
(( نامی جیاع الشعب نامی، حرستك آلهة الطعام ))
(( نامی فإن لم تشبعی من یقظة . . . فمن المنام ))
وەرگێران ودەسکاری : بەکری میرزا حسەین، سوید، 15-03-2016
کارەساتی برسیکردن و مووچە برینێك لە هەرێمی باشور روی داوە لە ژێر سایەی هیچ دەسەڵاتدارێکدا، بەو جۆرە روی نەداوە و زۆر بێ هاوتایە . خاوەن کوێلەکان لە مێژودا، سەرەرای هەموو نارەوایی و بێدادی، خواردنیان داوە بە کوێلەکان، تا نەمرن و سودیان لێ وەرگرن، گاگەل و رانە مەر دەدرێت بە شوان کە بیان لەوەرێنێت، ئەگەر شوان هەر بۆخۆی خەریکی بازرگانیەکی تربێت وئاگای لە گاگەل و رانە مەر نەبێت، رانەمەریش بە گورگان خواردوو بچن و یان وردە وردە لە برسانا لێیان بمرێت، خەڵکی دێ، ئەو شوانە دادگایی دەکەن و هیچ نەبێت دەربەدەری دەکەن . لە سەردەمی شۆرش و ژیانی ناوچەکانی شۆرشدا، پێشمەرگە جل و بەرگ و شتێک خەرجی و ئەگەر نان و چاش بووبێت خواردنی هەبوە، ، قەت نەبوە دەسەڵاتێک کە بە شایەتی هەموان سەرکردەکان لە ملیاردێرەوە تا ملیونێری دۆلاربن و لەبەرامبەریشدا بەهەزاران خێزان و هاووڵاتیانیش بێ مووچەو برسی بن . حکومەتێک نەزانێت و نەتوانێ میللەتێك بەرێوەببات وحوکمرانی بکات، پێویست وایە داوای لێبوردن بکات و واز بهێنیت لەبەرپرسیاری . ئەوەی لە هەرێمدا روی داوە و رودەدات، هیچ پاساوێکی عەقڵانی نیە، نمایشێکی زۆر ئاشکرایە بۆ نەزانی و فەشەلی ئەو دارودەستەیەی کە لە چەندساڵی رابوردوەوە تا ئێستا حوکمرانی دەکەن .
لە عێراقی کۆندا، فەقیری هەبوە ئەگەرچی بەو شێوەیەی ئێستا هەرێم نەبوە، بە دڵنیایشەوە دەسەڵاتداران، بەو رادەیە دەوڵەمەندی ملیاردیرو ملیونێری دۆلار نەبوون . شاعیری گەورەی عەرب محەممەد مەهدی ئەلجەواهیری بەهەڵبەستێک، گاڵتەجاری کردوە، و نمایشی هەژاری و برسێتی میللەتی کردوە . منیش بە دەسکاریەوە کردومە بە کوردی و پێشکەشم کردوون .
کە دەسەڵات نەزانێ و نەتوانێ چارەسەری گرفتەکە بکات وبە هیچ شێوازێکیش، رێگە نەدات بە ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵات، هەر ئەوە دەمێنێت کە داوا لە میللەت بکرێت، بە نوستن چارەی برسێتی بکەن .
***************************************************.
بنوون برسیکراوەکانی میللەت بنوون
بنوون برسیکراوەکانی میللەت بنوون
(( خوداوەندی خواردن )) پاسەوان دەبێـت لێـتان
بنوون، ئەگەر لە هۆشداریدا، تـێـر نەبوون
بە نوستوویی، سرر دەبێ هەستی برسێـتیتان .
بنوون بە خەوی ئەو بەڵێـنە زۆرانە ی
کە لە هەڵبژاردنەکاندا ، دراوە پـێــتان
بنوون بە خەیاڵی هەنگوینی ناو پارووی
بەڵـێـنی خوتبەکان
وابزانن لە ئاسماندا، کە دەدرەوشێـتەوە، مانگی تابان
کولێرە ی نانەواخانەیە و بەرێـوەیە بۆ لا تان .
بنوون تا رۆژی قـیامەت
ئەوە باشترین چارەیە بۆ برسێـتی تان .
بنوون لە کەلاوەکاندا، لەسەر ئاوازی گیزەی مێـشوولە
وا بـزانن جـریوە و دەنگی بوولبول و کـۆترە، دێـتە گوێـتان
بنوون بە خەیاڵی خوتبەی سەرکردەکان
بنوون بە خەیاڵی بەهەشت و حۆریەکان
بنوون دنیا هیچی تیا بەستە نیە و
دنیا پردێـکـە بەرە و نەمان .
بنوون و ئەوەندە گازەندەمەکەن
تێـکی مەدەن میزاج و کـۆڕە خۆشەکانی بەرپـرسان
بنوون ئەی برسیکراوانی میللەت، بنوون
مەی بررن فرە مووچەیی و دوەم و سێهەم و
تا زیاتریش لە دەهەم موچە ی
ساختەچی و ماستـاوچیەکان
بنوون و ئەوەندە سەریەشە دروست مەکەن
بۆ کوێخاکان و بۆ سەرکردی قارەمان
بنوون و سڵاوی منتا لێ بێ
یان، ئەی نوستوەکان، سڵاوی من، بگات پێـتان .
