
ته‌ماشاکردن و ڕاڤه‌کردنی (ڕووداو، پێشهات، ده‌ستکه‌وت، سه‌رکه‌وتن و دۆڕان) به‌چاویلکه‌ی حیزبایه‌تییه‌وه ئاینده‌یه‌کی دژوار و کۆمه‌ڵگایه‌کی ناته‌ندروست و ناسه‌قامگیر به‌رهه‌م ده‌هێنێت، که ئاسه‌واره‌که‌ی به‌جه‌سته‌ی کوردستانه‌وه بۆ چه‌ندین ده‌یه‌ی تر ده‌مێنێته‌وه و ئه‌زموون و ده‌ستکه‌وت هه‌موو ده‌خاته مه‌ترسی و ئامانجی گه‌وره (دروستبونی ده‌وڵه‌ت) له‌و نێوه‌نده‌دا ده‌بێته قوربانی ده‌ستی ئه‌و ململانێیه. ئه‌مجۆره دید و بۆچونه که له ئێستادا به‌جۆرێک ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه له شه‌قام و کۆڵان و ناوه‌نده‌کانی خوێندن و ڕیزی نوێژخوێنانی مزگه‌وت و ڕیزی شاییکاران و مێزه‌کانی ناو مه‌یخانه‌کان و هه‌تا سه‌ر سفره‌ی خوانی خێزانه‌کانیشی دابه‌شکردووه و هه‌مووانی به‌رانبه‌ر به‌یه‌ک خستووه‌ته گومان.
کۆمه‌ڵگا له‌ژێرمه‌ترسی ناسه‌قامگیری ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تیدا خه‌ریکه ده‌گاته ڕاده‌ی ته‌قینه‌وه، ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا که زاده‌ی بیرکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک به‌رپرسی نابه‌رپرس و ڕاوێژکاری به‌رژه‌وه‌ندی خوازه و خه‌ریکی سه‌روکاری ئه‌و پرۆژه‌یه‌ن بۆ تیانهچونی به‌رژه‌وه‌ندییە تایبه‌ته‌کانی خۆیان و له‌و ڕووه‌شه‌وه هه‌نگاو گه‌وره‌یان ناوه، سپۆنسه‌ری ده‌یان میدیای بینراو و بیستراو خوێندراو ده‌که‌ن و خه‌ریکی ڕه‌نگکردنی سه‌رکه‌وتن و دۆڕانهکانن له‌ڕێگای ئه‌و میدیا و لاپه‌ڕانه‌ی که له تۆڕه کۆمهڵایهتیەکان و سایته ئه‌لکترۆنیه‌کان هه‌ن.
ئه‌مجۆره میدیایه ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵی ڕق چاندن و ناشرینکردنی یه‌کتره، کاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌وه‌ی ئێستا دروستکردووه به‌ڕاده‌یه‌ک بێباکه به‌هه‌ر پێشهاتێکی نه‌خوازراو و مه‌ترسییه‌کی گه‌وره ئه‌گه‌ر ڕوو له هه‌رێمی کوردستان بکات، نه‌وه‌یه‌ک پێده‌گه‌یه‌نێت بۆ ئاینده که مه‌ترسی ده‌یان شاڵاوی ئه‌نفال و پاکتاوی نه‌ته‌وه‌یی و کیمیاباران و جینۆسایدی ده‌بێته‌وه.
ئه‌م جۆره په‌روه‌رده‌یه که میدیا لێره ده‌یکات زیاتر له پلان و پیلانی دوژمنانی کورد ده‌چێت، دوژمنانی کورد له ڕابردودا ئه‌گه‌ر به‌ڕیکه‌وتنی چه‌ندین ده‌وڵه‌تی زلهێز توانیبێتیان کوردستان بکه‌نه چوار پارچه ئه‌وا میدیای کوردی خه‌ریکه پارچه‌کانی ئه‌وچوار پارچه‌ش ده‌کاته چه‌ندین پارچه. ته‌ماشای دابه‌شکردنی هه‌ستی کوردایه‌تی بکه، کوردێک پێی شانازییه فرۆکه‌ی هاوپه‌یمانان موشه‌ک به مۆڵگه‌کانی داعشه‌وه بنێت، به‌ڵام له ههممانکاتدا پێی نه‌نگی و شه‌رممه باسی هێز و توانا و سه‌لیقه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌کی بێ موچه‌ی ناو لیوایه‌کی دی بکات. پێی شه‌ره‌ف و شانازییه پازدارێکی ئێرانی جهلاولی بۆ ئازاد بکات و هه‌ولێر و سلێمانی بۆ بپارێزێت، به‌ڵام پێی شوره‌ییه باسی سنگی قه‌ڵغانی پێشمه‌رگه‌یه‌کی خۆبه‌خش بکات که ئاماده‌یه شه‌هید ببێت.
ڕق چاندن له‌ناو کۆمه‌ڵگای کوردی و به‌تایبه‌ت له ناو هێزه سیاسییه‌کان له بزافی ڕزگاری خوازی گه‌لی کورددا مێژوویه‌کی دوور و درێژی هه‌یه، به‌ڵام ئامڕازه‌کان و خێرایی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه و گه‌شتن به ئامانج بۆ ئه‌و پلان و پیلانه پێویستی به‌کات و هه‌ناسه درێژی و دان به‌خۆداگرتن هه‌بووه، چونکه میدیا و ته‌کنه‌لۆژیاش وه‌ک ئێستا نه‌بووه. له‌ئێستادا چرکه به چرکه بێ ویست و له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆت ده‌که‌ویته ژێر کاریگه‌ری ئه‌و ڕق چاندنه به‌هۆی ئه‌و میدیا مۆدێرنه‌ی که خه‌ریکه تۆ ده‌خاته‌وه شه‌ڕی چاڵدێران. هه‌ربۆیه پێویسته هه‌مووان هه‌ستی کوردایه‌تی له‌خۆماندا بدۆزینه‌وه شاڵاوی ئه‌نفال و کیمیاباران و جینۆسایدی ڕابردوو بکه‌ینه هه‌وێنی یه‌کڕیزی و ده‌ست له‌ناو ده‌ست ئه‌ی ڕه‌قیب بڵێینه‌وه و سزای میدیای نابه‌رپرس میدیاکارانی به‌رژه‌وه‌ندیخواز و به‌رپرسه سپۆنسه‌ره‌کانیان بده‌ین.
