سه‌رۆكی حكومه‌ت، په‌ڕڵه‌مان، به‌رپرسه به‌ویژدانه‌كان، هیمه‌ت
وه‌زاره‌تی كاره‌با له زۆربه‌ی ووڵاتانی جیهان به‌رهه‌مهێنه‌ره نه‌ك مشه‌خۆر كه‌چی له كوردستان ئه‌و بوودجه زه‌به‌ڵاحه‌ی بۆ ته‌رخانكراوه و به‌م شێوه‌شه.
من نامه‌وێ كێشه‌ی كاره‌با و گله‌یی و گازنده‌یی هاوڵاتیان له‌سه‌ر تێر نه‌بوونی كاره‌با و ئه‌مسالیش خۆزگه‌م به پار، هه‌مووی بخه‌مه ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی كاره‌با و هاوولاتیان و وه‌زاره‌ته‌كانی تریش وه‌ك به‌رزه‌كی بانان لێی ده‌ربچن، ناكرێ ئێمه كێشه‌ی چاره‌سه‌ر نه‌كردنی كاره‌با ته‌نها ببه‌ستینه‌وه به زیادبوونی باله‌خانه و مۆل، زێده‌رۆیی هاوڵاتیان، زۆربوونی ئاواره، هه‌رده‌م له ریپۆرتاژ و به‌رنامه‌كان دووباره و سێباره ده‌بنه‌وه بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به هۆ سه‌ره‌كیه‌كانی بكرێ به شێوه‌یه‌كی زانستی، كه‌چی سه‌ره‌كی ترین هۆ دروست كردنی ئه‌و هه‌موو باله‌خانه و پرۆژه و قوتابخانه وفهرمانگهیه، ئینجا خانووبه‌ره‌ش به شێوهازێكی ناستاندارد، هه‌ڵه، بێ مواسه‌فاتی دژه گه‌رما و سه‌رما و ماده‌ی نه‌گه‌یه‌نه‌ر و قیت كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو بلۆكی چیمه‌نتۆیه له‌سه‌ر یه‌ك، كه بلۆكی چیمه‌نتۆش دژی كاره‌با و ته‌ندروستی و ژینگه‌یه و پێویستی به ده به‌رابه‌ر ووزه‌ی كاره‌با وغاز و نه‌وت هه‌یه بۆ گه‌رم كردنه‌وه و ساردكردنه‌وه به به‌راورد له‌گه‌ڵ دیوارێكی نه‌گه‌یه‌نه‌ر (عازل) له هه‌مان كات پشت گۆی خستنی سیسته‌می شۆفاژ (ئاوی گه‌رم) له جیاتی ئه‌و هه‌موو سبیلت و هیته‌ره، كه هیچ وڵاتێكی دونیا به‌رگه‌ی گه‌رم كردنه‌وه‌ی زستان ناگرێ به هۆی كاره‌با، دڵنیام وڵاتێكی وه‌ك ئێران به قه‌ت ئه‌و هه‌رێمه‌ی ئێمه كاره‌با به‌كار ناهێنی.
ئایا بۆ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان و حكومه‌ت مه‌رجیان نیه بۆ به‌لێنده‌ران و خاوه‌ن پرۆژه‌كان و باله‌خانه گه‌وره‌كان، كه ناچاریان بكه‌ن كه به مادده‌ی دژه گه‌رما و سه‌رما ئه‌و پرۆژانه دروست بكه‌ن نه‌ك بلۆكی چیمه‌نتۆ، بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیانیش چاویان لێ بكه‌ن و به هه‌مان شێواز خانووه‌كانیان دروست بكه‌ن، ئه‌وه چ ئاسته‌می و زه‌حمه‌تێكی تێدایه؟ بۆ وه‌زاره‌ته‌كان بێ ده‌نگن به دروست كردنی فه‌رمانگه و بالهخانهكانیان به‌و شێوه‌یه؟ تا ئێستا قوتابخانه‌یه‌ك به دیواری بلۆك له‌سه‌ر بلۆك قیت ده‌كرێـته‌وه بێ داڕشتنی دینگه و هه‌ڵواسینی 50 تا 70 سبلیت، ئه‌مه قوتابخانه نی یه ته‌نها داپۆشینه (تغلیف) .
ئایا وه‌زاره‌ته‌كان بۆ بێ ده‌نگن له‌و هه‌موو فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه له ژوورێكی 2 به 3 سپلیتی عه‌موودی داده‌گیرسێنن، زۆر جار له گه‌رمان یان له‌سه‌رمان په‌نجه‌ره یان ده‌رگا ده‌كه‌نه‌وه و نایكۆژێنهوه و زۆربه‌یان له‌به‌ر ئه‌و گه‌رم كردنه‌وه و سارد كردنه‌وه به‌رده‌وام نه‌خۆشن، رۆژی وا هه‌یه پله‌ی گه‌رما له سه‌رووی 20 پله‌یه، كه‌چی دووكانهكاندارهكان هه‌ندێكیان روویان له رۆژههڵاتیشه گه‌رمیان داگیرساندووه ئه‌وانه‌ی ته‌نیشتیان ساردی، له كوردستان وای لێ هاتووه سپلیت دایگیرسێنهو مهیكوژێنهوه تا كاره‌بای حكومی ده‌بڕێ، دیاره ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی نه‌بوونی سیسته‌مێكی رێك و پێك له دابه‌ش كردنی كاره‌بایه، پسپۆر و شاره‌زایه‌كی ئه‌وروپی چه‌ند سال پێش وه‌ك ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ك ئاماژه‌ی كرد كه ئه‌گه‌ر به زوویی كێشه‌ی كاره‌با چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ن پاش چه‌ند سالێكی تر چاره‌سه‌ر كردنی زۆر ئاسته‌م ده‌بێت، وا ئێستا نیشانه‌كانی ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رێزه به دیار ده‌كه‌ون.
بۆ چاره‌سه‌ریشی پێویسته په‌یره‌وی ئه‌م خاڵانه بكرێـت:
- مه‌رج دانان و ناچار كردنی به‌لێنده‌ران و خاوه‌ن پرۆژه‌كان و باڵه‌خانه‌كان بۆ به‌كارهێنانی مادده‌ی دژه سه‌رما و گه‌رما و داڕشتنی سیسته‌می دینگه و دروست كردنی دیواره‌كان به بلۆكی نه‌گه‌یه‌نه‌ر و كه‌رپووچ نه‌ك بلۆكی چیمه‌نتۆ و هه‌روه‌ها دانانی سیسته‌می شۆفاژ (ئاوی گه‌رم) كه له مانگێك دا پێویستی ته‌نها به‌چه‌ند به‌رمیله گازێك هه‌یه بۆ گه‌رم كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌یه‌ك یان فه‌رمانگه‌یه‌ك.
- بڕینی كاره‌بای به‌رده‌وامی هه‌موو سه‌ركرده‌كان وبهرپرسهكان و باره‌گای حزب و فه‌رمانگه‌كان و مۆلهكان. . . هتد چونكه زۆربه‌ی زۆری ئه‌مانه توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه موه‌لیده‌یه‌كی 100 تا 200 ئه‌مپێری بكڕن و هه‌موو پێداویستیه‌كانی كاره‌بایان جێبه‌جێ بكه‌ن.
- گۆڕانكاری بكرێت له سیسته‌می فرۆشتن و دابه‌ش كردنی كاره‌با. بۆ نمونه بكرێت به كارت به مه‌رجێك تا سه‌رف كردنی 10 ئه‌مپێر پاره‌یه‌كی كه‌م بێت بۆ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی هاوڵاتیان لێی سودمه‌ند بن به‌ڵام زیاتر له 10 ئه‌مپێر نرخه‌كه‌ی زۆر به‌رز بكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی زیاده‌ڕۆیی تێدا نه‌كرێ یان له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی ده‌ره‌وه رێككه‌وتن بكرێت بۆ فرۆشتن و دابه‌ش كردنی.
- پێویسته وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن هاووڵاتیان ئاگادار بكه‌نه‌وه له زیانه‌كانی بلۆك بۆ دروست كردنی خانووبه‌ره، به هۆی ئه‌و گه‌رمی و سه‌رما زۆره‌وه كه ده‌بێته هۆی نه‌خۆشی هه‌ڵامه‌ت و رۆماتیزم و ته‌شه‌نوجات و پیس كردنی ژینگه له هه‌مان كات پله‌ی گه‌رمی له ناو ژووره‌كان نابێت ئه‌وه‌نده زۆر بێـت كه زستانان ژووره‌كان ده‌كرێن به ساونه و هاوینانیش ده‌كرێن به بهفركهرهوه كه پله‌ی گه‌رمی ستاندارد له ژووره‌وه نابێ له 21-23 كه‌متر یان زیاتر بێت كه‌چی له كوردستان زستان له زۆربه‌ی ژووره‌كان له سه‌رووی 35 پله‌یه و هاوینانیش ده‌كرێ به 15- 16 ئه‌وه‌ش ووزه‌یه‌كی یه‌كجار زۆری كاره‌بای پێویسته و زۆر نه‌خۆشیش به هۆی ئه‌و زۆر گه‌رم كردنه‌وه و ساردكردنه په‌یدا ده‌بێـت.
- له بڕی ئه‌و هه‌موو پاره به‌هه‌ده‌ردانه ده‌كرێ چه‌ند كارگه‌یه‌كی كه‌رپووچ یان بلۆكی نه‌گه‌یه‌نه‌ر دابمه‌زرێ بۆ ئه‌وه‌ی نرخی كه‌رپووچ و بلۆكی نه‌گه‌یه‌نه‌ر یه‌كسان بێت چونكه هاوڵاتیان پێیان وایه نرخی گرانی كه‌رپووچ ناچاریان ده‌كات به بلۆك خانوو دروست بكه‌ن وه هه‌مان كات پێویسته باج له‌سه‌ر ئه‌و مادده نهگهیهنهرانه لاببرێ كه گه‌رمی و ساردی كه‌م ده‌كه‌نه‌وه.
- قه‌ده‌غه كردنی ئه‌و هه‌موو ترێله هیته‌ر و كه‌لوپه‌له كارهبایانه كه به‌ده‌یان ئه‌مپێر داده‌گیرسێنن، بۆ گه‌رم كردنه‌وه و ساردكردنه‌وه به‌كارده‌هێنرێن كه‌له زۆر وڵاتان قه‌ده‌غه‌كراون، په‌یره‌وكردنی ئه‌و خالانه كارێكی مه‌حال نی یه و به پهیرهوكردنیشی كێشه‌ی كاره‌با نامێنی ئه‌گینا به ده‌یان و ێستگه‌ی تری 500 مێگاواتی دادمان نادا و هه‌ر ده‌بێ بلێین ئه‌و سالیش خۆزگه‌م به پار. . .
mairrooo@gmail. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
