خۆشبه‌ختانه هه‌ر له ده‌ستپێكه‌وه له‌و بڕوایه‌دا بووم، شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی كه له تونسه‌وه تاوی سه‌ند و تا نهۆش له سوریا به‌رده‌وامیی هه‌یه، شۆڕش نین له پێناوی ئامانجی ئاینیی، به دیوێكی تردا فاكتۆری سه‌ره‌كیی له تاوسه‌ندنی شۆڕشه‌كان، به‌ره‌نگاریی سه‌ركوتی ئاینیی نه‌بوو، یان ئامانجی لێی هه‌وڵدان نه‌بوو بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئاینیی، یاخۆ ئیسلامی، به‌ڵكو له سترۆكتۆره‌وه ئه‌م شۆڕشانه شۆڕشی نان و ئازادیی بوون، شۆڕش بوون له پێناوی باشتركردنی هه‌لومه‌رجی ژیان له كۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بییه‌كان، شۆڕش بوون له پێناوی به‌رینكردنی مه‌وداكانی ئازادیی و چه‌سپاندنی دادی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه هه‌ر یه‌ك له‌مانه به‌شێكه له كرۆكی دیموكراسیی، كه له دونیاشدا هیچ نموونه‌یه‌كی دیموكراسیی به بێ بوونی عه‌لمانییه‌ت له ئارادا نییه.
ئه‌گه‌رچی له ساته‌وه‌ختێكی دیاریكراودا، جۆرێك له ره‌شبینی و نائومێدیی له هه‌مبه‌ر ئه‌و شۆڕشانه ته‌نگی پێ هه‌ڵچینبووین، به‌و پێیه‌ی له بۆشایی ده‌سه‌ڵاتدا و له دوای رووخانی رژێمه‌كان له میسر و تونس، كێرڤی رێكخراوه ئیسلامییه‌كان رووی له هه‌ڵكشان كرد و له دوا وێستگه‌شدا "ئیخوان موسلیمین" له رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه توانی هه‌له‌كه به ئاسانی بقۆزێته‌وه و دوای 84 ساڵ ته‌مه‌نی سیاسیی بگاته سه‌ر عه‌رشی ده‌سه‌ڵات. به‌ڵام هه‌روه‌ك بیرمه‌ندی ناسراوی عه‌ره‌ب "هاشم ساڵح" بۆی چوو بوو، "له قۆناغی یه‌كه‌مدا له باتی پێشه‌وه چوون، پاشه‌كشه‌یه‌ك دێته ئارا". بێگوومان هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئیخوان، فۆرمێك له پاشه‌كشه‌ی شۆڕش بوو، یاخۆ هه‌ره‌سی خه‌ونی شۆڕشگێڕان بوو، به‌ڵام ئه‌م پاشه‌كشه‌یه له ساڵێك زیاتری نه‌خایاند.
ئیخوان له میسر تووشی مه‌ستییه‌كی جادوویی ببوو، به‌وه‌ی پێیوابوو، ئه‌وه‌ی تا ئێستا رێگربووه له به‌یه‌ك گه‌یاندنی ئیخوان و ده‌سه‌ڵات، ته‌نیا بوونی رژێمێكی پۆلیسی و میلتانتی وه‌ك رژێمی موباره‌ك بووه، له‌م سۆنگه‌وه سه‌رمه‌ست بوون به‌وه‌ی میسرییه‌كان سه‌رسامن به به‌رنامه‌ی ئاینیی ئیخوان، بۆیه له ماوه‌ی چه‌ند مانگێكدا هه‌موو شتێكیان له بیر كرد، به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی خۆیان خسته ته‌نه‌كه‌خۆڵی كۆشكی كۆمارییه‌وه، له بری باشتركردنی هه‌لومه‌رجی سیاسیی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی میسر، ده‌ستیان دایه پرۆسه‌ی ئیخوانیزه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی میسریی، ئه‌مه‌ش ناكۆك بوو به‌و رۆحه شارسانییه‌ی گه‌لی میسر كه له فیرعه‌ونه‌كانه‌وه ده‌ستپێده‌كات تا هه‌نووكه. بۆیه كۆمه‌ڵگه‌ی میسریی زۆر زوو له په‌یام و پرۆتۆكۆله‌كانی ئیخوان تێگه‌یشت، زۆر زوو ده‌ركیان به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌تر كرد له به‌رده‌میاندا كه چه‌ند قاتی رژێمه‌كه‌ی موباره‌ك مه‌ترسیدارتر بوو.
هاشم ساڵح، بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب ده‌ڵێ "دیكتاتۆریی ئاینیی گه‌لێك مه‌ترسیدارتره له دیكتاتۆرییه‌تی سه‌ربازیی، چوونكه یه‌كه‌میان راسته‌وخۆ و بێ جیاوازیی هه‌ڕه‌شه له ئازادیی بیر و را و بیركردنه‌وه و ده‌ربڕین ده‌كات". گه‌لی میسریی به هۆشیارییه‌وه و به تێگه‌یشتن له‌وه‌ی "ئیخوان" سه‌رقاڵی ئیسلامیزه و ئیخوانیزه‌ی كۆی دامه‌زراوه و كایه جۆراوجۆره‌كانی ژیانه له‌و وڵاته، به تێگه‌یشتن له‌وه‌ی "ئیخوان" له جێگه‌ی دیكتاتۆریی پۆلیسی و سه‌ربازیی پێشوو، سه‌رقاڵی رۆنانی دیكتاتۆریی ئاینییه، به‌رده‌وامیان به شۆڕش دا، یان به مانایه‌كی دیكه گه‌ڕانه‌وه بۆ خه‌ونه‌كانی شۆڕش، گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌هاكانی شۆڕش. له‌م نێوه‌نده‌دا "مه‌یدانی ئازادیی قاهیره" به ده‌نگێكی بڵند ئه‌وه‌ی دووپاتكرده‌وه، شۆڕش كۆتایی نه‌هاتووه، به‌ڵكو هێشتا شۆڕش درێژه‌ی هه‌یه.
ئه‌وه‌شی له میسر روویدا، "واته پرۆسه‌ی لادانی مورسی له ده‌سه‌ڵات" نه‌ك ناچێته چێوه‌ی كودێتاوه، به‌ڵكو به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌نگ و مۆدیلێكی تری شۆڕش بوو، چوونكه كودێتا له‌لایه‌ن كه‌مینه‌یه‌كی سوپاوه ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له میسر روویدا، سوپا به دیفاكتۆ كه‌وتبووه ژێر كارتێكردنی ئه‌و خرۆشانه گه‌وره‌ییه‌ی له شه‌قامی میسرییدا ده‌بینرا. ئه‌گه‌رچی مورسی سه‌رۆكێكی هه‌ڵبژێردراو بوو، له رێگه‌ی سندووقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه گه‌یشتبووه ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه، خه‌ڵك ناتوانن له رێگه‌ی چالاكی مه‌ده‌نی و خۆپیشاندان و شۆڕشی سپییه‌وه، سه‌رۆك لا بده‌ن. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌ی له ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تانی دیموكراسیی فێری بووین ئه‌وه‌یه، شه‌قام ده‌توانێت به خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ریی كه لانیكه‌م گوزارشت له رای زۆرینه‌ی هاونیشتمانیان بكات، سه‌رۆك لا بدات.
من پێموایه لادانی مورسی و هه‌ره‌سهێنان به حكوومه‌ته‌كه‌ی ئیخوان له میسر، سه‌ره‌تایه‌كی نوێیه له ئاستانه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ونی شۆڕش، ئه‌و شۆڕشه‌ی سه‌ره‌تا گه‌نجه‌كان ده‌ستیان پێكرد و دواتر ئیخوان له كاتی زانینی سه‌ره‌و لێژبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی موباره‌ك، خۆی به‌سه‌ردا سه‌پاند. ئه‌م ده‌لاقه‌یه‌ی له میسره‌وه كراوه‌ته‌وه ده‌كرێ له تونس و لیبیا فراوانتر بكرێ، هه‌رچی سوریاشه له‌وه ده‌چێت ببێته مه‌قبه‌ره‌ی كۆی ئیسلامییه جیهادیی و ته‌كفیرییه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه. ئه‌وه‌ی من له‌م چركه‌ساته و له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ونی شۆڕش وه‌بیرم دێته‌وه، كۆپله‌یه‌ك له گۆرانی "شۆڕش"ی "ڤیرۆنیكا ساسۆت"ه كه ده‌ڵێت "هه‌موو شتێك بۆنی وه‌ڕسیی لێدێت، به‌ڵام ژیان پێویسته جۆرێكی تر بێت". خاوه‌نه‌كانی شۆڕش له میسر له‌سه‌ر هه‌مان ریتم به ده‌نگێكی به‌رز به ئیخوان و ده‌سه‌ڵاتی ئیخوانیان وت، گه‌رچی له سایه‌ی حوكمی ئێوه هه‌موو شتێك بۆنی وه‌ڕسیی لێدێت، به‌ڵام ئێمه ده‌مانه‌وێ ژیان به جۆرێكی تر بێت. له‌وه‌ش گرنگتر به كرده‌وه هه‌نگاویان نا بۆ جۆرێكی تری ژیان.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
