په‌نجه‌ره‌كه ده‌كه‌مه‌وه شێبا
نه‌بادا بۆسۆی غه‌ریبی
شه‌ڵاڵم كا له مه‌رگ
نه‌وه‌ك په‌نجه‌ی شیعره شێدارهكانم
ته‌زیو ته‌زیو هه‌ڵوه‌رێن
ئه‌وسا كی به وشه بووكهشووشهت بۆ چێكا
كی (ڕۆمیۆ) و (ئه‌لفریدۆ) [1]ت بۆ بخاته ڕسته‌وه
***
په‌نجه‌ره‌كه ده‌كه‌مه‌وه شێبا
كی ده‌ڵی سه‌بای ئه‌م سوبحه
بۆنی گوڵنارێكی كه‌ركووكی لی نایه
كی ده‌ڵی نه‌سیمی ئه‌م سه‌حه‌ره
له‌لای ڕه‌زه هه‌نجیرێكی هه‌ریر و باتاسهوه نایه
كی ده‌ڵی باوه‌شی ئه‌م كزه‌بایه
پڕ نییه له به‌رامه‌ی سنۆبه‌ره‌كانی هه‌یبه‌ت سوڵتان
كی ده‌ڵی ماڵی ئاوا ئه‌م بایه له خاكوخۆڵهوه هه‌ڵی نه‌كردووه[2]
***
په‌نجه‌ره‌كه ده‌كه‌مه‌وه شێبا
با تاڵه تیشكی ئێواره‌یه‌كی نارنجی
پڕ پڕمكا له نوور
نه‌بادا ئه‌م زه‌مهه‌ریری دوورییه
ئه‌م سڕ و سه‌قه‌می غوربه‌ته
ئه‌م نساری بی تۆییه
خوێن و ختووره و خه‌یاڵم بكاته بووز
***
په‌نجه‌ره‌كه ده‌كه‌مه‌وه شێبا
به‌ڵكو ماشێنێك تێپه‌ڕی
سه‌دای دهلۆی لۆی كاوێساغای لی به‌رز بێته‌وه
به‌ڵكو هه‌راوزه‌نای كۆمه‌ڵی منداڵ بێته به‌ر گوێم
كتومت له هاواری منداڵانی كۆڵانێكی ته‌یراوه بچی
به‌ڵكو چوار مهكتهبلی چكۆله ببینم
جانتای شانیان هه‌ر له هی (كاف) و (پی) [3] بچی
به‌ڵكو ئه‌ناناس فرۆشێكی گوی گران
دوگمه‌ی ڕادیۆكه‌ی بادا و
شیعرێك به ده‌نگی شوكروڵڵای بابان و په‌روین موشیری
ئه‌م ناوه پڕكا له جیلوه و جوڵه و جوانی
به‌ڵكو له‌پڕ گوێم له سیحری ده‌نگێك بی و بڵی:
"گه‌لی براده‌رینه ئه‌من ئهستێرهكم لی ههراتییه
له لایی ڕۆژههراتی
قه‌ت له دری من ئاوا نابی.. .. "
***
په‌نجه‌ره‌كه ده‌كه‌مه‌وه شێبا
له نهۆمی پێنجه‌می باڵه‌خانه‌یه‌كی چارشاوه[4]
ته‌ماشای ڕێبوار و ئه‌فه‌ندی و پیر و جوانی سه‌ر شه‌قام ده‌كه‌م
ئه‌وه خوایه، پیره‌ژنێك ببینم
دوعاكانی بچێته‌وه سه‌ر نه‌غمه‌ی دوعا گه‌رمه‌كانی دایكم
ئه‌وه خوایه، ههسپسوارێك بێره‌دا تێپه‌ڕی
كتومت له‌و ده‌روێشه ڕاوچییه بكا
كه هه‌موو چێشتهنگاوان به‌خۆی و ههسپێكی بۆز و
دوو تاژیی مل به قرێته
تا له گردی به‌رماڵان ئاوا ده‌بوو
نیوه‌ی عومری منداڵیمی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌برد
ئه‌وه خوایه، دێوه‌ره‌یه‌ك به‌و ناوه‌دا گوزه‌ر بكات
به له‌هجه و ئاوازی خۆمان هاوار بكات:
شه‌عر بهنااات شهعربهناااااااااات
په‌نجه‌ره‌كه ده‌كه‌مه‌وه شێبا
په‌نجه‌ره‌كه ده‌كه‌مه‌وه
په‌نجه‌ره‌كه
.. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. .. ..
زیاد ڕه‌شاد قادر
وان، به‌هاری 2015
1 ـ مةبةست ليَى هةردوو كاراكتةرى فيلمى كارتؤنى رِؤميؤية.
[2] ـ ئاماذةية بؤ نيوة ديرَى (حةبيبةى مالَياوا مالَى ئاوا)ى نالى و (خاكوخؤلَ)ى زيَدى وى.
[3] ـ مةبةست ليَى ناوى جطةرطؤشةكانمن، كة بة ثيتى (ك) و (ث) دةست ثيَدةكةن.
[4] ـ لة شارى وان بة ناو بازارِ دةلَيَن (ضارشا)، كة لة (ى(Çarşi توركييةوة هاتووة.
