*پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌لایه‌ن یه‌كێتی و پارتییه‌وه به‌هێزترین ئه‌گه‌ر و سیناریۆیه‌یه
*پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌لایه‌ن یه‌كێتی و پارتی و یه‌كگرتووه‌وه دووه‌م ئه‌گه‌ری به‌هێزه
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له رۆژی 21-9-2013 سه‌رباری هه‌ر تێبینی و سه‌رنجێك به سه‌ركه‌وتوویی كۆتایی هات، ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش به‌و شێوه‌یه بوو كه پارتی به 38 كورسی، گۆڕان به 24 كورسی، یه‌كێتی به 18 كورسی، یه‌كگرتوو به 10 كورسی، كۆمه‌ڵ به 6 كورسی، لایه‌نه‌كانی تر به 4 كورسی، چوونه ناو په‌رله‌مان.له ئێستادا هه‌م خه‌ڵك و هه‌م هێزه سیاسییه‌كان چاوه‌ڕوانی گفتوگۆی لایه‌نه‌كانن بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مانی كه له "50+1" كه‌متر نه‌بێت به مه‌به‌ستی ته‌شكلیكردنی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێم.هه‌نووكه‌ش كۆمه‌ڵێك سیناریۆ له ئارادان، پێنج له‌و سیناریۆیانه مه‌تره‌حترین سیناریۆكانن كه دووان له‌و پێنج سیناریۆیه‌ش به‌هێزترین سیناریۆن بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی ئاینده.
سیناریۆی یه‌كه‌م: رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی كه به ته‌نیا ده‌توانن رێژه‌ی قانوونی كه 56 كورسییه ته‌واو بكه‌ن بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، ره‌نگه له‌م سیناریۆیه‌دا هه‌ندێك حزبی بچووك كه 4 كورسی په‌رله‌مانیان هه‌یه به‌شدار بن، ئه‌مه به‌هێزترین سیناریۆیه‌یه.هه‌رچه‌نده ته‌ڕه‌دودێك لای یه‌كێتی هه‌یه، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام به هۆی پابه‌ندبوونی پارتی و یه‌كێتی به رێككه‌وتنی ستراتیجی و هاوپه‌یمانیی چه‌ند ساڵه‌یان، ئه‌م سیناریۆیه‌یه ببیته به‌هێزترین سیناریۆ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان.
به‌و پێیه‌ی پارتی لیستی براوه‌یه، سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌و حزبه راده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، له حاڵی حازردا دیمه‌نه‌كه پێمانده‌ڵێت، پارتی هێشتا ئاره‌زوویه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی حكوومه‌ت دروست بكات، له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا پارتی نایه‌وێت یه‌كێتی بخاته ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌ت، چوونكه هه‌ر حكوومه‌تێك له كوردستاندا بێ یه‌كێتی لاواز ده‌رده‌چێت و قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌كه‌ی سلێمانی و گه‌رمیان ناگرێته‌وه، بۆیه یه‌كێتی جیا له‌وه‌ی به پێی كورسی پاشه‌كشه‌ی كردووه، به‌ڵام وه‌ك هێزی سیاسیی و پێگه‌ی دیپلۆماتی و سه‌ربازیی و كارگێڕیی هێشتا وه‌ك خۆیه‌تی، بۆیه كه‌س ناتوانێ خۆی له‌م دیفاكتۆیه ببووێرێت، قازانجی سیاسیی یه‌كێتیش (به پێچه‌وانه‌ی تێڕوانینی "به‌هرۆز گه‌ڵاڵی" سه‌ركرده له یه‌كێتی كه دوا ده‌كات حزبه‌كه‌ی ببێته ئۆپۆزیسیۆن)، له‌وه‌دایه بۆ ئه‌م چوار ساڵه‌ش له حكوومه‌تدا بمێنێته‌وه.
سیناریۆی دووه‌م: پێكهێنانی حكوومه‌تی بنكه فراوان به به‌شداریی هه‌ر پێنج هێزه سه‌ره‌كییه‌كه.ئه‌گه‌رچی حكوومه‌تی بنكه فراوان خواستێكی جه‌ماوه‌رییه و وا دێته به‌رچاو كه ده‌توانێت كوردستان له قه‌یران و ته‌نگژه رزگار بكات، به‌ڵام له راستیدا پێكهێنانی حكوومه‌تی بنكه فراوان پڕ سه‌رئێشه‌ترین پرۆسه‌یه، چوونكه دانوستان و دایه‌لۆگی زۆری پێویسته، ده‌بێت به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌ر پێنج هێزه سیاسییه‌كه یه‌ك بخرێت له پڕۆژه‌یه‌كی نوێی حكومڕانیدا وه‌ك ئه‌جیندای كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌ت، ئه‌مه‌ش پرۆسه‌یه‌كی تاقه‌ت پڕوكێن و دوور و درێژه و به‌م كولتووره سیاسییه‌ی حزبه‌كانی ئێمه هه‌یانه ئیمكانی نییه.له‌وانه‌شه تموحی هێزه‌كان بۆ وه‌رگرتنی پشكی زۆرتر له ده‌سه‌ڵات یه‌كێك بێت له له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌م ئه‌م حكوومه‌ته بنكه فراوانه، یان له پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی پۆست و ده‌سه‌ڵاته‌كاندا لایه‌نه‌كان نه‌گه‌نه ئه‌نجام یان چه‌ند لایه‌نێك بایكۆت بكه‌ن.
ئه‌گه‌رچی لایه‌نه‌كان له ئێستاوه رایده‌گه‌یه‌نن هێڵی سووریا‌ن له‌سه‌ر یه‌كتر نییه بۆ پرۆسه‌ی دانوستان به نیازی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ، وه‌ك حه‌مه تۆفیق ره‌حیم، رێكخه‌ری ژووری په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له لێدوانێكدا به تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقی رایگه‌یاندووه "بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت هێڵی سووری له‌گه‌ڵ هیچ قه‌واره‌یه‌كی سیاسی نییه، به‌ڵكو گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت ته‌نیا پشت به به‌رنامه‌ی حكومی قه‌واره‌كان و كاتی جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی به‌رنامه‌ی حكومی ده‌به‌ستێت".ئه‌مه ئه‌گه‌رچی ئاماژه‌یه‌كی دڵخۆشكه‌ره، به‌ڵام دیسانه‌وه له پرۆسه‌ی یه‌كخستنی به‌رنامه‌ی قه‌واره‌كاندا ئاسته‌نگه‌كان دێنه پێشه‌وه، وه‌لێ شاره‌زایانی سیاسیی پێشتر به‌رچاوو روونیان دابوو كه حكوومه‌تی بنكه فراوان به سروشتی حاڵ حكوومه‌تێكی لاوازه.
سیناریۆی سێیه‌م: پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌لایه‌ن هه‌ر چوار هێزێكه‌وه بێ پارتی.ئه‌م سیناریۆیه‌یه لاوازترین سیناریۆیه‌یه، چوونكه ئه‌گه‌ر له رووی تیۆرییه‌وه ئه‌و بابه‌ته بگونجێت، ئه‌وه له باری پراكتیكه‌وه هیچ زه‌مینه و كه‌شێك نییه بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت بێ پارتی، چوونكه له باشترین حاڵه‌تدا ئه‌و حكوومه‌ته ده‌بێته حكوومه‌تی سلێمانی و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ر هه‌ولێر و دهۆكدا نابێت، له‌م پرۆسه‌یه‌شدا ئه‌وه‌ی به پله‌ی یه‌كه‌م زیانی لێ ده‌كات یه‌كێتییه.چوونكه ئه‌وسا یه‌كێتی ناچاره هه‌ر سێ لایه‌نه‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێستا بكاته هاوبه‌شی خۆی له ده‌سه‌ڵاتدا له سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆی كه سلێمانی و ئیداره‌ی گه‌رمیانه.
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، به‌رپرسی ده‌زگای پلانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، پێیوایه له كاتی پێكهێنانی حكوومه‌تێكدا به بێ پارتی یان به بێ یه‌كێتی هه‌ر كام له‌م دوو ئه‌گه‌ره زه‌حمه‌ته، به تایبه‌ت حكوومه‌ت بێ پارتی و حكوومه‌ت بێ یه‌كێتی ئه‌گه‌ر جیابوونه‌وه‌ی سلێمانی و ئیداره‌كه‌ی هه‌یه.
سیناریۆی چواره‌م: پێكهێنانی حكوومه‌ت له نێوان پارتی و گۆڕان، یان لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن بێ یه‌كێتی.ئه‌م سیناریۆیه‌ش یه‌كێكه له سیناریۆ لاوازه‌كان.له‌به‌رئه‌وه‌ی له نێوان گۆڕان و پارتیدا قه‌یرانی متمانه هه‌یه و ئاسان نییه ئه‌و دوو هێزه پێكه‌وه بتوانن ئیداره‌ی حكوومه‌تێكی هاوبه‌ش بكه‌ن.به هاتنه ناوه‌وه‌ی دوو لایه‌نه‌كه‌ی تری ئۆپۆزیسیۆنیش كه‌لێنی نێوان پارتی و گۆڕان پڕ نابێته‌وه.جگه له‌وه‌ش له‌م حاڵه‌ته‌دا به ئاوتكردنی یه‌كێتی له حكوومه‌ت، بارودۆخی سیاسیی و حكومداریی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قۆناغی سه‌رده‌می دوو ئیداره‌یی، یان حكوومه‌تێك دروست ده‌بێت هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نییه له سلێمانی و گه‌رمیاندا، بۆیه له هه‌موو باره‌كاندا یه‌كێتی و پارتی تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش بڕبڕه پشتی هه‌ر كابینه‌یه‌كی حكوومه‌تن و ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن ناتوانێ ئه‌و دیفاكتۆیه‌ی ئه‌و دوو حزبه بخاته لاوه.
سیناریۆی پێنجه‌م: پێكهێنانی حكوومه‌ت له نێوان پارتی و یه‌كێتی و یه‌كگرتوو.ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له سیناریۆ به‌هێزه‌كان.به پێی هه‌واڵی میدیاكانیش، یه‌كگرتوو، ده‌یه‌وێ له‌م قۆناغه‌دا له ئۆپۆزیسیۆنه‌وه بگه‌ڕێته‌وه ناو ده‌سه‌ڵات، چوونكه ئه‌زموونی ئه‌و حزبه له ماوه‌ی 4 ساڵی ئۆپۆزیسیۆنیدا له بری هه‌نگاونان بۆپێشه‌وه، به‌ره‌و دواوه گه‌ڕاوه‌ته‌وه و زیاتر له 40 هه‌زار ده‌نگ كه‌می كردووه.مادام ئه‌مری واقیع ئه‌وه‌یه پارتی و یه‌كێتی كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی كابینه‌ی هه‌شته‌من، به‌رنامه‌ی ئه‌وان پشكی شێری به‌رنامه‌ی حكوومه‌تی داهاتوو ده‌بێ، ئه‌وه هێزه‌كانی تر ره‌نگه له قازانجیان بێت به قه‌باره‌ی خۆیانه‌وه بێنه ناو ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت له‌م پرۆسه‌یه‌دا گۆڕان ئاوت ده‌بێت، چوونكه داواكارییه‌كانی گۆڕان بۆ دوو لایه‌نه‌كه‌ی تری ده‌سه‌ڵات ئاسان نییه.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی دوو سیناریۆ له به‌هێزترین سیناریۆكانی پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌مه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمن.یه‌كه‌م، پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌لایه‌ن یه‌كێتی و پارتییه‌وه به‌هێزترین ئه‌گه‌ر و سیناریۆیه‌یه.هه‌موو ئاماژه‌كانیش ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌یه‌وێ له ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه.دووه‌م، پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌لایه‌ن یه‌كێتی و پارتی و یه‌كگرتووه‌وه دووه‌م ئه‌گه‌ری به‌هێزه و ره‌نگه هه‌ر یه‌ك له پارتی و یه‌كێتی ئاره‌زووی ئه‌وه بكه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندیشیان له‌وه‌دا بێ، یه‌كگرتوو بێته ناو حكوومه‌ته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
