"یاداوه‌ری و نامه‌ی پیاوێك بۆ كه‌ركووك"
دوای سڵاو.. . خۆشه‌ویستی تۆ له‌وساوه له دڵی مندا هێلانه‌ی چێ كرد، كه به‌حاڵ دێته بیرم، له هه‌شتاكان به‌و ماوه كه‌مه كوردییه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنیان ده‌گوت (ته‌له‌ڤزیۆنی كه‌ركووك) و لێیه‌وه زێتر ئه‌و ته‌مسیله جڤاكییه كوردیانه‌مان ده‌دیت و به‌دیارییه‌وه دهگهشاینهوه. هه‌ر له نیوه‌ی یه‌كه‌می هه‌شتاكان و هه‌ڵه نه‌بم له 1983دا بوو، كه من ئه‌و ده‌م نهبووبوومه ده ساڵان، له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆرانییه‌ی ناسری ڕه‌زازی ده‌كه‌وتمه جۆش و خرۆش، كه ده‌یگوت: "چیمه‌ن هۆ چیمه‌ن هه‌ی هه‌ی چیمه‌ن كه‌ركووكی/ ئه‌من چۆن نه‌مرم چیمه‌ن تۆ به‌ن به بووكی.. . "، جا چونكی ئه‌وسا باس و بابه‌تی سیاسی، ساده و ئاسایی نه‌بوو منداڵ بیزانی، بۆیه وا ده‌هاته به‌ر چاوم، كه چیمه‌ن كچێكی حهڤدهـ هه‌ژده ساڵانه و سه‌ر له به‌یانییه‌ك سواری پشته‌وه‌ی قهمهرهیهكی سپی ده‌كه‌ن و دوو ژنی سه‌رووی سی ساڵان، له‌ملاو لای سوار ده‌بن و پیاوێكی ڕیش ماش و برنجییش له پێشه‌وه‌ی قهمهرهكهیه، پی لی ده‌نێن و ده‌یبه‌ن بۆ شارێكی دوور دوور، ئیدی گۆرانیبێژ كه چیمه‌نی به‌م دیمه‌نه‌وه دیوه، یه‌كسه‌ر ئه‌و سترانه‌ی به‌سه‌ردا هه‌ڵگوتووه! ئاخر هه‌ر ئه‌و ده‌م كه سه‌یری یاریی كچانه‌مان ده‌كرد، هه‌موو جار به یه‌كدیان ده‌گوت: "فڵان بووكه، ماڵی له كه‌ركووكه"، له خه‌یاڵدانی منداڵی مندا وام وێنا ده‌كرد، ده‌بی بووكه‌كان ماڵیان له كه‌ركووك بی!
پاشان كه زێتر له ده‌وروبه‌ری خۆم ڕوانی و زانیم (شێخ ڕه‌زا) ، (ئه‌سیری) ، (عه‌لی مه‌ردان) و (سه‌ڵاح داوده) ش ئه‌هلی ناوچه‌ی كه‌ركووكن، دوای ئه‌ویش كه ده‌نگه ناوازه‌كه‌ی هه‌شتاكانی (سابیر كوردستانی) له زۆر شوێن ده‌گوتراوه، به‌تایبه‌تی "خۆزگه له‌م دونیایه‌دا یه‌ك چاوێكم هه‌بووایه.. . "، پتر خۆشه‌ویستی تۆ په‌لوپۆی هاوێشت و له دڵه‌وه حه‌زم ده‌كرد بتبینم.
شاره خێرلهخۆنهدیوهكهی كوردستان
دواتر هێدی هێدی له كتێبه تام سیاسی و مێژووییه‌كانه‌وه، ئه‌وه‌م فام كرد كه چه‌قی ململانێی شۆڕشی كورد و ڕژێم تا رادده‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر تۆ بووه، كه (له‌سه‌ر سینگه نه‌وتاوییه‌كه‌ی بابه‌گوڕگوڕ/ نێزیك تاڤگه‌ی سه‌ره‌و ژووری زێڕینی گڕ.. . ) ی پهشێویشم ده‌خوێنده‌وه، ئه‌وه‌م لا نومایان ده‌بوو كه شارێك هه‌یه تاڤگه‌ی زێڕ و سه‌رچاوه‌ی داهاته، كه‌چی منداڵێكی نه‌ته‌وه‌كه‌م له برساندا ده‌مری! وه‌ختی ڕاپه‌ڕینیش، ئازاد كردنی تۆ، وه‌كو به پایان گه‌یشتنی ڕاپه‌ڕین و ترۆپكی سه‌ركه‌وتن ته‌ماشا ده‌كرا، بۆیه له‌كن من گه‌وره‌تر و ئازیزتر بووی.
پارچه هه‌ره برینداره‌كه‌ی وڵات.. .
ئیدی تا ساڵی 2003 من ناو و ڕه‌سمی تۆم، ته‌نی له‌سه‌ر كاغه‌ز و شاشه و لافیته و مارش و گوتاره سیاسییه‌كانه‌وه ده‌دیت، دوای ئه‌وه‌ی له 2003 یش تۆم بۆ یه‌كه‌م جار دیت، نایشارمه‌وه هه‌ستێكم هه‌بوو تێكه‌ڵ به خۆشه‌ویستی و به‌زه‌یی پێداهاتنه‌وه، له هه‌مان ده‌مدا هێنده‌ی بۆنی بارووت و ته‌قه و ته‌قینه‌وه و شه‌ڕت لی ده‌هات، به‌داخه‌وه نیو هێنده، سیمای ژیاندۆستی و ته‌ناهی و خۆشگوزه‌رانیت پێوه دیار نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وسا منیش و براده‌ره هاوسهفهرهكانم، به‌وه دڵی خۆمان ده‌دایه‌وه، كه ئه‌وه سه‌ره‌تای ئازادییه و چه‌ند مانگێكی دیكه نابا، له هه‌ولێر و سلێمانی ده‌م به خهندهتر خۆت نمایش ده‌كه‌یت و ئێش و ناڵه‌ی چه‌ند ساڵه وه‌ده‌ر ده‌نێی، كه‌چی ساڵانی دواییش هه‌ر به‌و ده‌رد و حوزنه‌وه مایته‌وه. بیرمه كه له 2006 بۆ كارێكی ڕۆژنامه‌وانی هاتم كوچهكوچهی (په‌نجاعه‌لی) م به‌سه‌ر كرده‌وه، ئه‌و قوتابخانانهم دیت كه هه‌ر سوچێكی، خێزانێكی تێ ئاخنرابوو، ئه‌و كه‌لاوه و كوخانهم ڕه‌سم گرت، كه بی ماڵ و كه‌مده‌رامه‌ته‌كان به زۆر كردبوویانه شوێنی ئاكنجیبوون، ئه‌وسا ئه‌و خه‌ڵكه هه‌ر له باری ناسه‌قامگیری شاره‌كه‌یان دوودڵ و خه‌مگین نه‌بوون، به‌ڵكو كۆڵی گله و گازنده‌شیان له حیزبه فه‌رمانڕه‌واكانی كوردستان هه‌بوو، كه ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر زه‌مینی كه‌ركووكیش حیزبایه‌تییه‌كی تۆخ ده‌كه‌ن، به‌جۆرێك هه‌موو ڕه‌نگه‌كانی حكومه‌تداری و كوردایه‌تی كاڵ كردووه‌ته‌وه.
به‌داخه‌وه، دوای تێپه‌ڕینی بیست و چار ساڵ به‌سه‌ر ڕاپه‌ڕین و دوازده ساڵ كه‌وتنی ڕژێمی به‌عس، كه‌چی هێشتا تۆ هه‌ر هه‌ناسه‌ت ته‌نگ و دڵت نائارام و ڕۆحت بی ئۆقره‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له قه‌ده‌ری تۆدا نووسرابێت، كه ئه‌گه‌ر هه‌موو شار و شوێنێكی دونیا، به (په‌ترۆل) بانگی خۆشگوزه‌رانی بده‌ن و سامانی سروشتی بۆیان ببێته كلیلی ده‌وڵه‌مه‌ندی و ده‌روازه‌ی گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتن، ئه‌وا بۆ تۆ ببێته ده‌ردی سه‌ر و به‌ڵا و ئافات.. . له‌به‌ر ئه‌وه بمبووره ئه‌ی شاره قوربانیده‌ر و ماندووهكه كه ده‌ڵێم، خۆزگه من هه‌ر منداڵ بام و ناو و وێنه‌ی تۆم له گه‌مه‌ی كیژان و گۆرانییه‌كه‌ی ناسر و ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه‌ی كه‌ركووك ببیستایه و ببینیایه، به‌ڵام هه‌زار خۆزگه تۆ بۆ یه‌كجاری ڕه‌نگی دوكه‌ڵ و بۆنی باروت و ده‌نگی ته‌قه وازی لێت دههاورد و خاسه و قه‌ڵا و حه‌سیره‌كه.. . پڕ پڕ ده‌بوون له ڕه‌نگ و ده‌نگ و بۆنی ژیان و ئاوه‌دانی.. .
زیاد ڕه‌شاد قادر
zirak1974@yahoo. com