له به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه بۆ پایزی ئیسلامی..كۆمیدیای ئیسلامی دیموكراتی ...ستیڤان شه‌مزینی
بیست و یه‌ك مانگ به‌ر له ئه‌مڕۆ، له سه‌روبه‌ندی گۆڕانكارییه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی، وتارێكم بڵاوكرده‌وه له ژێر تایتڵی "ئیسلامی سیاسیی ئه‌ڵته‌رناتیڤی رژێمه عه‌ره‌بییه‌كان نییه".له وتاره‌كه‌دا جه‌ختم كردبووه‌وه، ئه‌و باهۆزه‌ی له وڵاتانی عه‌ره‌بیی هه‌ڵیكردووه، به‌شێك نییه له‌و پرۆسه‌یه‌ی ئیسلامی سیاسیی پێیده‌ڵێت "رابوونی ئیسلامی" به‌ڵكو شۆڕشێكه دژی دیكتاتۆریی، شۆڕشێكه بۆ نان و خۆشگوزه‌رانی، لێ له هه‌مان چركه‌ساتی بڵاوكردنه‌وه‌ی وتاره‌كه‌مدا ئیسلامییه‌كان سواری شه‌پۆله‌كه ده‌بوون و له‌و وڵاتانه‌ی رژێمیان تێدا ده‌گۆڕا ده‌هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام هێشتا سووربوونی خۆم له‌سه‌ر ئه‌وه راگه‌یاند ئه‌و شۆڕشانه ئیسلامی نین و ئامانجه‌كانیان له‌گه‌ڵ سكۆلاریزم نزیكتره تاكو ئیسلامی فێنده‌مینتالیستی.
زۆر كه‌س سووربوونی منیان به‌جۆرێك له ده‌مارگیریی و لایه‌نگری كوێرانه و به‌سۆزانه بۆ سكۆلاریزم لێكده‌دایه، به‌ڵام هێدی هێدی ده‌بینم مه‌یدانی بیركردنه‌وه‌كه‌ی من فراوانتر ده‌بێت، چوونكه ئه‌وه‌ی بۆ نموونه هه‌نووكه له میسر رووده‌دات دژی "محه‌مه‌د مورسی" سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته، هێنده‌ی تر بۆچوونه‌كه‌ی ئێمه‌ی پشتڕاست كرده‌وه، كه ئامانجی شۆڕش له وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ هێنانه كایه‌ی "به‌هاری ئیسلامی" نه‌بووه، به‌ڵكو ئێستاش شۆڕش درێژه‌ی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌هاری ئیسلامی بگۆڕن بۆ پایزی ئیسلامی.شۆڕش به‌رده‌وامه چوونكه ئیخوان و نه‌هزه و جه‌ماعه‌ی ئیسلامی هیچ شتێكی زیاتریان له موباره‌ك و زه‌ینعابدین و قه‌زافی پێ نییه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان ئه‌و نوزه‌یه‌شی بۆ ئازادیی و دیموكراسیی هه‌یه زینده‌به‌چاڵ ده‌بێت.
با له‌وه بگه‌ڕێین، ئامانجی شۆڕش له وڵاتانی عه‌ره‌بی ئیسلامی سیاسیی نییه به‌ڵكو ئازادیی و خۆشگوزه‌رانییه، چوونكه شۆڕش له‌و وڵاتانه‌ی رژێمیان تێدا گۆڕاوه به كۆتا نه‌گه‌یشتووه "میسر نموونه‌یه‌كه".ئێمه له‌م ده‌رفه‌ته ده‌مانه‌وێت بڵێین، ئایا ئه‌و ئیسلامی سیاسییه‌ی له وڵاتانی عه‌ره‌بی ئێستا موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌كات بڕوای به دیموكراسی هه‌یه؟.ئایا ئه‌و ئیخوانانه‌ی له زیندانه‌كانی ئه‌سكه‌نده‌ریه و قاهیره‌وه ئێستا له‌سه‌ر كورسی موباره‌ك دانیشتوون، تاچه‌نده ئاماده‌ن دیموكراتی بن؟.ئه‌م پرسیاره‌ی ئێمه‌ش دوای ئه‌وه دێت كه ته‌رزێك له بیركردنه‌وه خه‌ریكه هه‌ڕمێن په‌یدا ده‌كات، گوایه ئیسلامی سیاسیی ده‌توانێت له‌گه‌ڵ دیموكراسیی هه‌ڵبكات و هیچ هۆیه‌كیش نییه بڵێین ئیسلامی سیاسیی و دیموكراسی دوژمنی باوه‌كوژی یه‌كترن.
به‌هاری عه‌ره‌بی یان پایزی ئیسلامی؟
جارێكی دیكه مێژووی خۆی دووباره كرده‌وه، چۆن ئیسلامی شیعه مه‌زهه‌ب، ده‌ستكه‌وته‌كانی شۆڕشی گه‌لانی ئێرانی له ساڵی 1979 چنییه‌وه و خۆی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا سه‌پاند، به‌هه‌مان شێوه ئیسلامی سیاسیی سووننه ده‌ستكه‌وته‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی ده‌چنێته‌وه، شۆڕشێك كه بۆ نان و ئازادیی كڵپه‌ی سه‌ند، كراوه‌ته به‌شێك له هه‌ستانه‌وه‌ی بزاوته ئیسلامییه رادیكاڵه‌كان، ئه‌مه‌ش له یه‌كێك له ره‌هه‌نده‌كانیدا هه‌ره‌سی شۆڕشی ده‌گه‌یه‌نێت.
مارك هیله‌ر، پێیوایه به‌هاری عه‌ره‌بی ده‌روازه‌ی به رووی فێنده‌مینتالیزمی ئیسلامی‌دا كردووه، شۆڕشی برسی و ئازادیخوازان، وه‌رچه‌رخاوه بۆ ده‌سه‌ڵات په‌یداكردنی ئیسلامییه‌كان.هیله‌ر ده‌نووسێت "رووخانی رژێمه تۆتالیتارییه‌كان كه گه‌شه‌كردنی زیاتری ئیسلامییه‌كانی به‌دواداهات و پشتیوانییه‌كی به‌رفراوانی بۆ ئه‌و ره‌وتانه په‌یدا كرد.ناكرێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكرێت سیستمێكی نوێی ده‌سه‌ڵات له رژێمه‌كانی پێشوو زیاتر لیبرال ده‌بێ و به ئه‌ندازه‌یه‌كی زیاتر كه‌مینه‌كان ده‌پارێزێت.له پاش دروستبوونی ئه‌و ته‌وژم و چالاكییه میللییه بێ پێشینانه‌ی دژ به رژێمه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان دروستبوو، مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌تر به‌ڕێوه‌یه و پێده‌چێت به‌هاری عه‌ره‌بی بگۆڕێت به پایزی ئیسلامی".
سه‌ره‌تای شۆڕشی له تونس و میسره‌وه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له بیرمه‌ندان و گه‌وره رۆشنبیرانی جیهانیشی هێنایه، سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ی له دونیای عه‌ره‌بیدا ده‌گوزه‌رێت، وه‌رزێكی تازه‌ی دیموكراسییه، سه‌ره‌تای كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م ده‌رگا به رووی دیموكراسی و لیبرالیزمدا.بۆ وێنه "جۆرج ته‌رابیشی" پێشبینی ئه‌وه‌ی ده‌كرد ئه‌م وه‌رزه نوێیه شه‌پۆلێكی دیكه‌ی دیموكراسییه، بۆیه ئه‌و راپه‌ڕین و شۆڕشانه‌ی به "شه‌پۆلی سێیه‌می دیموكراتی" ناوزه‌د كرد، كه ئه‌و پێیوایه شه‌پۆلی یه‌كه‌م دوای ساڵی 1848 ده‌ستیپێكرد و ئه‌وروپای رۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكای گرته‌وه.شه‌پۆلی دووه‌میش ساڵی 1989 ده‌ستیپێكردووه له ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات و كۆماره‌كانی یه‌كێتی سۆڤێت.
گه‌شبینییه‌كانی ته‌رابیشی و هاوشێوه‌كانی له‌لایه‌ن هه‌ندێك بیرمه‌ندی دیكه‌ی عه‌ره‌بییه‌وه ره‌تكرایه‌وه، بۆ نموونه "هاشم ساڵح" پێیوابوو ئه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بییه‌كانی پاش شۆڕشدا ده‌گوزه‌رێت مایه‌ی دوودڵییه.بۆیه له وتارێكدا له رۆژنامه‌ی "الشرق الاوسگ" نووسیوویه‌تی "ئاشكرایه پرۆسه‌ی رۆشنگه‌ریی رێگای بۆ شۆڕشی فه‌ڕه‌نیسی خۆشكرد، به‌ڵام شۆڕشه عه‌ره‌بییه‌كان به‌شێكی كه‌می ئامانجه‌كانی به‌دی هات.بۆ به‌ڵگه‌ش به‌راوردێك بكه له نێوان ئه‌م ده‌ستووره‌ی به‌م دواییانه خه‌ڵكی میسر ده‌نگیان پێدا، له‌گه‌ڵ جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و هاووڵاتیبوون كه شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا ده‌ریكرد، ئه‌وه‌ش مایه‌ی دوودڵی و نیگه‌رانییه".
به‌هاری عه‌ره‌بی له هه‌نگاوی یه‌كه‌میدا، له بری هێنانه ئارای ئازادیی و پلورالیزم و خۆشگوزه‌رانی، زه‌مینه‌ی خۆشكرد، تاكو ئیسلامی سیاسیی بگاته ده‌سه‌ڵات.ئه‌گه‌ر نموونه‌ی میسر بهێنینه‌وه، هه‌نووكه ره‌وڕه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته به‌ره‌و دواوه ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئازادییه گشتییه‌كان له‌به‌رده‌م ته‌هدیدی فه‌توا ئاینییه‌كاندان، هونه‌ر و رۆشنبیریی و كایه جۆراوجۆره‌كانی دیكه له پاشه‌كشه‌دان، ئه‌جیندای ئیخوان دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی نوێیه به ده‌ستوورێكی ئیسلامییه‌وه، كه به‌ها ئیسلامییه‌كان بكاته پرنسیپ و یاساكانی ژیان.
له سه‌ره‌تای ئه‌م وه‌رزه‌دا، "عادل ئیمام" ئه‌كته‌ری ناسراوی عه‌ره‌بی ده‌كه‌وێته بن هه‌ڕه‌شه، وه‌ك سه‌ره‌تای لێپرسینه‌وه‌یه‌كی ئیسلامییانه له رابردوو.له 2-2-2012 حوكمی سێ مانگ زیندانی به‌سه‌ر عادل ئیمام درا، له 24-2-2012 له‌لایه‌ن دادگای كه‌تنی قاهیره‌وه حوكمه‌كه په‌سه‌ندكرا بۆ تۆمه‌تی سووكایه‌تیكردن به ئیسلام.له كاتێكدا ئیمام له رێگه‌ی فیلمه‌كانی "الزعیم، مرجان احمد مرجان، الارهابی، الارهابی و الكباب، حسن و مرقێ، الواد سید الشغال هتد.." ره‌خنه‌ی له ئیسلامی سیاسیی گرتبوو نه‌ك سووكایه‌تی به ئاین بكات.به‌ڵام ئیسلامی سیاسیی پێیوایه نوێنه‌ری خودایه له‌سه‌ر زه‌وی، بۆیه گاڵته‌كردن به خۆی به سووكایه‌تی بۆ ئاین و خودا لێكده‌داته‌وه.
له به‌رانبه‌ر هه‌وڵه‌كانی پاشه‌كشه به پارادیمه مه‌ده‌نی و سكۆلاره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی، سه‌له‌فییه‌ت و خورافه و فه‌توا له به‌هێزبووندان، شه‌قامی عه‌ره‌بی بووه‌ته مه‌یدانێك بۆ هوتاف كێشان دژی ئازادیی و مه‌ده‌نییه‌ت و دیموكراتی، ته‌نانه‌ت له خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی "قاهیره" دژی فیلمێكی ئه‌مه‌ریكی كه سووكایه‌تی تێدابوو بۆ په‌یامبه‌ری موسڵمان، چه‌ندین دروشمی مه‌ترسیدار به‌رزكرانه‌وه.له یه‌كێك له رۆژه‌كانی خۆپیشاندان كه له‌لایه‌ن "محه‌مه‌د زه‌واهیری" برای سه‌رۆكی رێكخراوی قاعیده‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا، دروشمی "ئۆباما..هه‌موومان ئوسامه‌ین" به‌رزكرایه‌وه.ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كی جیددییه كه گۆڕه‌پانی وڵاتانی پاش شۆڕش بووه به زه‌لكاوی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان و نه‌شونماكردنی هێزه كۆنه‌خوازه ئیسلامییه‌كان.
به‌كورتیی، وه‌رزی گه‌شبینی به راپه‌ڕین و شۆڕشی كۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بییه‌كان زۆر كورت بوو، به‌هاری عه‌ره‌بی به مردووی له دایكبوو، ئه‌وه‌ی هه‌بوو ته‌نیا هه‌ڵه‌یه‌كی زمان بوو، چوونكه شتێك له كۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بییه‌كانی پاش شۆڕشدا ده‌گوزه‌رێت ناوی پایزی ئیسلامییه نه‌ك به‌هاری عه‌ره‌بی.
كۆمیدیای ئیسلامی دیموكراتی
هه‌ندێك جار گوێمان له‌وه ده‌بێت، ئیسلامییه‌كان ده‌توانن له‌گه‌ڵ دیموكراسیی هه‌ڵبكه‌ن، یان به ده‌ربڕینێكی تر، ئیسلامییه‌كان ده‌توانن له‌ناو فه‌زای دیموكراسی كار بكه‌ن و به‌رگه‌ی هه‌ر ئاكامێك بگرن كه دیموكراسییانه بێت.ئه‌م بۆچوونه، زاده‌ی عه‌قڵانییه‌ت و واقیع نییه، ته‌نیا وه‌ك قسه‌ی رووت ماوه‌ته‌وه، چوونكه به ئه‌زموون ده‌ركه‌وتووه، ئیسلامی سیاسیی له‌هه‌ر شوێنێك باڵاده‌ست بووبێت، دیموكراسی پاشه‌كشه‌ی كردووه و كێرڤی ماف و ئازادییه گشتییه‌كان به‌ره‌و خواره‌وه دابه‌زیون.
گه‌ر واز له دونیای تیۆر و ئه‌ندێشه بهێنین و سه‌یری واقیع بكه‌ین، ئه‌و نمایشه ده‌بینین ئیسلامی سیاسیی نه‌ك دیموكراتییه‌ت قبوڵ نییه و نایه‌وێت گه‌مه‌ی دیموكراسییانه بكات، به‌ڵكو هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ ئه‌وه خستۆته گه‌ڕ، دیموكراسی و لیبرالیزم و سكۆلاریزمی كۆمه‌ڵگه‌كان تێكبشكێنێت، چوونكه هه‌ر یه‌ك له‌وانه به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر خۆی ده‌زانێت، پێیوایه له‌و شوێنه‌ی دیموكراتی و ئازادیی هه‌بێت، هیچ هۆكارێك یان یارمه‌تیده‌رێك نابینێت بۆ ژیانی خۆی، له‌م سۆنگه‌وه ئیسلامی بونیادگه‌را و دیموكراسی دوژمنی هه‌ره دیار و ئاشكرای یه‌كترن.
ئه‌و دیمه‌نه‌ی حاڵی حازر، له میسردا ده‌گوزه‌رێت، مه‌سجێكه پێمانده‌ڵێت، ئیسلامی سیاسیی كاری خۆی چڕ كردۆته‌وه بۆ له‌ناوبردنی هه‌ر نوزه‌یه‌ك كه بیه‌وێت ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه به‌ره‌و دیموكراسیی و كرانه‌وه ببات.ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی جار دیموكراسییه‌ت وه‌ك دیكتاتۆرییه‌تی زۆرینه به‌كارده‌هێنن له دژی كه‌مینه‌كان، بۆ نموونه له پرسی ده‌نگدان له‌سه‌ر ده‌ستوور په‌نایان بۆ ئه‌م رامیارییه برد.كاتی خۆیشی یه‌كێك له سه‌ركرده ئیسلامییه كورده‌كان ده‌یووت "ئێمه دیموكراسییه‌تمان بۆ ئه‌وه ده‌وێت دیموكراسییه‌تی پێ له‌ناو ببه‌ین".هه‌نووكه هه‌مان روئیا وه‌ك به‌شێك له ئه‌ندێشه‌ی ئیسلامییه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كانی میسر و تونس، له‌وپه‌ڕی به‌هێزیی خۆیدایه.بۆیه بانگه‌شه‌كردن بۆ ئه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسیی ده‌توانێت ته‌كه‌یف له‌گه‌ڵ دیموكراسیی بكات، ئه‌وپه‌ڕی گاڵته‌جاڕییه.
شیرین عیبادی، هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی، پێیوایه ئیسلامییه رادیكاڵه‌كان مه‌ترسین له‌سه‌ر دیموكراسیی و مافی مرۆڤ.له وته‌یه‌كیدا له ساڵی 2006 رایگه‌یاند "فاشیسته‌كان و بونیادگه‌را سه‌ره‌ڕۆكان، هه‌ردوو لایان دژ به به‌ها مۆدێرنه‌كانی وه‌ك له خۆبردوویی و دیموكراسین.هه‌ردووكیان له پێناو باوه‌ڕه‌كانی خۆیاندا پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و هاووڵاتیان به ره‌وا ده‌زانن.هه‌ردووكیان ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی له‌گه‌ڵ رێسا و پرانسیپ و باوه‌ڕه قبوڵكراوه‌كانی خۆیاندا ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه".
هه‌رچه‌نده هه‌ندێك له شاره‌زایان پێیانوایه، ئیخوان به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی میانڕه‌ون و ده‌توانن خۆیان له‌گه‌ڵ رێسا مودێرنه‌كانی مرۆڤایه‌تی بگونجێنن، به‌و پێیه‌ش ده‌توانن به‌رگه‌ی گه‌مه‌ی دیموكراسی بگرن.به‌ڵام له ئه‌رزی واقیعدا، دیمه‌نه‌كه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و تێفكرینه‌یه، ئیخوان هێزێك نییه به میكانیزمی قاعیده و سه‌له‌فییه‌كان كار بكات، وه‌لێ بۆ هه‌مان ئامانج كار ده‌كات، بۆیه له كۆتاییدا ئیخوان و قاعیده خاوه‌نی یه‌ك خه‌ونی هاوبه‌شن، ئه‌ویش دروستكردنی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ته، ئه‌میان بانگه‌شه‌ی میانڕه‌ویی ده‌كات و به شانی دیموكراسییدا هه‌ڵده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی بگاته خه‌ونه‌كه‌ی، ئه‌ویتریان رێگه‌ی تیرۆر و ته‌قاندنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردوو بۆ هه‌مان مه‌به‌ست.
له‌م نێوه‌نده‌دا كۆمه‌ڵێك بیرمه‌ند هه‌ن، گووومان ده‌خه‌نه سه‌ر وشه‌ی "ئیسلامی میانڕه‌و" و پێیانوایه ئه‌م داتاشینه ساخته‌یه و ناتوانێت قه‌ناعه‌ت به هه‌موو خه‌ڵك بهێنرێت، ئیسلامی میانڕه‌و شتێكی زۆر جیاوازتره له‌و گروپه‌ی پێیان ده‌وترێت ئیسلامی توندڕه‌و.
"ئه‌دۆنیس" یه‌كێك له‌و رۆشنبیرانه‌ی هه‌مان بۆچوونی هه‌یه و له وتارێكیدا به ناوی "ده بۆچوون له‌مه‌ڕ به‌هاری عه‌ره‌بی" ده‌نووسێت "ئیسلامی سیاسیی یان ئیسلامی میانڕه‌و مانای چییه؟ هه‌ندێك موسڵمان سیاسین و هه‌ندێك موسڵمان میانڕه‌ون، به‌ڵام ئیسلام به‌و سیفه‌ته‌ی ئاینێكه ناشێت له كاتی قسه‌كردن له‌سه‌ر كاروباری سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووریدا به (سیاسیی) یان (میانڕه‌و) وه‌سف بكرێت..بۆ نموونه له‌سه‌ر ئاستی مه‌ده‌نیه‌تی كۆمه‌ڵگه یان هونه‌ر یان بیر یان موزیك یاخۆ ژیانی جه‌سته و سێكس و خۆشه‌ویستیدا (ئیسلامی میانڕه‌و) مانای چییه و كێ و چۆن رادده‌ی ئه‌م (میانڕه‌وییه) دیاریی ده‌كات؟ هه‌روه‌ها (ماهیه‌تی) ئه‌م میانڕه‌وییه له كوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟ ئایا له‌خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت و تێگه‌یشتنێكی تایبه‌ته‌وه و چۆن؟ ئایا شوێنی شه‌رع له‌م میانڕه‌وییه‌دا چییه به تایبه‌تی سه‌باره‌ت به ژن و (ئه‌وی دی) ناموسڵمان و (ئه‌وی دی) كه به‌موسڵمانی له دایكبووه و حه‌زده‌كات به ته‌واوه‌تی بچێته ناو دنیای مه‌ده‌نییه‌وه؟".
ئیسلامی میانڕه‌و و توندڕه‌و ناتوانن له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی سیستمی دیموكراتی هه‌ڵبكه‌ن، ئه‌مه‌ش ره‌نگه په‌یوه‌ندیی به خودی ئاینی ئیسلامه‌وه نه‌بێت، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی به جۆری خوێندنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسییه بۆ ئاین.فۆكۆیاما پێیوایه "هیچ ئاینێك وه‌ك پێویست ناكۆك نییه له‌گه‌ڵ مودێرنێته و دیموكراسیدا".ئه‌م بۆچوونه له زه‌مینه‌ی واقیعدا، پیاده كراوه، هه‌زاران موسڵمان و مه‌سیحی و بوزی ده‌بینین، كێشه‌یان نییه له‌گه‌ڵ سكۆلاریزم و به‌هاكانی مودێرنێته و دیموكراتیدا، ئه‌وه‌ی كێشه‌ی هه‌یه ره‌وته بونیادگه‌ره‌كانن.ئه‌وه‌ی ناتوانێت له زه‌مینه‌ی دیموكراسیدا درێژه به ژیان بدات ره‌وته ئیسلامییه سه‌له‌فییه‌كان و ره‌وتی سه‌له‌فییه‌كانی ئاینه‌كانی دیكه‌ن.دواجار ئه‌وه‌ی دیموكراسی ئه‌جینداكانی پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه پێش هه‌ر كه‌س ئیسلامی سیاسییه.
تێكشكانی خه‌ونه‌كان
نووسه‌ری جه‌زائیریی "بوعلان سنساڵ" له وتارێكیدا به‌ناوی نامه‌یه‌كی كراوه بۆ "بوعزیزی" ده‌نووسێت "بوعزیزی برام، ئه‌م چه‌ند دێڕه كه‌مه‌ت بۆ ده‌نووسم، تاكو ئاگادارت بكه‌مه‌وه له‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی ئێمه به‌ره‌و پێش ده چێت!، هه‌رچه‌نده به‌ره‌و پێشچوونه‌كه رۆژ له دوای رۆژ جیاوازیی هه‌یه، هه‌ندێك جار ره‌شه‌با ئاڕاسته‌مان ده‌گۆڕێت، به‌ڵام با به‌گشتیی چاو به‌م ساته‌دا بخشێنین.ئایا ئه‌وه‌ی نازانێت به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات رێگه‌كه ده‌دۆزێته‌وه؟.ئایا دوورخستنه‌وه‌ی سته‌مكار كۆتاییه؟.له‌و جێگه‌یه‌ی تۆ كه نزیكی له خواوه‌نده‌وه، ده‌توانیت دڵنیامان بكه‌یته‌وه كه مه‌رج نییه هه‌موو رێگاكان بمانبه‌نه‌وه بۆ رۆما؟.لابردنی سته‌مكار نابێته مایه‌ی ئازادیی، بۆ گۆڕینی دیمه‌نه‌كه و به هیوای ئه‌وه‌ی شتێكی بچووكیان له رێكه ده‌ست بكه‌وێت، زیندانییه‌كان حه‌ز ده‌كه‌ن گرتووخانه‌كانیان به گرتووخانه‌یه‌كی دیكه ئاڵوگۆڕ پێ بكه‌ن".
خه‌ونه‌كانی بوعزیزی هه‌ره‌سیان هێنا، له بری نان و ئازادیی خه‌ریكه ئیسلامی سیاسی فه‌توا و شمشێر ده‌كاته خه‌ڵاتی شۆڕش.خه‌ونه‌كانی ئێوه كه خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی شۆڕشن، ئازادیی و دیموكراتی و هه‌ڵته‌كاندنی حكومی دیكتاتۆریی ده‌یان ساڵه بوو، خه‌ریكه خه‌ونه‌كانی ئێوه تێكده‌شكێت و دیكتاتۆری كۆماری ده‌گۆڕێت بۆ دیكتاتۆری ئیسلامی.ئامانجی ئێوه له شۆڕش چه‌سپاندنی مافی مرۆڤ و مه‌ده‌نیه‌ت و خۆشگوزه‌رانی بوو.خه‌ریكه خه‌ونه‌كه‌تان پێچه‌وانه‌وه ده‌بێته‌وه و ئه‌و هه‌ناسه كه‌مه‌ی له ئازادیی و مه‌ده‌نیه‌ت هه‌یه پاشه‌كشه‌ی پێ ده‌كرێت.ئیسلامی سیاسیی خه‌ریكه یه‌ك یه‌ك خه‌ونه‌كانی شۆڕش زینده‌به‌چاڵ ده‌كات.
هه‌رچه‌نده من بۆ چه‌نده‌هه‌مین جار دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه، شۆڕش شۆڕشی ئیسلامیی نه‌بوو، هه‌رچه‌نده خه‌ونی شۆڕش حكوومه‌تی ئیسلامی نه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی ئه‌ڵته‌رناتیڤی به‌هێزی چه‌پ یان دیموكراتیخواز، ئیسلامی سیاسیی سواری ملی شه‌پۆله‌كه بووه و به قازانجی سیاسیی خۆی شكاندوویه‌تییه‌وه.ئه‌مه‌ش وه‌ك وتم دووباره‌بوونه‌وه‌ی مێژووه، ئه‌وه‌ی ئایه‌توڵاكانی ئێران كردیان و هاتنه سه‌ر سفره‌ی حازری.
تێبینی: ئه‌م وتاره له ژماره "564" رۆژنامه‌ی "میدیا" له رۆژی 22-1-2013 بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
