لینین، رابه‌ری حزبی به‌ڵشه‌فیك و سه‌ركرده‌ی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر، ساڵی 1902 له كتێبێكدا به‌ناوی "چی بكرێت" هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌كانی كارنامه‌ی حزبێكی شۆڕشگێڕ كه خۆی بۆ به‌رپاكردنی شۆڕش ئاماده كردووه ده‌خاته روو. لینین، بیرۆكه‌ی ناوی كتێبه‌كه‌ی له رۆمانی "چی بكرێت"ی "نیكوڵا شێرنێڤیسكی" وه‌رگرتبوو كه ساڵی 1862 واته 8 ساڵ پێش له دایكبوونی خۆی نووسرابوو. ناونیشانی ئه‌م كتێبه‌ی لینین "ما العمل" له ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی‌دا، به‌ربڵاوه و هه‌میشه له سه‌روه‌ختی قه‌یرانه‌كاندا، ئه‌م وته‌زایه یان ئه‌و ناونیشانه دێته به‌ر گوێ. بۆیه ئێمه‌ش له‌م دۆخه‌ی كوردستان كه خه‌ریكه به‌ره‌و قه‌یران ده‌ڕوات، ده‌پرسین كه‌واته چی بكرێت؟.
له‌م دۆخه‌دا كه هێزه سیاسییه‌كان كێشمه‌كێشێكی زۆر ده‌كه‌ن له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات، ده‌بێت چی بكرێت؟. ره‌نگه من نه‌توانم بڵێم ده‌بێت چی بكرێت، به‌ڵام توانای ئه‌وه‌م هه‌یه كه بێژم نابێت چی بكرێت؟. نابێت پێشبڕكێ بۆ ده‌سه‌ڵات، بارودۆخی سیاسیی و پێشكه‌وتنی تائێستای كوردستان به‌ره‌و دواوه بگه‌ڕێنێته‌وه، نابێت نه‌فیكردنی ئه‌ویتر و هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی فیزیكی هێزه نه‌یاره‌كان، جێگه‌ی دیالۆگ بگرێته‌وه. نابێت ململانێی حزبی و شه‌ڕكردن له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته حزبییه‌كان، خه‌ونه گه‌وره‌كانمان بیر بباته‌وه. ناكرێت و ناشێ كوردستان و چاره‌نووسی ئه‌م قه‌واره بچووكه‌ی به زه‌حمه‌تێكی یه‌ك سه‌ده‌یی هاتۆته بوون، بكرێته قوربانی كێشمه‌كێش و به‌رانبه‌ركێی هێزه سیاسییه‌كان، چوونكه له قامووسی سیاسیی‌دا ئه‌وه گه‌وره‌ترین كوفره.
نابێت، هیچ هێزێكی سیاسیی، بیر له دابڕینی به‌شێك له كوردستان بكاته‌وه، جا له ژێر ناوی فیدراڵی پارێزگاكان یان لامه‌كه‌زییه‌تدا، هیچ له مه‌سه‌له‌كه ناگۆڕێت، هه‌وڵێكی له‌م جۆره جگه له‌وه‌ی نایاساییه، به‌ڵكو هه‌نگاوێكی نائه‌خلاقییه و بكه‌ره‌كانی ده‌خاته ده‌ره‌وه‌ی چێوه‌ی هێزه نیشتمانییه‌كان. ته‌نانه‌ت له مادده‌ی سێی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستاندا، رێگه له دروستكردنی هه‌رێمێكی تر له ناو هه‌رێمی كوردستان گیراوه، له‌و مادده‌یه‌دا به روونی ئاماژه به‌وه دراوه "نابێ هه‌رێمێكی نوێ له ناو سنووری هه‌رێمی كوردستان- عێراقدا، دروست بكرێت". لانیكه‌م ئه‌م مادده‌یه كۆده‌نگی گه‌لی كوردستانی له‌سه‌ره و بڕوا ناكه‌م هیچ هاووڵاتییه‌كی ئاسایی ئه‌وه قبوڵ بكات، پارچه‌كانی كوردستان له چواره‌وه ببنه پێنج، بۆیه هه‌ق نییه هێزه سیاسییه‌كان چه‌ند له به‌رژه‌وه‌ندیشیان بێت، پرسێكی له‌م جۆره بكه‌نه رۆژه‌ڤ.
نابێت هیچ هێزێكی سیاسیی، هێنده زیاده‌ڕه‌ویی بكات له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ، كه ببێته هۆی لێكترازانی كۆمه‌ڵایه‌تی و تێكچوونی ئه‌و ئاشتییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی بۆ ئه‌زموونی كوردستان بووه به واجیهه‌یه‌كی پرشنگدار، لانیكه‌م هه‌موومان ئه‌زموونێكی تاڵمان له‌گه‌ڵ شه‌ڕی براكانی شاخ و شه‌ڕی ناوخۆی شار هه‌یه، كه جگه له هه‌ڵته‌كاندنی بنه‌ماكانی پێكه‌وه ژیان و له‌ناوبردنی فه‌رهه‌نگی یه‌كتر قبوڵكردن، هیچی دیكه‌ی لێ سه‌وز نه‌بوو، بۆیه كورد وته‌نی ئه‌گه‌ر هێزه سیاسییه‌كان گۆشتی یه‌كتریش بخۆن، هه‌ق نییه و نابێ ئێسقانی یه‌كتر بشكێنن، چوونكه گه‌مه‌ی دیموكراسیی به مانای تێكدانی نێو ماڵی خۆت و له به‌ینبردنی یه‌كڕیزیی نێوان هێزه‌كانی گه‌ل نییه، به‌ڵكو دیموكراسیی خوڵقاندنی كه‌ش و كردنه‌وه‌ی پانتاییه‌كه بۆ ململانێی دروست و ناتوندوتیژیانه له پێناوی خۆی ته‌رحكردنی هه‌ر لایه‌كدا.
من ئه‌وه ده‌زانم، نابێ هێزه سیاسییه‌كان بهێڵن دیموكراسیی له كوردستان ببێته دیارده‌یه‌كی بێ ئه‌رزش. هه‌روه‌ك "هێربێرت ئاگار" له كتێبه ناوازه‌كه‌یدا "مه‌ترسییه‌كانی دیموكراسیی" ده‌ڵێ "دیموكراسیی وشه‌یه‌كی سووك و بێ بایه‌خ نییه، به‌ڵام له مه‌ترسیی ئه‌وه‌دایه كه بێ مانا ببێت". ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له واقیعی كوردستاندا ده‌گوزه‌رێت، چ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه موماره‌سه ده‌كرێت، چ ئه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن پیاده‌ی ده‌كات، نه‌ك خزمه‌ت به قووڵكردنه‌وه‌ی سترۆكتۆره دیموكراسییه‌كان ناكات، به‌ڵكو بێ به‌هاكردنی دیموكراسییه، ته‌سفیه‌ی حساب و شه‌ڕی كۆنه قین و مه‌یلی ناوچه‌گه‌ریی و دوژمنداریی زه‌مه‌نی میرنشینه كوردییه‌كانه و به سبوغی دیموكراسی سواغ دراوه. من ده‌زانم نابێ هێزه سیاسییه‌كان بره‌وی زیاتر به‌م نه‌ریته بده‌ن، چوونكه وه‌ك وتم ئه‌مه كوردستان چه‌ند هێندی تر له دیموكراسیی دوور ده‌خاته‌وه.
با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر پرسیاری سه‌ره‌كیی و بپرسین كه‌واته ده‌بێ چی بكرێت؟. ده‌بێ لایه‌نه‌كان هه‌ست به به‌رپرسیارێتی سه‌رشانیان بكه‌ن، پاراستنی ئاسایشی كوردستان و پابه‌ندبوون به بنه‌ماكانی دیموكراسیی له ململانێی سیاسیی‌دا و ره‌چاوكردنی ئه‌و دۆخه دیفاكتۆیه‌ی كورد له چوارچێوه‌ی عێراقدا پێیدا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقیی هه‌موو حزبه‌كانه، به پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر لایه‌ن و گروپێكی سیاسیی ئه‌و راستییانه له پێش چاو نه‌گرێت، ده‌كه‌وێته به‌ر نه‌فره‌تی مێژوو، چوون هه‌ر هێزێك به پێچه‌وانه‌ی خواستی خه‌ڵكه‌وه مامه‌ڵه‌ی كردبێت، جگه له ته‌ریك و په‌ڕاوێزبوون شانسێكی زیاتری نه‌بووه و نابێت.
تێبینی: ئه‌م وتاره له ژماره "24" گۆڤاری "شه‌پۆل" له رۆژی 18-6-2013 بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
