
- *رۆژنامه‌كانی توركیا: سه‌ردانی بارزانی بۆ ئامه‌د وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی بوو
- *قه‌ره‌نی قادری: كاتێك ئه‌ردۆغان به ئاشكرا باس له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات ئه‌مه وه‌رچه‌رخانێكی نوێیه
- *جه‌مال نه‌جاری: بارزانی توانی هه‌ناسه‌یه‌كی نوێی كوردایه‌تی به باكووری كوردستان ببه‌خشێت
سه‌ردانی بارزانی له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری رابردوو بۆ ئامه‌د، رووداوێك بوو زۆرترین سه‌رنجی وڵاتانی ناوچه‌كه و میدیاكانی توركیا و جیهانی راكێشا، تا ئه‌و ئاسته‌ی رۆژنامه‌كانی توركیا ئه‌و سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمیان وه‌ك وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی له په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی كوردستان و توركیا هه‌ژمار كرد.له‌لایه‌كی تره‌وه چاودێرانی سیاسیی پێیانوایه ئامانجی بارزانی له سه‌ردانه‌كه‌ی ئامه‌د پرۆسه‌ی ئاشتی و ئیمزاكردنی چه‌ندین پرۆتۆكۆلاتی بازرگانییه له نێوان هه‌ردوولا كه له ئاینده‌دا رۆڵی له پێشخستی كوردستان ده‌بێت.
قه‌ره‌نی قادری، رۆژنامه‌وان پێیوایه "توركیا یه‌كێكه له‌و ده‌وڵه‌تانه، كه هه‌رێمی كوردستان زۆرترین په‌یوه‌ندیی ئابووری و سیاسیی له‌گه‌ڵدا هه‌یه.ته‌نیا هه‌رێمی كوردستان نییه پێویستی به توركیایه، به‌ڵكو توركیا چه‌ند قات پێویستی به هه‌رێمی كوردستانه.(یوورۆ نیوز) سه‌باره‌ت به سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نووسی (سه‌ردانی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ شاری "دیاربه‌كر"، كه گرینگ‌ترین شاری كوردنشینی توركیایه، به ئامانجی به‌ستنی كۆمه‌ڵه رێككه‌وتننامه‌یه‌كه له بواری وزه‌دا، كه مه‌زه‌نده‌ی چه‌ندان ملیارد دۆلاری لێ ده‌كرێت.) ئه‌مه یه‌كێكه له ده‌سكه‌وته‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان".
قادری، له لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ "شه‌پۆل" وتیشی "كاتێك ئه‌ردۆغان سه‌رۆكوزیرانی توركیا به ئاشكرا باس له (هه‌رێمی كوردستان) ده‌كات، ئه‌مه‌یان وه‌رچه‌رخانێكی نوێیه له سیاسه‌تی توركیادا.شك له‌وه‌شدا نییه ئه‌ردۆغان به‌و سیاسه‌ته‌یه‌وه، رووبه‌ڕووی ئه‌و هێزانه‌ی ناو توركیا ده‌بێته‌وه، كه ده‌ڵێن: (توركیا هیی توركانه) .سه‌ركه‌وتنی ئه‌ردۆغانیش له‌و ململانێیه‌دا، په‌یوه‌ندیی به هاوكێشه ناوخۆیییه‌كانی توركیاوه هه‌یه".
له باره‌ی پرسی ئاشتی كورد و توركیشه‌وه، "قه‌ره‌نی قادری" ده‌ڵێت "له پرۆسه‌ی (ئاشتی) له توركیادا، هاوكێشه‌كان زۆرن، پارتی كرێكارانی كوردستانیش یه‌كێكه له هاوكێشه‌كان.ئاسایییه هه‌رێمی كوردستان به‌شێك له‌و پرۆسه‌یه بێت، بارزانیش له سه‌ردانه‌كه‌یدا، باسه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی توركیادا هێنایه گۆڕێ.ئه‌وه چه‌ند ساڵێكه هه‌رێمی كوردستان، وه‌كو هاوكێشه‌ی سێیه‌م هاتۆته ناو پرسه‌كه‌وه.ناوبژیوانیی هه‌رێمی كوردستان له نێوان (پ.ك.ك) و توركیا، له كه‌س شاراوه نییه.دۆخی توركیا و باكووری كوردستان وای لێهاتووه، هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێك بێت له پرۆسه‌ی ئاشتی له‌و وڵاته‌دا.پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا ئاسان نییه، به‌ڵام ده‌كرێت.هه‌ر پرۆسه‌یه‌كیش بخوازێت له‌و وڵاته‌دا سه‌ر بكه‌وێت، ده‌بێ رووبه‌ڕووی كه‌مالیسیم ببێته‌وه.ئاڵوگۆڕه‌كانی توركیا، ناوچه و جیهان كارێكی وایان كردووه، كه هزری كه‌مالیسم رۆژ به‌دوای رۆژدا، به‌ره‌و لاوازبوون بچێت".
عه‌بدولكه‌ریم ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كگرتووی ئیسلامی پێیوایه "له رووی سیاسییه‌وه هه‌نگاوێكی گرنگ بوو به‌ڵام نابێت بۆ مه‌رامی سیاسیی و حزبی به‌كاربهێنرێت و بكرێته ریكلامی سیاسیی و ئه‌گه‌ر ده‌سكه‌وتێكیشی تێدا بێت ده‌بێت بۆ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان بێت و نابێت بۆ ته‌نیا لایه‌نێك قۆرغ بێت".
وتیشی"ئه‌وه‌ی تایبه‌ت بێت به گازنده‌ی هه‌ندێ لایه‌ن و هێز و چاودێری سیاسیی پێموایه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه ئه‌و هێزه سیاسیانه ده‌یانه‌وێ له خێریشدا شه‌ریك بن نه‌وه‌ك ته‌نیا له‌شه‌ڕدا هاوبه‌ش بن، به‌ڵام به‌گشتی هه‌نگاوێكی نوێ بوو له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه‌ی ئاشتیشدا ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م سه‌ردانه زیاتر به‌رجه‌سته ده‌بێت.ده‌بێ چاوه‌نواڕی ئه‌وه‌بین بزانین ئه‌و چوار خاڵه‌ی رێكه‌وتن له‌سه‌ری له بواری پراكتیكدا چۆن به‌رجه‌سته ده‌بێت؟".
د.رێبوار كه‌ریم مه‌حموود، مامۆستای زانكۆی سلێمانی، پێیوایه "كرانه‌وه‌ی دیبلۆماسی بۆ هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌تی بۆ پرسی كورد به گشتیی پێویستییه‌كی گرنگی ئه‌م قۆناغه‌ی سیاسه‌تكردنی كورده.هه‌موو كرانه‌وه‌یه‌كی دیبلۆماسی له ده‌ره‌نجامدا به‌شێكی به‌رچاو له هه‌وڵ و سیاسه‌تكردنه‌كان بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كان ئاسانتر ده‌كات.له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا دیداری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا گرنگییه‌كی به‌رچاوی هه‌یه.به‌ڵام بڕیاردان له‌م گرنگی ئه‌م هه‌وڵه دیبلۆماسییه وه‌ستاوه له‌سه‌ر گرنگترین ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی لێیده‌كه‌وێته‌وه".
ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ، له لێدوانێكدا بۆ "شه‌پۆل" وتیشی "پێویسته ئه‌م سه‌ردانه راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی ئیجابی له‌سه‌ر پرسی كورد هه‌بێ، چ له باكوور یان له پارچه‌كانی تری كوردستان.ئه‌م كاریگه‌رییه‌ش ده‌بێ له‌سه‌ر ستراتیجه‌كان بێت و به گۆڕینی حاكم و فه‌رمانڕه‌وا له توركیا نه‌گۆڕێت.چوونكه ره‌نگه له ئێستادا ئه‌و كرانه‌وه‌یه‌ی له توركیا هه‌یه له هاتنی حزب و كه‌سایه‌تی نوێ بۆ حوكمڕانیكردن له‌و وڵاته بگۆڕێت.ئه‌مه‌ش سه‌رجه‌م هه‌وڵه دیبلۆماسی و كرانه‌وه‌كان ده‌خاته ژێر مه‌ترسییه‌وه.واته نابێ به گۆڕینی كه‌سه‌كان هاوكێشه‌كان بگۆڕێن یان پێچه‌وانه ببنه‌وه".
جه‌مال نه‌جاڕی، رۆژنامه‌نووس و چاودێریی سیاسیی پێیوایه "بێگومان سه‌ردانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی باشووری كوردستان بۆ توركیا و بۆ باكووری كوردستان بایه‌خی خۆی هه‌یه و ده‌كرێ وه‌ك سه‌ره‌تای ده‌سپێكی نوێ له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی باشووری كوردستان و ده‌وڵه‌تی توركیا سه‌یری بكه‌ین.كاربه‌ده‌ستانی تورك له‌سه‌رووی هه‌موویان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان هه‌ستی به رۆڵی به‌رچاوی بارزانی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی كورد كرد كه جیا له‌وه‌ی وه‌ك سه‌رۆكی باشوور رۆڵی سیاسیی هه‌یه، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی كورد له هه‌موو پارچه‌كان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر گه‌لی كورد هه‌یه".
نه‌جاڕی، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ "شه‌پۆل" وتیشی "هه‌ڵبه‌ت نابێ ئه‌وه له بیر بكه‌ین سه‌ردانی بارزانی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی كاریزما بۆ ئامه‌د و قسه‌كردن به زمانی كوردیی و ئاماده بوونی به جلی كوردیی و هه‌ڵدانی ئاڵای كوردستان به رادده‌یه‌كی زۆر توانی ئامانجی ده‌وڵه‌تی توركیا بخوێنێته‌وه و به وته و په‌یامه‌كانی هه‌ناسه‌یه‌كی نوێی كوردایه‌تی به باكووری كوردستان ببه‌خشێت ئه‌ویش ئه‌وه بوو كه ئامه‌د و هه‌ولێر و مه‌هاباد و قامیشلی چوار شاری خۆشه‌ویستی كوردستانن و بارزانی له ئامه‌ده‌وه بانگی له ده‌سه‌ڵاتدارانی تورك و فارس و عه‌ره‌ب كرد گوێ بۆ په‌یامی كورد كه ئاشتییه بگرن".
عه‌تا قاجری، نووسه‌ر و چاودێری سیاسیی پێیوایه "سه‌ردانی بارزانی خاڵدانان و كۆتایی هێنانه به رسته‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵ یاده‌وه‌ریی توركه‌كاندا ئه‌زه‌لییه، ئه‌و رسته‌یه‌ی سه‌رچاوه‌ی ئازاره‌كانی كایا و خه‌مه‌كانی شڤان په‌روه‌ره، سه‌ره‌تای رسته‌یه‌كی نوێشه، ئه‌ویش چیرۆكی خه‌ونه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كه.په‌یامێكیش بوو بۆ دۆست و دوژمن كه سیاسه‌تكردن ته‌نیا موڵكی نه‌ته‌وه ده‌ستڕۆیشتووه‌كان نییه، چوونكه هه‌ر ئه‌و سه‌رۆكه بوو كاتی خۆی وتی (مه‌گه‌ر به‌سه‌ر لاشه‌ی مندا بێنه كوردستانه‌وه) ئه‌مڕۆش له به‌رزترین ئاست و به‌جلی كوردییه‌وه له شارێكی مه‌زنی كوردان پێشوازیی لێ ده‌كرێت".
عه‌تا قاجری، له لێدوانێكدا بۆ "شه‌پۆل" وتیشی "سه‌باره‌ت به ئاكامه‌كانی ئه‌و سه‌ردانه دوو بۆچوون هه‌یه یه‌كیان پێیوایه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئاك پارتییه و ئه‌ویتریش پێیوایه له زیانی به‌ده‌په‌یه، به‌ڵام ئه‌مه وه‌ستاوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كامیان ئیستسماری ده‌كه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر بۆچوونی یه‌كه‌م بێت ئه‌وا سه‌ره‌نجام سه‌ركه‌وتنی ئه‌و باوه‌ڕه‌یه كه چیتر كورده‌كان هاووڵاتی پله دوو نین، سه‌باره‌ت به بۆچوونی دووه‌میش ئه‌و هاوكێشه‌یه‌مان بۆ دروست ده‌بێت سه‌ر سكه كه‌وتنی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه نه‌به‌ستراوه به تاكه پارت و كه‌سێك، چوونكه ئه‌وه خواستێكی جه‌ماوه‌رییه".
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
