
له دیرۆکی بابانه‌کان
ناویان کردی به سلێمانی
له‌و ساته‌وه
هه‌ر نازناوه له تۆ ئه‌نرێ
له‌و ساته‌وه
په‌یڤی جوان. . .
شیعری ڕه‌وان. . .
بۆ باڵای به‌رزت ئه‌وترێ
گاهێ شاره حه‌یاته‌که‌ی
گاهێ هه‌ڵمه‌ت و قوربانی
جارێک شاری شه‌هیدان و
یاخود لانه‌ی غه‌ریبانی
زێدی هزری ڕووناکبیران
خه‌ڵوه‌تگای ئه‌هلی عیرفانی
سه‌ر هه‌ڵبڕه. . . سلێمانی
(مه‌ولانه)ی ڕدێن نورانی
دڵی شکا. . . بهجێیهێشتی
له سوبحی پایزی تۆدا
له مه‌راقی ده‌سه‌ڵاتی حوکمی تۆدا
(نالی) گریا. . . بهجێیهێشتی
شاری مه‌قامی سه‌فه‌ری
چۆن دڵت دێ!
به‌م شێوه‌یه
دەستە دەستە
ئهمانخهیته سه‌ر ڕێی سه‌فه‌ر
سه‌فه‌ری سه‌راسیمه بوو
سه‌فه‌ری ڕێی مه‌رگ و نه‌هات
سه‌ر هه‌ڵبڕه. . . سلێمانی
پێت خۆشه شارت بۆ چۆڵ بکه‌ین؟
شه‌قامێکت. . . نازی دڵه‌کان ناکێشێ
سێبه‌ره‌که‌ی جارانی نیه دره‌خته‌کان
تینوویه‌تی هاوین ناشکێنێ
ئاوی ساردی کانی ئاسکان
له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه
گه‌ڵای پایزێکت نه‌به‌خشی بهمن
نێرگزی به‌هارێکت نه‌دا له سنگم
له میوه‌ی هاوینت بێ بهشت کردم
سه‌رمای زستانت ڕوحی ته‌زاندم
هێنده په‌راوێزت کردم
هێنده بچووکت کردمه‌وه
هێنده مه‌راقی ڕه‌شی قهترانیت
دڵی به‌فرینی شۆردمه‌وه
ناسۆرت هاته ناخ و گیانمه‌وه
له‌داخاندا. . . بهجێمهێشتی
ئه‌مێستاکه
دوای چه‌ندین ساڵ
شاره‌که‌ی مه‌قامی سه‌فه‌ر
چه‌ند لێت دووربم
(ئه‌ی گیانه)ی سۆزی مه‌قامت
ئه‌مهێنێته‌وه بۆ لای تۆ
بۆلای گۆیژه و سه‌یوانه‌که‌ت
بۆلای سۆزی (دیلان)ه‌که‌ت
(له ناکه‌س کاریا چی بکه‌ین)
(خاکی دنیا به‌سه‌رمان)
بۆ وامان لێ به‌سه‌ر هاتووه
شار که‌وتۆته سه‌ر ڕێی سه‌فه‌ر
کۆچی سووره
سه‌فه‌ره‌که‌ی تا. . . بڵێی دووره
شار گۆیژه و ئه‌زمڕ جێدێڵێ
به چاوی پڕ ئه‌سرینه‌وه
به ئه‌وکی پڕ گرینه‌وه
ماڵئاوایی له سه‌یوانی شه‌هیدان ئه‌کات
سه‌فه‌ر ئه‌کات. . . له‌سه‌ر ڕێی سه‌فه‌ره
فریاکه‌ون. . . ئاگادار بن
شار وا له‌سه‌ر ڕێی سه‌فه‌ره
شار ئه‌مجاره
سه‌فه‌رێکی دووری بێهووده‌یی له‌به‌ره
قادر سه‌مه‌د
15-7-2015
ساڵی کۆچ و سەفەر
من به‌جێمهێشت. . .
تۆش جێیدێڵی
له ئاسمانه‌که‌ی ئاوسای مندا
شه‌ڕه‌په‌ڕۆ و شه‌ڕه ئاڕبیچی بوو
گرانی نان و قڕانی دیموکراتی بوو
تینوویه‌تیم به ئاوی ئازادی نه‌شکا
شه‌ڕی کورسی یه‌خه‌ی گرتم
جوانی نیشتمانی بردم
ماڵ‌وێران خۆم
یاده‌وه‌ری مناڵێم و
فرمێسکی به‌تاوی دایکم
خسته هه‌گبه‌ی سه‌فه‌ره‌وه
سنوورم بڕی
که‌وتمه ژێر پۆستاڵی پاسدار
شه‌قی جه‌نده‌رمه‌ی عوسمانی
نازانم چۆن له ئاوی (ئیجه) په‌ڕیمه‌وه
ئه‌مێستاکه
وه‌ک ئه‌وسای من
تۆ هه‌مان ڕێی سه‌فه‌رت گرتووه
نیشتیمان دڵی ڕهنجادوی
بۆ تامی ده‌م
دڵۆپێک هه‌نگووینی
ئەم شارەت به‌رنه‌که‌تووه
له‌شه‌وی (به‌رات) دا
له‌خه‌رمانی به‌ره‌که‌تی وڵات‌دا
به ده‌نکه نقوڵێ ده‌میان شیرین نه‌کردی
به ده‌رمانی ئێکسپایه‌ر سۆمای چاوه‌کانیان بردی
)U. N)لە گۆشتە خێرەکەی
ئه‌مجاره‌ش بێ به‌شیان کردی
من جێمهێشت و
تۆش جێیدێڵی
چاوه‌ڕوانین. . . چاک ئه‌زانین
نیشتمان به‌رگه‌ی ناگرێ
ئارامی نه‌ما
سبه‌ینێ
نیشتمانیش له داخانا سه‌رهه‌ڵئه‌گرێ
وه‌ک من و تۆ
سه‌فه‌ر ئه‌کات
ئه‌و وڵاته‌یان بۆ چۆڵ ئه‌کات
بهئهوکی پڕ گریانه‌وه
له‌وڵاتی چراخان
داوای مافی ڕووناکی ئه‌کات
له‌وڵاتی ئاو
داوای مافی تینوویه‌تی ئه‌کات
له‌وڵاتی ئازادی
داوای مافی خۆپیشاندان ئه‌کات
له‌وڵاتانی جیهانیش
داوای پاسپۆرت و مافی سه‌فه‌ر ئه‌کات.
قادر سه‌مه‌د
5-7-2015