چه‌ندین مانگ به‌ر له ئێستا عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌زیری نه‌وتی حکومه‌تی عێراق سه‌ردانی هه‌ولێری کرد و له پاش کۆبوونه‌وه‌ی له گه‌ڵ به‌رپرسانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان باسیان له ڕێکه‌وتنێک کرد که به پێی به‌نده‌کانی، هه‌رێم ڕۆژانه به ڕێژه‌ی دیاریکراو نه‌وتی خۆی ڕاده‌ستی کۆمپانیای سۆمۆ ده‌کات و به‌غداش به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی داوه که پشکی کوردستان له بودجه‌ی گشتی عێراق سه‌رف بکات. سه‌ردانی وه‌فدی هه‌رێمی کوردستان بۆ به‌غدا و چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی دیکه سه‌باره‌ت به ورده‌کاری ته‌کنیکی ئه‌و ڕێکه‌وتنه، هێشتا به‌رپرسانی ناوه‌ندی به‌وه ڕازی نه‌کرد که قووتی خه‌ڵکی کوردستان به هاوکێشه سیاسی و ململانێکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا گرێ نه‌ده‌ن. عه‌بادیش هاته کوردستان، به وته‌ی به‌رپرسانی هه‌رێم، ئه‌وان سه‌باره‌ت به هه‌موو کێشه‌کان قسه‌یان له گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقدا کرد و ئیدی کۆتایی به‌و کێشانه به تایبه‌ت له بواری بودجه‌دا هاتووه. له پاش ئه‌و قه‌یرانه ئابورییه‌ی که به درێژایی ساڵی 2014 کوردستانی تێدا تێپه‌ربوو، وه‌ستانی جوڵه‌ی بازاڕ و دواکه‌وتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و چه‌ندین کێشه و گرفتی دیکه، خه‌ڵکی کوردستان به گشتی به‌وه دڵخۆش بوون که ڕێکه‌وتنه‌که‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌و کێشانه چاره‌سه‌ر بکات. به‌ڵام به داخه‌وه، ئه‌و ڕێکه‌وتنه نه‌ک ته‌نیا له ڕێکه‌وتن ناچێت، به پێچه‌وانه‌وه به چه‌شنێک له کڕین و فرۆشتن داده‌نرێت، به‌غدا له ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ نه‌وتی هه‌رێم ده‌کڕێت و بڕه پاره‌یه‌ک مانگانه ده‌خاته سه‌ر حسابی هه‌رێم و وه‌ک ئه‌م مانگه‌ش که بینیمان سه‌ره‌ڕای به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی هه‌رێم، نه به ته‌واوی پاره‌ی نه‌وته فرۆشراوه‌که‌ی هه‌رێمی داوه و نه پشکی له سه‌دا 17ی بودجه‌ی کوردیشی سه‌رف کردووه.
له جیهانی سیاسه‌ت و له پرۆسه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان دوو وڵات یان دوو لایه‌ن، ڕێکه‌وتن به‌وه پێناسه ده‌کرێت که ئه‌وان له سه‌ر چه‌ند بابه‌تێک که ڕه‌زامه‌ندییان له سه‌ر ده‌ربڕیوه و واژۆیان له سه‌ر کردووه یان به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ر دوو لا ده‌سته‌به‌ر ده‌کات، ڕێکه‌وتوون و ده‌یخه‌نه بواری جیبه‌جێکردنه‌وه. چه‌ندین مانگ به سه‌ر ڕێکه‌وتنه نه‌وتییه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراقدا تێپه‌ڕبووه، له پاش هه‌ر مانگێک و به پێی وته‌ی به‌رپرسان و ئه‌وه‌ی که له میدیاکانه‌وه باسی لێده‌کرێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که لایه‌نی کوردی به ڕێژه‌ی دیاریکراو نه‌وتی هه‌رێمی ڕاده‌ستی کۆمپانیای سۆمۆ کردووه، نه پاره‌ی نه‌وته فرۆشراوه‌که به ته‌واوی دراوه و نه پشکی له سه‌دا 17ی بودجه‌که‌ش سه‌رف کراوه. له ئێستادا پرسیار ئه‌مه‌یه که له پاش هه‌ر مانگێک و دووپات بوونه‌وه‌ی کرداری به‌غدا و بێ به‌ڵێنی ناوه‌ند، چیدی ده‌توانین به‌مه بڵێین ڕێکه‌وتن؟
چاره چییه؟ بۆ هه‌ڵوێستێک به‌رامبه‌ر به پێشێلکارییه‌کانی به‌غدا له هیچ به‌رپرسێکی باڵای کورده‌وه نابینرێت؟ باشه ئێمه‌ی کورد مافی ئه‌وه‌مان نییه که بڵێین جه‌نابی سه‌رۆک کۆمار له به‌غدا چی ده‌که‌یت؟ ئه‌و پۆسته ئه‌گه‌ر پشکی عه‌ره‌بیش بوایه چ جیاوازییه‌کی بۆ کورد ده‌بوو، ئاخۆ چیمان له وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆک کۆمار ده‌سکه‌وتووه؟
ئه‌ی نوێنه‌رانی کورد له په‌رله‌مانی عێراق، له‌م دۆخی بێ مووچه‌یی و قه‌یرانه داراییه‌دا، ئێوه هه‌ر مووچه و ئیمتیازی خۆتان وه‌ربگرن و خه‌می هیچتان نه‌بێت، بۆچی له به‌رامبه‌ر یاری کردنی حکومه‌تی ناوه‌ند به قووتی خه‌ڵکی کوردستان و به کارهێنانی وه‌ک کارتێکی فشار هه‌ڵوێستتان نییه؟ خۆزگه ئێوه‌شمان له به‌غدا نه‌ده‌بوو، گومانم نییه که له ئه‌گه‌ری نه‌بوونی نێوه له په‌رله‌مانی عێراق بارودۆخمان له‌مه خه‌راپتر نه‌ده‌بوو. ده‌زانم که به‌درێژایی ته‌مه‌نتان و له ئاکامی په‌روه‌رده‌ی حیزبی وا ڕاهاتوون که هه‌ر باسی ناوخۆیی و کێشه‌ی نێوان حیزبه‌کانی کوردستان بکه‌ن هه‌ر بۆیه له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان له به‌غدا تا ئێستا هاوپه‌یمانییه‌تی کوردستانیتان پێکنه‌هێناوه و هه‌ر کامه‌تان به ئامێرێک ساز لیده‌ده‌ن و گۆرانی به به‌ژن و باڵای که‌سێکدا ده‌ڵێن و ئێمه‌ی کورد چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ش نین که ئێوه یه‌ک گوتار بن و سه‌مفونیای سروودی یه‌کگرتوویی کوردمان بۆ لێبده‌ن.
به‌رپرسه باڵاکانی حکومه‌تی کوردستانیش هه‌ر ئه‌وه ده‌زانن که له پاش کۆبوونه‌وه‌کان بڵێن سه‌رکوتوو و ئیجابی بووه و ئێمه‌ش هیچ ده‌ره‌نجامێک و گۆڕانکارییه‌کمان به چاو نه‌بینیوه.
نه‌ک ته‌نیا که ئه‌و ڕێکه‌وتنه له ڕواڵه‌تی ڕێکه‌وتن ناچێت، به پێچه‌وانه‌وه به فیڕۆدانی سامانی نیشتمانی کوردستانه که حکومه‌تی ناوه‌ند له ڕێگای سۆمۆوه پلانه‌که‌ی خۆی به سه‌رماندا جێبه‌جێ ده‌کات، وه‌ک ئه‌و پلانه‌ی که قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی داعشی لێکه‌وته‌وه له‌و ساته‌وه‌خته‌ش که ده‌نگی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان زیاتر له کوچه و کۆڵانه‌کانی کوردستان و له ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیشدا ده‌بیسترا.