
پێش ڕۆچوون
سه‌یر كردنی وسیمای هوجام له دوا ساته‌كانی ژیانیدا،جیاوازیه‌كی نیه له سه‌یركردنی سیمای مه‌سیح له دوا ساته‌كانی له خاچداندا،هه‌ردوك هه‌مان ڕسته‌ی نائومێدی به سیمایانه‌وه دیاره (خودایه بۆچی به ته‌نهایی به جێت هێشتم! كه تاكو ساتی جی به جی كردنی سزا‌و ته‌نینه‌وه‌ی ئازاره‌كانیان،ئه‌وان به ته‌واوی قه‌ناعه‌ته‌وه به‌ره‌و مردن نه‌ده‌چوون له چاوه‌ڕوانیی په‌رجوودا بوون،له‌و كاته‌ی كه‌وتنه به‌ر چاره‌نووسی مردنه‌وه له نێوان هه‌ردوو مرۆڤدا كه به‌رجه‌سته‌ی گومان ونهشیان وقه‌بووڵ نه‌كردن ده‌كات هه‌ردوك تیایدا هاوبه‌شن.
هه‌ردوك سیمای ئازاره‌كانی ناوه‌وه‌یان ته‌نها بۆ خودی خۆیانه‌و له دابڕانێكی یه‌كجاره‌كی وتهنهاییهكی یه‌كجاره‌كی له بووندا هه‌ست به خۆیان ده‌كه‌ن،ته‌نهاییه‌ك كه ده‌ربڕین لهكۆتاییهكی یه‌كجاره‌كیی ژیان ده‌كات،كه نه‌مرۆڤ ونه هیچ هێزێك ڕزگاریان ناكاو بوون خۆی كۆتایی به په‌رجووه‌كانی خۆی هێناوه‌و ده‌ست به‌رداری مرۆڤ بووه.
لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین بنیاتی شاراوه‌ی ئه‌و سیما جیاوازانه بدۆزینه‌وه كه وێنه‌كه‌ی هوخام ده‌یخه‌نه بیركردنه‌وه‌مانه‌وه.
فانتازیای جێگیر بوونی سیما‌و ڕوانین له نێوان هوجام ومهسیحدا
ڕوانینی هوجام،بینینی شته‌كانه له‌و په‌ڕی بی مانایی وله‌و په‌ڕی ناواتاییدا،كاتێك ئه‌و ڕوانینه ده‌چێته‌وه سه‌ر زه‌مه‌نێكی دابڕاو له هه‌موو مانایه‌ك كه بۆی هه‌بێت مرۆڤ له بووندا بسه‌لمێنی وئه‌و بوونه‌ش هیچ به‌هایه‌كی هه‌بێت په‌یوه‌ست به هه‌موو ئه‌و باوه‌ڕانه‌ی بۆیان هه‌یه مانایه‌ك به ئاماده‌بوون ببه‌خشن،چونكه ئه‌و تێڕوانینه له حاڵه‌تی جێگیر بوونی دوای هه‌ست كردنه به ترس،دوای هه‌ست كردنه به‌وه‌ی ده‌شی كاری وا ڕوونه‌دات،دوای به‌زه‌یی به خۆدا هاتنه‌وه‌یه،به‌م مانایه جێگیر بوونی تێڕوانینه‌كانی چاو جێگیر بوونی ئه‌و دیوی بیركردنه‌وه‌یه له هه‌ر مانایه‌ك كه بۆی هه‌بێت ڕێگه له ڕووداو بگرێت،خۆ سازدانێكی ده‌روونی وجهستهییه بۆ ئاست وقه‌باره‌ی ئه‌و كرداره گه‌وره‌یه‌ی كه ده‌بی به‌رگه‌ی بگرێت،به‌مه‌ش سیماكانی هوجام له دوا ساتدا دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه له خه‌م وپه‌ژاره‌یی وهه‌موو حه‌ماسه‌تێكی ده‌روونی بۆ وه‌ستان وبه‌رگه گرتن له پێناوی ئازاد بوون له ڕووداو،به‌وه‌ی مردنی ئه‌و به‌م ڕێگه‌یه مردنێكی بیرلێكراوهیهو مردنێكه خۆ ئاماده‌كردنی ناخه‌كی ومانهویی بۆ كرابێت،بۆیه شێوه‌ی ده‌م وچاو خاوێن بۆته‌وه له هه‌موو لۆچ بوون ودهربڕینێك كه مانایه‌كی هه‌ستیار بداته ده‌سته‌وه،ته‌نها به‌رز بوونه‌وه‌ی برژانگی ڕاستی به‌دی ده‌كه‌ین كه ده‌ربڕین له‌و جێگیر بوونه ده‌روونی و مانه‌ویه ده‌كات كه ئه‌وی تێدا ده‌ژێت،
بیركردنه‌وه له‌و ساته ده‌روونیه‌ی مه‌سیحی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت كاتێك بزمار به ده‌ست وپێ وجهستهیدا ده‌كه‌ن،جیاواز نیه له‌و ساته‌ی چه‌قۆ به ملی هوجامدا دێنن،ئه‌گه‌ر ئه‌و پێك گه‌یشتنه‌وه‌یه بۆ یه‌ك چركه‌ش بێت،پانۆرامایهكن بۆ ئه‌و ڕاستیه‌ی كه قوربانی هه‌میشه ئه‌و كه‌سانه‌یه كه به‌ره‌و مردن ده‌چن وشایهستهی ئه‌و مردنه نین و هه‌میشه ئه‌وان ده‌كه‌نه كه‌سێك كه بۆ خۆی نه‌ژیاوه. له‌وه بترازێت هیچ مانا‌و ده‌لاله‌تێكی زێده ناخاته سه‌ر سیماوه. لێره‌وه فانتازیای سیما‌و ساتی بیركردنه‌وه، به‌رهه‌م هێنانی وه‌ستانێكه كه ته‌نانه‌ت بچووكترین ئاماژه‌ش ده‌سڕێته‌وه كه ده‌شی ناخی ئه‌و بخه‌نه به‌ر شیكردنه‌وه،فانتازبای سیما فانتازیای وه‌ستانه له بیركردنه‌وه له هه‌موو ئه‌گه‌رو هه‌موو مانایه‌ك وهه‌موو ئاماژه‌یه‌ك كه بۆی هه‌بێت دنیای قوربانی وه‌كو دنیایه‌كی جیاواز به‌رجه‌سته بكات،ته‌نها ئاماژه‌كانی نائومێدی نه‌بێت له‌و چاره‌نووسه كه ده‌ربڕین له دوو ڕوویی ودرۆو زۆرداریی مرۆڤ ده‌كات به‌رامبه‌ر به مرۆڤ، به‌م مانایه‌ش سیما له كردارێكی ههڵنانهوهو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌دایه،كه له بناغه‌وه جووڵه‌یه‌كی ناخهكیهو له سیمای ڕووكه‌شدا شاردراوه ته‌وه،ههڵنانهوه به‌وه‌ی له توانای ئه‌ودایه ئازاره‌كانی كردار تێپه‌ڕ كات وده‌بی به‌رگه‌ی ئه‌و ئازاره بگرێت،هه‌ڵوه‌شانه‌وه به‌وه‌ی ئه‌م ئازاره زۆر گه‌وره‌یه‌و به‌رگه گرتنی زه‌حمه‌ته. له نێوان ئه‌م دوو هه‌سته‌دا سیما هه‌موو شوێنه‌وارێكی ئه‌م دووجووڵه پارادۆكسیهی شاردۆته‌وه،چونكه زه‌مه‌ن چیتر درێژبوونه‌وه‌ی بۆ نیه كه توانای له خۆ گرتنی ئه‌و جێگیر بوونه ده‌روونیه‌ی ئه‌وی هه‌بێت. ئه‌و تێڕوانینه چه‌سپاوو جووڵه‌داره ناخیهكهی له هه‌موو جووڵه‌یه‌كی یا به‌خشینێكی مانا شاردۆته‌وه،چونكه تاقه په‌یوه‌ستێك له گه‌ڵ بوونی خۆیدا دروست ده‌كات كه ئه‌و ئیتر دابڕاوه له هه‌موو كه‌سه نزیكه‌كانی خۆی.
به‌م مانایه جێگیر بوونی سیما ته‌نها خۆ دانه ده‌ست چاره‌نووسه‌وه نیه،به‌ڵكو خۆ دانه به‌ر ئه‌و میكانیزمه مێژووییه‌وه‌یه كه ناگۆڕێت وهه‌میشه ده‌سه‌ڵاتێك توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه ڕاستی وشیاوو گونجاوه‌كان سه‌راو ژێركاو هه‌میشه ده‌سته ڕه‌شه‌كانی مردن بخاته سه‌ر جه‌سته‌ی قوربانیه‌وه،كه جه‌سته‌ی مه‌سیح وهوجام له كۆتاییدا دوو جه‌سته‌ن ده‌بنه هێمایه‌ك بۆ نه‌گۆڕان ووه‌ستان به دیار گۆڕستانه‌كانی مێژووه‌وه،وه‌ستان له سه‌ر مردنی هه‌موو مانایه‌ك كه قوربانی له مردنێكی هه‌میشه‌یی ڕزگار كات ومانا له لای مرۆڤ بكاته به‌هایه‌كی باوهڕپێكراوو باوه‌ڕێك كه ده‌رفه‌تی سه‌ركه‌وتنی هه‌بێت به سه‌ر ئه‌و هه‌ژموونگه‌راییه مێژووییه‌وه.
1- مه‌سیح وهوجام، نا‌ئومێد بوون له زه‌مه‌ن وشوێنی به یه‌ك گه‌یشتنه‌وه له گه‌ڵ چاره‌نووسدا:
هه‌موو ئه‌و وه‌ستان وچهسپاویهی سیماكانی هوجام له داماڵینی مانا‌و جیا بوونه‌وه له شوێن وزه‌مه‌ن وده‌وروبه‌ر ته‌نها مانایه‌ك به‌رهه‌م دێنن،كه ئه‌ویش گه‌یشتنه به ترۆپكی نائومێدیه‌كان،به ترۆپكی ته‌سلیم بوون وخۆ دانه ده‌سته‌وه‌و قه‌بووڵكردنی ڕووداو وه‌كو واقیعێكی داسه‌پاو،به لایه‌نی مهسیحهوهش نائومێدیی ئه‌و له‌و ساته‌دایه كه ده‌زانی بوون ونه‌مانی ئه‌و له نێو ئه‌و ژیانه‌دایه كه له سه‌ر زه‌ویه‌و ئه‌و له نێو ئه‌و بوونه‌یدا بوونێكی ڕاسته‌قینه‌یه‌و شایه‌سته‌ی گۆڕانه،هێزێك هه‌یه بۆی هه‌یه ئه‌و هه‌ر له نێو دنیا خودیهكهی خۆیدا بهێڵێته‌وه. بۆچی نائومێدی وئه‌م نائومێدیه‌ش چ په‌یوه‌ستێكی به ڕووداوی مردن وشوێنه‌وه هه‌یه؟
نائومێدی هوجام ده‌ربڕین له‌و ساته ناكات كه هێزێك هه‌یه‌و له‌و ساته‌دا به دیاری كراوی ده‌توانی ئه‌و ده‌سته‌ی به سه‌ر سه‌ریه‌وه‌یه‌تی لای به‌ری،هه‌ر هێزێكی دیارونادیار،به‌ڵكو نائومێدیی ئه‌و له‌و هه‌سته‌وه چه‌كه‌ره ده‌كات كه سیما چه‌سپاوه‌كانی شایه‌دیی له سه‌ر ده‌ده‌ن¸كه زه‌مه‌نێك له ئارادایه زه‌مه‌نی چه‌قۆ به دهستهكانهو شوێنێك هه‌یه ئه‌و بۆ خۆی ده‌بات،كه سادی ترین ڕهمهكیهكانی مرۆڤ ده‌خه‌نه شوێنهوهو ئه‌و ده‌كه‌نه ته‌نها ترین كه‌سی دنیا له زه‌مه‌ندا. مه‌سیح وهوجام له هه‌ژموونی ئه‌وپه‌ڕی ئازار‌و ئه‌وپه‌ڕی تێپه‌ڕاندنی ئازاردا له ته‌نهایی وجیاوازیدا، هه‌مان زه‌مه‌ن وشوێن وهه‌مان مانا ده‌خه‌نه بیرمانه‌وه،
چۆك دادانی هوجام چۆك دادانه به‌رامبه‌ر هه‌موو ماناكانی ئه‌و چاره‌نووسه نه‌زانراوه‌ی كه ئه‌و ده‌كه‌نه قوربانی،كه چۆن ئه‌و له ساتی ڕووداودا نه‌یتوانی ئه‌و چاره‌نووسه له شوێنی خۆی بوه‌ستێنی وله گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌و هێزێكی بی سنوور له سیمای‌دا شاردراوه‌ته‌وه به‌رامبه‌ر به‌و بكوژه‌ی به‌ره‌و ئه‌م چاره‌نووسه‌ی ده‌بات چۆك دادانی مه‌سیحیش ده‌ربڕین كردنه له‌و ساته تاریكه‌ی كه تێده‌گات مرۆڤ قه‌تاو قه‌ت له بوونه قوربانی ڕزگاری نابی وهه‌میشه مێژوو خاوه‌نی یه‌ك مانای چه‌سپاوه،بكوژێك هه‌یه‌و گرنگ نیه چ پێگه‌یه‌كی هه‌یه‌و قوربانی ده‌خاته ئه‌ودیوی مێژووه‌وه،قوربانیهكیش هه‌یه بۆیه قوربانیه چونكه هه‌میشه له دنیای ڕاستیه‌كانه‌وه گوزه‌ر ده‌كات وبه نائومێدیه‌وه ته‌سلیمی چاره‌نووس ده‌بی وبه‌و مردنه‌وه له گه‌ڵ چاره‌نووسدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه،ئیتر گواستنه‌وه‌كانی زه‌مه‌ن وشوێن،له گوندێكی كوردستانه‌وه،له‌نێو ماڵ ومنداڵیهوه،له نێو كه‌س وكارو زه‌ویه‌كی پڕ له هۆگریه‌وه، به‌ره‌و شارێكی ووشك وبرینگ وپڕ له بكوژ،به‌ره‌و زه‌مه‌ن وشوێنێكی پڕ له غوربه‌تی وناسۆزداری وپڕ له وه‌حشه‌تی ده‌بات،مه‌سیحیش یهرهو به‌رزاییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شار ده‌بردری و له‌و شوێن وزهمهنه ده‌ری ده‌كه‌نه ده‌ره‌وه كه په‌یوه‌ستی ئه‌و به‌وانی دیه‌وه ده‌هێڵنه‌وه،شوێنێك كه ته‌نها به‌رجه‌سته‌ی تاك بوون ومردن وزهمهنێكی پڕ له ڕههمهكی بوون ده‌كات، لێره‌وه نائومێدیی هوجام ومه‌سیح پێش ڕووداو گه‌وره‌تره له خودی ڕووداو،هه‌ربۆیه نه كێردێكی تیژ كرا‌و نه ده‌ستی چه‌په‌ڵی بكوژ نه توند‌و تیژی ونه مردنی ئه‌و نه بزمارو سه‌ری ڕم وچهكوشه ئاسنینه‌كانی سه‌ر جه‌سته‌ی مه‌سیح، ناتوانن ئه‌و ڕوانینه گه‌وره‌یه له سیما شاردراوهكهیاندا بسڕنه‌وه كه ده‌لاله‌ت له كه‌وتنی زه‌مه‌نی مرۆڤ ده‌كات،كه‌وتنی باوه‌ڕو هه‌موو به‌هایه‌ك كه بۆی هه‌بێت ئێمه وه‌كو مرۆڤ بخاته بوونه‌وه‌و نه‌مان گه‌ڕێنێته‌وه بۆ دڕنده‌یی ناو جه‌نگه‌ڵ،، به‌م مانایه،نائومێدی ئه‌و هێزه خودیه بی سنووره‌یه كه هوجام ومه‌سیح ده‌خه‌نه به‌رده‌م هه‌موو ئه‌گه‌رێكه‌وه،،به‌ڵام ئه‌وان له‌وپه‌ڕی سه‌ركێشی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌دان،له‌وپه‌ڕی بیرنهكردنهوهدان له‌وه‌ی به سه‌ریاندا دێت،به‌ڵكو بیر‌و جه‌سته‌یان له شوێنێكی دیكهدان.. سیماكانی هوجام ومه‌سیح له باری وه‌رگرتنی ڕووداو‌و تاسانهكانی ڕووداو په‌ڕیونه‌ته‌وه به‌ره‌و ئه‌و هێزی وه‌ستانه‌ی كه توانای ئه‌وه‌یان پی ده‌به‌خشن به‌رامبه‌ر بكوژه‌كانیان بوه‌ستن و به‌ڵكو به‌رامبه‌ر به خودی ترس له مردنیش بوه‌ستن،،هێشتنه‌وه‌ی جه‌سته‌و ڕوانین له ئاماده‌ییه‌كی نازهمهنی ونا شوێنی،هه‌ركاتێك بیریان له زێد‌و نزیكه‌كانی خۆیان وماڵ وزه‌ویی خۆیان كرده‌وه،ئه‌و ده‌ستانه‌ی به سه‌ر سه‌ری ئه‌وانه‌وه بوون،ده‌ستێك نه‌بوون ته‌نها به سه‌ر ئه‌وانه‌وه بن وده‌ستێك بن ته‌نها له یه‌ك مانا و له یه‌ك زه‌مه‌ندا بێننه كایه‌وه،به‌ڵكو ده‌ستێكن بكوژه‌كان له زه‌مه‌نێكه‌وه ڕاده‌ستی یه‌كتریی ده‌كه‌ن قورانیهكانیش هه‌مان قوربانین،ئه‌و ده‌ستانه له سه‌ر سه‌ری نه‌ته‌وه‌و گهلێكدان بۆ ماوه‌ی زیاتر له هه‌زاران ساڵ هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ی برایه‌ك برایه‌كی دیكه‌ی ده‌كوژێت وئه‌م كوشتنه‌ش ڕێی پی ده‌دری و له دواییدا مرۆڤ ده‌كرێته به‌رپرسی هه‌موو ئه‌و خوێنه ڕژاوه،،ئه‌وان له‌و ساته‌دا تراژیدیاكانی ئازار‌و مردنیان،ده‌بنه هێمایه‌ك بۆ ئازاری مردنێكی مێژوویی. كه گه‌وره‌ترین ده‌لاله‌ته‌كانی هه‌ر ئه‌وه ده‌بێت كه ئێمه خاوه‌نی چاره‌نووسێكی هه‌ژموونگه‌رای بی به‌زه‌یی و نه‌گۆڕین كه نه كتێبه‌كان ونه به‌هاو ئایدیاله گه‌وره‌و بچووكه‌كان نه‌یان توانی بمان كهنه مرۆڤێكی جیاواز له بكوژ،له خاچدانی جه‌سته‌ی مه‌سیح وسه‌ربڕینی هوجام،ته‌نها جه‌سته‌ی دوو مرۆڤ ودوو شوێن ودوو زه‌مه‌ن نین،به‌ڵكو له خاچدان وبی سه‌رو شوێن كردن وبه زیندوویی له گۆڕنان وسوتاندن وكیمیا باران كردن وئاگر تێبه‌ردانی جه‌سته‌ی هه‌موو مرۆڤایه‌تیه،له هه‌ر زه‌مه‌ن وله هه‌ر شوێن وهه‌ر سه‌رده‌مێكی مێژوویی‌دا كه به هۆی پاساوی ئایدۆلۆژی وباوهڕداریهوه مرۆڤ ڕه‌وایه‌تی به كوشتنی مرۆڤ ده‌دات،قوربانیه‌كان به سهرهاتهكانیان دووباره ده‌بنه‌وه،ئه‌و ده‌ستانه‌ی له سه‌ر سه‌ری هوجامن وئه‌و ده‌ستانه‌ی ده‌ست وپێی مه‌سیح بزمار ڕێژ ده‌كه‌ن،هه‌مان ئه‌و ده‌ستانه‌ن كه توانای به‌رهه‌م هێنانی ئه‌وه‌نده ترس وتۆقاندنن،خاوه‌نی زه‌مه‌نێكی بكوژی مێژوویین،كه نهزهمهن ده‌یگۆڕی ونه له شوێندا ده‌گۆڕێت،شوێن وه‌كو گومانێك به درێژایی ئه‌و زه‌مه‌نه به‌رجه‌سته‌ی ڕه‌مه‌كی بوونی مرۆڤ ده‌كات،شوێن به درێژایی مێژوو نه‌فره‌تێكه نابڕێته‌وه‌و كۆتایی نایه‌ت وهه‌موو ئه‌و خوێنه‌ی به درێژایی مێژوو لێمان ده‌چۆڕێت بۆ نهفرهتیهكانی شوێن ده‌گه‌ڕێته‌وه كه خراوه‌ته به‌ر گومانی موڵكدارێتی وگومانی مرۆڤ بوونمانه‌وه،نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه ناسنامه‌ی بوون وشوێن وزه‌مه‌نی خۆی وه‌كو كورد ده‌خاته جوگرافیایهكهوه ه،ئه‌و ته‌نها له سه‌ر ئه‌و مانایه له سێداره ده‌درێت وسه‌ر ده‌بڕدرێت كاتێك ئه‌و شوێن وئه‌و زه‌مه‌نه‌و ئه‌و بوونه به هی ئه‌و نابینن و ئه‌و شوێنه‌و ده‌لاله‌ته‌كانی هه‌مان ئه‌و شوێنه‌ن كه مرۆڤێك لێی قه‌بووڵ ناكرێت ته‌نانه‌ت ڕووی بۆ چه‌پۆكی زۆردارهكانیش لار كاته‌وه،زه‌مه‌نی شمشێر به ده‌سته خواوه‌نده خاوه‌ن شوێنه‌كان. بۆیه نائومێدیی هوجام ومه‌سیح له‌و چاره‌نووسه‌ی خۆیان هێمایه‌كی شاراوه‌یه بۆ ئه‌و چاره‌نووسه‌ی هه‌زاران ساڵه ده‌یه‌وی ده‌سته چه‌په‌ڵه‌كانی هه‌ژموون وداسهپاندن له سه‌ر سه‌ری مرۆڤ لابه‌رێت ئه‌مڕۆش ئه‌و ده‌سته چه‌په‌ڵانه به شمشێرو كێردو خه‌نجه‌ره تیژ كراوه‌كانه‌وه هه‌روا به سه‌ر سه‌ری مرۆڤه‌وه‌ن. كێردو بزماره‌كان ناسنامه‌و عه‌قڵی كولتووری زه‌مه‌ن و شوێنی مرۆڤێكن كه له‌م جوگرافیایه‌دا هێشتا له زه‌مه‌ندا نه‌یان توانیوه مانایه‌كی تازه‌ی مرۆڤ بوون به‌رهه‌م بێنن و مرۆڤ بوونی خۆیان بسه‌لمێنن.
٢- تاسان وسهرسامیی نا‌ئومێد بوون:
ناتوانین له‌و سیما قووڵ وخۆخواردنه‌وه قووڵه‌ی هوجامدا ئه‌و هه‌سته تێرۆر كراوه‌ی ئه‌و له زه‌ین وچاوو بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و لابه‌رین،تێرۆر كردنی هه‌ست كردن به مرۆڤایه‌تی بوون،هه‌ست كردن به جه‌سته‌ی خود،هه‌ست كردن به‌وه‌ی كه ئه‌و ده‌خه‌نه سه‌رده‌مێكه‌وه هیچ خه‌ونێكی تێدا بێت،به‌ڵكو ته‌نها ئه‌و ده‌خه‌نه باری به ئاگا هاتنه‌وه‌یه‌كی تاسێنهرو هوروژوم هێنهرله نێوكرداری خۆ بینینه‌وه‌و خۆ بزركردندا،كه بۆ ساتێك پێشبینیی شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی مردن دهكاو له ساتێكیشدا ده‌یه‌وی ئه‌و مردنه له بیر بكات به ئاگا بوون،ناتوانی مرۆڤێك له هاودهلالهتیی بكوژ‌و كوژراو دهركاته ده‌ره‌وه،هه‌ربۆیه تاسان به ڕووداو‌و سه‌رسام بوون به لایه‌نی هوجامهوه له بیركردنه‌وه‌یدا په‌یوه‌سته به‌و نائومێدیه قووڵه‌ی ئه‌وه‌وه،چونكه هئهوهتانی هه‌موو ئه‌و دنیا بینیه ساكاره‌و ماناكانی ئه‌و ژیانه ساكاره‌ی ئه‌و یه‌ك له دوای یه‌ك ده‌ڕووخێن وته‌نها ساتی تاسان وسهرسامیهكی تۆقێنهربهرههم دێنن،لێره‌دا نا‌ئومێد بوون ده‌بێته ئه‌و خۆ كۆكردنه‌وه بی هوودهییهی فهرامۆشیهك بۆ جه‌سته دێنێته كایه‌وه كه تاكو دوا ساتی جی هێشتنی ژیان به‌رگه‌ی ئه‌و ساته ئاگراوی ودۆزهخیانه بگرێت كه وه‌كو ڕه‌شاوی ئاگراویی بیابان وكولتووری بیابان بوون جه‌سته‌و هۆشی تێرۆر ده‌كه‌ن.
به لایه‌نی مه‌سیحه‌وه ڕوانینی مه‌سیح هه‌میشه به‌ره‌و ئاسمانه‌و چیتر سه‌یری مرۆڤه‌كان ناكات وله سیمایان وورد نابێته‌وه،ساته‌كانی ئه‌وپه‌ڕی ئازار‌و ئه‌وپه‌ڕی ڕه‌ش بوونی ناخ وترس وتۆقاندن له‌وێدا گه‌وره ده‌بنه‌وه‌و وه‌كو دوا ساته‌كانی هوجام خۆیان دووباره ده‌كه‌نه‌وه كه ئیتر هیچ هیوایه‌ك وترووسكایی هیچ ئومێدێك به ناخیدا نایات وته‌نها پرسیاری بی هووده‌ی له لادا دروست ده‌كه‌ن،به‌لایه‌نی مه‌سیحه‌وه ئه‌وه‌تانی ئه‌وه مه‌سیحه ته‌نها ئه‌وه، ته‌نها ئه‌وه، ده‌بێته هێمای كوشتن وتێرۆر كردنی مرۆڤ به ده‌ستی مرۆڤ،ئه‌وه ته‌نها خودی ئه‌وه به ته‌نها ئه‌وه به‌ره‌و ڕووی ئه‌وه‌نده ئازار‌و ئه‌وه‌نده تۆقاندن ده‌بێته‌وه ته‌نها ئه‌وه‌و كه‌سی تر باجی به‌ها ئایدیالهكان نادات،له‌و ساته‌دا قورسایی پرسیاره‌كان زۆر له‌وه گه‌وره‌ترن كه به‌رگه‌یان بگرێت،لار بوونه‌وه‌و له ده‌ستدانی ئاگایی ئه‌و به ته‌واوی له‌و ساته‌دایه نه‌ك له ساتی له خاچدانی،چونكه ئه‌و ساته‌یه كه ئومێد هه‌ر ئومێدێك ئه‌گه‌ر هه‌شبێت هیچ مانایه‌كی نامێنێت،چونكه هێزی نا‌ئومێد بوون هه‌ر له‌و ساته‌وه بووه كولتووری زه‌وی ومرۆڤهكانی هه‌ر ئوه بووه كه مرۆڤێك برایه‌كی خۆی كوشت وتاوانی جه‌سته‌یی ئه‌نجام دا ئیتر له هه‌موو زه‌مه‌نه‌كاندا ڕه‌وایه‌تیه‌ك هاته كایه‌وه بۆ كوشتن وكه‌وتنی بههاوله پاشاندا بۆ سه‌ركه‌وتنی بكوژ‌و تێرۆر كردنی هه‌ر جیاوازیه‌ك،
به‌م مانایه‌ش ساتی تاسانی هوجام وتاسانی مه‌سیح و سه‌ر سام بوونیان به ڕووداو تێگه‌یشتنیانه له ته‌نهایی خۆیان،له ئازاری خۆیان،له تێرۆر كردن وتۆقاندنی خۆیان. ئه‌و ساته‌ی كه له‌وه تێده‌گه‌ن،تاكو جه‌سته خوێنی پێدا بڕوا‌و ئاسن تیژ بكرێت،خوێنی مرۆڤ بۆ هه‌میشه به سه‌ر زه‌ویدا ده‌ڕژێت.
ئێمه‌و هوجام ومه‌سیح:
كاردانه‌وه‌ی ئێمه به‌رامبه‌ر به دوو مرۆڤ كه ده‌بنه قوربانیی خۆ به خودا كردنی مرۆڤ له سه‌ر زه‌ویدا ده‌بنه به‌شێك له ئاگایی وتێگهیشتنمان هه‌ر كاتێك ئه‌و نائومێدی وتاسانانهی مه‌سیح وهوجام شوێنێك له ناخماندا بۆ هه‌میشه داگیر ده‌كه‌ن،به‌وه‌ی نائومێدیی هوجام له‌وێوه‌یه كه نهتوهیهك ده‌كرێته ئامانج ومافی ژیانی پی به ڕه‌وا نابینری وهه‌موو ناسنامه‌یه‌كی مرۆڤ بوونی لی ده‌سه‌نرێته‌وه‌و له‌وانه‌ش گرنگتر له دوا سه‌رده‌می هه‌زاران ساڵه‌ی پێكه‌وه ژیانی مرۆڤدا،دیارده‌ی سه‌ربڕینی مرۆڤ له نێو كولتوورێكی ڕه‌شدا وه‌كو خۆی زیندوو ده‌بێته‌وه،ئه‌م كرداره‌ش له دواییدا ده‌بێته هێماوبنیاتی مانایه‌كی مێژوویی،كه ئه‌وه هوجام نیه بكوژێك ده‌یكوژی،به‌ڵكو ئه‌وه مێژوویه‌كه كه شمشێرو كێرده‌كه‌ی ئاماده‌یه له چوارچێوه‌ی ئه‌و كولتووره به بیان كراوه‌دا هه‌موو مرۆڤێكی جیاواز بكوژێت،ئه‌و كولتووره فره هێزو فره لادان وفره ناسنامهیهو له هه‌ر سه‌رده‌مێكدا به ڕه‌نگێك خۆی نمایش دهكاو دنیا بینی وتێڕوانینی خۆی به سه‌ر كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كاندا ده‌سه‌پێنی،سه‌ربڕینی هوجام بۆ سه‌دان جاری دیكه سه‌لماندیه‌وه كه كورد هیچ په‌یوه‌ستێكی نه گیانی ونه فیكری ونه واقیعیی به‌و كولتووره‌وه نیه‌و به‌شێك نیه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیكه،به‌ڵكو كورد كه دوا نه‌توه‌ی سه‌ر زه‌مینه كه خاوه‌نی هیچ ناسنامه‌یه‌كی دان پێدا نراوو مافێكی دان پێدا نراودا نیه،ئه‌وه به ته‌نها ئه‌و كولتووره نیه كه به‌ره‌و سه‌ربڕینی ده‌بات،به‌ڵكو ئه‌وه بیركردنه‌وه‌و دنیا بینی وپێشكه‌وتنی كۆی مرۆڤایه‌تیه ده‌یكاته كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كوژراو‌و به قوربانی كرا‌و. به‌م مانایه‌ش ئه‌وه ته‌نها جه‌سته‌ی هوجام نیه كه دهكوژری به‌ڵكو ئه‌وه جه‌سته‌ی كۆی نه‌ته‌وه‌یه‌كه.
به لایه‌نی مه‌سیحه‌وه،له خاچدانی مه‌سیحیش هه‌روه‌ها له بنیاتی مانا‌و ده‌لاله‌ته‌كانی ئه‌و بنیاته‌دا ده‌بێته هێمایه‌ك بۆ شكستی مرۆڤ له بنبڕ كردنی بیری له خاچدان وڕه‌ت كردنه‌وه‌ی مرۆڤ،ئه‌وه‌تانی پاش زیاتر له دوو هه‌زار ساڵ له ژیان كردن وبیركردنه‌وه،هوجامهكان له‌م سه‌رده‌مه‌ی دوای مه‌سیحدا سه‌رده‌بڕدرێن،ئه‌وه‌تانی پاش ئه‌و ساڵه زۆرانه مرۆڤ به حه‌ماسه‌ته‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و خاڵه‌ی كه ده‌ستی پێكردوو،زه‌مه‌نه‌كان وشوێنه‌كانی كوشتن وله خاچدان وسه‌ربڕین زۆرتر ده‌بن،لو باوه‌ڕه‌شدا نیم بیری بوونی خوا‌و ئیلهام به‌خشینی به مرۆڤ ئه‌وه‌نده توند‌و تیژی وكوشتنی تێدا بێت،به‌ڵكو ئه‌وه مرۆڤه‌كانه كه بیر‌و مه‌مله‌كه‌تی ئه‌و خودایه‌یان پیس وبۆگه‌ن كرد‌و تاكو ئه‌مڕۆش بیری پێكه‌وه ژیان بیرێكه له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانه‌وه تاكو ئه‌مڕۆ ته‌نها یئهفسانهیهكه بۆ درۆكانی مرۆڤ له گه‌ڵ خۆی وباوه‌ڕی خۆیدا.