
پارتی و یه‌كگرتوو له یه‌كتر نزیك ده‌بنه‌وه .. یه‌كگرتووی ئیسلامی به‌شداریی له حكوومه‌تدا ده‌كات ... راپۆرت: ستیڤان شه‌مزینی
*یه‌كگرتووی ئیسلامی بۆ به‌شداریی له ده‌سه‌ڵاتدا گۆڕان و ریزی ئۆپۆزیسیۆن به‌جێده‌هێڵێت
*پارتی ده‌یه‌وێ حكوومه‌تی بنكه فراوان له نێوان یه‌كێتی و پارتی و یه‌كگرتوو دروست بكات
*یه‌كگرتوو بۆ به‌شداریی له كابینه‌ی هه‌شته‌م داوای دوو وه‌زاره‌ت و 10 پۆستی دیكه ده‌كات
* یه‌كگرتوو بۆ كڕینه‌وه‌ی شكسته‌كانی ده‌یه‌وێ به‌شدارییكردن له حكوومه‌تدا تاقی بكاته‌وه
پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بووه‌ته رۆژه‌ڤی سه‌ره‌كی نها و بابه‌تی سه‌رقاڵی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌ت هه‌ر پێنج لایه‌نی سه‌ره‌كی "پارتی، گۆڕان، یه‌كێتی، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو". له ئێستادا لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن به‌شێوه‌ی پێشوو یه‌كگرتوو و یه‌كڕیز نایه‌نه به‌رچاو، هه‌رچه‌ند بۆ میدیاكان، یه‌كڕیزیی خۆیان دووپات ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌یان ده‌یه‌وێت به جیا و به هاوپه‌یمانیی له‌گه‌ڵ پارتی پشكداریی بكات له پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت. یه‌كگرتووی ئیسلامی به هۆی توركیاوه له پارتی نزیك بۆته‌وه و پێده‌چێت به‌و هۆیه‌وه بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ رای دوو لایه‌نه‌كه‌ی تری ئۆپۆزیسیۆن به‌شداریی له كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تدا بكات.
یه‌كگرتوو و كابینه‌ی هه‌شته‌م
به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له ناو یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، زۆربه‌ی كادیره پێشكه‌وتووه‌كانی ئه‌و حزبه و به‌شێكی زۆریش له سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی خوازیاری ئه‌وه‌ن، یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان بچێته پرۆسه‌ی دانوستاندنی حكوومه‌تی ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان باڵێكی به‌هێز له ناو یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان دروست بووه، كه چیتر پاشكۆیه‌تی گۆڕان قبوڵ نه‌كه‌ن و نه‌بنه هێزێك بۆ یاریكردنی گۆڕان، وه‌ك كادیرێكی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی ئه‌و حزبه نه‌ویست ناوی بڵاو بكه‌ینه‌وه وتی: ده‌نگی یه‌كگرتوو كه‌می نه‌كردووه، به‌ڵكو ئه‌وه ناڕه‌زایی كادیران و هه‌وادارانی یه‌كگرتووه پێمان ده‌ڵێن: له رووی ئایدیۆلۆژییه‌وه له‌گه‌ڵ گۆڕان نه‌بین و پاشه‌كشه بكه‌ین. به گوته‌ی ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌یش، یه‌كگرتوو به‌مافی خۆی ده‌زانێت له ده‌ره‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵ، هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌شداریكردنی حكوومه‌تی ئاینده بخاته‌گه‌ڕ.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیی ئێمه‌ش، پارتی ده‌یه‌وێت حكوومه‌تی بنكه فراوان له نێوان یه‌كێتی و پارتی و یه‌كگرتوو دروست بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چه‌ندین دانیشتن دوور له چاوی كامێرا‌كان له نێوان پارتی و یه‌كگرتوو به‌ڕێوه چووه، سه‌ركردایه‌تی پارتی و یه‌كگرتووش ئه‌و سه‌ردان و كۆبوونه‌وانه ناشانه‌وه. لای خۆیه‌وه
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان محه‌مه‌د ره‌ئوف، له‌مباره‌وه رایگه‌یاند "ئه‌وان تا ئێستا هیچ جۆره دانوستانێكی فه‌رمییان له‌گه‌ڵ پارتی نه‌كردووه"، به‌ڵام ره‌تی ناكاته‌وه له ماوه‌ی رابردودا دانیشتنیان له‌گه‌ڵ پارتی هه‌بووه بۆ به‌شداریكردنیان له كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌ت. ئه‌و وتی "له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتو كۆبووه‌وه و پێشنیارێكی خسته به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی بكات له حكوومه‌تێكی بنكه فراوان، بۆیه له ئێستادا چاوه‌ڕێی سه‌ركردایه‌تی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه بدات له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا".
له‌لایه‌كی تره‌وه، سۆران سێوكانی، كادری ده‌ست له‌كاركێشاوه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات، یه‌كگرتوو گۆڕان و ریزی ئۆپۆزیسیۆن جێده‌هێڵێت چوونكه ئه‌زموونی ئه‌و حزبه له ئۆپۆزیسیۆندا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. سێوكانی وتیشی "پێموایه یه‌كگرتوو بڕیاری خۆیداوه به به‌شداریكردن له حكوومه‌ت، ئیتر گۆڕان هه‌بێت یان نا ئه‌وه هیچ له‌مه‌سه‌له‌كه ناگۆڕێت، چوونكه یه‌كگرتوو له ئۆپۆزیسیۆن بوون سوودمه‌ند نه‌بووه، هه‌روه‌كو چۆن ئۆپۆزیسیۆن بوون له ستراتیژیه‌تیاندا نه‌بووه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌وان ده‌ڵێن ئێمه سه‌ربه‌خۆین له بڕیاردا، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كی ئاشكرایه بۆ بڕیاری كۆتاییان بۆ چوونه حكوومه‌تی ئایینده".
سه‌ركرده‌كانی یه‌كگرتوو ئه‌وه‌ش راده‌گه‌یه‌نن، كه یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان پێی باشه حكوومه‌تێكی هاوبه‌ش پێكبێت و هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ش به‌شداربن له داڕشتنی به‌رنامه و جێبه‌جێكردنی. د. محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگه‌یاند "پێویسته هه‌موو حزبه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن، هاوبه‌ش بن له حكوومه‌تی داهاتوودا، به‌ڵام هاوبه‌شێكی راسته‌قینه و ده‌ستیان هه‌بێت له داڕشتنی به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت و جێبه‌جێكردنی".
وتیشی "پێویسته وه‌زیره‌كانیش ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان هه‌بێت و بتوانن موماره‌سه‌یان بكه‌ن، پێشتریش كه له حكوومه‌تدا به‌شداربوونه‌كه‌مان به‌شدارییه‌كی رووكه‌شانه بوو، قۆناغێك بوو، وا ده‌یخوازی به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت به‌شداربین له حكوومه‌تدا". ئاماژه‌شی به‌وه‌دا "هه‌ر ئه‌و كاته‌ش كه له ناو حكوومه‌تدا بووین هه‌میشه گله‌یی و ره‌خنه‌كانمان گه‌یاندووه به سه‌رۆكی هه‌رێم و له راگه‌یاندنه‌كانه‌وه باسمان كردووه".
پێشتریش سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند بوو، ئه‌وان له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو، یه‌كێـتی حكوومه‌تی داهاتوو پێكده‌هێنن و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو یه‌كگرتوو حه‌ز به به‌شداریكردن ده‌كات له حكوومه‌ت، به‌ڵام ئه‌بوبه‌كر عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌ڵێت "ئه‌و قسانه بۆچوونی تایبه‌تی فازیل میرانی خۆیه‌تی و تا ئێستا له سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو پرسی له‌و جۆره باس نه‌كراوه". هه‌رچی سه‌باره‌ت به رای یه‌كگرتووی ئیسلامییه، ئه‌بوبه‌كر عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌و حزبه ده‌ڵێ "ئه‌گه‌رچی هیچ رێكه‌وتنێكی نوسراو له نێوان هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆندا بوونی نییه، به‌ڵام به پێویستی ده‌زانێت بۆ داهاتووش ئۆپۆزیسیۆن له راوێژ و گفتوگۆكانیان به‌رده‌وام بن".
یه‌كگرتووی ئیسلامی، تاكه مه‌رجی له باره‌ی به‌شداریكردنی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ پارتی، بریتییه له پێدانی چه‌ند وه‌زاره‌ت و پۆستێكی حكومیی كه ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌یان هه‌بێت نه‌ك كارتۆنی. له‌مباره‌شه‌وه ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسپی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به ماڵپه‌ڕی فه‌رمی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند دوای پرس و راوێژ به ئۆرگانه جیاوازه‌كانی حزب و را وه‌رگرتنیان، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆده‌بێته‌وه بۆ پرسی به‌شداریكردن و نه‌كردن له كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. هاوكات ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ده‌ڵێت: به‌پێی ئه‌و رێژه كورسییه‌ی به‌ده‌ستیان هێناوه دوو وه‌زاره‌ت كه یه‌كێكیان سیادی بێت له‌گه‌ڵ 10% پۆسته‌كانیان ده‌وێت له حكوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان.
هاوكات هێمن هه‌ورامی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی، ته‌ئكید له‌وه ده‌كاته‌وه كه نایانه‌وێت حكوومه‌تێكی هاوبه‌ش له نێوان پارتی و یه‌كێتی دروست بكه‌ن، به‌ڵكو خوازیاری پێكهێنانی حكوومه‌تی بنكه فراوانن. وتیشی "پێی لۆژیكی ماتماتیكی بێت ئێمه و یه‌كێتی (56) كورسیمان هه‌یه، به‌ڵام ئێمه نامانه‌وێت پێكهاته‌یه‌كی حكوومه‌ت له‌ناو ئه‌و دۆخه گۆڕاوه‌ی ئێستا له‌ناو كوردستان و له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه، ته‌نیا به لۆژێكه ماتماتیكییه‌كه حكوومه‌ت پێكبهێنرێت، ئێمه ده‌مانه‌وێت حكوومه‌تێك بێت زۆرترین پشتیوانی سیاسیی و جه‌ماوه‌ریی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان هه‌بێت و لایه‌نه براوه‌كانی دیش له‌به‌رچاو بگرین".
هێمن هه‌ورامی، ره‌تیكرده‌وه پارتی به ته‌نیا له هه‌وڵی به‌شداریی پێكردنی یه‌كگرتوودا بێت له حكوومه‌تی ئاینده، وتیشی "پارتی دیموكراتی كوردستان (38) كورسی هێناوه، واته پارتی له كاتی پێكهێنانی كابینه ده‌توانێت بۆ نموونه (38) له سه‌دی به‌رنامه‌كه‌ی خۆی بكاته به‌رنامه‌ی ئه‌م حكوومه‌ته‌ی هه‌یه. لایه‌نه‌كانی تریش به‌پێی ئه‌و كورسیانه و ئه‌و ئیستحقاقه ئینتخابییه‌ی هه‌یانه، ده‌توانرێت به‌رنامه‌كانی ئه‌وانیش به‌شێك بێت له‌و به‌رنامه گشتگیره‌ی كابینه‌ی هه‌شته‌می پێ پێكده‌هێنرێت. بۆیه پارتی به‌ته‌نیا كار له‌سه‌ر یه‌كگرتووی ئیسلامی یان لایه‌نه‌كانی دیكه ناكات، به‌ڵام هه‌ر هێزێكی سیاسیی براوه كه له‌ناو پرۆسه‌كه‌دایه مافی سروشتی خۆیه‌تی به ته‌نیا گفتوگۆی له‌گه‌ڵ بكات یان به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی تری بۆ هه‌بێت".
رۆڵی توركیا له نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كگرتوو
ناوه‌نده‌كانی هه‌واڵ باس له‌وه ده‌كه‌ن، یه‌كگرتووی ئیسلامی به‌هۆی نزیكی له حزبی داد و گه‌شه‌پێدانی فه‌رمانڕه‌وا له توركیا، به‌م دواییانه له پارتی نزیك بۆته‌وه و دوور كه‌وتۆته‌وه له‌و به‌ره‌یه‌ی كه به به‌ره‌ی ئێرانیزم ناوده‌برێت و هه‌ر سێ لایه‌نی "یه‌كێتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ" ده‌گرێته‌وه. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ ئه‌وه‌یان ئاشكرا كرد، یه‌كگرتوو به‌شداریی نه‌كردووه له هه‌وڵێكی ئێرانییه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێم له نێوان سێ لایه‌نه‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆن و یه‌كێتی، به‌بێ پارتی.
سایتی فه‌رمی پارتی كرێكاران و ره‌نجده‌رانی كوردستانیش، ئه‌وه‌ی بڵاوكردۆته‌وه له هه‌وڵێكدا بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر سێ لایه‌نه‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆن قه‌ناعه‌ت به یه‌كێتی ده‌كه‌ن بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی و پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌ت، به‌ڵام له دواساته‌كاندا یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌و بڕیاره پاشگه‌زده‌بێته‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه "هه‌وڵێكی زۆر به‌هێز له نێوان هه‌ر سێ لایه‌نه‌كه‌ی ئۆپۆزیسیۆن و یه‌كێتیدا ئه‌نجامدرا و گه‌یشتنه رێككه‌وتنێكی سه‌ره‌تایی بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی و دروستكردنی حكوومه‌ت به بێ پارتی". ئه‌و سه‌رچاوه‌یه وتیشی "به‌ڵام له دواساته‌كاندا یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌و كاره‌ی پاشگه‌زبوویه‌وه و ئاماده‌نه‌بوو به بێ پارتی به‌شداریی له حكوومه‌تدا بكات". سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد توركیا فشاری له سه‌ر یه‌كگرتوو دروستكردووه له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر سه‌نگه‌ری پارتی چۆڵ بكات ئه‌وانیش ئاماده‌نین پشتیوانی بكه‌ن، بۆیه یه‌كگرتووش سه‌نگه‌ری پارتی هه‌ڵبژاردووه. هه‌ر به‌م هۆیه‌وه پێشبینی ئه‌وه ده‌كرێت یه‌كگرتوو به كارایی به‌شداریی كابینه‌ی هه‌شته‌م بكات به سه‌رۆكایه‌تی پارتی.
د. خالید محه‌مه‌د، باس له‌وه ده‌كات باشترین بژارده ئه‌وه‌یه كابینه‌ی هه‌شته‌م له نێوان یه‌كێتی و پارتی و یه‌كگرتووی ئیسلامی دروست بكرێت، كه ده‌توانن كوتله‌یه‌كی په‌رله‌مانی به‌هێز دروست بكه‌ن له په‌رله‌مانی كوردستان "66 كورسی". له باره‌ی نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كگرتووش وتی "بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ ئێران و توركیا، كاریگه‌ریی و هه‌یمه‌نه‌ی تایبه‌تی خۆیان له‌سه‌ر باشووری كوردستان، به‌ڵام به رای ئێمه كورد له توركیا نزیكتر بێت باشتره وه‌ك له ده‌وڵه‌تێكی خنكاوی وه‌ك ئێران، كه هیچ نییه بینێرێته ده‌ره‌وه‌ی خۆی جگه له رێكخراوی ئیسلامی توندڕه‌وی وه‌ك حه‌ماس و حزبوڵا. بۆیه ئاساییه پارتی و یه‌كگرتوو به هاوكاریی توركیاش بێت له یه‌كتری نزیك ببه‌نه‌وه، له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه سوودیشی هه‌یه بۆ پرۆسه‌ی سیاسیی له هه‌رێم".
د. خالید، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه به روونی ئه‌وه به سه‌ركرده‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامییه‌وه ده‌بینرێت كه سۆز و وه‌لائیان هه‌یه بۆ به‌شدارییكردن له كابینه‌ی هه‌شته‌م به سه‌رۆكایه‌تی پارتی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی هه‌یه له‌ناو ئه‌و حزبه‌دا. وتیشی "ناكۆكی هه‌یه له‌ناو یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌سه‌ر شێوه‌ی به‌شدارییان له حكوومه‌ت و جێهێشتنی سه‌نگه‌ری ئۆپۆزیسیۆن، به‌ڵام باڵی به‌هێز تائێستا ئه‌وانه‌ن كه ده‌یانه‌وێ پشكداریی له حكوومه‌تدا بكه‌ن، چوونكه له چه‌ند ساڵی رابردوو له بری ئه‌وه‌ی سوود له ئه‌زموونی ئۆپۆزیسیۆن بوونیان وه‌ربگرن، كه‌چی ده‌نگه‌كانیان كه‌می كرد و رۆیشت بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، بۆیه له‌م حاڵه‌ته‌دا یه‌كگرتوو بۆ پارێزگاریی په‌یوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ توركیا و كڕینه‌وه‌ی شكسته‌كانی ده‌یه‌وێ قۆناغێكی دیكه له بواری پشكداریی له حكوومه‌تدا تاقی بكاته‌وه".
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی رۆژی 5-11-2013 به‌لاغێكی بڵاوكرده‌وه و به‌پێی به‌لاغه‌كه گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینه‌ی حكوومه‌ت و هه‌موو بژارده‌كانی به كراوه‌یی هێشتووه‌ته‌وه. له به‌لاغی كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی 5-11-2013 ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستاندا هاتووه "كاتژمێر (10) ی سه‌ر له به‌یانی ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه (2013/11/5) ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به ئاماده‌بوونی ئه‌مینداری گشتیی محه‌مه‌د فه‌ره‌ج و به سه‌رپه‌رشتی محه‌مه‌د ره‌ئوف سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا و ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ئیستعرازێكی بارودۆخی سیاسی ناوچه‌كه و كوردستانی كرد و ئه‌گه‌ری گریمانه چاوه‌ڕانكراوه‌كانی عه‌رزی كۆبوونه‌وه‌كه كرد هه‌ر وه‌ك توانا و وزه و ناوخۆییه‌كانی یه‌كگرتووی خسته‌به‌ر چاوی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی سه‌رجه‌م گریمانه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك كه خزمه‌ت به داواكارییه‌كانی هاووڵاتییان و به‌ره‌و پێشبردنی پڕۆسه‌ی چاكسازیی ریشه‌یی له سیستمی حوكمڕانیدا".
"هه‌روه‌ها ئه‌میندار به‌ره‌نجامی راوێژكردنی مه‌كته‌بی سیاسیی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئۆرگانه ناوه‌ندیی و مه‌ڵبه‌نده‌كان و كادره پێشكه‌وتووه‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ ئاماده‌بووان خوێنده‌وه هه‌تاكو له به‌ر رۆشنایی ئه‌و پێشهات و راوێژكردنه دراسه‌ی بارودۆخه‌كه بكه‌ین و ریزبه‌ندیی بژارده‌كان بۆ خۆمان دیاری بكه‌ین".
هه‌ر به‌پێی به‌لاغه‌كه "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی چروپڕ و وردبینانه و دووربینانه گفتوگۆیان له‌باره‌ی كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه كرد كه بریتی‌بوو له بژارده‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، پاش دراسه‌كردنی چروپڕ و به‌رفراوانی هه‌موو سیناریۆكانی پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ركردایه‌تی بڕیاریدا بژارده‌ی حكوومه‌تی بنكه فراوان باشترین بژارده‌یه بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی هه‌رێمی كوردستانی پیا تێپه‌ڕ ده‌بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بڕیاری پێكهێنانی لیژنه‌ی دانوستانی وه‌رگرت بۆ ئه‌گه‌ره‌كانی ده‌سپێكردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینه‌ی حكوومه‌ت و هه‌موو بژارده‌كانی به كراوه‌یی هێشته‌وه".
ریزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له یه‌كتر ده‌ترازێت
پێشبینی ئه‌وه ده‌كرێت به به‌شداریی یه‌كگرتووی ئیسلامی، بێ گۆڕان و كۆمه‌ڵ له كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌ت یان دانوستانكردن به جیا و بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ رای دوو لایه‌نه‌كه‌ی تر، یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن تێكبدات و ببێته هۆی لێكترازانی یه‌كجاریی ئه‌و سێ هێزه. هه‌رچه‌نده تائێستا یه‌كگرتوو به فه‌رمی ئه‌وه‌ی رانه‌گه‌یاندووه كه ده‌ستبه‌رداری دوو لایه‌نه‌كه‌ی تری ئۆپۆزیسیۆن ده‌بێت، به‌ڵام چاودێرانی سیاسیی ئه‌گه‌رێكی له‌م جۆره به‌دوو نازانن.
ئه‌گه‌رچی ماوه‌ی 4 ساڵه ئۆپۆزسیۆن وه‌ك به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو خۆی نمایش ده‌كات، به‌ڵام كۆتاییهاتنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و پرسی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ، كۆتایی به‌سه‌رده‌می زێڕینی ئۆپۆزیسیۆن ده‌هێنێت و سه‌ركرده‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنیش ده‌ڵێت "ئه‌و پێكه‌وه‌بوونه‌ی تا ئێستا له نێوان لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆندا هه‌بووه، ته‌نیا بۆ چه‌واشه‌كردنی رای گشتیی بووه ئه‌گه‌رنا له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ریه‌كه‌یان به دوای به‌رژه‌وه‌ندییه حزبییه‌كانی خۆیانه‌وه بوون"
به‌بڕوای شاره‌زایانی سیاسیی، سه‌ره‌تاكانی كۆتاییهاتنی یه‌كجاره‌كی یه‌كگرتوویی ئۆپۆزیسیۆن كۆتاییهاتووه و سه‌ركرده‌ی ئه‌و 3 حزبه (گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو) به روونی ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن. له چه‌ند رۆژی رابردووش‌دا نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری گۆڕان له كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له هه‌ڵسوڕاوی حزبه‌كه‌ی ده‌ڵێت "گۆڕان هێزی دووه‌مه و هیچ هێزێكی ناوخۆیی و ئیقلیمی ناتوانێت په‌ڕاوێزی بخات". هه‌روه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ئێستاوه چه‌ند لیژنه‌یه‌كی پێكهێناوه بۆ پرسی چوونه ناو حكوومه‌ت و هه‌موو هه‌وڵێكی له ئێستادا بۆ خۆ ده‌ربازكردنه له ئیسلامییه‌كان (كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو) .
هه‌روه‌ك هۆشیار عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ی ئێن ئێن و ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانیش به روونی ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو "گۆڕان و یه‌كێتی له په‌رله‌مان فراكسیۆنه‌كانیان بكه‌نه یه‌ك تا زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی بن و بتوانن حكوومه‌تی داهاتوو بۆ خۆیان بێت". هه‌رچی كۆمه‌ڵی ئیسلامیشه له لێدوانی ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت زۆر په‌له‌یه‌تی بچێته حكوومه‌ت و ئه‌ویش وه‌ك پارتی و یه‌كێتی پشكی هه‌بێت له‌و سه‌روه‌ت و سامانه زه‌به‌لاحه‌ی له حكوومه‌تدا هه‌یه. له‌و باره‌یه‌وه عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی كۆمه‌ڵ ئاشكرایكردبوو "حزبه‌كه‌ی هه‌ر ده‌چێته حكوومه‌ت ئه‌گه‌ر گۆڕان و یه‌كگرتووش نه‌چن".
له‌سه‌ر ئاستی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانیش كۆبوونه‌وه‌ی نهێنی و ژێربه‌ژێریان له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه بۆ چوونه ناو حكوومه‌ت و بچڕینی چه‌ند وه‌زاره‌تێك له حكوومه‌ت. یه‌كگرتوو ده‌یه‌وێت له‌و هه‌وڵانه‌یدا كه به‌بێ ئاگاداریی گۆڕان و كۆمه‌ڵ ده‌یكات، ده‌ستپێشخه‌ریی بكات له وه‌رگرتنی چه‌ند وه‌زاره‌تێكی گرنگ پێش گۆڕان و جێهێشتنی گۆڕان و كۆمه‌ڵ. به‌شێكی زۆریش له چاودێرانی سیاسیی ده‌ڵێن "سه‌رده‌می زێڕینی هاوپه‌یمانێتی ئه‌و هێزانه كۆتایی هاتووه و ئه‌وه‌ش كه ماوه‌ته‌وه ته‌نیا بۆ چه‌واشه‌كردنی رای گشتییه تا بڵێن ئۆپۆزیسیۆن بڕیاری هاوبه‌شیان هه‌یه، ئه‌گه‌رنا له راستیدا هه‌ریه‌كه‌یان به دوای به‌رژه‌وه‌ندییه حزبییه‌كانی خۆیانه‌وه‌ن".
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
