
یه‌كێتی به لیستی جیا به‌شداریی هه‌ڵبژاردن ده‌كات ..په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی: به‌شداریكردنی یه‌كێتی به لیستی جیا خۆكوشتنی سیاسییه ...راپۆرت: ستیڤان شه‌مزینی
*د.شیلان حه‌مه: هه‌موو هێزه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت پێویستیان به پارتییه، به‌ڵام مه‌رج نییه پێویستیان به یه‌كێتی بێت
یه‌كێتی، بڕیار ده‌دات بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی كوردستان به لیستی جیا به‌شداریی بكات و هیچ هاوپه‌یمانییه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ هیچ هێز و لایه‌نێكی سیاسیی نه‌به‌ستێت.چاودێرانی سیاسیی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی یه‌كێتی به مه‌ترسیدار ده‌زانن له‌سه‌ر پێگه‌ی سیاسیی ئه‌و حزبه، كه هێشتا ئه‌و قۆناغه‌ی تێنه‌په‌ڕاندووه بتوانێت به لیستی جیاواز به‌شداریی بكات.په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتیش ئه‌و هه‌نگاوه به خۆكوژیی سیاسیی پێناسه ده‌كات.به‌ڵام ئازاد جندیانی وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ته‌ئكید ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێتی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی كوردستان به لیستی سه‌ربه‌خۆ و جیا به‌شداریی له‌و پرۆسانه ده‌كات.
د.شیلان حه‌مه، پسپۆری زانسته سیاسییه‌كان، پێیوایه ئه‌و بڕیاره‌ی یه‌كێتی بۆ به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو به لیستی جیا و تایبه‌ت به خۆیان، لۆجیكی و پشت ئه‌ستوور نییه به دیراسه‌یه‌كی واقیعی و سیاسیی و باڵانس و پێگه‌ی هێز و حزب و لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.ته‌ئكید له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه یه‌كێتی حاڵی حازر به تایبه‌ت به‌هۆی غیابی مام جه‌لال كه ره‌مز و كاریزمای حزبه‌كه‌یه، له دۆخێك‌دا نییه بانگه‌شه بۆ لیستی جیا بكات له هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم، چوونكه واده‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه زۆر نزیكه و ئه‌گه‌ر له كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت نزیكه چوار مانگی ماوه، ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتی نابێت، چوونكه ئاماده‌كاریی پێویستی بۆ نه‌كردووه.
ئه‌و پسپۆره‌ی زانسته سیاسییه‌كان، باس له‌وه‌ش ده‌كات، یه‌كێتی له قۆناغی ئێستادا پێویستی به هاوپه‌یمان و دۆستێكی به‌هێزه كه تا ئێستا ئه‌و هاوپه‌یمانه پارتی بووه.وتیشی "ئه‌گه‌ر یه‌كێتی پێیوابێت دوای هه‌ڵبژاردن و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌نجامێكی باش ده‌توانێت له‌گه‌ڵ پارتی هاوپه‌یمانی ببه‌ستێت بۆ دروستكردنی حكوومه‌ت، ره‌نگه هاوكێشه‌كه به دڵخوازی یه‌كێتی نه‌چێته پێشه‌وه، ره‌نگه گۆڕان پێش یه‌كێتی بكه‌وێت له ده‌نگ و كورسی، ئه‌مجاره پارتی بیر له دروستكردنی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ گۆڕان یان یه‌كگرتوو بكاته‌وه، چوونكه پارتی هێزێكی جێگیره و زیاتر له سێیه‌كی رێژه‌ی ده‌نگده‌رانه، ئه‌وه‌ی ده‌گۆڕێت هێزه‌كانی ترن، بۆیه هه‌موو هێزه‌كان له هه‌ر بارێكدا بێت، بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت پێویستیان به پارتی هه‌یه، به‌ڵام مه‌رج نییه، هه‌مان پێویستیان به یه‌كێتی هه‌بێت، بۆیه یه‌كێتی ده‌بێت له‌م گه‌مه‌یه‌دا وریا بێت".
له‌لایه‌كی تره‌وه په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی له په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت پێویسته یه‌كێتی و پارتی به لیستی هاوبه‌ش له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مان و پارێزگاكان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا به‌شداریی بكه‌ن.
گۆران ئازاد، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به به‌شدارییكردنی حزبه‌كه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێم ده‌ڵێ: ماوه‌یه‌كه به‌رپرسانی هه‌ر دوو حزب باس له‌وه ده‌كه‌ن له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌ی هه‌رێم، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان به لیستی جیا به‌شداریی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، دیاره ئه‌م بڕیاره په‌یوه‌سته به داواكاریی جه‌ماوه‌ر و كادیرانی هه‌ردوو حزب، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رده‌وام باس له پاراستنی رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیجیش ده‌كه‌ن.
به بۆچوونی ئه‌م په‌رله‌مانتاره به‌شدارییكردنی ئه‌م دوو حزبه به لیستی جیاواز له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا مانای كۆتایی هاتن به‌و هاوپه‌یمانێتی و رێككه‌وتنی ستراتیجی نییه.گۆران ئازاد ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه ئه‌م پرسه پێویستی به ئاماده‌كاریی و كۆمه‌ڵێك زه‌مینه‌سازیی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی لێدوانی رووكه‌ش و رۆژنامه‌وانییه ئه‌وه‌نده ستراتیژ و به‌رنامه‌یه‌كی ورد نییه لای هه‌ردوو حزب، به تایبه‌ت لای یه‌كێتی.
گۆران ئازاد ده‌ڵێت، به‌شداریكردن به لیستی جیاواز واتا پاراستنی جیاوازیی هێزه‌كان تیایدا، به‌ڵام به هۆی نه‌مانی حزبی رابه‌ر و زۆرینه له كوردستان وا پێویست ده‌كات له‌سه‌ر یه‌كێتی كار بكات بۆ ده‌رچوونی كاندیدی سه‌رۆكی هه‌رێم، جا له‌م كاته‌دا جیاوازیی بۆ یه‌كێتی له كوێدا ده‌مێنێته‌وه كه له لایه‌ك كار بكات بۆ ده‌رچوونی كاندیدی سه‌رۆكی هه‌رێم له لایه‌كی تر كار بكات بۆ لیسته جیاوازه‌كه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و پارێزگاكان.
هه‌روه‌ها ئه‌و په‌رله‌مانتاره پێشنیازی ئه‌وه ده‌كات هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دوا بخرێت یان هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی بێته‌وه ناو په‌رله‌مان به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه پێویسته یه‌كێتی و پارتی به لیستی هاوبه‌ش به‌شداریی بكه‌ن، ئه‌گه‌ر نا به خۆ كوشتنی سیاسیی بۆ یه‌كێتی ناوده‌بات.
رزگار ره‌زا چوچانی، رۆژنامه‌نووس و سه‌رنووسه‌ری ماڵپه‌ڕی نووچه نێت، پێیوایه: به‌شداریی یه‌كێتی به لیستی جیاواز بڕیارێكی عاقڵانه‌یه بۆ ئه‌و حزبه و له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوو لایه‌نی پارتی و یه‌كێتیشدایه، چوونكه له رابردوو هه‌ردوولایان زیانیان به‌ركه‌وتووه به‌هۆی لیستی هاوبه‌شه‌وه، پارتییه‌كان پێیانوایه ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌مڕۆ ماوه و ده‌نگی هه‌یه، هۆكار بردنی ده‌نگه‌كانی ئه‌وانه، یه‌كێتی خۆشی ده‌زانێ زۆرێك له‌ده‌نگه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌نگی یه‌كێتییه، كه‌وایه لیستی جیاواز له قازانجی پارتییه كه بۆی روون ده‌بێته‌وه ئایا ئه‌وه وه‌همه كه پێیوایه، ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی ده‌نگی ئه‌ون، یان راستییه؟، بۆی روون ده‌بێته‌وه قورسایی راسته‌قینه‌ی هاوپه‌یمانه‌كه‌ی چه‌ند ده‌نگه و ده‌توانێ له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه شه‌راكه‌تی له‌گه‌ڵ بكات له بڕیار و له دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان لا بمێنێته‌وه، رزگاریشی بكات له غرووری هه‌ندێ له به‌رپرسه‌كانی.
چوچانی وتیشی "له باری سیاسییه‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پارتی، پێیوایه ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی ده‌نگی ئه‌ون و به‌هۆی ئه‌و له‌تبوونه‌ی له یه‌كێتی روویدا، یه‌كێتی قورسایی ئه‌وكاتی نه‌ماوه كه رێككه‌وتنی ستراتیجی تێدا ئیمزا كرا، له زۆر بڕیاردا وه‌ك حزبێكی شه‌ریك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نه‌كراوه، ئه‌وه من وا ناڵێم قسه‌ی منیش نییه، قسه‌ی مه‌كته‌ب سیاسیی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتییه، كه به ئاشكرا بۆ راگه‌یاندنه‌كان وتوویانه.كه‌وایه له‌م باره‌یه‌وه یه‌كێتی بۆی روون ده‌بێته‌وه قورسایی چه‌نده به ده‌نگ و له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه‌ش به‌شداریی ده‌سه‌ڵات یان هاوپه‌یمانێتییه‌كان ده‌كات و له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌ساسیش ده‌توانێ بێبه‌شكردنی قبوڵ نه‌كات".
رزگار چوچانی پێیوایه، ته‌نیا خه‌ته‌ر له‌م بڕیاره‌دا چاوه‌ڕوانكراو بێت، ئه‌وه‌یه یه‌كێتی خاوه‌نی داموده‌زگای ئه‌منی و سه‌ربازییه، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌زگایانه به‌ڕێوه ده‌به‌ن، تا ئێستا ئه‌زموونی دۆڕاندنی دیموكراتیان تاقینه‌كردۆته‌وه، بۆیه ره‌نگه به ئاسانی دۆڕاندن قبوڵ نه‌كه‌ن، به‌ڵام له‌و حاڵه‌ته‌شدا مادام لایه‌نی به‌رانبه‌ریان تا ئێستا خاوه‌نی چه‌ك نییه، ته‌نیا كێشه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی رێككه‌وتنی ستراتیجی بووه، ره‌نگه مه‌ترسییه‌كه كه‌متر چاوه‌ڕوانكراو بێت، چوونكه قورسایی یه‌كێتی له سنووری سلێمانییه، پارتی كه هه‌مان شێوه خاوه‌نی هێزه به‌هۆی به‌رپرسه‌كانییه‌وه، له‌و سنووره ئه‌و قورسایی نییه كێبه‌ڕكێی ده‌نگ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بكات تا چاوه‌ڕوانی ئاڵۆزیی بكرێت، ئه‌وه‌ی له‌وێ له كێبه‌ڕكێی یه‌كێتدایه قورسایی ده‌نگی هه‌یه، گۆڕانه".
چوچانی وتیشی "رای زۆرێك له چاودێران وایه، یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌مان هاوخه‌باته‌كانی جارانن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی تر، بۆیه له‌و حاڵه‌ته‌ش خه‌ته‌ره‌كه كه‌متر ده‌رده‌كه‌وێ و ده‌كرێ بڵێین لیستی جیا له به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتی ده‌بێت"
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
