ئه‌گه‌ر ئاوڕ له مێژووی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست بده‌ینه‌وه، به حوكمی ئه‌وه‌ی ئاین و فه‌رمانڕه‌وایی ئاوێته‌ی یه‌ك ببوون، سته‌مكارییه‌كی گه‌وره‌ی ئاینیی سه‌رتاپای ئه‌وروپای داپۆشیبوو، ئه‌م سته‌مكارییه گه‌یشتبووه رادده‌یه‌ك نه‌ك هه‌ر بێباوه‌ڕانی گرتبووه‌وه، به‌ڵكو په‌یڕه‌وانی ئاینزا جوداكانی ناو یه‌ك ئاینیشی نه‌بواردبوو. بۆ نموونه دادگاكانی پشكنین، جیا له‌وه‌ی سزای بێباوه‌ڕانی ده‌دا، یان سزای هه‌موو ده‌نگێكی ده‌دا كه دژی ده‌سه‌ڵاتی كڵێسا به‌رز ده‌بووه، هاوزه‌مان ئه‌م دادگا كاسۆلیكیانه كه‌میان به مه‌سیحییه پرۆتستانه‌كان نه‌ده‌كرد. به كورت و كرمانجی، ئه‌زموونی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست ئه‌وه‌ی پێ نیشانداین، تێكه‌ڵاوكردنی ئاین و سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی جگه له سته‌مكاریی ئاینیی هیچی تری لێ شین نابێت.
ئیخوان موسلمین به هه‌مان نه‌فه‌سی كڵێسای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه، له ژێر دروشمی "ئیسلام چاره‌سه‌ره" ماوه‌ی 85 ساڵه له هه‌وڵی بێوچاندایه بۆئه‌وه‌ی ئاین بكاته بنه‌مای فه‌رمانڕه‌وایی سیاسیی. ئه‌گه‌رچی ماوه‌ی 84 ساڵ له ژێر په‌ستانی حكوومه‌ته نیمچه عه‌لمانییه‌كانی میسردا بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی رابه‌رانی ئیخوان له هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌دا تیۆریزه‌یان كرد، دروستكردنی بنه‌مایه‌كی فكریی بوو بۆ به‌ستنه‌وه‌ی ئاین و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی به یه‌كتره‌وه. وه‌لێ ئیخوان تا شۆڕشی یه‌نایری 2011 زیاتر وه‌ك قوربانی ده‌هاته به‌رچاو، به‌ڵام فكری ئیخوان ئه‌وه‌ی لێده‌خوێنرایه له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیان به ده‌سه‌ڵات، شێوه‌یان له قوربانییه‌وه ده‌گۆڕێ بۆ جه‌لاد. ئه‌م شێمانه‌یه‌ش له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی حكومی "مورسی"دا میسداقییه‌تی خۆی سه‌لماند.
ره‌نگه تا ئێستا وا زانرابێت، سته‌مكاریی ئاینیی یان پشكنینی بیروباوه‌ڕ تایبه‌ته به ئاینی كریستیانیی، به‌ڵام له واقیعدا ئه‌و تێزه كۆڵه‌واره، چوونكه ده‌شێ له هه‌موو حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر ئاین بكرێته بناغه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی هه‌مان سته‌مكاریی بێته ئاراوه. هه‌روه‌ك "هاشم ساڵح" باسی ده‌كات: زیاد له جارێك ویستیان باوه‌ڕمان پێ‌بێنن دادگاكانی پشكنین ته‌نیا تایبه‌ته به مه‌سیحییه‌ت و هه‌رگیز ناشێت و ناكرێت لای ئێمه رووبدات. ئه‌ڵبه‌ته ئه‌وه قسه‌یه‌كی بێ بناغه‌یه، به‌ڵگه مێژووییه‌كان له ئێستا و رابردوودا، ئه‌و بۆچوونه به‌تاڵ ده‌كه‌نه‌وه، ره‌وتی مێژوویی هه‌ردوو ئاینه‌كه ده‌یسه‌لمێنێ تێگه‌یشتنی هه‌ڵه و دۆگما بۆ ئاین، خۆ به خۆ ده‌بێته مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی دادگاكانی پشكنین و زه‌بر و زۆركردن له ئایندا.
له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی حكوومی ئیخوان له میسر، به‌ده‌ر له‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری زیانی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وت، كه‌رتی گه‌شتیاریی هه‌ره‌سی هێنا، هه‌ڵئاوسان و بێكاریی گه‌یشته لوتكه. له هه‌مان كاتدا ده‌وڵه‌ت به شێوه‌یه‌كی چڕ كه‌وته په‌لاماردانی ئازادییه‌كان و سه‌ركوتی بیروڕای جیاواز و داپڵۆسینی مه‌عنه‌ویی رۆشنبیران و ده‌مكوتكردن و دادگایكردنی هونه‌رمه‌ندان. هه‌روه‌ك "باسم یوسف" پێشكه‌شكاری كه‌ناڵی CBC پێناسه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی میسری به چیرۆكی ئه‌لف لیله و لیله كردبوو. كه له‌و چیرۆكه‌دا ئه‌ندامانی ئیخوان، راگه‌یاندنكار و رۆژنامه‌وانان به شه‌لاتی و به‌ڵته‌چی "گێره‌شێوێن" ناو ده‌به‌ن. ئیخوان شێوازی دایه‌لۆگ و لێكگه‌یشتنیان گۆڕی به نه‌ڕه نه‌ڕ و خۆسه‌پاندن.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه، سته‌مكارییه‌كی نوێ له به‌رامبه‌ر قیبتییه مه‌سیحییه‌كان له نه‌شونمادا بوو، كه مه‌ترسی كڵپه‌سه‌ندنی جه‌نگێكی مه‌زهه‌بی لێده‌كرا. ئه‌و سته‌مكارییه‌ی له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی حكومی ئیخواندا دژی قیبتی و مه‌سیحییه‌كان به‌ڕێوه‌چوو نموونه‌ی له مێژووی میسردا نه‌بینرابوو. هه‌روه‌ك "د. نه‌جیب جوبرائیل" راوێژكاری یاسایی كه‌نیسه‌ی قیبتییه‌كان، ئاماژه‌ی پێدابوو "له سه‌رده‌می موباره‌كدا قیبتییه‌كان به خراپترین شێوه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرا، به‌ڵام له سه‌رده‌می مورسی خه‌ڵتانی خوێن كران. له زه‌مانی رۆمانییه‌كانه‌وه تا ئێستا رووبه‌ڕووی كاره‌ساتی وانه‌بوونه‌ته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌نووكه رووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه". ئه‌مه‌ش ئه‌و دۆخه‌مان بیر ده‌خاته‌وه كه بیرمه‌ندی سودانی "حاج وه‌راق" له باره‌یه‌وه دوا بوو، كاتێك وتبووی "ئیخوان له ئه‌زموونه باشه‌كانی مرۆڤایه‌تی دامانده‌بڕن".
خولاسه، ئیخوان نه‌ك نه‌یتوانی له ئاست داوا و خه‌ونه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی میسریدا بێت، به‌ڵكو ده‌یویست له رێگه‌ی ئیخوانیزه و ئیسلامیزه‌ی كۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر شێوه‌ی ئیسلامگه‌رایی ئیخوانیی، هه‌موو خه‌ڵكی میسر له قاڵب بدات، بۆ ئه‌مه‌ش سڵی له‌وه نه‌كرده‌وه حكوومه‌ت له ده‌زگایه‌كی ئیداریی و سیاسییه‌وه بكاته دادگای پشكنینی بیروباوه‌ڕ و دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ركوتكاری ئاینیی. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه، شۆڕشگێڕان لێنه‌گه‌ڕان ئیخوان موسلمین له بری پێشخستنی كۆمه‌ڵگه، چه‌ندین هه‌نگاو میسر بباته‌وه بۆ دواوه.
پێشتریش "خه‌لیل ئه‌لعه‌نانی" له كتێبه‌كه‌یدا "ئیخوانه‌كانی میسر، ململانێی په‌ككه‌وته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ رۆژگار" باسی له‌وه كردبوو، ئیخوان ناتوانێت ببێته هێزێك له‌گه‌ڵ دیموكراسی هه‌ڵبكات، چوونكه هیچ بڕوایه‌كیان به به‌هاكانی دیموكراسی نییه. ئه‌لعه‌نانی ئاماژه‌ی به‌وه دابوو "له هه‌مبه‌ر دیموكراسی سپه‌یسێكی گه‌وره هه‌یه له ناو ئیخواندا. چوون ئه‌وان ئه‌م چه‌مكه وه‌ك موماره‌سه سه‌یر ده‌كه‌ن نه‌ك به‌ها. له‌و سۆنگه‌یه‌ی ئاماده‌ییان هه‌یه به‌شداریی هه‌ڵبژاردن و خۆپیشاندان بكه‌ن، به‌ڵام قه‌ت نه‌بووه بڕوایان به دادپه‌روه‌ریی و ئازادیی و یه‌كسانی هه‌بێ وه‌ك به‌هاگه‌لێگی گرنگی دیموكراسی". هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه بوو له ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا، مورسی و ئیخوان له بری ئه‌وه‌ی پایه‌كانی دیموكراسی له میسر به‌هێز بكه‌ن، خه‌ریكی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ژێرخانه بوون كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی لێده‌كرا ئه‌و وڵاته به‌ره‌و دیموكراسیی بپه‌ڕێننه‌وه، بۆ هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجه‌ش سه‌رقاڵی به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتێك بوون كه جگه له سته‌مكاریی هیچی تری لێ چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرا.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
