-
*د. خالید محه‌مه‌د: گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو سێ حزبی ئیسلامین و هیچ جیاوازییه‌كی ئایدۆلۆجیان نییه
-
*حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن: گۆڕان وه‌ك یه‌كگرتوو حزبێكی ئیخوانییه به‌ڵام بوێریی نییه ناسنامه‌ی خۆی ئاشكرا بكا
-
*ئومێد قه‌ره‌داغی: هیچ كات یه‌كگرتووی ئیسلامی داوای شتێكی زیاتر له‌وه‌ی نه‌كردووه گۆڕان داوای ده‌كا
-
*سیروان عه‌بدول: له ئێستادا گۆڕان ئیغرا بووه به به‌هاری عه‌ره‌بی و بووه به حزبێكی ئیسلامی سیاسیی

نه‌وشیروان مسته‌فا، له چه‌ندین مناسه‌به‌دا به‌هۆ و بێ هۆ، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كردۆته‌وه، بزووتنه‌وه‌كه‌یان هیچ كات دژی "سه‌وابیتی ئاینی ئیسلام" ناوه‌ستێته‌وه، جگه له‌مه‌ش زمان و ئه‌ده‌بیاتی قسه‌كردنی خۆی گۆڕیوه بۆ زمان و ئه‌ده‌بیاتی مه‌لاكانی ئیسلامی سیاسیی. له‌م دواییانه‌شدا سه‌ره‌تا "عه‌لی حه‌مه‌ساڵح" په‌رله‌مانتاری خولی چواره‌م له لیستی گۆڕان، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌یی له په‌رله‌ماندا شه‌ریعه‌ت ببێته سه‌رچاوه‌ی یاساكان، به دوایدا "ئیڤار ئیبراهیم" په‌رله‌مانتاری گۆڕان هه‌مان بۆچوونی دووباره كرده‌وه، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی زۆری چالاكوانانی مه‌ده‌نی و چه‌پ و عه‌لمانییه‌كانی لێكه‌وته‌وه، كه له بری گفتوگۆ، "رابوون مه‌عروف"ی په‌رله‌مانتاری گۆڕان هێرشی توندی كرده سه‌ر نه‌یاره‌كانیان و جه‌ختی چه‌ند باره‌ی كرده‌وه له‌سه‌ر پابه‌ندبوون به "سه‌وابیتی ئیسلامی".
چاودێرانی سیاسیی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، له ئێستادا گۆڕان بووه به حزبێكی ئیسلامی سیاسیی، هه‌ر بۆیه ته‌نیا "سێ" كاندیدی ئیسلامی ناو گۆڕان بۆ ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌توانن له سه‌رووی 200 هه‌زاره ده‌نگی لایه‌نگرانی گۆڕان بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن، ئه‌م رێژه‌یه‌ش ده‌كاته نزیكه‌ی 50% هه‌موو ده‌نگه‌كانی گۆڕان له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان. هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه له ئێستادا گۆڕان بووه‌ته جێگه‌ی ئومێدی به‌شێك له‌و ئیسلامییانه‌ی بێ‌ئومێد بوون له حزبه ئیسلامییه‌كانی تر، له‌به‌رئه‌وه چاودێرانی سیاسیی هۆشداریی ده‌ده‌ن كه گۆڕان مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت به ته‌واوه‌تی ببێته حزبێكی ئیسلامی گرێ‌دراو به ده‌وڵه‌تانی هه‌رێمی.
گۆڕان و سه‌وابیته ئاینییه‌كان
چه‌ندین جار، له‌لایه‌ن خودی رێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌ندامانی جڤاتی نیشتمانی و سه‌ركرده و په‌رله‌مانتارانی گۆڕان جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی گۆڕان به "سه‌وابیته ئاینییه‌كان" كراوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی وه‌ك هێزێكی ئیسلامی ئسوڵی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئیسلام و سه‌وابیتی ئاینی ده‌كه‌ن، نه‌ك وه‌ك موسڵمانی ساده. ئه‌گه‌رچی وا ده‌بینرێت ئه‌م جۆره بانگه‌شانه جۆرێكه له مزایه‌ده‌ی سیاسیی و راكێشانی سۆزی خه‌ڵكه، به‌ڵام چاودێرانی سیاسیی باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كی مه‌ترسیداریشه بۆ وه‌رچه‌رخانی گۆڕان بۆ هێز و بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئیسلامی سیاسیی.
حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، نووسه‌ر و رووناكبیر، پێیوایه دروشمه‌كانی گۆڕان له دادپه‌روه‌ریی و گۆڕینی سیستمی سیاسیی له‌گه‌ڵ سه‌وابیتی ئاینی ناكۆكن و ده‌ڵێت "ئایا دادپه‌روه‌ریی به‌وه ده‌چه‌سپێت، به چاوێكی سووكه‌وه سه‌رنجی نیوه‌ی كۆمه‌ڵ بده‌ین و پێمان وابێت، ژن ئینسانێكی پله دووه؟ ئایا كه‌سانێك به پاره‌ی له پارووی خه‌ڵك دزراو، حزب پێكه‌وه بنێن و ژن به كۆیله‌ی پیاو بزانن، ئه‌وه لووتكه‌ی گه‌وجاندنی خه‌ڵك نییه، باس له دژایه‌تیكرنی گه‌نده‌ڵی و چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ریی بكه‌ن؟ ئایا گۆڕان، به بزووتنه‌وه‌یه‌ك ده‌كرێت وابه‌سته‌ی سه‌وابتێك بێت، هه‌زار و چوارسه‌د و سی و چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌ب سه‌ریان هه‌ڵدابێت؟ ئایا له هیچ بوارێكدا گۆڕان و سه‌وابیت، دانوویان پێكه‌وه ده‌كوڵێت؟ ئه‌گه‌رنا، كه‌واته زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان به گۆڕان داوه، عه‌وامن و بازرگانان فریویان داون".
حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، ئاماژه‌ش به‌وه ده‌دات "سه‌روه‌ختێك سادات خۆی به ئیخوانه‌وه هه‌ڵده‌كێشا و به پشتبه‌ستن به‌وان، به گژ چه‌په‌كاندا ده‌چووه‌وه، زۆری نه‌برد، نه‌ك هه‌ر لێی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه، به‌ڵكوو تیرۆریشیان كرد. پێموایه چاره‌نووسی نه‌وشیروان مسته‌فای كۆنه چه‌پ كه به كۆمه‌كی ئیخوان، سه‌نگه‌ری له پدك و ینك گرتووه، له هی سادات رۆشنتر نابێت. به‌وه‌دا خه‌باتی گۆڕان له پێناوی سه‌رخستنی پره‌نسیپه نه‌گۆڕ و جێگیره‌كانی ئیسلامدایه، به‌وه‌دا لای گۆڕانیش هه‌ر ئیسلام چاره‌سه‌ره، به‌وه‌دا سه‌رۆكی لیستی گۆڕان، كۆنه ئیخوان بوو، به‌وه‌دا كۆنه ئیخوانه‌كانی نێو لیستی گۆڕان زۆرترین ده‌نگیان هێنا، كه‌واته گۆڕانیش وه‌ك یه‌كگرتوو، حزبێكی ئیخوانییه، به‌ڵام ئه‌و بوێرییه شك نابات، ناسنامه‌ی خۆی ئاشكراتر بكات و پاشگری (ئیسلامی) یش به ناوی خۆیه‌وه بلكێنێت".
ئومێد قه‌ره‌داغی، پێیوایه ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارێكی وه‌ك "عه‌لی حه‌مه‌ساڵح" داوای ده‌كات تائێستا یه‌كگرتووی ئیسلامی داوایی نه‌كردووه. قه‌ره‌داغی ده‌ڵێت "بزووتنه‌وه‌ی گۆران خوازیاری ده‌سه‌ڵاتی لایه‌نداری ئاینییه نه‌ك ده‌سه‌ڵاتێك بێلایه‌ن بێت به‌رانبه‌ر به هه‌موو ئاین و تایفه و نه‌ته‌وه‌یه‌ك (ده‌سه‌ڵاتی عه‌لمانی بێت)، به‌م پێیه جیاكردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت یان باشتر وایه بڵێین ده‌وڵه‌تی بێلایه‌ن به‌رانبه‌ر به ئاین و تایفه و گروپ (عه‌لمانیه‌ت) پێچه‌وانه‌ی پره‌نسیپه‌كانی ئیسلامه و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ره‌تی ده‌كاته‌وه، بێگومان به‌دیلی ئه‌مه هه‌ر ده‌سه‌ڵاتی لایه‌نداری ئاینییه، ده‌سه‌ڵاتێك كه خۆی به به‌رگریكار ده‌زانێت له ئاین و شه‌ریعه‌تێكی دیاریكراو، ئه‌مه‌ش له راستیدا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كات به بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئاینی، هیچ كاتێك یه‌كگرتووی ئیسلامی داوای شتێكی زیاتر له‌وه‌ی نه‌كردووه كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان داوای كردووه".
ئومێد قه‌ره‌داغی، له ره‌خنه‌گرتن له‌و سیاسه‌ته‌ی گۆڕان، وتیشی "ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان راشكاوانه باوه‌ڕی به ده‌سه‌ڵاتێكی بێلایه‌ن به‌رانبه‌ر به ئاین و نه‌ته‌وه و خێڵ (ده‌سه‌ڵاتی عه‌لمانی) نه‌بێت ئه‌وا پێویسته به جیددی هه‌ڵوێستی له به‌رانبه‌ر وه‌ربگیرێت به تایبه‌ت پێش هه‌موو كه‌س پێویسته رۆشنبیران و ئازادیخوازه‌كانی ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بێده‌نگ نه‌بن و ره‌خنه‌ی لێ‌بگرن، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ته‌نانه‌ت ناتوانێت وه‌ك پارتی داد و گه‌شه‌پێدان كه پارتێكی پاشخان ئیسلامییه راشكاو و به جورئه‌ت بێت، داد و گه‌شه‌پێدان راشكاوانه ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ حوكمڕانییه‌كی عه‌لمانیدایه و حوكمڕانی عه‌لمانیش پێچه‌وانه نییه به بنه‌ماكانی ئایینی ئیسلام، به‌ڵكو زه‌مینه بۆ ئیسلام و هه‌موو ئاینه‌كانی تریش ده‌ڕه‌خسێنێت به ئازادانه موماره‌سه‌ی بیر و كاری خۆیان بكه‌ن".
نوره‌دین سه‌عید وه‌یسی، نووسه‌ر و چاودێری سیاسیی پێیوایه "نه‌وشیروان مسته‌فا له سه‌ره‌تای پێكهێنانی گۆڕانه‌وه، كۆمه‌ڵێك په‌یامی بۆ ناوه‌نده كۆنه‌پارێزه‌كان نارد كه ئه‌و نه‌ك هه‌ر دژیان نییه، به‌ڵكو رێزیان ده‌گرێ و باوه‌شیشیان بۆ ده‌كاته‌وه. بۆ نموونه له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2009 له كاتی پێشوازیكردنی له چه‌ند مه‌لا و شێخێك، به‌رماڵ و قورئانی ماچ كرد. هه‌روه‌ها سه‌ردانی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانی كرد و ئایه‌تێكی قورئانیشی وه‌كو تابلۆیه‌ك له پشتی سه‌ری خۆی هه‌ڵواسی. ئه‌وكاته‌ی هه‌ڵسوڕاوی دیاری گۆڕان دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید (ئێستا به تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی له‌لایه‌ن دادگه داواكراوه به‌ڵام خۆی له ده‌ره‌وه‌ی كوردستانه) پارێزگاری سلێمانی بوو، له ره‌مه‌زانان رێوشێوینی زۆر تووندی به‌رامبه‌ر رێستورانت و مه‌یخانه‌كان گرته‌به‌ر".
وه‌یسی ده‌ڵێت "ئه‌م سیاسه‌ته‌ی گۆڕان وایكرد خه‌ڵكێكی زۆری ئیسلامی و كۆنه‌پارێز روو له‌و بزووتنه‌وه‌یه بكه‌ن و لێی كۆببنه‌وه و به‌چاوی ئومێده‌وه لێی بڕوانن، ته‌نانه‌ت له كاتی خۆپێشاندانه‌كانی سلێمانی له ساڵی 2011 هه‌ندێك جار هه‌ڵسوڕاوه دیاره‌كانی گۆڕان و رۆشنبیر و تیۆریسته‌كانی له وێنه‌ی به‌ڕێزان رێبین هه‌ردی و مه‌ریوان قانیع هاوبۆچوونی مه‌لا ئیسلامییه‌كان بوون و پاساوی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان بۆ ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌یان ده‌دۆزیه‌وه و به‌لایانه‌وه زۆر ئاسایی بوو، ئه‌وه‌ی خۆیان ناویان نابوو (مه‌یدانی ئازادیی) ببێته مه‌یدانی نوێژی هه‌ینی و خوتبه و وه‌عزدان. مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و به‌ڕێزانه نه‌بوون ده‌یانگووت و ئێستاش ده‌یڵێنه‌وه كه ئیسلامی سیاسیی هیچ هه‌ڕه‌شه نییه بۆ سه‌ر ئازادیی له كوردستان!".
گۆڕان بووه به حزبێكی ئیسلامی
چاودێرانی سیاسیی و رۆشنبیران و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ساده‌ش تێبینی ئه‌وه‌یان كردووه گووتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ره‌و گووتارێكی ئیسلامی رۆیشتووه و له ئێستادا ئه‌وه‌ی گۆڕان پیاده‌ی ده‌كات هه‌مان شته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووی ئیسلامی پیاده‌ی ده‌كه‌ن، بۆیه مه‌ترسی ئه‌وه له ئارادایه به ته‌واوه‌تی گۆڕان به‌ره‌و حزبێكی ئیسلامی وه‌رچه‌رخێ، ئه‌مه‌ش بۆ سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراتی و سیاسیی هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی ده‌بێت.
سیروان عه‌بدول، نووسه‌ر و رووناكبیر، پێیوایه كه "ئێستا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان حزبێكی ئیسلامی سیاسییه و ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یكا، ئیغرابوونه به‌و شه‌رعیه‌ته‌ی ئیسلامی سیاسیی له به‌هاری عه‌ره‌بی وه‌ریگرت".
سیروان عه‌بدول، ره‌خنه له‌و سیاسه‌ته‌ی گۆڕان و نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌گرێت و ده‌ڵێت "گرنگه كاك نه‌وشیروان ئاگادار بێت راستگۆیی له ده‌ست ده‌دات، كاتێك به ئاشكرا دیاره بڕوای به ئه‌رگۆمێنت و قسه‌كه‌ی خۆی نییه، دێت به بیسمیلا ده‌ستپێده‌كات و نوێژ ده‌كات و وێنه‌كه‌ی بڵاو ده‌كاته‌وه، له ته‌له‌فزیۆنه‌وه په‌نجه به‌رز ده‌كاته‌وه و داكۆكی له سه‌وابیته‌كانی ئیسلام ده‌كات. كاك نه‌وشیروان موسته‌فا، ئه‌وه‌نده قوده‌رتی نه‌بووه خۆی نه‌كات به موهه‌ڕجێك، له‌به‌رده‌م كامێرای ته‌له‌فۆزیۆندا بڵێ، رایده‌گه‌یه‌نم ئیتر ئیشی ئێمه له په‌رله‌مان، ئه‌وه ده‌بێ داكۆكی له سه‌وابیته‌كانی ئیسلام ده‌كه‌ین، لای من زۆر ناشیرن ده‌هاته به‌رچاو، زۆر زیاتر له‌وه ده‌چوو به‌سه‌ر مه‌سره‌حی سێركه‌وه بێت و له موهه‌ڕجێك بچیت تا سیاسه‌تمه‌دارێك".
له‌لایه‌كی تره‌وه، بڵێسه جه‌بار فه‌رمان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له نووسینێكدا له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك باسی له‌وه كردووه "ماوه‌یه‌كه سه‌ركرده و په‌رله‌مانتاره‌كانی گۆڕان له لێدوان و چاوپێكه‌وتنه‌كانیان جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندبوونیان به بنه‌ماكانی ئیسلام و شه‌ریعه‌تی ئیسلام ده‌كه‌نه‌وه و له‌گه‌ڵ هیچ پڕۆژه یاسایه‌كدا نابن كه پێچه‌وانه‌ی سه‌وابیتی ئیسلام بێت و له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تی ئیسلامداین".
رایگه‌یاندووه "من ده‌پرسم كێ له حزبه‌كانی تر دژی ئیسلام یا هه‌ر ئاینێكی تره، سه‌وابیتی ئیسلام مانای چییه؟ ئایا ئه‌م به‌ڕێزانه ده‌یانه‌وێت نموونه‌ی میسر دووباره بكه‌نه‌وه؟ ئایا ئه‌مه ته‌ئسیری حزبه ئیسلامییه‌كانه له‌سه‌ر گۆڕان؟ ئایا گۆڕان نه‌بووه‌ته پاشكۆی حیزبه ئیسلامییه‌كان؟". بڵێسه جه‌بار فه‌رمان روونیشیكردووه‌ته‌وه "هیوادارم له په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه بڕیار بده‌ن ره‌هه‌ندی نیشتیمانییان هه‌یه و ئێمه‌ی كوردستانیان له یه‌ك نزیك ده‌كاته نه‌ك په‌رته‌وازه‌مان ده‌كات".
د. خالید محه‌مه‌د، پسپۆری زانسته سیاسییه‌كان، پێیوایه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بووه‌ته هێزێكی دواكه‌وتوو و مۆدیلی حزبێكی ئیسلامی سه‌له‌فی، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین شكسته له رووی فكریی و سیاسییه‌وه كه ده‌شێ له دواجاردا ببێته شكستی جه‌ماوه‌ریش. وتیشی "گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووی ئیسلامی بوون به سێ حزبی ئیسلامی نزیك له یه‌كتر، هیچ جیاوازییه‌كی ئایدۆلۆجیان نییه، هه‌رسێكیان كار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌ریعه‌ت ده‌كه‌ن وه‌ك بنه‌مای حكومڕانی كه ئه‌مه له سیستمی دیموكراتیدا جێی نابێته‌وه، پاشان كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به یه‌ك ده‌ست پارتی به پله‌ی یه‌كه‌م و یه‌كێتی كه ئێستا خۆی لاواز بووه، بێهێز و لاواز بكه‌ن".
ئه‌و پسپۆره‌ی زانسته سیاسییه‌كان، وتیشی "چه‌ندین حزبی ئیسلامی هه‌یه له دنیادا پاشگری ئیسلامی پێوه نییه، وه‌ك پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، یان چه‌ندین حزبی تر، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا حزبی ئیسلامین و ئامانجیان هه‌ر ئه‌و ئامانجانه‌یه كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان داوای ده‌كات، بۆیه ده‌كرێت گۆڕان له ریزی ئه‌م حزبه ئیسلامیانه‌دا پۆڵێن بكه‌ین كه ناوه‌كانیان هیچ پاشگرێكی ئیسلامی پێوه نییه. چوونكه له ئێستا ناتوانم جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ له نێوان ئه‌جیندای گۆڕان و یه‌كگرتوودا ببینم، یان ئه‌وه‌تا یه‌كگرتوو بووه به عه‌لمانی یان گۆڕان بووه به ئیسلامی؟! كه بێگوومان دووه‌میان راسته".
لێكدژیی بۆچوونه‌كانی گۆڕان
تێبینی ئه‌وه ده‌كرێت، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ماوه‌ی چوار ساڵی ته‌مه‌نی خۆیدا چه‌ندین هه‌ڵوێستی پێچه‌وانه و دژ به یه‌كتری هه‌بووه، له‌لایه‌ك بانگه‌شه بۆ دامه‌زراندنی سیستمێكی سیاسیی نوێی مه‌ده‌نی و دیموكراتی ده‌كات، له‌لاكه‌ی تر دژی هه‌ر یاسایه‌ك ده‌وه‌ستێته‌وه ناكۆكی له‌گه‌ڵ سه‌وابیتی ئاینی ئیسلام هه‌بێت، ئه‌مه‌ش بووه‌ته جێگه‌ی سه‌رنج، ئایا ده‌توانین به‌پابه‌ندبوون به سه‌وابیته ئاینییه‌كان سیستمێكی مودێرن و دیموكراسی دابمه‌زرێنین؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره هه‌میشه نه‌خێره، چوونكه له بناغه‌وه سیستمی دیموكراتی دژی سه‌وابیت و بنه‌ما دۆگما و ره‌ق راوه‌ستاوه‌كانه.
ڤینۆس فایه‌ق، نووسه‌ر و رووناكبیر، پێیوایه "دووفاقییه‌كی زۆر زه‌قه كه باس له ئازادیی و مافه زه‌وتكراوه‌كانی تاكه‌كانی مرۆڤ ده‌كه‌ین پشت به سه‌وابیته‌كانی دین ببه‌ستین، چوونكه دینی ئیسلام ئه‌و دینه‌یه كه هێند له‌سه‌ر سه‌وابیت بینابووه هێند له‌ناو پرنسیپه لاستیكییه شارستانییه‌كاندا نایبینیته‌وه و له‌ناو سه‌وابیته‌كانی دیندا سیمبولی پیرۆزییه‌كان له‌سه‌روو هه‌موو پرنسیپه ئینسانییه‌كانه‌وه‌یه".
ڤینۆس فایه‌ق وتیشی "هه‌رگیز ئه‌و دروشمانه‌ی بانگه‌شه بۆ دیموكراسیه‌ت ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كانی قورئاندا هاوته‌ریب نابن و یه‌كناگرنه‌وه، چوونكه له به‌رگه‌وه بۆ به‌رگی كتێبی قورئان ته‌نیا یه‌ك ئاماژه‌ی بچووكی تیا نییه بۆ هیچ جۆرێك له جۆره‌كانی سیستمی دیموكراسی، به‌م مانایه‌ش كه دیموكراسی غائیب بوو گه‌مژه‌ییه ئه‌گه‌ر باس له هیچ جۆرێك له‌جۆره‌كانی ئازادییه‌كانی مرۆڤ بكه‌ین، به‌و پێیه‌ش زۆربه‌ی بانگه‌شه‌كانمان بۆ ئازادییه‌كان و كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی و شارستانی به‌تاڵ ده‌بنه‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر له پێناسه و ورده‌كاریی و خاڵه‌كانی په‌یامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ورد بینه‌وه یه‌ك ئاماژه‌ی تیا نابینینه‌وه بۆ سه‌وابته‌كانی ئیسلام، به‌م پێیه‌ش خیتابێكی له‌و جۆره هیچ به‌هایه‌كی سیاسیی نابێت".
هانا عه‌لی، چالاكوانی بواری یه‌كسانی ژن و پیاو، پێیوایه نه‌ك له رووی فكری و سیاسییه‌وه، به‌ڵكو له رووی موماره‌سه‌ی ژیانی رۆژانه‌شه‌وه، ناكۆكی توند هه‌یه له نێوان ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی گۆڕان پیاده‌ی ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ سه‌وابیتی ئاینی ئیسلام. له‌م رووه "هانا عه‌لی" چه‌ند خاڵێك ده‌ورووژێنێت:
یه‌ك: بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هێزێكی ئیسلامی نییه، به‌ڵكوو مونافیق و درۆزنه وه‌ك هه‌ردوو حزبه پیره‌كه‌ی پێش خۆی. واتا نه‌وشیروان موسته‌فا دوور و نزیك په‌یوه‌ندیی به ئیسلامه‌وه نییه، ئه‌گه‌ر نا یه‌كه‌م كه‌س با له خێزانی خۆیه‌وه ده‌ست پێ بكات و سه‌وابیتی ئیسلام جێ به جێ بكات، ئه‌ویش به حیجابكردنی ژنه‌كه‌ی.
دوو: په‌رله‌مانتاره فرێشه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر یه‌ك له ئاوازێك ده‌خوێنن و راستگۆترینیان عه‌لی حه‌مه ساڵحه و له راستیدا بۆ حاسیبه‌بوون عه‌یبی نییه، به‌ڵام هێشتا كاڵه و نه‌كوڵاوه، هه‌ر ناشزانێت دین و به دینیكردنی كۆمه‌ڵگا چییه و مانای چییه؟ بۆیه هاوار هاواره‌كانی زۆر لێی ناگیرێت.
سێ: ئێڤار ئیبراهیم وێنه‌یه‌كی سێكسیی داناوه و ده‌ڵێ هه‌ر بڕیارێك له دژی ئاینی ئیسلام بێت له دژی ده‌وه‌ستمه‌وه. . ئێ تۆ حوكمی ره‌جمكردنت هه‌یه هه‌ر به‌و وێنه‌یه‌ی داتناوه، من گوومانم له‌وه نییه قورئانیشت نه‌خوێندووته‌وه، ئیتر بۆ خۆت كردووه با واعیز و سه‌ر له خۆت و له خه‌ڵكیش تێك ده‌ده‌ی؟.
چوار: رابوون مه‌عروف خۆی دوای زیاتر له ده ساڵ له به‌ریتانیا و وه‌رگرتنی چه‌ند ساڵێك سۆشیال هاتووه خه‌ڵكی تر به سۆشیال وه‌رگرتن ره‌جم ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه به كاك رابوون خۆشییه‌وه به فه‌رده پاره‌مان له گه‌ڵ خۆمان هێنابێت، ئێ خۆ ئه‌وانه‌شی هێناویانه هه‌ر بۆ خۆشی چه‌ند ساڵێك له‌سه‌ر سۆشیال بوون. من بۆ خۆم دوو ساڵه له كه‌نه‌دام و سۆشیال نه‌بێ یه‌ك سه‌نتی ترم نییه و تا ساڵێكی تریش هه‌ر له سۆشیال ده‌بم، كاك رابوون من بۆم نییه قسه بكه‌م؟ ئینجا ئه‌م "عه‌لی شه‌ریعه‌تی"یه هه‌موو ژنانی فێمینست و خه‌ڵكی سكۆلار به نه‌خوێنده‌وار و ناشاره‌زا له بواری دین و دینداریی پێناسه ده‌كات و خۆشی وه‌ك مامۆستا و موفه‌كیری دینی، ده‌ی كاكی برا ئێمه هیج هیج له‌سه‌ر دین نازانین و نه‌فامین تۆ تێمانبگه‌یه‌نه و پێمان بڵێ سه‌وابیتی دینی یانی چی؟.
د. خالید محه‌مه‌د، پسپۆری زانسته سیاسییه‌كان، ئاماژه به‌وه ده‌دات "گۆڕان یان ئه‌وه‌تا په‌شیمان بووه‌ته‌وه له بانگه‌شه‌كانی پێشووی له باره‌ی دیموكراتییه‌ت و مافی تاك و ئازادیی بیروڕا و ئازادیی سیاسیی، یان ئه‌وه‌تا تووشی سه‌رلێشێواویی سیاسیی بووه، چوونكه ئه‌و دروشمانه‌ی پێشه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌وابیتی ئاینیی ئیسلامی نه‌ك هه‌ر یه‌كناگرنه‌وه، به‌ڵكو به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژ و پێچه‌وانه‌ی یه‌كترن، بۆیه له‌م دۆخه‌دا گۆڕان پێویسته خۆی له‌م سه‌رلێشێواییه ده‌رباز بكات، ئه‌گه‌رنا ده‌كه‌وێته قه‌یرانێكی سه‌خته‌وه كه ئاسان نییه لێی ده‌رباز بێت".
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
