هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كانی مێژوو شه‌ڕكردن به رابردوو، پشتكردنه ئاینده ...ستیڤان شه‌مزینی
*تێگه‌یشتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ چه‌مكی گۆڕان، كۆمه‌ڵێك ئه‌كشنی كوده‌تائامێزه
*كێشه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌یه له حكایه‌ته‌كانی دیرۆكدا به دوای ڤیگه‌ری خۆیدا ده‌گه‌ڕێ
بڕوام به هیچ پێناسه‌یه‌كی دیاریكراو نییه بۆ سیاسه‌ت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا سیاسه‌ت ئه‌كشنێكه سه‌ر له‌به‌ری ژیان و ژیاری مرۆڤایه‌تی هاوچه‌رخی رێكخستووه.سیاسه‌ت به بڕوای "كێنتمینۆك" بریتییه "له چالاكی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كاروباری كۆمه‌ڵه و رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان و ده‌وڵه‌ت، كه به‌یه‌كه‌وه چوارچێوه‌یه‌كی فه‌رمی دروست ده‌كه‌ن كه تیایدا تاكه كه‌سه‌كان، ده‌توانن له به‌رهه‌مهێناندا به‌شداربن، له هه‌مان كاتدا له‌و به‌روبوومه‌ش بخۆن.له رووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه له ته‌ك یه‌كتر هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن".
ئه‌گه‌ر به‌و پێیه بێت، لای ئێمه شتێك به‌ناوی سیاسه‌ته‌وه موماره‌سه ناكرێ، چوونكه له كۆمیونێتی كوردیدا سیاسه‌ت بریتییه، له خۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی سه‌د باره‌ی شه‌ڕی براكوژیی نێو دیرۆك.خۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی كێشمه‌كێشی میرنشینی سۆران و بابان، ململانێی نه‌قشبه‌ندی و قادری، شه‌ڕی براكانی شاخ كه سه‌ره‌تاكه‌ی بۆ 1964 ده‌گه‌ڕێته‌وه.مێژووی سیاسیی ئێمه ته‌نیا بریتییه له شانۆگه‌رییه‌كی كۆمیدیی كه له هه‌موو ساته‌وه‌خته له یه‌كتر جیاوازه‌كاندا خۆی دووباره ده‌كاته‌وه.ته‌نانه‌ت به‌و بڕوایه گه‌یشتووم، كورد پێویستی به نووسینه‌وه‌ی مێژووی خۆی نییه، چوونكه دیرۆكه‌كه‌ی ته‌نیا بریتییه له كۆمه‌ڵێك سیناریۆ كه له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا چه‌ند پات ده‌بنه‌وه.
بزووتنه‌وه‌ی سیاسییه‌كانی ئێمه، حزبه سیاسییه‌كانی ئێمه‌ی كورد، به درێژایی مێژوویان، ته‌نیا له‌سه‌ر یه‌ك پارادیم خۆیان ته‌رح كردووه، هه‌میشه ئه‌می به حیساب نوێباو، چیتری له ده‌ست نه‌هاتووه جگه له چڕینی ئاوازه كۆنه‌كه.ته‌نانه‌ت جووڵانه‌وه سیاسییه‌كان له "شێخی نه‌هری"یه‌وه تا به ئه‌مڕۆ ده‌گات، خاوه‌نی یه‌ك گووتاری سیاسیی و یه‌ك روئیای فكریی و ئایدۆلۆجین، هه‌موویان كار له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مكه سواوانه ده‌كه‌ن، كه بۆ كۆمه‌ڵگه بووه به حكایه‌تی مێش.تا ئێستا بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی له هێلكه‌دانه‌كه‌ی نه‌هاتۆته ده‌ره‌وه، هه‌ڵگری دونیابینی و روئیای سیاسیی جیاواز و تایبه‌ت به خۆی بێت، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌وانه‌ی وه‌ك هێزی نوێباو خۆیان ته‌رح كردووه، ته‌نیا توانیوویانه جیاوازییه‌كی شه‌كڵی و لاوه‌كی نمایش بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا له رووی ناوه‌ڕۆكه درێژه‌پێده‌ری هێزی پێش خۆی بووه.
با مه‌به‌سته‌كه‌مان روون بكه‌ینه‌وه.ساڵی 1964 باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی "جه‌لالی" له باڵی بارزانی "مه‌لایی" جیا ده‌بێته‌وه، ساڵانێك ئه‌م باڵه وه‌ك باڵی مودێرن و ده‌ستی چه‌پی نێو شۆڕشی كوردی پێناسه‌كرا، بێگوومان ئه‌م ره‌وته ساڵانێكی له ژێر ناوی چه‌پڕه‌ویی ماویی تا ماركسیی لینینی پێناسه‌ی سیاسیی خۆی داڕشتبووه‌وه، به‌ڵام دواجار ئه‌و هێزه له یه‌كێك له ساته‌وه‌خته مێژووییه‌كاندا، له رووی ناوه‌ڕۆكه‌وه هه‌ره‌س ده‌هێنێت.چوونكه ناتوانێت له چێوه و خه‌یاڵدانی حزبی دایك ده‌ربچێت، ئه‌وه‌شی له‌و ماوه‌یه‌دا به‌رهه‌می هێناوه، ته‌نیا جیاوازیی ناولێنان بووه، بۆ دیارده سیاسییه‌كان و ئه‌كشنه سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی ناولێنان له ئۆرگانه حزبییه‌كان جیاواز بووه، له‌و حزبه‌ی ره‌سه‌نه‌ی لێی جیابووه‌ته‌وه.
دوای 45 ساڵ، جارێكی دیكه، مێژووی خۆی چه‌ند باره ده‌كاته‌وه، له سه‌ره‌تای 2009، فراكسیۆنێك له یه‌كێتی، به‌ناوی "گۆڕان" له ژێر دروشمی گۆڕینی سیستمی سیاسیی و هێنانه ئارای سیستمێكی دیموكراتی هاوچه‌رخ پێده‌نێته نێو گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستانه‌وه.چاوه‌ڕوان ده‌كرا، ئه‌م هێزه كارنامه‌ی سیاسیی و حزبی خۆی، پڕۆژه و ئه‌جیندای تایبه‌تی خۆی بۆ هه‌موو كایه جۆراوجۆره‌كانی ژیانی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی جیا بخاته روو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له شانۆگه‌رییه‌كه‌دا بینیمان، دیسان دابڕانه‌كه، دابڕانێكی ریشه‌یی نه‌بوو، كه بنه‌مایه‌كی فكریی و ئایدۆلۆجیی و سیاسیی جودای هه‌بێت، به‌ڵكو دابڕانێكه له‌ناو چوارچێوه‌ی هه‌مان روئیا و خه‌یاڵدانی سیاسیی باو.
به كورتییه‌كه‌ی، تێگه‌یشتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ چه‌مكی گۆڕان، كۆمه‌ڵێك ئه‌كشنی كوده‌تائامێزه، بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسیی له كوردستان، گۆڕینی مه‌لامیحه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌م هه‌رێمه.ئه‌گه‌رنا ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ش بۆ گۆڕینی سیستیمی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی كه زامنی گۆڕانی سیاسیی ده‌كات، هیچ پڕۆژه‌یه‌كی پێ نییه و ده‌ستی به‌تاڵه، به‌پێچه‌وانه‌وه ڤۆكوسی له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه به رۆحێكی شۆڕشگێڕانه كه له په‌راسووی چه‌پی رۆحی شۆڕشگێڕانه‌ی حزبی دایك وه‌رگیراوه، ده‌ست به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا بگرێت، زیاتر به دیدێكی ماركسی ته‌ماشای دۆخه‌كه ده‌كه‌ن، چوونكه به تێگه‌یشتنی ماركسیسته‌كان گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی، گره‌نتی هه‌ر گۆڕانێكی دیكه ده‌كات، كه ئه‌مه‌ش به ئه‌زموون له ته‌مه‌نی 70 ساڵی سۆڤێتدا شكستی خوارد.
له ره‌هه‌ندێكی تره‌وه، سامناكی ئه‌م هێزه سیاسییه له‌وه‌دایه، له بری چاوبڕینه داهاتوو، ته‌نیا سه‌رقاڵی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كانی دیرۆكه، له بری روانین بۆ ئاسۆی رووناكی سبه‌ینێ، هێشتا له دوێنیی تاریك و نووته‌ك خۆی پێ رزگار ناكرێت.تراجیدیای ئه‌م هێزه ئه‌وه‌یه ده‌یه‌وێ وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی سڤیل و راتسیۆناڵ خۆی بناسێنێت، كه‌چی له حكایه‌ته‌كانی دیرۆكدا به دوای ڤیگه‌ری خۆیدا ده‌گه‌ڕێ، له بری ئه‌وه‌ی لۆجیكێكی سیاسیی و شێوه كاركردنێكی سیاسیی هێمن و ساغڵه‌م پێَشكه‌ش بكات، ناتوانێت له‌و كه‌فوكۆڵه شۆڕشگێڕییه خۆی رزگار بكات، كه پاشماوه‌ی سه‌رده‌می ستالینییه‌ت و قاره‌مانه ئه‌فسوناوییه‌كانی چاخی چه‌پڕه‌وییه.
له په‌یامی ئه‌م هێزه سیاسییه‌دا، رابردوو، ته‌خوینكردنی هێزه‌كانی دیكه له رێگه‌ی رابردووه‌وه، ئاماده‌گییه‌كی سه‌یری هه‌یه، هه‌را و زه‌نای ئه‌م هێزه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئه‌و "رابردووه پاكه‌ی" كه شه‌ڵاڵه به خوێنی براكان، ئه‌و شه‌وق و تامه‌زرۆییه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئه‌و رابردووه‌ی، هێزێكی گه‌وره‌یان له ژێر ناوی ئاڵاهه‌ڵگری كۆنه‌پارێزیی كردبووه دوژمنێكی باوه‌كوژ، مه‌سجێكی تۆقێنه‌ره، هاوكات ئاوێنه‌یه‌كه ئیماجی ئه‌م هێزه نیشان ده‌دات، كه بۆ گه‌یشتن به ئاینده، خوازیاری به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی رابردووه، ئه‌و رابردووه‌ی خۆیان پێیانوایه "مۆته‌كه"یه و خه‌ونه‌كانی ئێمه‌ی به درێژایی چه‌ندین ده‌یه كردووه به كابووس.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی دروشم، توانیوویه‌تی خۆی داببڕێت، له‌و ترادیسیۆنه سیاسییه زاڵه‌ی باڵی به‌سه‌ر ژیانی سیاسیی و حزبیدا كێشاوه له كوردستان، گۆڕان ته‌نیا وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی "جه‌لالی" پێشوو، توانیوویه‌تی له‌سه‌ر ئاستی فۆرم، خۆی له هێزه سیاسییه‌كانی دیكه جیا بكاته‌وه، ئه‌گه‌رنا ئه‌و خه‌ونه‌ی لای گۆڕان بۆ ئه‌رسه‌دۆكسییه‌تی یه‌كێتی ناوه‌ڕاستی هه‌فتاكان و سه‌ره‌تای هه‌شتاكان هه‌یه، كه ده‌یویست گۆڕه‌پانی سیاسیی به ته‌نیا به ده‌سته‌وه بگرێت، ئاماژه‌یه‌كی ترسناكه.راسته گۆڕان ده‌یه‌وێ هێزی ئاینده بێت، به‌ڵام به تفاقی كۆن و به میكانیزمه كۆنه‌كان و به خه‌ونێكی كۆنه‌وه، سه‌ره‌تای هه‌نگاوی ده‌ستپێكردووه.ئه‌مه‌ش ئه‌و وته‌یه‌ی شۆپنهاوه‌ر ده‌هێنێته‌وه یادمان كه هه‌موو خه‌ون به داهاتووه‌وه ده‌بینین به‌بێ ئه‌وه خۆمان له رابردوو رزگار كردبێت.
من ده‌ڵێم، راسته، پارتی یان یه‌كێتی، له رووی ته‌مه‌نه‌وه، پیر بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی توانای خۆ نوێكردنه‌وه و خۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه له‌م هێزانه‌دا هه‌یه "ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت" بێگوومان ئه‌و مقه‌وماتانه له هێزێكی وه‌ك گۆڕاندا نییه.جگه له‌وه‌ش مه‌رج نییه، مه‌رگی سیستم و هێزه پیره‌كان بكه‌وێته، پێش مه‌رگی هێزه گه‌نجه‌كان.هه‌روه‌ك "میشێل كیلۆ" ده‌ڵێت "سۆشیالیزم مرد، سه‌رمایه‌داریش ژیا، ئه‌وه مرد پێیانده‌وت سیستمی شۆڕش، ئه‌وه‌ش مایه‌وه به سیستمی پاراستنی واقیعی باو ده‌ناسرا.سیستمێكی گه‌نج مرد، خۆی به داهاتووخوازانه ده‌زانی، ئه‌وه‌ش ژیا به‌راستی پیر ببوو و له رابردووه‌وه هاتبوو، ئه‌و سیستمه له‌ش ساغه مرد پزیشك و چاره‌سه‌ری ره‌تده‌كرده‌وه، ئه‌و سیستمه نه‌خۆشه‌ش ژیا سه‌ده‌یه‌ك زیاتر له ژووری چاودێریی چڕدا بوو.له كۆتاییدا ئایدۆلۆجییه‌ك مرد واقیعی كوشت و له ژێر چه‌مكه‌كانیدا شاردییه‌وه، واقیعێكیش ژیا له رێی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پراگماتیستانه‌ی راسته‌وخۆی خه‌وشه‌كانییه‌وه، ئایدۆلۆجیای تێپه‌ڕاند".
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
