
له‌چوارچێوه‌ی نۆزده‌مین ڤیستیڤاڵی گه‌لاوێژ له رۆژی 21/11/2015 بۆ ماوه‌ی 8 رۆژ شانۆیی حه‌لاج له نووسینی فوئاد مه‌جید میسری و ده‌رهێنانی به‌كر رهشیدو نواندنی كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی دیاری شاری سلێمانی له هۆڵی رۆشنبیری نمایشكرا.
شانۆیی حه‌لاج هه‌وڵدانێكه بۆ گێڕانه‌وه‌ی مێژوو، نووسه‌ری ئه‌م شانۆییه ئه‌وه‌نده له خه‌یاڵی ئه‌وه بوو كه مێژوو به تێڕوانین و هه‌ڵوێستی تایبه‌تی خۆی بنووسێته‌وه، ئه‌وه‌نده له خه‌می نووسینه‌وه‌ی درامایه‌كی هونه‌ری نه‌بووه، بۆیه ده‌بینین زۆرێنه‌ی ره‌های كاته‌كانی نمایش قسهكردنهلهسهر مێژوو و ئه‌و رووداوانه‌ی كه پێش ساتی به‌ڕێوه‌چوونی شانۆییه‌كه روویانداوه، نووسه‌ر ته‌نها به‌وه نه‌وه‌ستاوه كه حیكایه‌تخوانێك دروست بكات كه زیاتر رۆڵی مامۆستای مێژوو ده‌بینێت نه‌وه‌كو حیكایه‌تخوان، له‌وه‌ش زیاتر زۆرینه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی تر قسه له‌سه‌ر رابردوو ده‌كه‌ن و هه‌میشه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ روودواهكانی رابردوو، هه‌وڵدانی نووسه‌ریش بۆ بیناكردنی بنیادو سیمای كاره‌كته‌ره‌كان، هه‌وڵدانێكه په‌یوه‌سته به هه‌ڵكۆڵین له مێژوو، ته‌نانه‌ت خودی كاره‌كته‌ری حه‌لاج ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سیاسی بینای له‌سه‌ر كراوه، ئه‌وه‌نده نووسه‌ر نه‌یتوانیوه حه‌لاج وه‌ك فه‌یله‌سوفێك یا ریفۆرمخوازێكی ئه‌و سه‌رده‌مه پێناسه بكات، ئه‌مه‌ش قووڵ نه‌بوونه‌وه‌یه له كاره‌كته‌ری راسته‌قینه‌ی حه‌لاج كه له‌دوو توێی كتێبه‌كانی مێژوو باسكراوه.
حه‌لاج یه‌كێكه له‌و كاره‌كته‌ره دیارانه‌ی مێژووی ئیسلام كه زۆرترین جیاوازی بیروبۆچوونی جیاوازی له‌سه‌ر بووه، هه‌ندێك پێیانوابووه كه ریفۆرمخواز‌و زانایه‌ك و فه‌یله‌سوفێكی مه‌زن بووه به‌دوای په‌نهانه‌كانی كه‌ون و ژیان و مرۆڤ گه‌ڕاوه‌و قسه‌ی له‌سه‌ریان هه‌بوه، هه‌ندێكیش پێانووایه كه‌سێكی زه‌ندیق و بێباوه‌ڕ بووه، هه‌ندێكی تریش به لایه‌نگری بیروباوه‌ڕی زه‌رده‌شتی و ئه‌و قوتابخانه روحیانهی كه‌له هیندو چین و وڵاتانی تر هه‌بوون ناوزه‌د كراوه.
حه‌لاج هه‌ر یه‌كێك له‌مانه بووبێت كاره‌كته‌رێكی گرنگی مێژووی ئیسلام و خه‌لافه‌تی عه‌باسییه‌و سه‌رنجی زۆرێك له فه‌یله‌سوف و نووسه‌رو بیرمه‌ندی وه‌ك ئیبن خه‌ڵدونی راَكێشاوهو قسه‌یان له‌سه‌ر كردووه، ته‌نانه‌ت كه‌سێكی وه‌ك شێخ عه‌بدوڵقادر گه‌یلانی له باسی حه‌لاج دا ده‌ڵێت" حه‌لاج غه‌دری لێكراوه‌و كه‌س نه‌بووه له‌و سه‌رده‌مه ده‌ستی بگرێت، ئه‌گه‌ر من له‌و سهردهمهبام ده‌ستم ده‌گرت و رێنوێنیم ده‌كرد".
به‌رهه‌رحاڵ قسه‌كردنی من له‌سه‌ر حه‌لاج شڕۆڤه‌یه‌كی مێژوویی نییه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی قسه كردنه له‌سه‌ر نمایشێكی شانۆیی كه نووسه‌ره‌كه‌ی هه‌موو بنیادی تێكسته‌كه‌ی له‌سه‌ر سه‌ردو گێڕانه‌وه بیناكردووهو هه‌وڵینه‌داوه كاره‌كته‌ری حه‌لاج له ئێستای تێكست پێناسه بكات و ئهبعادهكانی ئه‌و كاره‌كته‌ره به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ئه‌بعادی مێژوویین و ئێستای كاره‌كته‌ر به ته‌واوی روون نییه‌و بیروباوه‌ڕو بۆچوونه هه‌نووكه‌ییه‌كانی دیار نییه، ئه‌و رسته‌یه‌ی كه له‌م شانۆییه زۆر له‌سه‌ر زمانی حه‌لاج دووباره ده‌بێته‌وه به‌كارهێنانی ووشه‌ی حه‌قیقه‌ته، هه‌مووشمان ده‌زانین حه‌قیقه‌ت بوون و بنیادی نه‌گۆڕی نییه‌و به‌گوێره‌ی بیركردنه‌وه‌و كات و زه‌مه‌ن و ئایدیا جیاوازه‌كان رووی جۆراوجۆری هه‌یه، بۆیه هه‌میشه پرسیاری من وه‌ك بینه‌ر ئه‌وه بوو (ئایا به‌ڕاستی حه‌لاج بیرمه‌ندو ریفۆرمخوازێكی مه‌زن بوو؟)، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ی به به‌ڵی بێت ئه‌وه نووسه‌ری ئه‌و تێكسته نه‌یتوانی قه‌ناعه‌ت بهمن بكات، چونكه په‌نهانییه‌ك له بیروبۆچوونه‌كانی ئه‌و پیاوه هه‌بوو، پێداگرتنیشی له‌سه‌ر ووشه‌ی حه‌قیقه‌ت بێ ئه‌وه‌ی پێناسه‌ی بۆ ئه‌و ووشه‌یه هه‌بێت و بتوانێت سیما جیاوازه‌كانی وێنا بكات، لای من وه‌ك ئه‌و حه‌قیقه‌ته بوو كه سه‌رۆكی دادگا ئیدیعای ده‌كرد، چونكه هه‌ردووكیان كهلهڕهقییان ده‌كرد له‌سه‌ر چه‌مكێك كه زۆر رێژه‌ییه، كه‌چی هه‌ردووكیان وه‌ك ره‌ها مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ل ده‌كرد.
وه‌ك ده‌رهێنه‌ر به‌كر ره‌شید هه‌وڵیدابوو كار له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك موفردهی شانۆیی بكات بۆ ئه‌وه‌ی نمایشه‌كه‌ی له وانه‌یه‌كی مێژوویی بگوازێته‌وه‌و بۆ كارێكی درامی، یه‌كه‌م فاكته‌ریش ئه‌وه‌بوو كه به‌كر كاری له‌سه‌ر به ئێستا‌و ئێرهكردنی نمایش كردبوو، ههوڵێدابوو نمایش له‌و زه‌مه‌نه مێژووییه بترازێنێت و له ئێستا‌و له ئێره‌دا بنیادی بكاته‌وه، بۆیه هۆڵی شانۆ ده‌كاته هۆڵی دادگا‌و بینه‌رانیش ده‌كاته شایه‌دو ئاماده‌بووانی ئه‌و دادگایه.
فاكته‌ری دووه‌م له بینای درامی و فۆرمی كاره‌كته‌ری حیكاتخوان دروستیده‌كات، هه‌وڵده‌دات ئه‌م حیكایه‌تخوانه وه‌ك مامۆستایه‌كی مێژوو وێنا بكات، كه بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكاره‌كانی تێبگه‌یه‌نێت هه‌ڵده‌ستێت ده‌بێته به‌شێك له‌و كاره‌كته‌رانه‌ی كه باسیان لێوه‌ده‌كات، بۆیه ئه‌و فۆرم و ووزه‌یه‌ی كه له كاره‌كته‌ری حیكاتخوان خستیه‌گه‌ڕ، كاریگه‌ری ئه‌رێنی به‌سه‌ر نمایش و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ریتمی سه‌ردی شانۆییه‌كه هه‌بوو، به‌شێوه‌یه‌ك له‌هه‌ر ده‌ركه‌وتنێكیدا ووزه‌یه‌كی زیاتر به رووداوه‌كان ببه‌خشێت و لهدووبارهو سێباره‌ی هه‌ندێك جووله‌ی حه‌لاج و سه‌رۆكی دادگا‌و وه‌زیر رزگارمان بكات.
فاكته‌رێكی تر ئه‌و قه‌فه‌سه جولاوه بوو كه حه‌لاجی تیادا وه‌ستێنرابوو، ده‌رهێنه‌ر هه‌وڵیده‌دا له رێگه‌ی كۆمه‌ڵێك جووله‌وه ریتمی گێڕانه‌وه بكوژێت و فۆرمی كرده‌یه‌كی درامی له‌سه‌ر شانۆ دروستبكات، من پێموایه ئه‌م فاكته‌ره ئه‌گه‌ر له وێناكردنی گێژهلوكهكه خزمه‌تی ئه‌و مه‌به‌سته‌ی ده‌رهێنه‌ری كردبێت، ئه‌وه له زۆر حاڵه‌تی تردا جووله‌كان زیاده‌و موباله‌غه‌و دووباره بوون و به‌خزمه‌ت فۆرمی نمایش نه‌بوون.
به‌كارهێنانی ته‌كنیكی سینه‌مایی و هه‌وڵدان له وێناكردنی نمایشه‌كه وه‌ك شانۆییه‌كی داستانی فاكته‌رێكی تری گرنگ بوو كه ده‌رهێنه‌ر ویستی له رێگه‌یه‌وه فۆرمی جیاواز‌و جوانكاری زیاتر به سیمای نمایش ببه‌خشێت، كارێك بوو ته‌واو له خزمه‌تی به‌رزكردنه‌وه‌ی ریتم و سه‌رنجڕاكێشانی بینه‌ر بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رنجم له‌سه‌ری هه‌یه خودی ئه‌و گرته سینه‌ماییانه بوون كه ده‌كرا له‌رێگه‌ی گۆشه‌ی جیاوازه‌وه دیمه‌نه‌كان له یه‌كتر جیابكرێنه‌وه‌و ئه‌و ریتمه وێكچووهی نێو گرته‌كان بشكێنن و له‌ڕێی جووله‌ی كامیراو كرێن و شاریۆوه، دینامیكییه‌كی جووله‌یی زیاتر به‌و گرتانه ببه‌خشن و نمایشه‌كه‌ش ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكه‌ن، به‌تایبه‌تیش كه جارێك یا دووان له‌كرده‌ی مۆنتاژدا جه‌مپی وێنه‌یی ده‌بینرا.
سه‌رنجی ترم له‌سه‌ر ئه‌و نمایشه فۆرمی كاره‌كته‌ری حه‌لاج بوو كه سۆران ئیسماعیل ئه‌دای ده‌كرد، ئه‌م فۆرمه له‌زۆر حاڵه‌تتدا له‌گه‌ل كه‌سایه‌تی مێژوویی حه‌لاج نه‌ده‌هاته‌وه، كه‌سێك زۆر هاوار ده‌كات و ده‌نگی به‌رز ده‌كاته‌وه‌و كه‌فوكوڵی تووڕه‌یی نیشانده‌دات، له‌گه‌ل كه‌سایه‌تی ریفۆرمخواز‌و بیرمه‌ندێك یه‌كناگرێته‌وه كه پێیووایه به‌رگری له راستی و حه‌قیقه‌ت ده‌كات، مه‌علومه ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حه‌ق بێت و بڕوای به خۆی هه‌بێت زۆر كه‌متر هاوار ده‌كات و تووڕه ده‌بێت، به‌ڵام له‌م نمایشه زۆرجار تووڕه‌یی و هه‌ڵچوونی سه‌رۆكی دادگا حهلاجیشی ده‌گرته‌وه‌و هه‌ندێكجاریش سه‌رۆكی دادگا زۆر له حه‌لاج هیمن تر‌و بهمتمانهتر ده‌دوا وه‌ك ئه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان ئالوگۆڕ كرابن.
كۆتایی ئه‌و نمایشه‌و كرداری جێبه‌جێكردنی حوكمی دادگا به‌سه‌ر حه‌لاج به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ناهونه‌ری به‌ڕێوه ده‌چێت و زۆرێك له جوانیه‌كانی ئه‌و نمایشه له‌ناو ده‌بات، من پێموایه ده‌رهێنه‌ر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێویستی به‌و كرداره نه‌بوو، له كاتێكدا ئه‌مه ده‌كاته دمی كۆتایی شانۆكه‌ی، كه به یه‌كێك له گرنگترین ساته‌كانی نمایش داده‌نرێت و ده‌بێت زۆر به ووریایی كاری له‌سه‌ر بكرێت و له‌وێدا ئێستاتیكای نمایش بگاته لوتكه، به‌داخه‌وه له‌م نمایشه ئه‌مه به یه‌كێك له لاوازترین ساته‌كانی نمایشه‌كه ئه‌ژمار ده‌كرێت.
دیكۆرو سینۆگرافیای نمایشه‌كه‌ش به‌شێوه‌یه‌ك دروستكرابوون خزمه‌ت به‌و دیدگا هه‌نووكه‌ییه‌كه‌ی ئێره‌و ئێستای نمایش بكات، به‌تایبه‌تی من پێمباش بوو كه شایه‌ده‌كان له‌نێو بینه‌ره‌وه ده‌چوون بۆ سه‌ر شانۆ جلوبه‌رگی ئاسایی بینه‌رییان لهبهردابووایه، چونكه ئه‌و كاته پرسی به سهردهمكردنی نمایشه‌كه زیاتر جێگه‌ی خۆی ده‌گرت، هه‌رچه‌نده ره‌نگه ده‌رهێنه‌ر له‌به‌ر ناسراوی ئه‌و كاره‌كته‌رانه له مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه ئه‌و كاره‌ی نه‌كرد بێت.
به‌شداریكردنی ئه‌و كۆمه‌ڵه ئه‌كته‌ره به توانایه له‌م نمایشه لایه‌نێكی گرنگی قهناعهتقێكردنی بینه‌ر بوو، زۆرێك له ئه‌كته‌ره‌كانی ئه‌م شانۆییه به پله‌ی زۆرباش ئه‌دای كاره‌كته‌ره مێژووییه‌كانیان كرد، به تایبه‌تی رزگار ئه‌مین_وه‌زیر، مۆفه‌ق عارف لهۆنی_سه‌رۆكی دادگا، كه‌مال عه‌لی _حیكاتخوان، عه‌بدولی حه‌مه‌جوان_شوشته‌ری، به‌یان زه‌ریفی_شایه‌د، به‌هادین عازه‌بانی _جه‌ریری و ئه‌كره‌می حه‌مه‌ی گوله_نه‌وبه‌ختی.
ئه‌مه مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه سۆران ئیسماعیل له كاره‌كته‌ری حه‌لاج وه‌ك پێویست ده‌رنه‌كه‌وتبێت، به‌ڵام من پێموایه ئه‌و فۆرمه‌ی كه نووسه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی و دواتر ده‌رهێنه‌ر به‌و كارهكتهرهیان به‌خشیبوو، زۆر یارمه‌تیده‌ری سۆران نه‌بوون كه تواناكانی خۆی نیشان بدات و ئه‌و كاره‌كته‌ره له‌نێو هه‌ڵچوون و تووڕه‌بوون و جووله‌ی زیاد له‌گه‌ل قه‌فه‌سه‌كه تا راده‌یه‌كی زۆر فۆرمێكی روونی نه‌به‌خشی و كاره‌كته‌ری حه‌لاج وه‌ك كه‌سێكی ههناسوار به بینه‌ر گه‌یشت.
له‌كۆتاییدا جگه له ده‌سخۆشی و ماندوو نه‌بوون شتێكی ترمان نه‌ماوه‌و ئه‌م چه‌ند ووشه‌یه‌ش پێزانینی ئێمه‌یه وه‌ك بینه‌ر بۆ ئه‌و ئه‌رك و ماندووبوونه‌ی كه ستافی ئه‌م شانۆییه له‌و رۆژگاره سه‌خته كێشاویانه، ئه‌م هه‌وڵه‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی تری هاوشێوه شایسته‌ی رێز‌و پێزانینن وماهیهت و مه‌عده‌نی راسته‌قینه‌ی هونه‌رمه‌ندی جیددی ده‌رده‌خه‌ن.