ئاماژه‌كان تا دێت نائومێدی قووڵ ده‌كاته‌وه له باره‌ی هه‌وڵه‌كانی یه‌كێنی بۆ چاكسازی و گۆرانكاری دوا به‌دوای شكسته به‌رچاوه‌كه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كه له پایزی ئه‌مساڵدا به‌رێوه چوو، من ناتوانم بڵێم یه‌كێتی به ته‌واوه‌تی گه‌یشتوه‌ته بن به‌ست له‌و هه‌وڵانه به‌ڵام زۆر ئاسته‌مه سه‌ران و باڵه ناكۆك و نا ته‌باكانی به ئاسانی مل بده‌ن بۆ ئه‌نجامی هه‌ر گۆرانكاری و ریفۆرمێك ئه‌گه‌ر نه‌گه‌رێته‌وه به قازانج و بهرژهوهندێكانیان به تایبه‌ت باڵی ده‌ست رۆیشتووی بنه ماڵه به‌وه‌ی كه فایلی ئاسایشی له ده‌ستدایه و ئاماده نیه له ژێر فشاری جیاوازدا (فشاری باڵه‌كانی تری ناو یه‌كێتی و فشاری پارته سیاسیه‌كان و فشاری ره‌وشی ناوچه‌كه به گشتی) راده‌ستی ئه‌و پۆسته هه‌ستیارانه به سه‌رچاوه‌كانی داهاته‌وه به هێڵی گشتی ناو یه‌كێتی بكات چونكه به سانایی به مانای خۆكوژی و دوورخستنه‌وه‌یان دێته‌وه له بازنه‌كانی بریار و ده‌سه‌ڵات و ناوه‌نده‌كانی كاریگه‌ری له حیزب و حكومه‌تدا،
هه‌ڵه كوشنده‌كانی یه‌كێتی له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا
یه‌كه‌م: له گه‌رمه‌ی بێزاری و نارهزایهتێكانی كۆمه‌ڵگا به گشتی و رێكخستن و ئه‌ندامه‌كانی له كارنامه‌ی سیاسی یه‌كێتی له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌تایبه‌تی، له‌و كاته‌ی كه شه‌پۆلی گومان و تۆمه‌ته‌كان له سه‌ره‌وه بوون مه‌كته‌ب سیاسی یه‌كێتی له باتی ئه‌وه‌ی به ده‌سته جه‌معی ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه به ئاشكرا یان هه‌ر نه‌بێت به راشكاوی داوای لێ بوردن بكه‌ن له جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان و خه‌ڵكی كوردستان له باتی ئه‌و ههنَگاوانه ده‌ستیان كرد به خۆ دزینه‌وه له چوونه ژێر باری به‌رپرسیارێتی ئه‌و نوشستانه و هه‌وڵ دان بۆ خۆ رێكخستنه‌وه له ریزبه‌ندی نوێ پێر پێر كاری‌دا بۆ به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی نارهزایهتێكان و دابه‌زاندنی گوتاری خۆسه‌پاندن و (تهحددا كردن) ی ره‌وشه‌كه به بیانووی نا لۆجیكی و زانستی،به كورتی و به‌كوردی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نه‌یزانی یان نه‌یتوانی یان نه‌یده‌ویست ره‌فتاری سیاسی دروست بكات له گه‌ڵ ره‌خنه‌كان به ئارمانی چاكسازی و به خۆداچوونه‌وه چونكه باش گه‌یشتبوو كه به‌رپرسیارێتی یه‌كه‌م و سه‌ره‌كی ئه‌و ئاشبه‌تاڵه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی باڵی دهسترۆیوشتووهكهی ناو مه‌كته‌بی سیاسی كه كۆنترۆڵی پۆست و ده‌رامه‌ت و چاره‌نووسی هه‌موو ئۆرگانه‌كانی ناو یه‌كێتی كردوه به ده‌ستێكی ئاسنین
دووه‌م: مه‌كته‌ب سیاسی له دوای دوور كه‌وتنه‌وه له چاوی كامیره‌كان بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی كهتنێكیان ئه‌نجام دابێت و له دوای خه‌ڵوه‌تێكی سیاسی به كۆمه‌ڵ گه‌یشتن به بیرۆكه‌یه‌كی بلیمه‌تانه بۆ ده‌رباز بوون له‌و گێژاوه به به‌ستنی پلیمنیۆمێك به زووترین كات به‌ر له به‌ستنی كۆنَگره كه به نیازن هه‌موو كێشه‌كان له وێ تاو توێ و یه‌كلابكه‌نه‌وه و تاوه‌كو ئه‌و كاته رهنَگه كڵاو به سه‌ر نهیارهكانیانهوه نه‌مێنێت،
سێهه‌م: له باتی ئه‌وه‌ی ده‌ست به ته‌واوه‌تی بكێشنه‌وه له گه‌ڵ پارتی دیموكراسی كوردستاندا له هه‌ر نزیك بوونه‌وه‌یه‌كی سیاسی به تایبه‌ت هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رێكه‌وتن نامه شوومه ستراتیجیه‌كه كه بوو به مایه‌ی پاشه‌كشێی نه‌رمی یه‌كێتی له‌و ساته‌وه ئیمزا كراوه و رۆڵێكی دیاری كراوی هه‌بووه له به‌رفروان كردنی بێزاری و ناره‌زایه‌تیه‌كانی ناو بنكه و رێكخستنه‌كانی جگه له كه‌ڵه‌كه كردنی خه‌رمانی توره‌یی ناو زۆنَگی سه‌وز و ده‌ڤه‌ری سلێمانی به دیاری كراوی و كۆمه‌ڵگای كوردستانی به گشتی،
چواره‌م: دوور كه‌وتنه‌وه له به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن و بزتنه‌وه‌ی گۆران به په‌یره‌و كردنی سیاسه‌تی یاخی بوون و بار گرژی و زیندو نه‌كردنه‌وه‌ی رێكه‌وتن نامه‌ی ده‌باشان كه ده‌كرا بگۆردرێت بۆ هاوپه‌یمانێتی ستراتیجی راسته‌قینه وه‌ك (بدیل موچوعی) بۆ رێكه‌وتن نامه‌ی ستراتیجی و هاوپه‌یمانێتی له گه‌ڵ پارتیدا له كاتێكدا یه‌كێتی قورسایی و هه‌ژموونی كاریگه‌ری له خواره‌وه‌یه بهَ هۆی دابه‌زینی ژماره‌ی كورسێكانی له په‌رله‌مان و به‌و پێیه پێ ناچێ پارتی وه‌كو (شه‌ریكی ستراتیجی) له ده‌سه‌ڵاتدا لێره به‌دوا سه‌یری بكات،
پێنجه‌م: دوا خستنی ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارێزگای سلێمانی بۆ ماوه‌یه‌كی دوور له (30. 04. 2014) له دوای خۆ دزینه‌وه و موناوهراتی سیاسی و (موهاته‌راتی ئیعلامی) ، له هه‌مان كاتدا یاخی بوونی له راده‌ست كردنی پۆستی پارێزگای سلێمانی تاوه‌كو ئه‌و كاته ئه‌مه‌ش سه‌رجه‌م ره‌وشه‌كه‌ی به‌رو زۆنَگی قه‌یران و دوا خستنی جێ به جێ كردنی پرۆسه‌ی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌قامگیری و ئاسایش له ناوچه‌كه برد كه پشێوی به‌رچاوی به خۆیه‌وه بینوه له‌و كاته‌وه،
شه‌شه‌م: كه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك رووداوی نه‌خوازراو وه‌ك دیارده‌و و زهنَگێكی مه‌ترسی دار هه‌ر له ته‌قه كردن له شاسوار عبد الواحد و كوشتنی بۆدی گارده‌كه‌ی مام جلال تاوه‌كو به‌رفراوان بوونی دیارده‌كانی تووند و تیژی و كرده‌وه‌ی تیرۆرستی له ژێنگه‌یه‌كی ته‌م و مژاوی و گووماناوی و بێ به دوادا چووندا كه بووه‌ته مایه‌ی هه‌ژاندن و تۆقاندنی كۆمه‌ڵگا به گشتی، ئه‌و لێكه‌وتانه به دوور نیه له كێشمه‌كێشه ناو خۆیه‌كانی ناو پارتی ده‌سه‌ڵاته‌وه له ناوچه‌كه كه له‌مه زیاتر ناكرێت بشاردرێته‌وه،
حه‌وته‌م: كوشنده ترین هه‌ڵه‌كانی یه‌كێتی تیرۆر كردنی رۆژنامه نووسی بوێر و چاڵاكی گه‌رمیان كاوه گه‌رمیانی له زۆنَگی ده‌سه‌ڵاتیدا بوو له ههنَگاوێكی یه‌كجار ناله‌بارو نا جوامێردا كه بووه هۆكاری هه‌ڵگیرسانی ناره‌زایه‌تی و نیگه‌رانی تێكرا چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستانی كه بێ گوومان هه‌مووی روو به‌رووی یه‌كێتی ده‌بێته‌وه وه‌ك تاكه پارتی حوكمران به تایبه‌ت له ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان له كاتێكدا تا ئه‌م كاته هیچ به‌رپرسێكی ئاسایش نه‌چووته ژێر باری ئه‌م (ئیختراقه) شه‌رمه‌زاری هێنه‌ره كه گوومانی گه‌ره‌تره ده‌خاته سه‌ر هه‌وڵی ئه‌و دامه‌زراوانه له پاراستنی ئسایشی تاك و ئارامی كۆمه‌ڵگا،
له كۆتایدا و له دوای ئه‌و هه‌موو ئه‌و هه‌ڵه كوشندانه كێ باوه‌ر ده‌كات یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ست ده‌داته گۆرانكاری راسته‌قینه، من خۆم له‌و باوه‌ره‌دام كه ئه‌و پارته له ره‌وشێكدایه ناتوانێت به‌رده‌وام نه‌بێت له هه‌ڵه كردن و تێوه‌گلان له كاری دڵ ته‌زێن و تراجیدیانه،
شرۆڤه كاری سیاسی
مامۆستا محمد گه‌رمیانی
سلێمانی