
(2)
خۆشترین و جوانترین كاته‌كانی ژیانم، ئه‌و كاتانه بوو، كه له نێو كتێبه‌كانم به‌سه‌رم بردن. "جیمس شیرلی"
خوێندنه‌وه پرۆسه‌یه‌كی عه‌قڵی و هه‌ستییه، بنه‌مای مه‌عریفه و جوانی و چێژه. خوێندنه‌وه گوتارێكه به‌ره‌و خود و ئه‌وانیدیكه. خوێندنه‌وه دنیای مرۆڤ له رێگای ره‌نگه‌كانی حه‌قیقه‌ت و فرینهكانی خه‌یاڵ و پڕشنگه‌كانی جوانی هه‌ڵده‌نی. دنیای خوێندنه‌وه، دنیای رامان و هه‌ڵوێست و بیركردنه‌وه‌یه. هه‌میشه ژیان بابه‌تێكه مرۆڤ به‌ر له‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ی له ته‌كدا بكات و هاوژیانی بكات، ده‌بی بیخوێنێته‌وه، ده‌بی تێیبگات.
بێگومان خوێندنه‌وه هه‌ر ته‌نها بۆ زانیاری و شاره‌زایی نییه، وه‌ك چۆن ته‌نها ئه‌وه نییه مه‌عریفه و لێهاتوویی پی زیاد بكه‌یت، دۆزینه‌وه‌ی چه‌ند رسته‌یه‌كیش نییه "بوون"ه‌كانی (نووسه‌ر-ده‌ق-خوێنه‌ر) ی پی بوڕوژێنی، یان مانایه‌ك تا ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاته‌كانی (بونیادنان-چنین-هه‌ڵنان) ت بكات، بۆ ئه‌وه نییه قسه له‌و كۆمه‌ڵگایه بكه‌یت، كه ئه‌و داهێنانه‌ی تێدا كراوه، یان نووسه‌رێك، كه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی مه‌عریفه‌ی تایبه‌ت و گشتییه‌وه، به‌ڵكو گه‌یشتنه به‌شێوازێكی دیكه‌ی جوانتر له په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و ده‌ق، مرۆڤ و دنیا.
خوێندنه‌وه به‌و مانایه‌ی كه په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و ده‌ق، مرۆڤ و دنیایه، هه‌میشه ئه‌زموونێكی كه‌سییه، نه ده‌كه‌وێته سه‌ر "خود" نه به "بابه‌ت"ه‌وه دهلكی، ناكه‌وێته سه‌ر خود چونكه خوێنه‌ر ته‌عبیر له كلتوری به‌رفره‌وانی خوێندنه‌وه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كان ده‌كات، وه‌ك چۆن ناكه‌وێته سه‌ر بابه‌تگه‌رایی، چونكه له بابه‌تگه‌رایی ده‌قدا خوێنه‌ر له خواره‌وه و له رێگای دانه‌ره‌وه به‌سه‌ره‌وه ده‌گات.
ئه‌گه‌ر زمان ماڵی ده‌ق بی، ئه‌وه ده‌ق ماڵی بوونه، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌بی ئه‌ویدیكه، شتێك به ناوی بوون مه‌یسه‌ر نابی، به‌ڵكو چونكه له‌و ماڵه‌دا به‌بی به‌شداری چالاكانه‌ی ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز بوون هیچ مانایه‌كی نییه، هه‌ر به‌و مانایه‌ش ده‌ق هه‌میشه له به‌رانبه‌ر ئه‌ویدیكه‌ی خوێنه‌ر له ئاماده‌باشییه‌كی هه‌ڵپه‌سێردراو دایه. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ق بوونێكی سروشتی، یان به‌هایه‌ك بۆ تێگه‌یشتن به‌جی بهێینێت، خوێنه‌ر ده‌بی به‌رده‌وام هۆكاری بوونی خۆی له دووتوێی ئازادی بوونی ده‌قدا بدۆزێته‌وه. هه‌میشه ئازادی بوونی مرۆڤ، له داهێنانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گری، به‌ڵام وه‌ك چۆن به‌بی جیاوازی، بوونی ئازادی ده‌كه‌وێته ته‌گه‌ره‌وه، به هه‌مان شێوه‌ش به‌بی به‌شداری خوێنه‌ره جیاوازه‌كان، جیاوازی خوێندنه‌وه دروست نابی.
ده‌مه‌وی بڵێم هه‌میشه كرده‌ی خوێندنه‌وه كرده‌یه‌كه، له دانوستاندا گه‌مه‌كانی بوونی درێژه پێده‌دات، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش هه‌ر چه‌نده ئاستی مه‌عریفه‌ی (وه‌رگر/خوێنه‌ر) له‌رووی هونه‌ری و رۆشنبیریی به‌گشتی به‌هێز بێت، ئه‌وه‌نده توانانی به‌شداریكردن و خهڵقكردنهوهی له‌رووی تێگه‌یشتن و وه‌رگرتن به‌هێزتر ده‌بێت. لێره‌وه ئه‌گه‌ر جیاوازی وه‌ك به‌هایه‌كی ئه‌وه‌لی له رێگای جیاوازی زمانی ده‌ق و زمانی وه‌رگر، له رێگای جیاوازی ئاماده و نائاماده، زینده‌گی و مه‌رگ، خه‌ون و واقیع.. .. فه‌زای دانوستان درێژ بكاته‌وه، ئه‌وه خوێنه‌ری داهێنه‌ر هه‌میشه له‌نێوان ره‌گه‌زه ئاماده و نائاماده‌كان، پردێك دروست ده‌كات و به هۆی ئه‌و پرده تهئویلییهوه سپێتی و بۆشاییه‌كان ئاوه‌دان ده‌كاته‌وه. كه‌واته له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌شداری له داهێناندا ده‌كات، بۆیه هه‌میشه خوێندنه‌وه وه‌ك كارێكی ئیبداعی ده‌كه‌وێته به‌رانبه‌ر كارێكی ئیبداعییه‌وه، ئه‌وه‌ی كه كرده‌ی خوێندنه‌وه وه‌ك ئیبداع سه‌یر ده‌كات، ئاسته به‌رزه‌كانی خوێندنه‌وه و هه‌ڵوه‌شانه‌وه و دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه.
به‌ڵام خوێنه‌ر چۆن ده‌ق ده‌خوێنێته‌وه، یان چۆن ده‌قێك بۆ خوێندنه‌وه هه‌ڵده‌بژێرێت؟ گومانی تێدا نییه، كه وه‌ك چۆن خوێندنه‌وه جۆراوجۆره، به هه‌مان شێوه‌ش ئاستی خوێنه‌ران جۆراو جۆر ده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام مامه‌ڵه‌كردنی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ق بۆ ئه‌وه‌یه تاكو بتوانێت خۆی تێدا خه‌ڵق بكاته‌وه. خۆ خهڵقكردنهوهی خوێنه‌ران هه‌میشه له رێگای تێكه‌ڵ بوون به بونیاده‌كانی ده‌ق و دووباره بهرههمهێنانهوهوه مه‌یسه‌ر ده‌بی، هه‌ر له‌و رێگایه‌شه‌وه ده‌توانی یاده‌وه‌رییه خه‌زنكراوه‌كانی خۆی له رێگای پێدراوه نوێیه‌كانی و ته‌واوی ساته یه‌ك به‌دوا یهكداهاتووهكانی خوێندنه‌وه‌وه، راستبكاته‌وه!