ئاو و ماڵی ئه‌م میلله‌ته بوونه بازرگانی خوێنمژ و سپۆنسه‌ری میدیاکانیان ده‌کرد هه‌ر بۆیه ستۆدیۆی ڕادیۆ و تیڤییه‌کان و ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کانیش بوونه ئارایشتگایه‌کی مۆدێرن بۆ ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه. یه‌کێک له‌و سه‌رمایه‌دارانه‌ی ئێستا شاسوار عه‌بدولواحیده که له دواین چاوپێکه‌وتنی ئارایشتگاکه‌ی خۆیدا خۆی وه‌ک پاڵه‌وانێک نیشان ده‌داین و داوای ڕاپه‌ڕینی له کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ده‌کرد و بۆ گۆڕینی ئه‌م ده‌سته‌لاته و تا کوردستان بکه‌ینه ئه‌مریکا و جه‌نابیشیان ببنه دۆناڵد تره‌مپ، . تره‌مپه خهیاڵاوییهکی کوردستان بێ‌ئاگا له‌وه‌ی هاونیشتمانیان گه‌ر ڕاپه‌ڕن له به‌رانبه‌ر ئه‌و یاسایانه ڕاده‌په‌ڕن که خاک و زه‌وی ئه‌م میلله‌ته‌ی سوک بی نرخ تاپۆ کرده سه‌ر شاسواره‌کان، تا شاسواره‌کان ببنه خاوه‌نی ده‌یان ملیارد دۆلار و پێشمه‌رگه‌ی دێرین و که‌سوکاری شه‌هیدیش له خانویه‌کی گڵی کرێدا ژیان بگوزه‌رێنن. جا بۆیه کاکه شاسوار من دڵنیات ده‌که‌مه‌وه گه‌ر ڕاپه‌ڕین بکرێت ئاوا تۆ و نمونه‌کانی وه‌ک تۆ، وه‌ک مفه‌وه‌ز شه‌ماڵ له‌به‌رده‌کی سه‌را هه‌ڵده‌واسرێن، خۆ ئه‌گه‌ر یاساکانیش گۆران ئه‌وا ده‌بێت یه‌که‌م که‌س تۆ و نمونه‌کانی وه‌کتۆ له‌سه‌ر ئه‌و دۆسییانه دادگایی بکرێن.
