
وا بزانم یه‌كه‌مجار مامۆستا "شێركۆ بێكه‌س"م ناسی، ناوه‌ڕاستی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان بوو. هه‌رچه‌نده مامۆستا له گه‌نجییه‌وه ئاشنای باوكم بوو، هه‌ر به‌یه‌كیشه‌وه نه‌فی خوارووی عێراق كران، به‌ڵام ناسینی خۆم له‌گه‌ڵیدا وه‌ك وتم له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كان بوو. جیا له‌وه‌ی مینا گه‌نجێك زۆر سه‌رسام بووم به توانا شیعرییه له رادده به‌ده‌ره‌كه‌ی، هه‌میشه هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌م پیاوه مه‌زنه سه‌رنجی راكێشاوم. به تایبه‌ت كاتێك ده‌ستی له وه‌زاره‌ت هه‌ڵگرت و به ده‌نگێكی دلێر وتی "چۆن ده‌توانم وه‌زیری رۆشنبیریی بم و سنگی وشه و رۆژنامه به قه‌مه هه‌ڵدڕن".
هه‌ر له نه‌وه‌ده‌كاندا كه به‌ره‌و رووبوونه‌وه‌ی هێزه‌كان به‌تایبه‌ت لایه‌نگرانی كولتووری باو و كونسه‌رڤاتیزمه‌كان و هێزه نوێباوه‌كان ببووه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی جیددی، شێركۆ بێكه‌س هه‌میشه له سه‌نگه‌ری هه‌ڵوێستدا بوو له به‌رانبه‌ر ئه‌و ره‌وتانه‌ی پارێزگاری‌یان له سه‌نگه‌ری دواكه‌وتوویی ده‌كرد. له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ژن و عه‌لمانیه‌ت و ئازادیی بیروڕا و مه‌ده‌نیه‌ت و دیموكراسی هه‌ڵوێستی روونی هه‌بوو، داكۆكی ئه‌و له‌و به‌هایانه قابیلی هیچ جۆره سازشێك نه‌بوو. ئه‌مه هه‌قیقه‌تێك نییه ته‌نیا من هه‌ستم پێكردبێ به‌ڵكو راستییه‌كه وه‌ك ئه‌ڵماس ده‌دره‌وشێته‌وه.
بیرم دێته‌وه ساڵی 2000 له‌و ساته‌وه‌خته‌ی یه‌كێتی به سه‌رپه‌رشتی نه‌وشیروان مسته‌فا په‌لاماری حزبی كۆمۆنیستی دا، من و "ئاسۆ عوسمان" كه په‌یامنێری رادیۆی حزبی كۆمۆنیست بوو، چووین بۆ لای مامۆستا بۆ ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م. ویستمان هه‌ڵوێستی بزانین له باره‌ی ئه‌و رووداوه، ئه‌وه‌ی ئێمه بینیمان مامۆستا له ئێمه تووڕه‌تر بوو، له ئێمه نیگه‌رانتر بوو، بۆیه رۆڵی سه‌ره‌كی بینی له‌و پرۆتستۆیه‌ی كه له‌لایه‌ن 40 نووسه‌ر و رۆشنبیری شاری سلێمانییه‌وه دژ به ئه‌و په‌لاماره ده‌رچوو، كه دواتر مام جه‌لال ئه‌و 40 رۆشنبیره‌ی بینی و له‌وێش مامۆستا به توندیی ره‌خنه‌ی له‌و هه‌ڵوێسته‌ی یه‌كێتی گرت. به‌ڵام مام جه‌لال بێئاگایی خۆی له شێوازی ئه‌و په‌لاماره نیشاندا، بێگوومان دوای ئه‌و سه‌ردانه له‌سه‌ر بڕیاری مام جه‌لال كوشتاری كۆمۆنیسته‌كان كۆتایی هات.
من ئه‌م شاهیدییه بۆ مێژوو ده‌ده‌م، هه‌ر ئه‌و كاته‌ی یه‌كێتی بڵاوكراوه و ئه‌ده‌بیاتی حزبی كۆمۆنیستی قه‌ده‌غه كردبوو، من و ئاسۆ به‌رده‌وام سه‌دان رۆژنامه‌ی بۆپێشه‌وه و بڵاوكراوه و به‌یاننامه‌ی حزبمان ده‌برده ناو ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م و بڵاومان ده‌كرده‌وه. جگه له‌وه‌ش مامۆستا سپه‌نسۆری رۆژنامه و بڵاوكراوه‌كانی ده‌كرد. هه‌موو مانگێك مامۆستا شێركۆ بڕی 100 دیناری سویسری "كه بۆ ئه‌و رۆژگاره كه‌م نه‌بوو"، ده‌دایه ده‌ستی ئێمه به‌مه‌به‌ستی سپه‌نسۆریكردن له رۆژنامه‌كانی حزبی كۆمۆنیست، هه‌ر له‌ناو ده‌زگای سه‌رده‌م هه‌ریه‌ك له به‌ڕێزان "كاك ئازاد به‌رزنجی، كاك رێبین هه‌ردی، مامۆستا ره‌ئوف بێگه‌رد، ئاسۆ جه‌بار" ئه‌وانیش به بڕێك پاره سپۆنسه‌ریی رۆژنامه‌كانیان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌مووی بۆ ئازایه‌تی و چاولێكردنی شێركۆ بێكه‌س ده‌گه‌ڕایه‌وه.
ئێواره‌یه‌كی پایزی ساڵی 2000 هێشتا سه‌فه‌رم نه‌كردبوو، له كوردستان بووم، زیاتر له 100 رۆژنامه و 200 به‌یاننامه‌ی حزبی كۆمۆنیستم پێ‌بوو، هه‌ستم ده‌كرد له نزیك گه‌ڕه‌كی خۆمان چاودێریی ده‌كرێم، به خێرایی خۆم فڕێدایه ناو پاسێكی گه‌ڕه‌كی به‌ختیاری كه به‌ره‌و بازاڕ ده‌ڕۆیشت، دوو له ئاسایشه‌كان به خێرایی خۆیان هه‌ڵدایه ناو پاسه‌كه‌وه، به‌ڵام چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد، له‌گه‌ڵ دابه‌زینم ده‌ستگیرم بكه‌ن. هه‌ر ئه‌وه‌نده گه‌یشتمه ئاستی فولكه‌ی یه‌كگرتن، ئافره‌تێك له‌و مه‌وقیفه دابه‌زی و منیش له جامی كۆسته‌ره‌كه‌وه خۆم هه‌ڵدایه خواره‌وه و به‌ره‌و ده‌زگای سه‌رده‌م هه‌ڵهاتم كه 200 مه‌ترێك لێمه‌وه دووربوو، به شه‌ڕه‌شه‌ق خۆم گه‌یانده ناو ده‌زگای سه‌رده‌م و یه‌كسه‌ر به‌ره‌و ژووری مامۆستا رامكرد، خوا به‌وه روحمی كرد خۆی له‌وێ بوو، دوو ئاسایشه‌كه‌ش له‌به‌رده‌م ده‌رگای سه‌رده‌م وه‌ستابوون، حاڵ و وه‌زعه‌كه‌م له مامۆستا گه‌یان و ئه‌ویش هاته ده‌ره‌وه و ئاسایشه‌كانی ئیحراج كرد، یه‌كێك له ئاسایشه‌كان وتی: مامۆستا له‌به‌ر خاتری تۆ پیاویشی كوشتبێت وازی لێده‌هێنین. ئیتر ئه‌و ئێواره ده‌عوه‌تی مامۆستا بووم و شه‌وه‌كه‌شی پێكه‌وه خواردمانه‌وه.
شتێكی تر كه له بیرم ماوه ئه‌وه‌یه، مامۆستا هه‌میشه ده‌یووت ئه‌م ستیڤان و ئاسۆیه "ئاسۆ عوسمان" وه‌ك سیكۆتین وان پێته‌وه ده‌لكێن تا چاوپێكه‌وتنت له‌گه‌ڵ نه‌كه‌ن وازت لێناهێنن. چیرۆكی ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌بوو ویستمان چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ئه‌نجام بده‌ین، به‌ڵام له‌سه‌ر سه‌فه‌ر بوو، وابزانم بۆ سوێد، ئێمه‌ش وتمان ده‌ی قه‌ینا دوای سه‌فه‌ره‌كه، دوای دوو مانگێك چووینه‌وه بۆ لای، وتی ئه‌ی هاوار چۆنتان بیر ماوه، ئه‌مجاره هه‌رچی چۆنێك بوو خۆی له چاوپێكه‌وتنه‌كه دزییه‌وه، رۆژێكی دی چووین میوانێكی زۆری هه‌بوو، پێموابێت میوانه‌كان عه‌ره‌بی غه‌یره عێراقی بوون، هه‌رچی چۆنێك بوو هه‌لێكمان قۆسته‌وه و دیمانه‌كه‌مان له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامدا. دوای ئه‌وه‌ی دیمانه‌كه‌ش ته‌واوبوو روویكرده كاك ئازاد به‌رزنجی و به‌ده‌م پێكه‌نین و نه‌فه‌سێك قووڵی جگه‌ره‌كه‌یه‌وه وتی كه‌س نییه له ده‌ستی ئه‌م دووانه رزگاری بێت، ئه‌مانه سیكۆتینن كه پێته‌وه لكان هه‌ر ده‌بێت دیمانه‌كه‌یان بۆ بكه‌یت. دوای ئه‌وه‌ش دایه قاقای پێكه‌نین و وتی ئێوه‌م خۆشده‌وێ زۆر ده‌مێكه ده‌زانم سه‌رقاڵن و كۆڵ ناده‌ن.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
